دیكتاتۆر له رۆژی یه‌كه‌میه‌وه دیكتاتۆر نییه. سه‌ره‌تا، ده‌بێته كاریزما. ئه‌وینی ره‌شه خه‌ڵك به‌لای خۆیدا ده‌كێشێ تا پاشان كه‌ڵه‌گا ئاسا لینگیان به‌سه‌ردا شۆڕ ده‌كاته‌وه و مێگه‌ل ئاسا لێیان ده‌خوڕێ. نموونه سه‌دام حوسێن، له چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كورده‌وه ده‌ستی پێ كرد. پاشان له‌گه‌ڵ شیوعی و دیموكراسی و خه‌ڵكی جیاوازدا كه‌وته دانوستاندن. سه‌تان هه‌نگاوی له بواره‌یلی خۆشبژێوی و په‌ره‌دان به: دروستی، خوێندن، په‌روه‌رین، رێگه و بان و چتی تردا نا. نه‌وتی به‌خۆماڵی كرد. تا ئه‌وه‌ی زۆر كه‌س ناویان نا "باوكی ههژارهیل". من ئه‌وه‌م له خه‌ڵكی ئه‌وسا بیستووه. هیتله‌ریش وا بوو. مۆسۆلینی، ستالین و قه‌زافیش وا بوون. به‌ڵام نووری مالیكی وا نییه له‌به‌رئه‌وه‌ی هیچی نه‌كردووه بیكاته كاریزما.
جگه له‌وه، دیكتاتۆر خۆی له سه‌رووی گه‌له‌وه ده‌بینێ و ئامانجی دوورتری هه‌یه، هه‌ر بۆ ئه‌وه‌شه ده‌بێته دیكتاتۆر. سه‌دام خه‌ونی به سه‌رۆكایه‌تیی عه‌ره‌به‌وه ده‌بینی. نووری خه‌ونی نییه. هه‌روه‌ها، دیكتاتۆر پیاوی كه‌س نییه، نووری پیاوی ئێرانه. له‌به‌رئه‌وه من به خۆمدا ده‌چمه‌وه ئه‌گه‌ر جارێك ناوی ویم به دیكتاتۆر هێنابێ. دیكتاتۆر بوایه ده‌متوانی هه‌ڵسوكه‌وتی شی بكه‌مه‌وه. بۆ ئه‌وه‌ی تۆ له نووری بگه‌ی، ده‌بێ له سیاسه‌تی كۆماری ئیسلامی بگه‌ی.
له هه‌مان ئه‌و رۆژه‌ی مه‌مله‌كه‌تی سعوودیه، بڕیاری دا: داعش، نوسره، ئیخوان و حزبوڵڵای سعوودیهیی بخاته ریزوه‌ندی تیرۆره‌وه، نووری ئاگه‌داریی دایه سعوودیه بۆ ده‌ست وهكێشان له كارباری عێراق. ده‌شزانین شه‌ڕی نووری له‌گه‌ڵ داعشدایه و وه‌ك نه‌ریت ده‌بوایه ده‌سخۆشانه له مه‌مله‌كه‌ت بكا. كه‌واته بۆ تێگه‌یشتن له‌وه، تۆ ده‌بێ بچیته پشتی په‌رده‌وه تا بزانی چی ده‌گه‌ڕێ. ئیخوان سه‌ریان سوڕ ما له‌و بڕیاره له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌مێژه‌یه سعوودیه پشتیوانی‌یان ده‌كا. خۆشمان ده‌زانین هه‌موو بزووتنه‌وه‌یه‌كی رادیكاڵی ئیسلامی له هه‌ر شوێنێك بێ، سه‌رچاوه‌ی پاڵپشتییكهی سعوودیه بووه. كه‌واته ده‌بێ هۆی چی بێ شای مه‌مله‌كه‌ت ئه‌و بڕیاره له‌م ده‌موده‌سته‌دا ده‌دا؟ به‌لای منه‌وه له‌و لیسته‌یه‌ی مه‌مله‌كه‌تدا ته‌نیا یه‌ك بزووتنه‌وه گرینگه و جێ مه‌به‌ستی وانه، ئه‌ویش حزبوڵڵایه. بنه‌ماڵه‌ی شایه‌تیی سعوودیه تۆقیون له‌وه‌ی حزبوڵڵای له‌مه‌ڕ خۆیان رابپهڕێ. به تایبه‌تیش له‌و ده‌مه‌ی پێوه‌ندیی سعوودیه له‌گه‌ڵ قه‌ته‌ردا چووه‌ته تهنگارییهوه، كه ئه‌وه‌ش نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه قه‌ته‌ر له راستی سعوودیه‌دا كه‌وتووه‌ته جووڵه. ئه‌وه له كاتێكدایه، سعوودیه له نیزیكهوهبوونی ئه‌مه‌ریكه و ئێران، سڵۆكه و ترسی لێ نیشتووه. هاندانی راپه‌ڕین له هه‌ر وڵاتێكی عه‌ره‌بیدا به ئاماژه‌ی ئه‌مه‌ریكه و تێكه‌ڵبوونی راسته‌وه‌خۆی قه‌ته‌ره‌وه ده‌سووڕێ. له تونس و لیبیه و میسر و سووریه‌دا، ئه‌و دووربارهوهبوونهمان بینی.
