*كوشتنی ژن هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به جوگرافیاوه نییه
*ئه‌و پیاوانه‌ی توندوتیژیی به‌رانبه‌ر به ژن پیاده ده‌كه‌ن گرێی ده‌روونیان هه‌یه
ڤینۆس فایه‌ق، نووسه‌ر و رۆژنامه‌وان، له‌م دیمانه تایبه‌ته‌دا باس له پرسی ژنان و دیارده‌ی توندوتیژیی دژی ژنی كورد و هۆكاره‌كانی فراوانبوونی دیارده‌ی له‌شفرۆشی ده‌كات.
ستیڤان: وه‌ك ده‌زانین كوشتنی ژنانی كورد له ئه‌وروپا بۆته دیارده‌یه‌كی دزێو. كوشتنی ژنی كورد له ئه‌وروپا بۆچی ده‌گه‌ڕێته‌وه؟.
ڤینۆس فایه‌ق: ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه هێشتا رووكه‌شیانه توانای گۆڕانمان هه‌یه، به تیۆریی قسه‌ی زل و باق و بریق ده‌كه‌ین، به‌ڵام به پراكتیك به هه‌مان میتۆده باو و دڕنده‌كان هه‌ڵوێست ده‌نوێنین. هه‌رچه‌نده كوشتنی ژن هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به جوگرافیاوه نییه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی به ئاده‌میزادی كورده‌وه‌یه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ تێگه‌یشتن له هه‌ردوو چه‌مكی شه‌ره‌ف و كه‌رامه‌ت، شه‌ره‌ف به‌و مانایه‌ی ئه‌مانه‌تێكه و كۆمه‌ڵگا داوێتی به ژن و كه‌رامه‌ت به مانای ئه‌وه‌ی ژن خاوه‌نی كه‌رامه‌تی ئینسانی نییه و بۆ پیاو هه‌یه به‌رگریی له‌و كه‌رامه‌ته بكات. جا تێگه‌یشتن له‌م دوو چه‌مكه په‌یوه‌ندیی به دنیابینی و ئاستی مه‌عریفی ئادهمیزادهكانهوه هه‌یه، ئه‌وه‌ش دواجار به گۆڕینی شوێن ناگۆڕدرێت، لانیكه‌م لای هه‌ندێ كه‌س.
ستیڤان: بۆچی به به‌راوورد به ساڵانی رابردوو. رێژه‌ی كوشتنی ژنانی كورد له ئه‌وروپا له په‌ره‌سه‌ندندایه؟.
ڤینۆس فایه‌ق: له زۆربه‌ی جێگاكانی دنیا به‌تایبه‌ت له خۆرهه‌ڵات و ناوچه دواكه‌وتووه‌كاندا له په‌ره‌سه‌ندندایه، ئه‌مه‌ش دهرهاویشتهیهكه له ده‌رهاویشته‌كانی بزافی ئیسلامی سیاسیی كه ته‌واوی چه‌مكه ئینسانییهكانی ژێره‌وژوور كردۆته‌وه، ده‌نا ئه‌و ئازادییه‌ی دایك و نهنكهكانمان له شه‌سته‌كان و حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی رابردوودا هه‌یانبوو ئێستا بۆچی نه‌ماوه؟ وه‌ڵامی ئه‌وه‌ش له‌و شه‌پۆلی ئیسلامی فێندهمێنتیستهیه كه له‌گه‌ڵ شۆڕشه‌كانی خۆرهه‌ڵات سه‌ریهه‌ڵداوه و پێناسه‌كانی بۆ ئازادیی و مافه‌كانی مرۆڤ به‌تایبه‌ت مافه‌كان ژنان گۆڕیوه.
فاكته‌رێكی به‌هێزیش هه‌یه واده‌كات ئه‌و دیارده‌یه له خۆرئاواش له‌ناو ره‌وه‌ندی به‌تایبه‌ت كورددا بنبڕ نه‌بێت، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه ئه‌وانه‌ی ئه‌و تاوانه ئه‌نجام ده‌ده‌ن له‌ده‌ست یاسای ئه‌و وڵاته هه‌ڵدێن و ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ كوردستان، هه‌ڵبه‌ته ئه‌و وڵاتانه ده‌توانن به‌پێی یاساكانی مافی مرۆڤ و به‌تایبه‌ت به یاریده‌ی پۆلیسی ئینته‌رپۆله‌وه دوایان بكه‌ون و له وڵاته‌كه‌ی خۆشیان ده‌ستگیریان بكه‌ن، به‌ڵام به‌داخه‌وه زۆربه‌ی ئه‌وانه له خۆرئاوا ناو و زانیارییه كه‌سییه‌كانی خۆیان گۆڕیوه و ئه‌وه‌ش واده‌كات نه‌دۆزرێنه‌وه، خۆشمان ده‌زانین له كوردستانیشدا یاسا سه‌روه‌ر نییه بۆ ئه‌وه‌ی لێپێچێنه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ بكرێ و سزا بدرێن. هۆی ده‌ره‌كی په‌ره‌سه‌ندنی ئه‌و دیارده ناشرینه چه‌قبه‌ستوویی عه‌قڵه‌كان و رووكردن له رێبازی ئیسلامی سیاسییه كه توندڕه‌وانه هه‌موو ماف و ئازادییه‌كانی ژن زه‌وت ده‌كات.
