گروپی تیرۆریستی داعش، دوای داگیرکردنی موسڵو دەست بەسەراگرتنی ناوچەیەکی فراوانی عێراق، بارودۆخی سیاسی عێراق و کوردستانی بە ئاراستەیەکی مەترسیدارو نالەباردا گۆڕیوەو راستەوخۆ بوەتە هەڕەشە و مەترسیەکی گەورە بۆ سەر ژیان و گوزەرانی خەڵك.ئەم گروپە تیرۆریستە کە بێباکانە سەدان دیلی سوپای عێراق قەتڵو عام دەکات،سەدان هاوڵاتی مەدەنیو بێدیفاعی سەر بە ئاینی مەسیحی و یەزیدی کۆمەڵکوژ دەکاتو وێنەکانیشیان لە میدیاکانەوە بڵاودەکاتەوە، دەستدرێژی جنسی دەکەنە سەر ژنانو کچانیان، هەڕەشەی مل پەڕاندنی هەرکەسێك دەکەن کە پەیڕەوی لە شەرعو یاسای ئەوان نەکات، گروپێکی تیرۆریستی مرۆڤکوژو دڕندە کە هێزو ئیمکاناتی دەوڵەتێکی لەبەردەستدایە، توانای خوڵقاندنی کارەساتی گەورەی مرۆیی زیاتری هەیەو مەترسیەکی جدیە بۆسەر ژیانو ئایندەی کۆمەڵگای عێراقو کوردستان.بۆیە جگە لە بەرەنگار بوونەوەو بەرپاکردنی جەنگ لە دژی ئەم هێزە تیرۆریستو ئینسانکوژەو پاکردنەوەی ناوچەکە لێیان، رێگەیەکی ترمان لەبەردەمدا نیە بۆ پاراستنی ژیانمانو بۆ دابینکردنی ئارامیو ئاسودەیی و گەرانەوەی ئاسایش بۆ خەڵکی.
بەڵام ئەزمونی دوو مانگی رابردووی شەڕ لەگەڵ داعش ئەوەی سەلماندوە کە تەنها پشت بەستن بە هێزە چەکدارە رەسمی و حیزبیەکان، بەس نیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعشو نەهێشتنی مەترسییان لەسەر ژیانی خەڵكو دابینکردنی ئارامیو ئاسایش.خەڵکی موسڵو شەنگارو ناوچەکانی دیکە لە نێوان ئاوارەییو کۆمەڵکوژیو ژیانی ملکەچیدا هەڵبژاردنێکی دیکەیان بۆ نەمایەوە.دوای ئەو کارەساتانە، مەسەلەی چەکداربوونی خەڵك بۆ بەرەنگاربونەوەی داعش بوەتە پرسێکی گرنگو پێداویستیەکی دەستبەجێ کە لەچەند جێگا جەماوەر خۆیان دەستیان بۆ ئەم کارە بردوە.
ئێمە وەکو کۆمەڵێك هەڵسوڕاوی سیاسی ئازادیخواز کە بڕوامان وایە دەبێ مەترسی داعش لەسەر کۆمەڵگا دووربخرێتەوەو ئەو ڤایرۆسە کوشندەیە بنەبڕ بکرێت، وە لەو سۆنگەی بەرپرسیارێتیەوە بەرامبەر بە خەڵک و کۆمەڵگا، بە توندی و بەوپەری توانا بەرگری لە چەکداربوونو رێکخستنی جەماوەر دەکەین بۆ بەرەنگاربونەوەی داعش، بۆیە لە رێگای ئەم راگەیاندنەوە پێکهاتنی "دەستە چەکداریەکانی بەرگری جەماوەری" رادەگەیەنین.
بانگەوازی هەموو ئەو ئینسانە تێکۆشەرو ئازادیخوازو ئینساندۆستانە دەکەین کە خۆیان بە هاوڕای ئێمە دەزانن بۆ بەرەنگاربوونەوەو شەرکردن لە گەڵ داعش، بە ئێمەوە پەیوەست بن بۆئەوەی پێکەوە بتوانین سوپایەکی گەورەی بەرگری جەماوەری لەسەراسەری کوردستان دا دروست بکەین.هەر کەسێك لە( ژنو پیاو) کە بڕوایان بە بەرەنگاربونەوەی داعشو دەرپەڕاندنیان لەناو کۆمەڵگا هەیە، هەربۆچونێکی فکریو سیاسییان هەبێ یان سەر بەهەر نەتەوەو ئاینێک بن، دەتوانن ببنە ئەندامی ئەم هێزە جەماوەریەی دژی داعش.هاوکات خۆمان بە هاوکاری هەموو ئەو دەستەو گروپە چەکداریە جەماوەریانە دەزانین کە تائێستا دروست بوونو بانگەوازیان دەکەین بۆ پێکەوە کارکردن.ئێمە بڕوامان بەوەیە کە دەبێ ئەم هێزە جەماوەریەی کوردستان پاڵپشتی هێزی بەرگری جەماوەری بێت لەناوچەکانی دیکەی عێراق کە لەدژی داعش پێکدێنو هاوکاری لێبڕاوانەیان بکات.با هەموو پێکەوە بۆ دامەزراندنی هێزی بەرەنگاری جەماوەری قۆڵی لێ هەڵماڵین بۆ دەرپەڕاندن و راماڵینی داعش لە ناو کۆمەڵگای کوردستانو عێراق و ناوچەکەدا.
بژی هێزی بەرگری جەماوەری
دلاوەر مونزیر عیرفان کریم بەختیار نادر
موحسین کەریم خلیل حمە حسن وەستا حسین ساڵح
لەرێگای ئەم ژمارە تەلەفۆنانەنەوە دەتوانن پەیوەندیمان پێوە بکەن؛
٠٧٧١٠٢٤٣١١٨ ٠٧٧٢٥٠٠٣٠٨١ ٠٧٧٠١٩٥٧٥٨٨
پەیجی هێزی بەرگری جەماوەری لە فەیس بووك:
https://www.facebook.com/pages/Hezybargry/751851058212613
ئەدرێسی ئیمێڵی هێزی بەرگری جەماوەری: