نامه‌ نامۆیەكان - نامه‌ی یازدەم ... دانەر

 هاوڕێ‌ سبه‌ی شه‌و یه‌كه‌ یه‌كه‌ی ئه‌ستێره‌كانت بۆ دائه‌گرم له‌ جێ‌ ی هه‌ر ئه‌ستێره‌یه‌ك فرمێسكێكی مرواری ئه‌مشه‌وم دائه‌نێم . . . سبه‌ی شه‌و داوای مانگ بكه‌ با بۆت بێنمه‌ سه‌ر زه‌وی ئاخر ئه‌مشه‌و هه‌ست ئه‌كه‌م له‌گه‌ڵ خاكا تێكه‌ڵ ئه‌بم. . .

سه‌یركه‌ ئه‌مشه‌و گیتاره‌كه‌م وه‌ك خۆم بێ‌ ده‌نگ هاوار ئه‌كات به‌س نۆته‌كانی بتهۆڤنت بۆ لێ‌ ئه‌یه‌م سبه‌ی شه‌و 

چه‌ن سه‌یره‌ هاوڕێ‌ چاوه‌ڕوانی شه‌وێك كه‌ له‌وانه‌یه‌ هه‌رگیز نه‌بێت به‌ دوایین شه‌و . . به‌ دوایین سه‌فه‌ری عیشق له‌ مه‌نفاوه‌ بۆ پایته‌ختی ڕۆمانسیه‌ت .  . شه‌وێك كه‌ له‌وانه‌یه‌ ته‌نها خه‌یاڵ بێت. .

ئه‌ها هه‌ناسه‌ خه‌یاڵه‌ . . عه‌شق خه‌یاڵه‌ مه‌رگ و فرمێسكیش باده‌یه‌كی چه‌نده‌ تاڵه‌!. .

تۆ له‌ودیو سنوری منه‌وه‌ وشه‌كانت تێكه‌ڵ به‌ ژانی ڕۆحم ئه‌كه‌ی . . هه‌ست ئه‌شكێنیت . . دڵ ئه‌شكێنیت بێ‌ باكانه‌ هه‌نگاو ئه‌نێیت به‌ ناو ئازادی عه‌شق و ژیانا. .

سه‌رده‌مێكه‌ خه‌نده‌ له‌ دڵی منا تۆراوه‌ شه‌خته‌یه‌ به‌ستوویه‌تی ترپه‌كانم .  . كه‌ تۆ هاتی من پێم وتی ناسكی یه‌كی بێ‌ وێنه‌ له‌ منا خۆی حه‌شار داوه‌ ئاگادار به‌ نه‌یڕوشێنی ئاگادار به‌ .  . .

سبه‌ی شه‌و دڵ ئه‌توێته‌وه‌ !. . ئه‌گه‌ر گه‌یشتم به‌ سبه‌ی شه‌و ئه‌م به‌یانی یه‌ به‌ خۆر بڵێ‌ ئازیزه‌كه‌ی من كه‌ی فریشته‌ی خه‌و سه‌ردانی كرد ؟!. .

هاوڕێ‌ تۆ مه‌به‌ به‌ من نامۆیی من له‌ ڕِِِاده‌ به‌ده‌ره‌ . . كه‌س ناتوانێت وه‌كو من بێت . . ئه‌وه‌ منم !. . شه‌و بێدارانی هاوڕێ‌ ی ئه‌ناسێت كه‌چی ئه‌مشه‌و ته‌نها منی له‌ ئامێز گرتووه‌ ئێ‌ خۆ ئه‌مشه‌و نی یه‌ . . سبه‌ی شه‌وه‌ . . جێ‌ ژووان!. . تۆ بڵێ‌ ی ئه‌ویش وه‌كو من مه‌ست بێت له‌ خه‌ما تاكو ڕاده‌ی ژه‌هراوی بوونی هه‌ناسه‌كان 

منیش وه‌ك تۆ ئه‌ی شه‌و ئه‌و ڕه‌نگه‌ ئه‌پۆشم كه‌ تاریكی دایپۆشیوه‌ تا مرۆڤه‌ برۆنزی یه‌كه‌ به‌ ئاگا بێت له‌ ترپه‌كان . .

په‌یامه‌كه‌ت گه‌یشت هاوڕێ‌ دڵنیابه‌ سبه‌ینێ‌ خۆر هه‌ڵدێت . . دوایین ژان و دوایین تكا له‌ تیشكه‌ كانی ئه‌و ده‌رئه‌چێت، دوایین فرمێسك له‌گه‌ڵ دوا هه‌ناسه‌ی منا كۆتایی دێت ئه‌وسا ڕۆژێكی نوێ‌ و جیهانێكی تر ده‌ستت ئه‌گرێت . . به‌ڵام تا ئێستا نازانم سبه‌ی شه‌و دێت !!!.  .  .

 

سلێمانی

دانـــــــەر 

 

 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌. 

Related Articles