ستیڤان: خێزانی كورد له ئه‌وروپا چه‌ندین گیروگرفتی هه‌یه، گرنگترینیان سه‌پاندنی كولتووری خێڵ و ئاینییه به‌سه‌ر نه‌وه‌كانیاندا. بۆچی تاكی كورد ناتوانێت له‌گه‌ڵ كولتووری ئه‌وروپا ئینسجام بكات؟. پێتوایه هۆكاری پابه‌ندیی خێزانی كورد له ئه‌وروپا به نه‌ریتی خێڵه‌وه بۆچی ده‌گه‌ڕێته‌وه؟.
ڤینۆس فایه‌ق: ئه‌زانی ئه‌مه سه‌د له سه‌د وانییه، زۆر كه‌سی تریش هه‌ن له خێزانێكه‌وه هاتوون له سایه‌ی سیستمێكی خێڵه‌كیدا په‌روه‌رده بووه، به‌ڵام وه‌كوو مێنتا‌ڵیتی توانای قبووڵكردنی كه‌ش و هه‌وای كۆمه‌ڵایه‌تی خۆرئاوا و به‌ها و نۆرمه خۆرئاواییه‌كانی هه‌بووه، هه‌ندێ تاوان هه‌ن له‌ناو هه‌ندێ خێزاندا روویداوه ئه‌سڵه‌ن عه‌شایه‌ر نه‌بوون. ئه‌مه په‌یوه‌ندیی به دنیابینی و ئاسۆی بیركردنه‌وه و قووڵبوونه‌وه له چه‌مكی ئازادیی و مافه‌كانی مرۆڤه‌وه هه‌یه.
زۆر كه‌س هه‌ن چوونه‌ته ئه‌وروپا له جیاتی ئه‌وه‌ی كاتێكی لانیكه‌م كه‌میش به خوێندنه‌وه‌ی كتێبێكه‌وه به‌رنه سه‌ر، سه‌یری به‌رنامه‌یه‌كی مه‌عریفی ئه‌و وڵاته بكه‌ن و زمانه‌كه فێربن و تێكه‌ڵاوی كولتووره‌كه بن، یان خه‌ریكی ئیشی ره‌شن و دابڕاون له هه‌موو كه‌شوهه‌وای ئه‌و وڵاته یان ئه‌وه‌تا ئاماده‌نین نۆرم و به‌هاكانی ئه‌و وڵاته قبووڵ بكه‌ن و له‌به‌رده‌م جیاوازییه‌كاندا كه‌لله‌ڕه‌قی ده‌نوێنن و ره‌تی ده‌كه‌نه‌وه، له‌و به‌ینه‌شدا سه‌ر له منداڵه‌كانیان ده‌شێوێنن و دواجار كار ده‌گاته سه‌ر كوشتن كه جگه له‌وه‌ی تاوانێكی دڕنده‌ییه هیچی پێناسه‌یه‌كی تر هه‌ڵناگرێ.
ستیڤان: توندوتیژیی دژی ژن له ئه‌وروپا ته‌نیا له‌لایه‌ن كورده‌وه ئه‌نجام نادرێت، به‌ڵكو له‌لایه‌ن ئه‌وروپییه‌كانه‌وه هه‌مان توندتیژیی بوونی هه‌یه. جیاوازیی چییه له نێوان توندوتیژیی دژی ژنان له‌لایه‌ن پیاوی كورد و پیاوی ئه‌وروپی؟.
