هه‌موو كێشه‌ى منداڵانى ئۆتيزم به چوار دۆنم زه‌وی و پاره‌ی چه‌ند ته‌نكه‌رێك نه‌وت چاره‌سه‌ر ده‌بێ مووچەی یەك مانگی وەزیر يان پەرلەمانتارێك یەكسانە بە مووچەی 50 مانگی كەمئەندامێك
سه‌رۆكی رێكخراوی هوما بۆ تووشبووانی ئۆتیزم له كوردستان (فه‌ره‌یدون بێوار)، له‌م ههڤپهيڤينهيدا له‌گه‌ڵ ميديا تيشكدهخاته سه‌ر كێشه و گرفته‌كانى تووشبووان به نه‌خۆشى ئۆتیزم و جه‌ختيش له‌وه ده‌كاته‌وه كه كێشه‌كانى خۆيان و منداڵه‌كانيان به هه‌موو لایه‌ك راگه‌ياندووه، به‌ڵام جگه له "به‌ڵێنی بێ كردار" هیچیيان ده‌ست نه‌كه‌وتووه.
میدیا: ئۆتیزم چییه و نیشانه‌كانی چین؟
فه‌ره‌یدون بێوار: ئۆتیزم جۆرێکە لەپەشێوى گەشە، یان تێکچوونى کار‌و فرمانەکانى مێشک، كه له‌سێ بواری سه‌ره‌كیدا منداڵه‌كه تووشی كێشه ده‌بێت، كه زێتر لەتەمەنى 18 مانگى تا 36 مانگى نیشانەکانى ئۆتیزم لەمنداڵ وەدەردەکەوێت و دەتوانرێ تێست بکرێت. هەر یەک لەجۆرەکانى ئۆتیزم تایبەتمەندى خۆیان هەیە، سێ نیشانه‌ی سه‌ره‌كی هه‌ن، كه بریتین لە: 1. گرفتى پەیوەندى کۆمەڵایەتى، كه ناتوانن پەیوەندى جەستەیی یان زارەکى ببەستن. 2. گرفتی قسه‌كردن، كه ناتوانن قسه بكه‌ن، یان ئه‌گه‌ریش قسه بكه‌ن ئه‌وا ته‌نیا وشه ده‌رده‌بڕن، یان چه‌ند رسته‌یه‌كی كه‌م و كورت ده‌زانن و توانای دیالۆگی شیكاری و به‌رده‌وامیان نابێت. 3. کێشەو گرفت لە رەفتارو کردەوەدا، كه خوو به ره‌فتاری دووباره‌وه ده‌گرێت و ره‌فتاری نامۆ ده‌نوێنێت. سەرەڕاى هاوبەشی هەندێک سیفەت و حاڵەتى لێکچوویان لە ئۆتستیکێک بۆ ئۆتستیکێکى دى كێشهكانبيان جیاوازە، لە رووى زمانەوانییەوە وشەى (autism) وشەیەکى لاتینییه، ئۆتیزم واتە "خودتەنهایی" یاخود "گۆشەگیرى" یان "لەخۆڕامان"، چونکە زۆربەى ئۆتستیکەکان گۆشەگیرو خودتەنیان و تێکەڵ نابن. بۆ یەکەمجار لەساڵى 1911 لەلایەن پزیشکێکى فەرەنسی بە ناوى (Jean-Marc Gaspard) بەشێوەیەکى سەرەتایی باس لەم حاڵەتە کراوە، دواتر لەساڵى 1943 لەلایەن پزیشکێکى دەروونى بە رەگەز ئەمریکیی، بەناوى (لیۆ کانەر) لەئەنجامى لێکۆڵینەوەکانى ئەم حاڵەتەى دۆزیوەتەوەو ناوى لێناوە (autism). لەو کاتەوە تائێستا لەژێر تێستدایەو، کۆمەڵێک زاناش نیشانەو هۆکاری تریان دۆزیتەوەو چەند جۆریتری هەیە.