به‌ڵام نووری چیی داوه له‌وه؟ تۆ نووری مه‌ناسه كۆمار بناسه وه‌ك گوتم. ئه‌وه سیاسه‌تی كۆماری ئیسلامییه له‌ودا به‌ده‌ر ده‌داته‌وه. بۆ ئه‌وه‌ی راپه‌ڕینێك له سعوودیه‌دا بێته كایه و وێرانی بكا، ئامێری به‌رده‌ست ئه‌و چه‌ند ملیۆن شیعهیهیه، كه له رۆهه‌ڵاتی وڵات و زه‌وینی ده‌وڵه‌مه‌ند به نه‌وتی سعوودیه‌دا نیشته‌جێن. ئه‌وان وه‌ك له‌وده "خزان"ی نه‌وت، سازن بۆ ته‌قینه‌وه و هه‌ڵایسان. مه‌مله‌كه‌ت، ساڵه‌یلی ساڵه به هه‌موو ئامێر و شێوه‌یه‌ك سه‌ریان ده‌كوتێته‌وه به‌ڵام ئه‌وان له ژێره‌وه هه‌ر ده‌ته‌ننه‌وه. ئێسته، یه‌ك پریشكی ئاگر به‌سه بۆ گڕگرتنیان به‌ڕووی سیسته‌مێكی دواكه‌وتووی بۆگه‌ندا، كه هیچ چتێك له‌گه‌ڵ سه‌ته‌ی بیست و یه‌كه‌مدا كۆی ناكاته‌وه و ئامانجی كۆماریش ئه‌وه‌یه هه‌ڵی گێڕێته‌وه.
به‌ڵام ئاخۆ ئه‌مه‌ریكه چ به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌یه له رماندنی یه‌ك به یه‌كی سیسته‌مه‌یلی عه‌ره‌بیدا به سعوودیه‌شه‌وه؟ ئه‌وه چتێكه پێوه‌ندیی به ده‌وڵه‌مه‌ندییه‌وه هه‌یه، كه سه‌رۆك و پاشا و میرهیلی عه‌ره‌ب به شێوه‌یه‌كی ناڕه‌وا پێكه‌وه‌یان ناوه و بردوویانه‌ته بانكهیلی ئه‌وروپه و ئه‌مه‌ریكه. ئه‌مه‌ریكه له جیاتی وه‌ی وه‌ك جاران وڵاته‌یل داگیر بكا و سه‌رباز به كوشتن بدا یان ئابووریی بۆ بخاته ته‌نگژه‌وه، دێ ناوبه‌ناوێك راپه‌ڕینێك ده‌نێته‌وه له یه‌كێك له‌و وڵاتهیلهدا. به‌مه‌ش ته‌واوی سامانی ده‌سته‌ی ده‌سه‌ڵاتدار، له بانكهیلدا بۆ خۆی لرف ده‌دا. كوا پاره‌ی بن عه‌لی و قه‌زافی و سه‌دام و موباره‌ك؟ كوا پاره‌ی شای ئێران، كه منداڵهیلی له برسانه مردن؟
ئه‌وه مۆدیلێكی تری ئیمپریالیزمه و سیاسه‌تی ئهمهریكهیه له ئاست وڵاته‌یلی ناوچه‌دا. یه‌ك له دوای یه‌ك ده‌سه‌ڵاتیان لێ داده‌ماڵێ له‌پێناو سامانه‌كه‌یان. زۆر لایه‌نی پڕوپووچی جۆری ئیخوانیش، ماشه و جاشی ئه‌م سیاسه‌ته‌ن. به‌ڵام راستیت ده‌وێ من گله‌ییم نییه له‌و سه‌رئه‌نجامه‌ی مه‌مله‌كه‌ت. پێش حه‌وتووێك راگه‌یاندن گوتی: "میرێكی كه‌نداو ملیۆنێك پاوه‌ندی داوه به كچێكی ئهڵمانیهیی بۆ ئه‌وه‌ی ئێواره‌یه‌ك نانی له‌گه‌ڵدا سندان بكا، كچه‌كه نه‌یكردووه. " ئیتر سامانێكه ده‌ڕوا به‌ده‌م ئاوه‌وه به هه‌ر جۆرێك بێ.