"جینگۆ" له‌ ده‌رهێنانی تووره‌ج ئه‌سڵانی له‌ فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی فه‌جر نمایشكرا


{AG}articl-foto/cingo{/AG}

فیلمی سینه‌مایی "جینگۆ" له‌ ده‌رهێنانی سینه‌ماكاری كورد تووره‌ج ئه‌سڵانی له‌ به‌شی "جۆرێك ئه‌زموون"ی 32مین خولی فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی فه‌جر له‌ شاره‌كانی تاران و كرماشان نمایشكرا.

فیلمی سینه‌مایی "جینگۆ" (گێڕانه‌وه‌ی هه‌ڵواسراو) یه‌كه‌مین به‌رهه‌می بڵندی سینه‌مایی هونه‌رمه‌ندی كرماشانی تووره‌ج ئه‌سڵانی له‌ به‌شی ده‌ره‌وه‌ی پێشبڕكێی به‌ ناونیشانی "نوعی تجربه‌" واته‌ "جۆرێك ئه‌زموون" له‌ میانه‌ی سی و دووه‌مین خولی فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی فه‌جر له‌ چه‌ندین سانسی جیاوازدا له‌ هۆڵه‌كانی ژماره‌ 2 و 3ی ناوه‌ندی كۆبوونه‌وه‌كانی تاوه‌ری میلادی شاری تاران نمایشكرا و له‌ لایه‌ن ڕخنه‌گرانی سینه‌ما، ڕۆژنامه‌نووسان، سینه‌ماكاران و هۆگرانی هونه‌ری سینه‌ما پێشوازی لێكرا.

تووره‌ج ئه‌سڵانی كه‌ به‌ وێنه‌گری سینه‌مای ئێران ناسراوه‌ كه‌ له‌ به‌رهه‌مه‌كانیدا ئه‌زموونی نوێی ده‌كات، له‌ سازكردنی یه‌كه‌مین فیلمی سینه‌مایی خۆیدا ئه‌زموونێكی نوێی خوڵقاندووه‌ و "جینگۆ" كۆلاژێكه‌ له‌ هه‌ڵپه‌سێراوی ژیانی گه‌نجانی ئه‌مڕۆی تاران كه‌ له‌ قه‌ڕه‌باڵغی، ماندوویی، ته‌نیایی و خۆ به‌ده‌سته‌وه‌دان به‌ له‌بیرچوونه‌وه‌ و هاوكات چاوه‌ڕێی كۆتایی هاتنی دنیا له‌ ساڵی 2012 به‌ پێی تیۆری نۆسترادامووسن.

ئه‌سڵانی پێش سازكردنی ئه‌م فیلمه‌ سینه‌ماییه‌، 10 كورته‌ فیلمی چیرۆكی، ئه‌نیمه‌یشێن و دیكۆمێنتاری سازكردووه‌ و زیاتر له‌ 35 فیلمی سینه‌مایی ئێرانی، كوردی و بیانی وێنه‌گرتووه‌، كه‌ وه‌كوو به‌ڕێوه‌به‌ری وێنه‌گرتن چه‌ندین خه‌ڵاتی گرینگی نێوده‌وڵه‌تیی و ناوخۆیی به‌ده‌ستهێناوه‌، له‌وانه‌: خه‌ڵاتی باشترین وێنه‌گرتنی به‌شی سه‌ره‌كی شه‌سته‌مین خولی فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی سان سێباستییانی ئیسپانیا، خه‌ڵاتی باشترین وێنه‌گری شه‌شه‌مین ڕێوڕه‌سمی خه‌ڵاتی ئیسكرین "ئاسیا په‌سیفیك" (APSA) ناسراو به‌ "ئوسكاری ئاسیایی" له‌ ئوستوڕاڵیا، خه‌ڵاتی "بۆقی برونزی" باشترین وێنه‌گری بیسته‌مین فیستیڤاڵی پسپۆڕانه‌ی وێنه‌گرانی سینه‌ما به‌ ناونیشانی فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی "پلووس كامێرائیمه‌یج" له‌ پۆڵه‌ندا، خه‌ڵاتی باشترین وێنه‌گرتنی حه‌وته‌مین خه‌ڵاته‌كانی ساڵانه‌ی سینه‌مای ئاسیا له‌ هۆنگ كۆنگ، خه‌ڵاتی ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌ران بۆ باشترین وێنه‌گری به‌شی سینه‌مای ئاسیا و ئه‌وروپا له‌ سێزده‌یه‌مین فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی "شه‌وه‌كانی تالین" له‌ ئه‌ستۆنیا، خه‌ڵاتی باشترین وێنه‌گرتنی یه‌كه‌مین فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی به‌غدا له‌ عێراق، ته‌ندیسی باشترین وێنه‌گرتنی دووه‌مین فیستیڤاڵی فیلمه‌ ئێرانییه‌كانی تۆرێنتۆ له‌ كه‌نه‌دا، خه‌ڵاتی باشترین وێنه‌گرتنی بیست و هه‌شته‌مین فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی فه‌جر له‌ ئێران، خه‌ڵاتی باشترین وێنه‌گرتنی چوارده‌یه‌مین جه‌ژنی ماڵی سینه‌مای ئێران، خه‌ڵاتی باشترین وێنه‌گرتنی شه‌شه‌مین ئه‌نجومه‌نی ڕخنه‌گران و نووسه‌رانی سینه‌مای ئێران، خه‌ڵاتی باشترین وێنه‌گرتنی یه‌كه‌مین فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی خۆشه‌ویستی مرۆڤ به‌ ناونیشانی "ئاسا" له‌ ئێران و چه‌ندین خه‌ڵاتی دیكه‌.