ميديا: هۆکارەکانى توشبوون بە ئۆتیزم چین؟
فه‌ره‌یدون بێوار: تائێستا لەڕووى زانستى پزیشکییەوە بەشێوەیەکى یەکلاکەرەوەو سەلمێنراو نەزانراوە هۆکارەکەى چییە، تەنها هەندێک گریمانە هەیە کە زانایان کاری لەسەر دەکەن و لەژێر تێستدایە. بەشێک پێیانوایە پەیوەندى بە دووگیانى دایکەکەوە هەیە، یاخود پەیوەندى بەو ساتەوە هەیە کە منداڵەکە لەدایک دەبێ و ئۆکسیجنى تەواوى بۆ نەچووبێ. هەندێکیتر بۆ نەخۆشییەکانى تا و زەردوویی دەگێڕنەوە. گریمانەی ديكه‌ش ههيهو هۆکارهكهی دەگەڕێنێتەوە بۆ کەمهوکورتى لەجیناتەکان و لە رێگەى بۆماوەییەوە دەگوازرێنەوە بۆ منداڵەکە. هه‌روه‌ها هۆكاره‌كه‌ى تێکچوونى هەندێک بەشی مێشک و کۆئەندامى دەماری ناوەندى دەگەڕێننەوە. هه‌روه‌ها هۆكاره‌كه‌ى بۆ هەندێک خواردن و مادەى دیاریکراو دەگەڕێننەوە، وەک مادەکانى (gasen) و (gluten) کە لەشیری مانگا‌و بزن و ئەوەى دووەم لەگەنم و جۆدا هەیە. گریمانەیەکى ديكه‌ش پێیوایە هۆکارەکەى دەرزی کوتانە، کە دژی ملەخڕێ و سورێژە لەمنداڵ دەدرێت. ئەم گریمانانە بەردەوام تێستیان لەسەر دەکرێت و لەهەندێک منداڵ راست و لەهەندێکیان راست دەرناچن، بەڵام ئەوەى زانراوە ئۆتستیک چوار هێندەى منداڵی ئاسایی مادەى ئاسن و قورقوشم لە لەشیدا هەیەو، کوڕان 4 هێندەى کچان زێتر تووش دەبن.
میدیا: له كوردستان رێژه‌ی منداڵانی ئۆتیزم چه‌نده‌و بۆچی تازه باس ده‌كرێ؟
فه‌ره‌یدون بێوار: به گوێره‌ی ئاماره نافه‌رمییه‌كان، هه‌تا ساڵی 2012 زیاتر له 700 منداڵی ئۆتیزم تۆمار كراون. چونكه له‌ساڵی 2013ـه‌وه لێژنه‌ی ده‌ستنیشانكردنی حاڵه‌تی ئۆتیزم راگیراوه‌و له‌و كاته‌وه تائێستا هیچ منداڵێكی ئۆتیزم مووچه‌ی بۆ نه‌بڕاوه‌ته‌وه. زانیاری و وشیاری ته‌واو نییه له‌سه‌ر ئۆتیزم، هه‌روه‌ها دكتۆری پسپۆر و دامه‌زراوه‌ی وه‌هاى نه‌بووه، بۆیه كه‌متر خه‌ڵكی زانیاری له‌سه‌ری هه‌یه و كه‌متر باس ده‌كرێ. رێكخراوه‌كه‌ی ئێمه‌ش یه‌كێك له ئامانجه‌كانی ناساندنی ئۆتیزمه به كۆمه‌ڵگه.
میدیا: ئۆتیزم چه‌ند جۆری هه‌یه؟
فه‌ره‌یدون بێوار: پۆلێنكردنی جیاواز هه‌یه. به‌ڵام ده‌كرێ ئاماژه به‌م دوو پۆلێنكردنه بده‌ین:
1: ئۆتیزم، لیۆ کانەر 2: پەشێوى ریتز، نەدریا ریت. 3: پەشێوى ئەسپەرگەر، هانز ئەسپەرگەر . 4: پەشێوى منداڵی تێشکاو، سیۆدۆ هیلەر. 5: پەشێوى گەشەى گشتى دیاری نه‌کراو. ياخود ده‌شكرێ بەمجۆرەش پۆلێن دەکری، 1: ئۆتیزمى نائاسایی. 2: ئۆتیزمى سانا. 3: ئۆتیزمى مامناوەند. 4: ئۆتیزمى توند. واته به‌شێوه‌یه‌كی گشتی پێنج جۆر ئۆتیزم هه‌یه، هه‌ر چه‌نده ئه‌وانه پێیانده‌وترێ شه‌به‌نگی ئۆتیزم.
میدیا: ئایا ئۆتیزم چاره‌سه‌ری هه‌یه و منداڵه‌كان چاك ده‌بنه‌وه؟
فه‌ره‌یدون بێوار: چاره‌سەری یەکجارەکى نییە، بەڵکو دەکرێ بەرەو باشبوون بچن، تاکە چارەسەری جدديش مەشق و راهێنانى بەردەوامە. ئەو کەسانەى ئۆتیزمیان هەیە، پێویستە بەردەوام له‌سه‌نته‌ره‌كانی تایبه‌ت به راهێنان و شیاندنی منداڵانی ئۆتیزم راهێنانیان پێبکریت لەلایەن کەسانى شارەزاو پسپۆرەوە، بۆ گۆڕانکاری لە رەفتارو تێكهڵبوونهوهيان به كۆمه‌ڵگه و توانابه‌خشی ژیری و قسه‌زانی منداڵەکە، بەگوێرەى بەرنامە دیاریکراوەکانى تایبەت بەمنداڵی ئۆتیزم، کەخۆی لەچەند بەرنامەیەکى وەک ABA و PECS و چەند بەرنامەیەکى دى دەبینێتەوە. ئه‌وانه‌شی كه رێژه‌ی ئۆتیزمیان كه‌متره، یان جۆره‌كه‌یان ساده‌یه‌و ده‌توانن بخوێنن، ئه‌وا بۆ په‌روه‌رده و فێركردن پێویستیان به په‌یمانگه‌ی تایبه‌ت هه‌یه. واتە چارەسەرێک راهێنانى کۆمەڵایەتییە، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا بەکارهێنانى کۆمەڵێک دەرمانه كه پێویسته له‌لایه‌ن پزیشكی ده‌روونییه‌وه چاودێری بكرێت. هه‌روه‌ها هه‌ماهه‌نگی و هاوكاری خانه‌واده‌ی منداڵه‌كه و سه‌نته‌ر و دكتۆر پێكه‌وه پرۆسه‌كه كامڵ ده‌كه‌ن و ده‌توانن له باشتركردنی منداڵه‌كه رۆڵیان هه‌بێ.
میدیا: ئاستی خزمه‌تگوزاری و پێشكه‌وتوویی سه‌نته‌ره‌كان چۆنه؟
فه‌ره‌یدون بێوار: هه‌تا ئێستا دوو سه‌نته‌ری حكوزمی له سلێمانی و هه‌ولێر هه‌ن، كه به‌داخه‌وه هێشتا له پارێزگای دهۆك سه‌نته‌ری حكوومی بوونی نییه، هه‌روه‌ها چوار سه‌نته‌ری ئه‌هلیش هه‌ن، یه‌ك له‌سلێمانی و دوو له هه‌ولێر و یه‌كیش له دهۆك. بەڵام سەنتەرەکانى حكوومى وەک پێویست نین. هەم وەک بینایە بچووکن و گونجاو نین، كه بەهەر دوو سەنتەرەکەى هه‌ولێر نزیکەى 40 منداڵ لەخۆدەگرن، هەروەها ستافیان کەمە، لەگەڵ ئەمانەشدا ستافەکە پسپۆر و راهێنراو نین، هەروەها وانەبێژو مامۆستاى پێویستیان نییە، بەپێی ستاندارى جیهانى دەبێ رۆژانە 7بۆ8 کاتژمێر راهێنان بە منداڵی ئۆتیزم بکرێ، كه‌چى لاى ئێمه رۆژانە نزیکەى سێ کاتژمێر دەواميان هەیە، كه سەرەڕاى ئەمانەش لهسهنتهرهكهی هه‌ولێر هاوینان سێ مانگ پشووەو له‌وه‌ی سلێمانی یه‌ك مانگ پشووه، رۆژانی شهممانيش ده‌وام ناكه‌ن، لەکاتێکدا منداڵی ئۆتیزم نابێ لە راهێنان داببڕێ. ئەم سەنتەرانە لەتەمەنى 5بۆ13ساڵى منداڵ وەردەگرن، واتە هەرزەکارو گەنجە ئۆتستیکەکان بێبەشن لە راهێنان و مەشق، کە گەورەترین کێشەى خێزانەکانە، چونکە هەتا منداڵەکە گەورەتربێ لەناو خێزان و کۆمەڵگەدا کێشەکەى گەورەتر دەبێت و کۆنتڕۆڵکردنى سەخت دەبێت. ئێمه ده‌ستخۆشی له‌ماندووبون و هه‌وڵی كارمه‌ندان و ستافی سه‌نته‌ره‌كان ده‌كه‌ین، كه هه‌وڵی شه‌خسی زۆر ده‌ده‌ن، به‌ڵام پێویسته له‌سه‌ر حكومه‌ت بایه‌خ به‌و سه‌نته‌ره حكوومییانه بدات و خولی راهێنانی پێویست بۆ ستافه‌كان بكاته‌وه‌و ژماره‌یان زیاد بكات و ده‌رماڵه‌یه‌كی تایبه‌ت بۆ كارمه‌نده‌كان ته‌رخان بكرێت و بینایه‌كی گه‌وره و گونجاويان بۆ دابين بكات.
