ئاخۆ پارتی له هه‌نگاوی هه‌ناردنه ده‌ره‌وه‌ی نه‌وتدا سه‌رده‌كه‌وێ یان نا؟ بۆیه‌ش ده‌ڵێم پارتی چونكه لایه‌نه‌یلی تر چ له حكومه‌تدا بن چ له ده‌ره‌وه‌ی، ئاگایان لێ نه‌بووه و وه‌ك خه‌ڵكی ئاسایی له راگه‌یاندنه‌وه زانییان نه‌وت رۆیی. فایلی كێشه‌ی نێوانی هه‌ولێر و به‌غدا چه‌ندان ساڵه پارتی ده‌یگێڕێ. هه‌ر خۆی له به‌ر و پشتی پرسی هه‌ناردنی نه‌وت ئاگه‌داره و له راده‌ی سه‌ركه‌وتنی ده‌زانێ. بۆیه وه‌ڵامی پرسیاره‌كه‌ی سه‌ره‌وه ته‌نیا له‌لای وییه و با كه‌س سه‌ری خۆی پێوه ماندوو نه‌كا. ئێمه‌مانان به لێكدانه‌وه‌ی خۆمان و تاقیكردنه‌وه‌ی رابردوو له‌گه‌ڵ پارتیدا، هه‌ر ئه‌وه‌نده ده‌توانین، هه‌ڵسه‌نگاندنێكی گشتی بكه‌ین. هه‌ستی خه‌ڵك ده‌ڵێ: پارتی سه‌رده‌كه‌وێ له‌به‌رئه‌وه‌ی تا ئێسته نه‌یدۆڕاندووه تا بدۆڕێنێ. ده‌ڵێن جارێكیان مام گوتوویه‌تی: پارتی له‌گه‌ڵ چینیشدا ململانه بكا ده‌یباته‌وه.
له‌به‌رئه‌وه من، به خه‌یاڵی خۆشه‌وه له‌و پرسه ده‌ڕوانم و مێشكی خۆمی پێ ئاڵۆز ناكه‌م. به‌ڵام به بۆنه‌ی ئه‌و به‌راورده‌ی نێوان پارتی و چینه‌وه، سه‌ردانێكی خۆمم بۆ وڵاتی چین كه‌وته‌وه بیر پێش چه‌ند ساڵێك كردبووم گوتم با بیگێڕمه‌وه. كه‌سیش نه‌چێ بۆ چین تكایه، وه‌ك ئه‌وه وایه بچیته ئه‌ستێره‌یه‌كی تر نه‌ك وڵاتێك له‌سه‌ر پشتی ئه‌ستێره‌كه‌ی خۆماندا. له باڵه‌فڕگه‌ی شانگههایهوه، ئه‌و كه‌سه‌ی هاتبووه پێشوازیم، له رێگه‌ی به‌ره‌و ئوتێلدا باسی داونه‌ریتی ئه‌وێی بۆ كردم: "جاران سڵاو به سووكه دانواندنێكی سه‌ر بوو. گۆڕا به گرژینهوهیهكی لێو. ئێسته له رووی كه‌سه‌كه‌وه هه‌ست ده‌كه‌ی سڵاوی كردووه ئه‌گینا هێمایه‌ك بۆ سڵاو له گۆڕێ‌دا نه‌ماوه". بیرم كه‌وته‌وه: ببیته میوانی كوردێكی رۆهه‌ڵات، پاشی حه‌وت رۆژیش هه‌ر ده‌ستی به سینگهوهیه ده‌ڵێ "یاخوا به‌خێر بێی".
كێشه‌ی گه‌وره‌م له‌وێ نان خواردن بوو. به‌یانیان له ناو ده‌یان جۆری خواردندا، ته‌نیا هێلكه هه‌بوو بتوانم لێی نێزیك ببمه‌وه له‌گه‌ڵ كوچكه نانێكی كه‌مێك نه‌رمتر له به‌رد. شانگه‌های شارێكه هێنده‌ی وڵاتێك. هه‌ژده ملیۆن دانیشتوانی هه‌یه. هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌نده‌ی گه‌ڕه‌كێكی ده‌بێ. دانیشتوانی چین ملیارێك و شه‌شسه‌ت ملیۆن زیاترن. رۆژێكیان بۆ گاڵته ویستم خۆم ون بكه‌م، ده‌ركه‌وت به‌ڕاستی ون بووم و تا دره‌نگ به شوێنه‌كه‌ی خۆم نهكهوتمهوه. نازانم چۆن كاتی خۆی ئه‌نوه‌ر مایی كوردی له چین دۆزیبووه‌وه. له‌گه‌ڵ شارهزایهكدا دانیشتم، لێی پرسیم له كوێوه هاتووی؟ گوتم: كوردم. گوتی نه‌مبیستووه. گوتم عێراق. ئه‌ویش هیچ. توركیا، ئێران، میسر، سعودیه، سووریه، هه‌موویم بۆ ریز كرد. نه‌یده‌زانی رۆهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كوێیه. وتارێكی كاك ئه‌رسه‌لان بایزم بیر كه‌وته‌وه له كوردستانی نوێ: "پێوه‌ندییه‌كانی نێوان یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و كۆماری چینی میللی".
