"دووى سوور" یان "كیللى سۆر" تازەترین رۆمانى "گۆران سەباح"ە كە لە 2013دا 3 هەزار دانەى لە كوردستان لێ فرۆشرا.ناوەڕاستى سێپتێمبەرى ئەمساڵ بە ئینگلیزى دەكەوێتە بازاڕەكانى جیهان.چاپخانەى گەورەى جیهانى "كامیلۆت" رۆمانەكە بە هەردوو زمانى ئینگلیزى و ئیسپانى چاپ و بڵاو دەكاتەوە.نووسەر ناوى رۆمانەكەى لە چاپى ئینگلیزى و ئیسپانى كردووە بە "پەیكەرەكان".پەیكەرەكان باس لە سیستمى مردوو و دیكتاتۆریى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و ئەفریقیاى باكور (ر ن أ ب) دەكات.بە میتۆدى خەیاڵئامێز باس لە خۆشەویستى و موزیك دەكات لەدواى راتەكاندنى سیستەمەكانلە بەهارى عەرەبى، هەروەها خوێنەر بە تەواوكەرى شۆڕشەكانى بەهارەكە ئاشنا دەكا.لە رێگەى 22 بەشەوە، نووسەر دەچێتە قوڵایى سیستمە ئیفلاسكردووەكانى (ر ن أ ب).پۆڵا، كە كارەكتەرى سەرەكیى رۆمانەكەیە و نازناوى پەیكەرى جووڵەیە بە نهێنى ئامادەكارى دەكا بۆ شۆڕشێكى بەرفراوان و گەورە لە دژى رێژیمێكى دكتاتۆر لە 2022.بە شێوەیەكى تراژیدى لەلایەن چەتەكانى رێژیم دەسگیر دەكرێت، بەڵام هەرگیز كۆڵ نادا.لە ناو زیندانە تاریكەكاندا، رێنوێنى یاوەرانى دەكا بۆ جێبەجێكردنى پلانەكە.شۆڕشەكە لە كاتى خۆى بەرپا دەبێ.
پەیكەرەكان گەشتێكە بەناو چیرۆكى شاراوە و باسنەكراوى خۆشەویستى، سێكس، ئاین، مەشروب، پارە، باوەڕ و ئایین، نەفس، قۆرخكردنى دەسەڵات و سەرچاوە سروشتییەكان، گەندەڵى و پەرستنى هەموو شتێك جگە لە خوا! لەگەڵ ئەوانەشدا، پەیكەرەكان بە وردى باس لە دەروون و لایەنى سایكۆلۆژیى گرووپە جیاجیاكانى وڵاتانى (ر ن أ ب) دەكا.
گۆران سەباح، رۆماننووس و رۆژنامەنووس، لە زانكۆى كانزەس لە ئەمریكا لە كۆلێژى میدیا وانەى گەیاندنى ستراتیجى دەڵێتەوە و هاوكات قوتابى دكتۆراشە لە هەمان زانكۆ.ئەمە سیێەم رۆمانیەتى، رۆمانەكانى ترى نووسەر: شاخوێنبەرى سەركردە 2005 (چاپى یەكەم) و 2010 (چاپى دووەم)، فوڵبرایتەرى عێراقى (2011 بە ئینگلیزى لە ئەمریكا) و (2012 بە كوردى بەناوى ترس و رق لە كوردستان، كە ئێستە وەرگێڕێكى ئیتاڵى كارى لەسەر دەكا بۆ ئیتاڵى).رۆمانى چوارەمى كە ئێستە لەبەر دەستى دایە و هێشتا تەواو نەبووە باس لە مەینەتییەكانى ئافرەت دەكا لە (ر ن أ ب) كە بڕیارە لە هاوینى 2017 بە شەش زمانى جیهانى بێتە چاپ و بڵاوكردنەوە.