یەكێتییەكان خۆيان خاوەنی بڕیارن ... ئومێد پشدەری

 

 

 

گومان هەڵناگرێت یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بە درێژایی مێژووی بزاڤی رزگاریخوازیی گەلی كورد، وەك حزبێكی خاوەن پێگە و جەماوەر، رۆڵی كارا و بەرچاوی لە شۆڕشە یەك لە دوای یەكەكانی گەلی كوردستان و سەرخستنیاندا هەبووە و لەو پێناوەیشدا هەزاران قوربانیی بەخشیوە و دەیان سەروەریی تۆمار كردووە، نەك هەر ئەوە، بگرە یەكێتیی نیشتمانی لە گەڕاندنەوەی هەیبەت و متمانە و كەرامەت بۆ تاكی كورد لە باشوور، هاوشانی حزبە كوردییەكانی دیكە رووبەڕووی نەیار و دوژمنانی خەڵكی كوردستان بووەتەوە و دەوری زۆر ئەكتیڤیشی لەم ڕووەوە هەبووە كە هەرگیز حاشایی لێ ناكرێت، بەڵام جێی داخە كە چەند رۆژێكە لە گوتار و لێدوانەكانی چەند كەسێكی كاربەدەست و باڵادەستی ئەو حزبەدا، كە دڵنیام دەمڕاستی هەموو یەكێتییەكان نین و لە پەنجەی دەستێك تێپەڕ ناكەن، بە ئاشكرا دژایەتیی ریفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان دەبینرێت و بە پاساوی بێبنەما، ڕاگەیاندنی دەوڵەتی كوردی و لێكەوتەكانی بە هەڵە لێك دەدرێتەوە.

ئەوەی قسە هەڵدەگرێت، ڕەنگە (هەموو) ئامادەسازییەك بۆ ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردی نەكرابێت و هێشتا پێویستمان بە تێپەڕاندنی چەند هەنگاوێكی دیكەی كورت مابێت، لێ ئاماژەكان دڵخۆشكەرن بەو پێیەی پشتگیریی نێودەوڵەتیمان هەیە و تەنانەت ئەوانەیش كە پشتیوانمان نین، دژمان ناوەستنەوە، بۆیە دەشێ هەرچی زووتر زەمینە بۆ ئەو مەبەستە خۆش بكرێت، چونكە وەك ئاشكرایە بە درێژایی 100 ساڵی ڕابردوو كورد هەلێكی ئاوا زێڕینی بۆ سەربەخۆیی و ڕزگاربوون لە دەسەڵاتە سەركوتكەرەكانی بەغدا بۆ نەهاتووەتە پێش.

دواجار ماوەتەوە بگوترێت، یەكێتییە كوردپەروەر و شۆڕشگێڕ، نیشتماندۆست و هەڵگرانی ئاڵای ئازادی و سەربەخۆیی، كە پەیامی دوێنێ و ئەمڕۆشیانە، بڕیار لای خۆیانە و دڵنیام هەرگیز بۆ بڕیاری هەندێك كەس ناگەڕێنەوە كە پلەوپایە و پۆست و بەرژەوەندیی تایبەتیان، خستووەتە پێش هەموو بەرژەوەندییەكەوە.

بەرەو سەربەخۆیی یەكجارەكی...

 

 

 

 

Related Articles