داعش، دروستكراوی ئێران، یان گه‌رای توركیایه‌؟! ... گه‌رمیانی حه‌مه‌ی پوور

شرۆڤه‌كارانی سیاسی شیكردنه‌وه‌و لێكدانه‌وه‌ی جیاوازیان بۆ ئه‌م هێزه‌ ئیسلامییه‌ توندڕه‌وه‌ هه‌بوو، به‌ڵام كرده‌وه‌كانی داعش زۆربه‌ی بۆچوون و شیكردنه‌وه‌و لێكدانه‌وه‌كانیان هه‌ڵده‌گێڕایه‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌ تێڕوانین له‌ كرده‌و پلانه‌كانیان ئه‌كرێت بۆچوونێكی جێگیر هه‌بێت بۆ ئه‌م گرووپه‌.

داعش له‌ جه‌وهه‌ردا دژ به‌ ڕژێمی ئه‌سه‌د له‌ سوریا دامه‌زرا، به‌ڵام به‌ شه‌ڕكردنی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا زوو ده‌ركه‌وت كه‌ ئه‌وه‌نده‌ی كۆڵه‌كه‌یه‌كه‌ بۆ مانه‌وه‌ی ئه‌سه‌د و ڕاگرتنی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی، هێزێك نییه‌ كورسییه‌كه‌ی دیكتاتۆر له‌ق بكات.

ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ وای كردبێت بۆچوونی ئه‌وانه‌ی داعشیان به‌ دروستكراوی ئێران داناوه‌، ئه‌وه‌ به‌ ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی موسڵ و شكاندنی شكۆی حكومه‌ته‌كه‌ی مالیكی دانراوی ئێران وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، ئه‌م بۆچوونه‌ی هه‌ڵگێڕایه‌وه‌، به‌ڵام ڕاگرتنی پێشڕه‌وییه‌كانی ئه‌م گروپه‌ توندڕه‌وه‌ بۆ سه‌ر ناوچه‌ شیعه‌ نشینه‌كانی عێراق و گۆڕینی ئاراسته‌ی شمشێره‌كانیان بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، دیسان ده‌مانخاته‌وه‌ سه‌ر هه‌مان بۆچوون كه‌ ئێران شمشێره‌كه‌ی داعش ئاراسته ده‌كات، با به‌ چه‌كی قورس و ڕۆكێتیش به‌ ناوی هاوكاریی پێشمه‌رگه‌وه‌ له‌ داعش بدات.

زه‌مه‌ن پیشانیداین داعش هێزێكه‌ بۆ لێدانی كورد، تاوانی كۆمه‌ڵكوژی و جینۆسایدی كوردانی ئێزیدی و هه‌وڵی دووباره‌كردنه‌وه‌ی هه‌مان تاوان له‌ كۆبانێ و ئه‌و په‌یوه‌ندی و هاوكارییه‌ ڕاسته‌وخۆو ناڕاسته‌وخۆیانه‌ی توركیاش بۆ داعش، ڕاستییه‌ك ڕوون ده‌كاته‌وه‌ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌:

داعش هێزێكی دروستكراوێكی هه‌رێمییه‌، چه‌ند وڵاتێكی ناوچه‌كه‌و جیهانیش ویستیان به‌ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان ئاراسته‌ی بكه‌ن، به‌ڵام خواسته‌كانی داعش به‌ تایبه‌ت دوای ڕاگه‌یاندنی خه‌لافه‌ت و به‌رفراوان بوونی سنووره‌كه‌ی، سه‌ركێشی له‌ خواستی به‌شێك له‌و وڵاتانه‌ كرد، هاوكات تا ئێستاش خزمه‌ت به‌ خواستنی هه‌ندێكیان ده‌كات له‌وانه‌ توركیا، سیناریۆی بردنه‌وه‌ی دیبلۆماتكاره‌نیشی ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت په‌یوه‌ندی توركیاو داعش بۆ سه‌ره‌تاكانی دروست بوونی داعش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

داعش وه‌ك مه‌قاشی ده‌وڵه‌تانی دراوسێ به‌كارهێنرا بۆ گه‌یاندنی په‌یامه‌كانیان به‌ كورد به‌ تایبه‌ت باشووری كوردستان به‌وه‌ی ئه‌و هه‌وڵانه‌ی هه‌یان بوو بۆ سه‌ربه‌خۆیی له‌ بیری بكه‌ن، چونكه‌ توانی به‌رگه‌گرتنی گروپێكی توندڕه‌ویان نییه‌ ئه‌گه‌ر هاوكاری نێوده‌وڵه‌تی نه‌بێت، بۆ ڕۆژئاواش هه‌مان په‌یام بوو له‌گه‌ڵیشیدا هه‌وڵێكی جدی بوو بۆ له‌ناوبردنی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ خۆجێیه‌ی به‌خوێنی كوڕان و ئه‌و پارچه‌یه‌ به‌رهه‌م هاتووه‌.

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌. 

Related Articles