په‌ند له‌ راپه‌ڕینی گه‌لانه‌وه‌ ... به‌دران ئه‌حمه‌د حه‌بیب

دیكتاتۆر تا ده‌گات به‌ تۆقه‌ڵانی ده‌سه‌ڵاتیش، دیكتاتۆر نییه‌.له‌وێوه‌ ده‌ست ده‌كات ببێ به‌ دیكتاتۆر.بۆ ئه‌وه‌ش، چییه‌كی له‌ پێناو به‌ كاریزمابوونی خۆیدا، دابوو به‌ گه‌له‌كه‌ی، دێ لێی ده‌ستێنێته‌وه‌.سه‌ره‌تا، هه‌نگاو له‌وه‌وه‌ ده‌نێ هه‌رچی به‌رهه‌ڵستییه‌كی سیاسی هه‌یه‌ له‌ناوی ده‌با یان ده‌یگرێته‌ ناو (ئیحتیوای ده‌كا) .ده‌می ده‌مدار ده‌كوتێته‌وه‌.ناهێڵێ ورته‌ له‌ زمانی كه‌سه‌وه‌ بێته‌ ده‌ر.به‌ خه‌یاڵیش نایه‌وێ كه‌سێك به‌رهه‌ڵست بێ.نموونه‌: ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ كاریكاتێرییه‌ی چه‌ند ساڵ جارێك ده‌یكاته‌وه‌.راده‌ی سه‌تی سه‌ت بۆ خۆی داده‌نێ.نه‌وه‌ت و نۆش نابێ.له‌و (سه‌تی یه‌ك) ه‌ خه‌یاڵییه‌ گومانی هه‌یه‌ نه‌وه‌كا راست بێ.سه‌دام له‌وه‌شی تێ په‌ڕاند.كردی به‌ به‌یعه‌ت له‌به‌رئه‌وه‌ی پێی وا بوو هه‌ڵبژاردن جۆرێكه‌ له‌ گومان بۆ خوایه‌تیی سه‌رۆك ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر سه‌تی سه‌تیشت پێی دابێ.

به‌ڵام ئه‌وه‌ی مایه‌ی سه‌رنج راكێشییه‌ له‌ دیكتاتۆر: ترسه‌.ترسنۆكیی دیكتاتۆر بابه‌تێكه‌ بۆ لێوه‌كۆڵین له‌ كۆمه‌ڵناسیدا.دیكتاتۆر به‌ راده‌یه‌ك ترسنۆكه‌، تۆ باوه‌ڕ نه‌كه‌ی.نموونه‌یه‌كت بۆ دێنمه‌وه‌ له‌ مێژووی عێراقی سه‌دام حوسێن، گریانت پێی بێ نه‌ك پێكه‌نین.پاش ئه‌وه‌ی به‌ڵگه‌ و ده‌ستاوێژه‌یلی رێژیم له‌ راپه‌ڕینی نه‌وه‌ت و یه‌كدا كه‌وتنه‌ ده‌ستی خه‌ڵك، به‌ڵگه‌یه‌ك هه‌بوو ده‌یگوت پیاوێك هاتووه‌ته‌ گرتن و هه‌ڵواسین، له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌ كاتی ئاخاوتنێكی سه‌رۆك، ئه‌و له‌ چایخانه‌یه‌كدا بووه‌ و بایه‌كی لێ به‌ربووه‌.راپۆڕتنووس گوتبووی "ئه‌و بایه‌ له‌ خۆڕایی نه‌بووه‌"، بگره‌ بۆ سووكایه‌تی بووه‌ به‌ سه‌رۆك.خۆت ده‌زانی، له‌و سه‌رده‌مه‌ی عێراقدا، ده‌یان بوون ئه‌وانه‌ی به‌هۆی نوكته‌یه‌كه‌وه‌ ده‌هاتنه‌ له‌داردان، یان له‌ سۆنگه‌ی گوێ گرتن له‌ ده‌نگی گۆرانیبێژێكه‌وه‌، شوێنه‌ون ده‌بوون.

 دیكتاتۆر پاش ئه‌وه‌ی ده‌گاته‌ ئه‌و راده‌یه‌ش له‌ سه‌ركوتینه‌وه‌ و زاڵیه‌تی به‌سه‌ر هه‌موو ده‌نگێكدا، هێشته‌ پێی وا نییه‌ دنیای ته‌واو بۆ ته‌خت بووه‌.هه‌موو سه‌رۆكه‌یلی عه‌ره‌ب وا بوون: له‌ سه‌دامه‌وه‌ تا بن عه‌لی و قه‌زافی.بچووكترین ده‌نگی ناڕازییان به‌ هه‌ڕه‌شه‌ ده‌زانی و لێی ده‌ترسان.هه‌ر ئه‌و ترسه‌ی ئه‌وانیشه‌ به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌ی "گه‌لان دروستكه‌ری مێژوون" نه‌ك شۆڕشگێڕی سه‌ر گۆڕه‌پان و به‌رهه‌ڵستیی سه‌ر زه‌وی و بن زه‌وی.له‌ میسر، له‌و رێیه‌ی موباره‌ك به‌یانیان پێیدا ده‌ڕۆیی بۆ سه‌ر كار، نێوانی پاسه‌وانێك و پاسه‌وانێكی تر له‌ هه‌ر دوو ریزی ئه‌مبه‌ر و ئه‌وبه‌ردا، ته‌نیا یه‌ك مه‌تر بوو.له‌وێ به‌رهه‌ڵستییه‌ك نه‌بوو له‌ كایه‌دا، به‌ڵام ترسێك هه‌بوو له‌لای سه‌رۆك، له‌ وێنه‌ی نه‌بووه‌.بینیشمان چۆن ئه‌و ترسه‌ راست ده‌رچوو و گه‌لی میسر پێویستی به‌ به‌رهه‌ڵستیی گۆڕه‌پان نه‌بوو بۆ راپه‌ڕین.به‌رهه‌ڵستی پاشان هات بۆ چنینه‌وه‌ی به‌رهه‌م.له‌ تونس و لیبیا، به‌رهه‌ڵستی هه‌ر له‌ ده‌ره‌وه‌ هاتنه‌وه‌.

ئێمه‌ نازانین چیڕۆكی كاوه‌ی ئاسنگر و ئه‌ژده‌هاكی زۆردار، مێژووه‌ یان ئه‌فسانه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌فسانه‌ش بێ له‌ نرخی كه‌م نابێته‌وه‌.له‌لای مرۆڤی زوو، ئه‌فسانه‌ شێوه‌یه‌ك بووه‌ بۆ ئامۆژیاری و په‌ند دادان.به‌سه‌رهاته‌كه‌ی له‌مه‌ڕ نه‌ورۆز ده‌ڵێ: باوه‌كو به‌رهه‌ڵستیش له‌ گۆڕێدا نه‌مابێ، باوه‌كو ده‌می هه‌موو ده‌مدارێك هاتبێته‌ كوتینه‌وه‌، به‌ڵام "كه‌ زۆر دێ، قه‌واڵه‌ به‌تاڵ ده‌بێته‌وه‌".گه‌ل ئاسنگرێكی وه‌ك كاوه‌ ده‌داته‌ پێش خۆی بۆ هه‌ڵكوتانه‌ سه‌ر دیكتاتۆر.به‌روانكه‌ی ئاسنگرییش ده‌كات به‌ ئاڵای راپه‌ڕینه‌كه‌ی.پاشی هه‌زاران ساڵ له‌ چیڕۆكی كاوه‌ و ئه‌ژده‌هاك، گه‌لان هه‌مان ده‌رس دووباره‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ له‌ مێژووی خۆیاندا.بوعه‌زیزی، خاوه‌نی دوكانۆكه‌یه‌كی ده‌س بگێڕ.رووته‌یه‌ك بوو.بوو به‌ رێ پێشانده‌ری گه‌ل بۆ سه‌ر قه‌ڵای دیكتاتۆر.

له‌ مێژووی تازه‌ی ئه‌م ناوچه‌یه‌ی ئێمه‌وه‌ ده‌ركه‌وت، چه‌ند دیكتاتۆر مایه‌ی كاره‌ساتن بۆ گه‌لان، ئه‌وه‌نده‌ش به‌رهه‌ڵستی، چ سه‌ر زه‌وی و چ بن زه‌وی، چ هی گۆڕه‌پان و چی هی بنه‌بان، هه‌مووی مایه‌ی كاره‌ساتن.له‌ میسر و تونس و لیبیا، گه‌لان چه‌ند ماندوو بوون به‌ لادانی دیكتاتۆره‌وه‌، ئێسته‌ش ئه‌وه‌نده‌ ماندوون به‌ لادانی به‌رهه‌ڵستییه‌كه‌ی هاتووه‌ته‌ شوێنی.دیكتاتۆر به‌رهه‌ڵستییه‌كی دروست كردبوو له‌ وێنه‌ی خۆیدا، له‌ وێنه‌ی خۆی نه‌بوایه‌ سنگی نه‌ده‌كوتایه‌ قه‌زافی.ئه‌وه‌، ده‌سپێكی دوورباره‌بوونه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتێك بوو له‌ جۆری ده‌سه‌ڵاتی دیكتاتۆر خۆی.مایه‌ی شاگه‌شكه‌یی و خه‌نی بوونه‌ بۆ مرۆو، ده‌سه‌ڵاتێك له‌م ناوچه‌یه‌دا بیه‌وێ "له‌ ترسی خۆی" به‌رهه‌ڵستی بگرێته‌ ناو، یان هه‌ڵی لووشێ، پێش ئه‌وه‌ی رۆژێك ئه‌و به‌رهه‌ڵستییه‌ بگاته‌ كورسییه‌كه‌.ئه‌مه‌ كورتكردنه‌وه‌یه‌كی رێگه‌یه‌ له‌ مێژووی گه‌لان و هه‌نگاوێكه‌ هێژای سوپاس و پێزانین.گه‌ل رۆژێك بیه‌وێ راپه‌ڕێ، پێویستی به‌و به‌رهه‌ڵستییه‌ نابێ، بۆ خۆی بوعه‌زیزییه‌ك ده‌داته‌ پێش، یان وه‌ستا نووری قیڕچییه‌ك له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌با.ده‌رسێكه‌ زۆر جار له‌ مێژووی گه‌لاندا دووباره‌ بووه‌ته‌وه‌.ده‌سه‌ڵات و به‌رهه‌ڵستی دوو رووی دراوێكن.

 

Related Articles