له‌ پوخته‌ی سیناریۆی فیلمی سینه‌مایی "جینگۆ"دا هاتووه‌: سیاوه‌ش، ئه‌شكان و دكتۆر، چه‌ند ڕۆژ پێش ئه‌وه‌ی كه‌ به‌ پێی تیۆری نۆسترادامووس كۆتایی به‌ دنیا بێت له‌ باكووری تاران له‌ یه‌كتری كۆده‌بنه‌وه‌، ئه‌وان هه‌ر كامیان بیره‌وه‌ری ناخۆشیان له‌گه‌ڵ ئافره‌تدا هه‌یه‌. ئه‌و سێ پیاوه‌ به‌ هاوڕێیه‌تی له‌گه‌ڵ چه‌ند گه‌نجی دیكه‌ بۆ ڕزگاربوون له‌ ئازاره‌كانیان له‌ چاوه‌ڕوانی كۆتایی هاتنی دنیادان، به‌ڵام ژیان به‌رده‌وام

درێژه‌ی هه‌یه‌.

فیلمی سینه‌مایی "جینگۆ" له‌ یه‌كه‌مین نمایشی خۆیدا له‌ به‌شی جۆرێك ئه‌زموونی 32مین خولی فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی فه‌جر له‌ هۆڵی ژماره‌ 2ی ناوه‌ندی كۆبوونه‌وه‌كانی تاوه‌ری میلادی شاری تاران نمایشكرا و له‌ لایه‌ن بینه‌رانه‌وه‌ پێشوازییه‌كی باشی لێكرا به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ بینه‌ران نه‌یانتوانی فیلمه‌كه‌ ببینن و له‌ پشت ده‌رگاكاندا مانه‌وه‌.

ئه‌م فیلمه‌ هه‌روه‌ها له‌ دووه‌مین نمایشی خۆیدا چه‌ند له‌ هۆڵه‌كانی ژماره‌ 1 و 3ی ناوه‌ندی كۆبوونه‌وه‌كانی تاوه‌ری میلادی تاران نمایشكرا و دیسان له‌ لایه‌ن بینه‌رانه‌وه‌ پێشوازییه‌كی باشی لێكرا و ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ هۆگرانی سینه‌ما نه‌یانتوانی فیلمه‌كه‌ ببینن. هه‌ر به‌م بۆنه‌یه‌وه‌ به‌رپرسانی فیستیڤاڵ ناچاربوون سانسێكی تایبه‌ت له‌ هۆڵی ژماره‌ 2ی تاوه‌ری میلاد بۆ نمایشی ئه‌م فیلمه‌ ته‌رخان بكه‌ن.

"جینگۆ" هه‌روه‌ها له‌ هۆڵی ئینتیزامی له‌ ماڵی هونه‌رمه‌ندانی ئێران له‌ شاری تاران نمایشكرا و دیسانه‌وه‌ له‌ لایه‌ن بینه‌ران و ڕخنه‌گرانی سینه‌ما و ڕۆژنامه‌نووسانه‌وه‌ پێشوازی باشی لێكرا.

له‌ كاتی نمایشی یه‌كه‌مین فیلمی سینه‌مایی تووره‌ج ئه‌سڵانی چه‌ندین كه‌سایه‌تی ناوداری فه‌رهه‌نگ، هونه‌ر و سینه‌ماكارانی ئێرانی ئاماده‌بوون، له‌وانه‌: جه‌عفه‌ر په‌ناهی، كامبووزیا په‌رته‌وی، عه‌بدوڵڵا ئه‌سكه‌نده‌ری، هێنگامه‌ قازیانی، نیزامه‌ین كیایی، كه‌ماڵ ته‌بریزی، سیامه‌ك شایقی، هووشه‌نگ گوڵمه‌كانی، مه‌سعوود جه‌عفه‌ری جه‌وزانی (ڕاوێژكاری به‌رهه‌مهێنه‌ری فیلمه‌كه‌)، فه‌رهاد مێهران فه‌ر، سه‌عید ئیبراهیمی فه‌ر، مانی پوتگه‌ر، ساعێد نیكزاد، ستاره‌ ئه‌سكه‌نده‌ری، فه‌رهاد وه‌رئه‌هرام، مه‌هناز محه‌مه‌دی، مه‌جید به‌رزگه‌ر، كورووش سوله‌یمانی، ژماره‌یه‌ك له‌ ستافی ئاماده‌كردنی فیلمه‌كانی سینه‌مای ئێران و هه‌روه‌ها ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ په‌یامنێران، ڕۆژنامه‌نووسان، ڕخنه‌گران و نووسه‌رانی سینه‌مای ئێران.