سه‌نته‌ره‌كانی ناحكوومی یان ئه‌هلی، وێرای هه‌بوونی كه‌موكوڕیی تێیاندا، به‌ڵام ئێمه پشتیوانی ئه‌و جۆره سهنتهرانهین و ده‌ستخۆشی له ستافه‌كه‌یان ده‌كه‌ین، ده‌خوازین زیاتر هاوكاری ماددی و مه‌عنه‌وی بكرێن بۆ ئه‌وه‌ی زێتر پێشبكه‌ون.
میدیا: پارساڵ باسى ئه‌وه كرا سێ سه‌نته‌ری ديكه له باشوورى كوردستان دروستده‌كرێ، ئه‌و سه‌نته‌رانه به كوێ گه‌یشتن؟
فه‌ره‌یدون بێوار: به‌داخه‌وه هیچیان جێبه‌جێ نه‌كراون. من به‌لامه‌وه سه‌یره كه ماوه‌ی حوت ساڵه داوای سه‌نته‌ر ده‌كه‌ین، به‌ڵام حكومه‌ت پشتگوێى ده‌خات، له‌كاتێكدا حكومه‌ت كیشه‌ی زه‌وی و پاره‌ى نییه و ئیمكانیاتی باشی هه‌یه، 32 دۆنم عه‌رز به عه‌ره‌بێك ده‌درێ به‌ناوی كۆمه‌ڵگه‌ی كه‌مئه‌ندامانه‌وه هوتێل و ریستورانت و كافتریای تێدا دروست ده‌كات، به‌ڵام دوو دۆنم زه‌وى به كوردێك نادرێ كه سه‌نته‌رێكی قازانجنه‌ویست بۆ منداڵه‌كان دروست بكات.
میدیا: ئایا منداڵانی ئۆتیزم توانای فێربوون و به‌هره‌ی تایبه‌تیان هه‌یه؟
فه‌ره‌یدون بێوار: به‌ڵێ، ئه‌گه‌ر راهێنان و شیاندنی زانستیيانه هه‌بێ، ده‌توانن فێر ببن و به‌هره‌ی زۆر باشیان هه‌یه، له‌بوارێكی دیاریكراودا ده‌توانن بلیمه‌ت و شاره‌زا بن، به‌تایبه‌تی له‌بواره‌كانی وه‌ك میوزیك و ئای تی و وێنه‌كیشان و ماتماتیك. به‌و مه‌رجه‌ی راهێنان و په‌روه‌ده و فێركردن هه‌بێ. نموونه‌ی واشمان له دنیادا زۆره.
میدیا: ئایا زیاده‌ی مووچه‌ی منداڵانی ئۆتیزم دراوه؟
فه‌ره‌یدون بێوار: به‌گوێره‌ی یاسای ژماره 22ی 2011 كه تایبه‌ته به‌ماف و ئیتمتیازاتی كه‌مئه‌ندامان و خاوه‌نی پێداویستی تایبه‌ت، هه‌ر چه‌نده كه‌متری مافی ده‌سته‌به‌ر كردووه. ده‌بوا له 1-1-2012 دوای ئه‌وه‌ی رێژه‌ی په‌ككه‌وته‌یی هه‌ر كهمئهندامیك دیاتری ده‌كرێ، ئه‌وا به‌گوێره‌ی ئه‌و رێژه‌یه مووچه‌كه‌ی زیاد بكرێت و له 1-1-2012 ئه‌و مووچه زیاده‌یه بدرێت، كه‌چی به‌داخه‌وه ئه‌وه 27 مانگ به‌سه‌ر ئه‌و یاسایه‌دا تێپه‌ڕێوه، كه‌چی هیشتا وه‌زاره‌تی دارایی زیاده‌ی مووچه‌كه‌ی نه‌داوه.
