كوردستانی له‌مه‌ڕ خۆمان سفره‌ .. به‌دران ئه‌حمه‌د حه‌بیب

 

 

 

 

سێ ساڵ و سێ مانگه‌ شه‌ڕێك ده‌گه‌ڕێ له‌ سووریه‌، سه‌رت سوڕ ده‌مێنێ ئه‌و وڵاته‌ چۆن به‌رگه‌ی گرتووه‌. له‌ نیوه‌ زیاتری بووه‌ته‌ جێ ڕاوگه‌ی شه‌ڕ، سێ چوار ملیۆن په‌ڕیوه‌ (نازح) ی هه‌یه‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات، دوو هێنده‌ش له‌ ناوه‌وه‌. هێشتاش كرده‌وه‌ی خوێندن نه‌وه‌ستاوه‌، نه‌خۆشخانه‌ و خزمه‌تی رۆژانه‌ و كاری كولتووری، ته‌نانه‌ت گه‌ڕ و سه‌یرانیش هه‌یه‌. كۆواری ئه‌ده‌بی به‌ شێوه‌ی جارانی، مانگانه‌ ده‌رده‌چێ. پێش ماوه‌یه‌ك، ده‌رهێنانی فیلمێك له‌ سووریه‌ بووه‌ مایه‌ی ته‌نگه‌تاویی شا و میره‌یلی سعوودیه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی شا عه‌بدولعه‌زیزی باوه‌ گه‌وره‌ی وانی رووته‌وه‌ ده‌كرد له‌ نیشتمانپه‌روه‌ری و ئاكاری كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌. نهێنی له‌ وزه‌ و توانستی سووریه‌دا، ته‌نیا پشته‌وانیی ئێران و روسیا نییه‌ وه‌ك ڕاگه‌یاندن ده‌ڵێ، بگره‌ بوونی سیسته‌مێكی ده‌وڵه‌تدارییه‌، كه‌ له‌ ماوه‌ی ده‌یان ساڵدا حافز ئه‌سه‌د دروستی كرد. سیسته‌مێك به‌ ئاسانی نه‌ڕمێ. ئه‌وه‌ ده‌رسێكی گرینگه‌ له‌ مێژووی گه‌لانی هاوسێوه‌.

میسریش هه‌ر وایه‌. چوار ساڵ و پێنج مانگه‌ وڵات ته‌ناهیی به‌خۆوه‌ نه‌دیوه‌. تونس هه‌روه‌تر. به‌ڵام وه‌ك چۆن مرۆڤی دروستی خۆش، كه‌ كرده‌وه‌یه‌كی نه‌شته‌ركاری ده‌كا، زوو راسته‌وه‌ ده‌بێ و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر ژیانی ئاسایی، میسر و تونس سه‌ره‌ڕای ئه‌و بشێونه‌ سیاسییه‌ی چه‌ندان ساڵه‌ ده‌یانهه‌ژێنێ، په‌كیان نه‌كه‌وتووه‌. سه‌رچاوه‌ی هه‌مووشی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سیسته‌می ده‌وڵه‌تداری. ته‌نیا لیبیا نه‌بێ، كه‌ له‌ سه‌رده‌می قه‌زافیدا سیسته‌می نه‌بوو، هه‌ر فشه‌خانه‌یه‌ك بوو. دوای به‌لادا هاتنی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی، وڵاته‌كه‌ش نه‌ما. تۆ ئێسته‌ به‌رده‌وامیش سه‌یری راگه‌یاندن بكه‌ی نازانی له‌ لیبیا چی ڕوو ده‌دا.

كورد له‌ ڕاپه‌ڕینی ساڵی نه‌وه‌ت و یه‌كدا كارێكی چاكی كرد، كارگێڕیی خۆی له‌سه‌ر بناخه‌ی ده‌وڵه‌تداریی عێراق دامه‌زرانده‌وه‌. نیشانه‌یه‌كی باش بوو بۆ داهاتوو. به‌ڵام به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، عێراقییه‌ل له‌ 2003دا سیسته‌می ده‌وڵه‌تداریی كۆنیان ته‌خت كرد. عێراقی ئه‌مڕۆ ده‌یان ساڵی ده‌وێ تا ببێته‌وه‌ وڵاتێك هاوڵاتیی ئاسایی له‌ سایه‌ی بوونی ده‌وڵه‌تدا هه‌ست به‌ ته‌ناهی بكا و بۆ خۆی بتوانێ ژیانێك بژی. چتێك مایه‌ی دڵه‌ڕاوكه‌یه‌ ئه‌وه‌یه‌، هه‌رچه‌نده‌ كورد ئه‌و كاته‌ كارێكی چاكی كرد بنه‌وای ده‌وڵه‌تی عێراقی له‌ كوردستان هه‌ڵنه‌وه‌شانده‌وه‌، به‌ڵام دواتر نه‌یتوانی په‌ره‌ی پێ بدا. به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، رۆژ به‌ رۆژ كادیری ده‌وڵه‌تییانه‌، یان شاره‌زا و پسپۆڕی خاوه‌ن تاقیكردنه‌وه‌، جێیان گۆڕا به‌ كادیری حزبی و به‌وانه‌ی به‌ شێوه‌ی جۆراوجۆر نێزیكییان هه‌یه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتی حزبی. پۆستی گرینگی وه‌ك بریكاری وه‌زاره‌ت، راوێژكار، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی، ته‌نانه‌ت به‌ڕێوه‌به‌ری زۆر ئاسایی (قوتابخانه‌یه‌ك بۆ نموونه‌)، كه‌ كاری ده‌وڵه‌تین، بوونه‌ كاری حزبییانه‌. ئێستا له‌ زۆر جێی ره‌سمیدا گه‌نجێكی بێ تاقیكردنه‌وه‌ی، ته‌مه‌ن بیست و ئه‌وه‌نده‌ ساڵه‌ی، خوێندن تازه‌ ته‌واوكردوو ده‌بینی، بووه‌ته‌ به‌ڕێوه‌به‌ر یان به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی له‌ پسپۆڕییه‌كدا هیچ رابردووێكی لێی نییه‌، له‌و ده‌مه‌ی چه‌ندان پسپۆڕ و خاوه‌ن شاره‌زایی كه‌وتوونه‌ته‌ ژێر ده‌ستی، كه‌ له‌ رووی سیاسییه‌وه‌ هیچ كێشه‌یه‌كیان نییه‌ له‌گه‌ڵ حزبی ده‌سه‌ڵات به‌ڵام سوودیشیان لێ نایه‌ته‌ وه‌رگرتن.