به‌ڕێوه‌به‌ری ده‌زگایه‌كی رۆشنبیری بوو. گوتی ئێمه له تیرێژی كتێبدا ته‌نیا هه‌زار دانه چاپ ده‌كه‌ین. سه‌رم سوڕ ما له‌و وڵاته گه‌وره‌یه‌دا كتێب به‌م شێوه‌یه شڕ بێ. هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌یه، چین چه‌ند دانیشتوانه‌كه‌ی زۆریش بێ، بنووسی گه‌وره‌ی تێدا هه‌ڵناكه‌وێ. كابرا زوو زووش ده‌هاته‌وه سه‌ر ئه‌وه‌ی بزانێ من خه‌ڵكی كوێم. دواجار هه‌ڵی هێنا. گوتی وا بزانم تۆ خه‌ڵكی ئه‌و شوێنه‌ی، كه به‌ره‌به‌یانان ده‌نگێكی ناخۆشتان لێ به‌رز ده‌بێته‌وه. له‌گه‌ڵ بانگی به‌یانیانی بوو. گوتم راست ده‌كه‌ی خه‌ڵكی ئه‌وێم. جارێك چووبووه وڵاتێكی بسوڵمان به‌ڵام ناوه‌كه‌ی به جۆرێك ده‌گوته‌وه نه‌مده‌زانی كوێیه.
ناخۆشه خه‌ڵك له هه‌موو لاوه سه‌یرت بكه‌ن. سه‌ره‌تا نه‌مده‌زانی هۆی چییه له چین وا ده‌كه‌ن، تا رۆژێك له پاركێكی نێزیك ئوتێله‌كه‌دا له‌گه‌ڵ چه‌ند كه‌سێك بووم به هه‌واڵ. له‌وێ تۆ نازانی ئه‌و كه‌سه گه‌نجه یان پیره له‌به‌رئه‌وه‌ی ته‌مه‌ن له‌لای خۆماندا به دوو چت ده‌رده‌كه‌وێ، یه‌كه‌میان مووی سپی و دووه‌میان چرچ و لۆچی روو. ئه‌وان ئه‌و دووه‌یان لێ روو نادا. موویان نییه تا سپی ببێ، پێستهشیان وه‌ك پێسته‌ی مرۆڤی كۆسه قایمه، لۆچ ناگرێ. ئه‌وان به بیانی‌دا ده‌ڕوانن له‌به‌رئه‌وه‌ی بیانی مووی پێوه‌یه. كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌ی تریان لووته. خه‌ڵكی ئه‌وێ لووتیان یان پان بووه‌ته‌وه یان ته‌نیا شوێنه‌وارێكی ماوه. چووین بۆ چایخانه‌یه‌ك. چایه‌چی به ده‌م چا لێنان و چا هێنانه‌وه، كه‌وته گێڕانه‌وه‌ی مێژووی چا له چین. گوتی "ته‌مه‌نی چا له چین پێنج هه‌زار ساڵه، شه‌ش هه‌زار جۆری چامان هه‌یه". من مه‌حموود و دوو غه‌زالی لای خۆمانم هاته‌وه بیر. نێزیكه‌ی چوارسه‌ت فنجان چامان خوارده‌وه به‌ڵام هیچی له دوو دڵۆپ زیاتر نه‌بوو. پاشان چایه‌كی تایبه‌تی گێڕا و هه‌ر یه‌كه چل جاری پێشكێش كردین گوتی ئه‌مه‌یان دیارییه به بۆنه‌ی ئه‌م لووته زله‌ی تۆوه. سه‌ره‌تا به خۆمدا شكامهوه وام زانی گاڵته‌م پێ ده‌كا پاشان ده‌ركه‌وت ئه‌وه شانازییه له‌وێ لووتت گه‌وره بێ. كاك بارزان مه‌لا خالیدم هاته‌وه بیر گوتم خۆزگه له‌م خۆشییه‌دا لێره ده‌بوو.
با بێینه‌وه كوردستان، دوا هه‌واڵی هه‌ناردنی نه‌وتم خوێنده‌وه. یه‌كه‌میان: مالیكی سكاڵا له توركیا ده‌دا. دووه‌میان: نه‌وته‌كه گه‌یییه باژێڕهیلی ئه‌وروپا. سێیه‌م: په‌رله‌مانی كوردستان كۆ ده‌بێته‌وه تا بزانێ ئه‌م مه‌سه‌له‌ی نه‌وته چییه. منیش وه‌ك چیڕۆك گێڕه‌وه‌ی جاران ده‌یگوت: له‌و سه‌ره‌وه هاتمه‌وه، كڵاشم دڕا هیچم پێ نه‌بڕا.