میدیا: ئایا ئەو مووچەیەی كە دەده‌رێ بە كەمئەندامان و منداڵانی ئۆتیزم لە ئاستی پێویستدایه؟
فه‌ره‌یدون بێوار: مووچەی كەمئەندامان و منداڵانی ئۆتیزم لەئاستی ویژدانی حكومەت و پەرلەماندایە، نەك لەئاستی ژیانی منداڵانی ئۆتیزم. دیارە حكومەت و ئەو پەرلەمانتارانەی كە دەنگیان بەو یاساوە داوە، هەر هێندەیان لەباردا بووە، دەنا چ مەنتیقێكە كە مووچەی یەك مانگی وەزیر و پەرمانتارێك یەكسان بێ بە مووچەی چوار ساڵی منداڵێكی ئۆتیزم، یان كەمئەندامان بەگشتی. مووچەی مانگانەی وەزیر و پەرلەمانتار 7 بۆ 7 ملیۆن و 500 هەزار دینارە، سەرەڕای نەسرییە و خەرجی دیكە و پاسەوان و سەیارەی جام رەش و ڤیلا و شوقە و ئیفاد، كەچی مووچەی مانگانەی كەمئەندام 150 هەزار دینارە، واتە مووچەی یەك مانگی وەزیر و پەرلەمانتار یەكسانە بە مووچەی 50 مانگی كەمئەندامێك، ئاخر ئەوە چ یاسا و پێوەر و مەنتیقێكە؟ ئەمە ئەوپەڕی ناعەدالەتی و نامرۆییە. ئاخر منداڵەكەی منیش كە ئۆتیزمە و باقی كەمئەندامانی كوردستانيش مافیان بەسەر ئەم خاك و نەوت و سامان و داهاتەوە هەیە. به‌ڵام مرۆڤی كه‌مئه‌ندام و خاوه‌ن پێدوایستی تایبه‌ت له‌م وڵاته‌دا به هاوڵاتی پله دوو حیساب ده‌كرێ.
ميديا: رۆژی جیهانى ئۆتیزم چۆن دهيتنيشان كرا؟
فه‌ره‌یدون بێوار: ساڵى 2007 رێکخراوى نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی 2/4ى هەموو ساڵێکى بە رۆژی جیهانى وشیاری ئۆتیزم دەستنیشان کرد، لەساڵی 2008ـەوە لەسەرتاسەری جیهان بەو بۆنەوە چالاکى و سمیناری جۆراوجۆر ئەنجام دەدرێت. بۆ ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه له‌و حاڵه‌ته و تووشبووه‌كان ئاگادار و وشیار بكرێنه‌وه.
میدیا: بۆچی بڕیارتانداوه ئه‌مساڵ یادی ئۆتیزم بایكۆت بكه‌ن؟
فه‌ره‌یدون بێوار: له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئێمه چه‌ندین ساڵه هاوار ده‌كه‌ین، خۆپیشاندان ده‌كه‌ین، نووسراو ده‌كه‌ین بۆ لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار و موعاناتی خۆمان و منداڵه‌كانمان به هه‌موو لایه‌ك وتووه، جگه له به‌ڵێنی بێ كردار هیچیترمان ده‌ست نه‌كه‌وتووه، ئیدی گه‌یشتۆته بینه‌قاقامان و له‌وه زیاتر به‌رگه ناگرین، بۆیه بڕیارمان دا یادی نه‌كه‌ینه‌وه‌و هه‌ڵوێستمان هه‌بێ، هه‌تا به ده‌ممانه‌وه دێن و به‌شێك له داوا‌و كێشه‌كانمان چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ن، كه هه‌موو كێشه‌ى منداڵانى ئۆتيزم به چوار دۆنم زه‌وی و پاره‌ی چه‌ند ته‌نكه‌رێك نه‌وت چاره‌سه‌ر ده‌بێ