له‌ واشنتۆن، شاندی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و په‌یوه‌ندیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ كۆبوونه‌وه‌

شاندی هه‌رێمی كوردستان كه‌ پێكهاتووه‌ له‌ به‌ڕێزان د. فوئاد حوسێن سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و فه‌لاح مسته‌فا به‌رپرسی په‌یوه‌ندیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌ت، له‌ چوارچێوه‌ی سه‌ردانه‌كه‌یان بۆ ئه‌مه‌ریكا له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌كی به‌رچاوی كه‌رتی پیشه‌سازی كۆ بوونه‌وه‌ كه‌ له‌لایه‌ن USKBC رێكخرابوو بۆ باس كردن له‌سه‌ر باردۆخی ئه‌مرۆی هه‌رێمی كوردستان و عیراق به‌ گشتی.

شاندی هه‌رێم سوپاسی ئه‌و كۆمپانیانه‌ی كرد كه‌ تا ئێستا به‌ به‌رده‌وامی له‌ كاره‌كانیان به‌رده‌وامن و متمانه‌یان به‌ حكومه‌تی هه‌رێم و ئارامی كوردستان هه‌یه‌، بۆ به‌شداربووانیان روونكرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ سایه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان ئارامه‌، دوایین گۆرانكاریه‌كان و هۆكاره‌كانی قه‌یرانی سیاسی له‌ عێراق و چۆنیه‌تی دۆزینه‌وه‌ی میكانزمێك بۆ چاره‌سه‌ركردنی بارودۆخه‌كه‌ ته‌وه‌ركی تری باسه‌كان بوو.

هه‌ر له‌ به‌رده‌وامبوونی كۆبوونه‌وه‌ی شاندی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ئه‌مریكا، چاویان به‌ به‌رپرسانی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و په‌یوه‌ندیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ له‌ هه‌ردوو نوسینگه‌كانی كۆنگرێس و سه‌نات كه‌وت و باسیان له‌ ره‌وشی ناسه‌قامگیری عێراق و تێكشكانی سوپای عێراق به‌ ماوه‌یه‌كی زۆر كه‌م كرد، هه‌روا باس له‌ چۆنیه‌تی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر و هۆكاره‌كانی ئه‌م بارودۆخه‌ی ئێستای عیراق و دۆزینه‌وه‌ی رێگه‌چاره‌ی گونجاو كرا كه‌ ببێته‌ هۆكار بۆ ئارامبوونه‌وه‌ی بارودۆخه‌كه‌.

 

هه‌ر له‌ ماوه‌ی سه‌ردانه‌كه‌یان شاندی هه‌رێمی كوردستان چه‌ندین دیدار و چاوپێكه‌وتنیان له‌گه‌ڵ راگه‌یاندنه‌ جیهانیه‌كان ئه‌نجامداو هه‌ڵوێستی هه‌رێمی كوردستانیان له‌سه‌ر دوایین پێشهاته‌كانی عێراق و ناوچه‌كه‌ خسته‌ڕوو.

Related Articles