ڤینۆس فایه‌ق: توندوتیژیی خێزانی، به‌تایبه‌ت توندوتیژیی به‌رانبه‌ر به ژن كێشه‌یه‌كی جیهانییه، له هه‌موو جێگایه‌كدا هه‌یه، به‌پێی كولتوور و ئاستی هۆشیاریی كۆمه‌ڵگا و سه‌روه‌ریی یاسا ده‌توانین ده‌ست بخه‌ینه سه‌ر جیاوازییه‌كان. له خۆرهه‌ڵات، مافه‌كانی خوێندن، ئیشكردن، به‌شداریی سیاسیی، به‌شداریی بڕیار، سه‌ربه‌خۆیی ئابووری و پێكهێنانی ژیانی هاوسه‌ریی به ئازادیی، به گشتیی ئه‌مانه هۆكاره‌كانی پیاده‌كردنی توندوتیژیی پیاوه له دژی ژن له كۆمه‌ڵگایه‌كی وه‌كوو كۆمه‌ڵگای كوردستاندا، به‌ڵام هه‌مان ئه‌و توندوتیژییه كه له وڵاته ئه‌وروپییه‌كان هه‌یه هۆكاری تری هه‌یه، چوونكه ئازادییه‌كان به یاسایه‌كی رێز لێ‌گیراو رێكخراون كێشه‌كانیش به جۆرێكی ترن، توندوتیژییه‌كه زیاتر له جۆرێك له ململانێدا خۆی ده‌بینێته‌وه، وه‌كوو كێبڕكێی ئیش، كێبڕكێیه‌كی ژیانی.
له ئه‌وروپا روونادات باوكێك كچه‌كه‌ی سه‌ربڕێ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌سێك خۆشی بووێت و داوا بكات شووی پێبكات، یان برایه‌ك فیشه‌ك نانێ به خوشكه‌كه‌یه‌وه، چوونكه په‌یوه‌ندییه‌كی سۆزداریی له‌گه‌ڵ كوڕێكدا هه‌یه و سكی لێی پڕ بووه، ئه‌و پیاوانه‌ی توندوتیژیی به‌رانبه‌ر به ژن پیاده ده‌كه‌ن یان گرێیه‌كی ده‌روونی ئاڵۆزیان هه‌یه، یان ژنه‌كه ئه‌وروپییه و هاوسه‌ری پیاوێكی خۆرهه‌ڵاتی دواكه‌وتووه و توندوتیژیی به‌رانبه‌ر پیاده ده‌كات.
به‌گشتیی ئه‌و كێشه كۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ی له خۆرهه‌ڵات هه‌یه له خۆرئاوا نییه، ئه‌گه‌رچی ئه‌وه‌ش مانای ئه‌وه نییه خۆرئاوا بۆ ژن به‌هه‌شته، به‌ڵكوو، له سه‌رتاسه‌ری جیهاندا و ته‌نانه‌ت له ئه‌وروپا كێشه‌ی بانده‌كانی له‌شفرۆشی و به‌زۆر ئیشپێكردنی ژن زۆره، جگه له كێشه‌ی بازرگانیكردن به مرۆڤه‌وه، هه‌روه‌ها به‌كارهێنان و بازرگانیكردن به مادده هۆشبه‌ره‌كانه‌وه و به‌كارهێنانی ژن بۆ گواستنه‌وه‌ی ئه‌و ماددانه و به‌كارهێنانی ژن له ئه‌نجامدانی تاوانه‌كاندا. له ئه‌وروپا زۆرجار رووده‌دات پیاو ناشرین مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ژنه‌كه‌ی و منداڵه‌كانیشی ده‌كات، هه‌روه‌ها كێشه‌ی هه‌راسانكردن و ئیستیغلالكردنی ژنان له زۆر بواری ئیشدا و هه‌روه‌ها ئه‌و ژنانه‌ی ئه‌ركی ماڵیش و پاره په‌یداكردنیان به‌سه‌ر شانه‌وه‌یه رووده‌دا له‌گه‌ڵ مێرده‌كانیاندا رووبه‌ڕووی توندوتیژیی ده‌بنه‌وه. به‌ڵام جیاوازیی سه‌ره‌كی ئه‌وه‌یه له رۆژئاوا یاسا سه‌روه‌ره و هه‌میشه لایه‌نی قوربانییه‌كه ده‌گرێ.
ستیڤان: ئایا هۆكاری فراوانبوونی دیارده‌ی له‌شفرۆشی له كوردستان بۆچی ده‌گه‌ڕێته‌وه؟.
ڤینۆس فایه‌ق: بڵاوبوونه‌وه‌ی دیارده‌ی له‌شفرۆشی هۆی زۆری هه‌یه، له‌وانه هه‌ژاریی و ناجێگیریی بواری ئابووری كه به‌ستراوه‌ته‌وه به ناجێگیریی بواری سیاسییه‌وه. غیابی رۆڵی ده‌وڵه‌ت یان نه‌بوونی سیستمی ده‌وڵه‌تی، ناجێگیریی باری ئه‌منی، گه‌نده‌ڵی و بڵاوبوونه‌وه‌ی دیارده‌ی سواڵكهریی، ئیشكردنی منداڵان و ده‌رهێنانی منداڵ له خوێندنگا. جگه له كرانه‌وه‌ی سنووره‌كان به‌بێ یاسای گونجاو و به‌بێ چاودێریی و كۆنترۆڵ. له هه‌مووی گرنگتر كۆنترۆڵنه‌كردنی بواری گه‌شتوگوزار.