ستافی ئاماده‌كردنی فیلمی سینه‌مایی "جینگۆ" (گێڕانه‌وه‌ی هه‌ڵواسراو) بریتین له‌:

سیناریۆ، دیزاینی سه‌حنه‌، مونتاژ، به‌ڕێوه‌به‌ری وێنه‌گرتن، به‌رهه‌مهێنه‌ر و ده‌رهێنه‌ر: تووره‌ج ئه‌سڵانی، ده‌نگهه‌ڵگره‌كان: نیزامه‌دین كیایی، محه‌مه‌د شاهوێردی و ئه‌مین میرشكاری، وێنه‌گر: مێهدی ئه‌سڵانی، به‌رپرسی پلان: ئیره‌ج محه‌مه‌دی ڕه‌زینی به‌رپرسی كۆمپانیای ئاوای كوچه‌ خاتره‌ها، ده‌نگدانه‌ر و میكس: ئه‌مین میرشكاری، موزیك: له‌ هه‌ڵبژاردنی فه‌رهاد مودیری و چه‌ندین پارچه‌ موزیكێك به‌ ئاوازدانه‌ری بێهزاد عه‌بدی، دیزاینی جلووبه‌رگ: فریشته‌ جوغه‌تایی، دیزاینی میكیاژ: سارا ئه‌سكه‌نده‌ری و سه‌ید ڕه‌سووڵ عه‌ڕه‌بی، به‌ ناساندنی چه‌ندین ئه‌كته‌ری لاو، له‌وانه‌: سیاوه‌ش دره‌خشی، ئه‌شكان یه‌غمایی، ئه‌میر حوسێن بێهزادئه‌فشار، مێهدی قووچانی، ئاڕش خۆش خوڵق، مه‌حموود و ڕه‌زا شه‌فیع خانی و داریا ئه‌سڵانی

به‌ ڕۆڵ بینینی: سه‌عید ئیبراهیمی فه‌ر، پانته‌ئا په‌ناهی ها، ئێلاهه‌ خاده‌می و نیلووفه‌ر خۆش خوڵق و به‌ ئاماده‌بوونی: ئه‌كته‌ر ناوداری سینه‌مای ئێران خاتوو هێنگامه‌ قازیانی

به‌رپرسی به‌رهه‌م: حه‌سه‌ن ئه‌سڵانی، ئه‌نیمه‌یشێن: جه‌لال نه‌عیمی، دیمه‌نه‌ تایبه‌ته‌ وێنه‌ییه‌كان: ئاڕش كه‌ریمی، چاككردنی ڕه‌نگ: پسپۆڕان و كارناسانی لابراتوواری به‌دیع، به‌رنامه‌داڕێژ: حوسێن ئه‌حمه‌دی نیا، یاریده‌ده‌ری یه‌كه‌می ده‌رهێنه‌ر: ڕه‌زا عه‌باسی، مونشی سه‌حنه‌ و یاریده‌ده‌ری ده‌رهێنه‌ر: له‌یلی مورادی، یاریده‌ده‌ری یه‌كه‌می وێنه‌گر: محه‌مه‌د خه‌میس ئابادی و جه‌عفه‌ر ئه‌سڵانی، فۆتۆگرافه‌ر: عه‌لی ره‌فیع پوور

و به‌ڕێوه‌به‌ری ڕاگه‌یاندنی گشتیی: مه‌نسوور جیهانی و مه‌نووچێهر جیهانی.

"جینگۆ" كه‌ فیلمێكی سه‌رخۆشانه‌ و ئه‌مڕۆییه‌ هه‌روه‌ها به‌ ئاماده‌بوونی ستافی ئاماده‌كردنی فیلمه‌كه‌ له‌ سێ سانسی جیاوازدا له‌ به‌شی فیلمی هه‌ڵبژارده‌كانی 32مین خولی فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی فه‌جر له‌ سینه‌ما ئازادی شاری كرماشان نمایشكرا.

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ڕاگه‌یاندنی گشتیی فیلمی سینه‌مایی "جینگۆ".


 

Related Articles