هەوڵە نەزۆكەكان لە پەلوپۆ خران..پۆلیس و ئاسایشی هەولێر دڵنیاییان دا .. ئومێد پشدەری

 

 

 

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕایدەگەیەنێت، دڵنیایی دەدەنە هاووڵاتیان كە سەر و ماڵیان پارێزراوە و بە توندی ڕووبەڕووی هەر هەوڵێك دەبنەوە كە ئارامیی شار تێك بدات.ئاسایشیش دەڵێت، هەولێر ئارامە و هەوڵە نەزۆكەكان بۆ تێكدانی باری ئەمی، لە پەلۆپۆ دەخرێن.

لیوا (عەبدولخالق تەڵعەت عوسمان) بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر گوتی: دڵنیایی تەواو دەدەینە هاوشاریان كە ڕەوشی پایتەخت ئارامە و گومان هەڵناگرێت ئەوەی تاوان ئەنجام بدات، بەرەوڕووی لێپێچینەوەی یاسایی دەبێتەوە.

بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر دەشڵێت، تیرۆریستان لە هەموو بەرەكانەوە شكستیان خواردووە و بەو تەقینەوە بچووكەی هەولێریش كە تەنیا 4 كەس بە سووكی بریندار بوون، سەلماندیان كە لە پاشەكشەی بەردەوامدان و خەڵكی هەولێریش لەوە گەورەترە بە شتێكی ئاوها بچووك چاوترسێن بكرێت.

گوتیشی: ئێستا لە هەموو كات زیاتر دانیشتووانی هەولێر هاوكارمانن و لە بچووكترین حاڵەتی جێی گومانیش، ئاگادار دەكرێینەوە، چونكە هەماهەنگییەكی باش لە نێوان پۆلیسی هەولێر و هانیشتمانیاندا هەیە.

هاوكات بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر لیوا (تاریق نووری) ڕایگەیاند، هەولێری پایتەخت ئارامە و هەموو هەوڵە نەزۆكەكان بۆ تێكدانی باری ئەمی، لە پەلۆپۆ خراون.

گوتیشی: رێگە نادرێت سەقامگیریی كوردستان تێك بچێت و پۆلیس و ئاسایشی هەولێریش، بە هاوكاریی هاووڵاتیان لەوپەڕی ئامادەباشیدان و خەونی نەزۆكی ناحەزان و تیرۆریستان لە گۆڕ دەنێن.

 

 

 

 

Related Articles