ئه‌و راستییه‌ی سه‌ره‌وه‌، بمانه‌وێ نه‌مانه‌وێ ئه‌و باوه‌ڕه‌ دروست ده‌كا، كه‌ توێژێكی ته‌نك كه‌وتووه‌ته‌ سه‌ره‌وه‌ و زۆربه‌ی ده‌سه‌ڵاتی به‌ ده‌سته‌وه‌یه‌. ئه‌و توێژه‌، دروستبوونی سیسته‌م و یاسا یان ده‌وڵه‌تداری به‌ به‌رژه‌وه‌ندیی خۆی نازانێ. توێژێكه‌ له‌وانه‌ پێك هاتووه‌ ماوه‌یه‌ك له‌ ریزی بزاوی پێشمه‌رگایه‌تیدا بوون یان له‌ ده‌ره‌وه‌ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ یانیش به‌ هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێ پاڵپشتیی لووتكه‌یه‌ك له‌ لووتكه‌یلی ده‌سه‌ڵاتیان بۆ لواوه‌. ئه‌وانه‌ خۆیان به‌ هاوڵاتیی پله‌ یه‌ك و خاوه‌نی ئه‌و ده‌سكه‌وته‌ی هه‌یه‌، ده‌زانن. واش ده‌نوێنن ئه‌وه‌ی له‌ ده‌ره‌وه‌ی مواسه‌فاتی وان بێ، هاوڵاتییه‌كه‌ له‌ پله‌یه‌كی ژێره‌وه‌دا، وه‌ك بیانی وایه‌ هیچ مافێكی نییه‌.

راسته‌ حزب پاش وه‌رگرتنی ده‌سه‌ڵات، ئه‌ندام و لایه‌نگره‌یلی خۆی دێنێته‌ پێشه‌وه‌. هیچ لارییه‌ك و چه‌وتییه‌ك نییه‌ له‌وه‌دا. به‌ڵام ئه‌وه‌ی چه‌وتی و لارییه‌ ئه‌وه‌یه‌، له‌م سه‌رده‌مه‌دا وڵات بێ شاره‌زایی و پسپۆڕیی سه‌رده‌مییانه‌ ناچێته‌ ڕێوه‌. بێو كوردستان ببێ به‌ ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆش، بێ بوونی بنه‌وای ده‌وڵه‌تییانه‌، ئیش ناكا و خۆی له‌به‌رده‌م بایه‌كدا ناگرێ. بۆ نموونه‌ هیچ بنه‌وایه‌ك نییه‌ له‌وه‌دا: ده‌یان بگره‌ سه‌تان كه‌س، پله‌ی گه‌وره‌ی سه‌ربازی وه‌ربگرن بێ ئه‌وه‌ی هیچ شاره‌زایییه‌ك یان یه‌ك رۆژ خزمه‌تیان هه‌بێ له‌و بواره‌دا. بنه‌وایه‌كی گوته‌نی نییه‌ كه‌: ساڵ به‌ ساڵ نه‌شاره‌زا و ناوه‌شاوه‌ جێ به‌ شاره‌زا و وه‌شاوه‌ چۆڵ بكه‌ن.

ئه‌و توێژه‌ی، كاروباری له‌ گشت بوارێكی كارگێڕی و ئابووریدا پاوان كردووه‌، توێژێكه‌ له‌ ژووره‌وه‌ی یاسا. ئه‌وه‌ هیچ، كه‌ خۆی له‌ ژووره‌وه‌ی یاسایه‌، بوونی یاسا و پێچینه‌وه‌ بۆ ژێره‌وه‌ش به‌ پێچه‌وانه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیی خۆی ده‌بینێ. به‌رژه‌وه‌ندیی وی له‌وه‌دایه‌، كوردستانێك دروست بكا له‌ شێوه‌ی فشه‌خانه‌كه‌ی لیبیا نه‌ك سیسته‌مه‌ تۆكمه‌ و پته‌وه‌كه‌ی سووریا. زانستی سیاسه‌ت و هونه‌ری به‌ڕێوه‌بردنی ده‌سه‌ڵات، له‌ كوردستاندا به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ئاوڕیان لێ نایه‌ته‌ وه‌دان، ته‌نانه‌ت به‌ راده‌ی رێژیمی سه‌دامیش، كه‌ وێڕای هه‌موو دڕندایه‌تییه‌كی، وه‌شاوه‌ترین كه‌سی له‌ پۆست و پله‌دا داده‌نا هه‌رچه‌نده‌ ناچاریشی ده‌كرد بۆ حزب ئیمزا بكا. ئه‌وه‌ جۆرێك بوو له‌ كارزانین و پرۆفیشیناڵه‌تی، كه‌ كوردستانی له‌مه‌ڕ خۆمان تێیدا سفره‌.

 

 

 

 

Related Articles