زاراوه‌ی "كێشه له‌سه‌ر" له ناوه‌ڕۆكدا نیوه‌ی خاوه‌نداریه‌تی، له‌وانه‌یه زیاتریش بداته لایه‌نی به‌رامبه‌ر تا ئه‌و ده‌مه‌ی یه‌كلا ده‌بێته‌وه. نه‌شبووه به نه‌ریت، كێشه‌ی وا له مێژوودا به خۆشی یه‌كلایی ببنه‌وه هه‌موو دنیاش ناوبژیكه‌ر بێ. چه‌ندان شه‌ڕی گه‌وره بۆ بستێك زه‌ویی كێشه له‌سه‌ر روویان داوه و بێ ژمار خه‌ڵكیان تێدا رۆییون. ئه‌م كێشه‌یه‌ی له‌مه‌ڕ ئێمه هه‌لیشی هه‌بوایه به‌خۆشی یه‌كلا ببێته‌وه، دوور نه‌بوو لایه‌نی به‌رامبه‌ر بیباته‌وه، له هه‌مووشی نا له ههندێكیدا. سه‌رژمێری و ریفراندۆم مه‌ترسیی زۆریان تێدا بوو بهاتایه و به‌غدا بیكردنایه. ئه‌وه بۆ خۆی به‌ڵگه‌یه كورد له بنه‌ڕه‌ته‌وه له‌م ماده‌یه‌دا به هه‌ڵه چووبوو. ئه‌وه یه‌ك، دوو: ده‌ركه‌وت ده‌وڵه‌تی شیعه وهكرییانه و به شانازییه‌وه ده‌ڵێ ئه‌وه من بووم ده ساڵ نه‌مهێشت هه‌نگاو له‌م ماده‌یه‌دا بچێته پێش. سێیه‌م، تا پێش نۆی حوزه‌یران و ئاشبه‌تاڵی سوپای مالیكی، چه‌ندان جار فرهپاتیان كرده‌وه ئه‌و ماده‌یه كاتی به‌سه‌ر چووه. واته كوردینه به هیوا مه‌مێنن. چواره‌م، مالیكی له‌م رۆژانه‌دا گوتی نه‌خێر به‌سه‌ر نه‌چووه. سه‌رۆك بارزانی له بنی كودیله‌ی دا، گوتی 140 نه‌ما و ناگه‌ڕێینه‌وه سه‌ری.
بگه‌ڕێینه‌وه دوا بۆ ساڵی 2004 ئه‌و ده‌مه‌ی یاسای كاربگێڕیی ده‌وڵه‌ت له سه‌رده‌می پۆل برێمه‌ردا بڕیاری لێ هاته دان. كورد یه‌كگرتوو نه‌بوو بۆ فیدراڵیزم. مام جه‌لال (ته‌مه‌نی درێژ بێ) باوه‌ڕی وا بوو فیدراڵیزمی محافهزات باشتره و ئیمزای كرد. بارزانی فریا كه‌وت هه‌ڵی وه‌شانده‌وه. له‌مه‌وه ماده‌ی 58 له یاسای كاربگێڕیی ده‌وڵه‌ت له دایك بوو، تا پاشتر بووه هه‌وێنی 140 له ده‌ستوور. چ فیدراڵیزمی محافهزات و چ 140، هه‌ردووكیان داهاتووی كه‌ركووك و ناوچه‌یلی تری "كێشه له‌سه‌ر" له كورد ده‌ده‌ن به ده‌م ئاوه‌وه. هه‌ر نه‌بێ رێگه‌ی كورت درێژ ده‌كه‌نه‌وه. مام جه‌لال له‌مێژه ناوی له كه‌ركووك ناوه (قودسی كوردستان) . قودس زیاتر له ده‌ست چووه تا له ده‌ستدا مابێ بۆ عه‌ره‌ب. لێره‌وه و دوای ئه‌م تاقیكردنه‌وه تاڵانه، ده‌بێ كورد چاره‌نووسی خۆی له‌پێناو بردنه‌وه‌ی كه‌ركووكدا له گره‌و بنێ. وا نه‌كا مافی نابێ باسی بكاته‌وه.
له راگه‌یاندنی كوردیدا، پرسی كه‌ركووك و ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ، به‌رده‌وام به یه‌كه‌وه دێن. ئه‌وه به‌ده‌ردانه‌وه‌ی وتاری راگه‌یاندنی ده‌ره‌كییه له خه‌یاڵی ئێمه‌دا. خۆ دزیمان نه‌كردووه تا به په‌له رابكه‌ین و دوور بكه‌وینه‌وه. به‌رژه‌وه‌ندی نییه، كورد له‌م هه‌لومه‌رجه‌دا زۆر باسی جیابوونه‌وه بكا ته‌نانه‌ت وه‌ك كارتی پاڵه‌په‌ستۆش. ده‌شێ لاپه‌ڕه‌یه‌كی تازه بكاته‌وه و به‌رگری له ده‌سكه‌وتی تازه‌ی خۆی بكا له‌ناو عێراقی یه‌كگرتوودا. جیایی ئێسته له‌گه‌ڵ پێش چوار ساڵدا ئه‌وه‌یه، وێ گاوێ كێشه له نێوانی سوننه و شیعه‌دا بوو. بارزانی كه‌وته ناوبژی و رێككه‌وتنی هه‌ولێر له دایك بوو. هه‌روه‌ها مام جه‌لال رۆڵی ئاگركوژێنه‌وه‌ی ده‌بینی له هه‌موو گرژییهكدا. ئێسته مام ونه و سه‌رۆكیش بووه‌ته لایه‌كی كێشه. نه له عێراق و نه له ناوچه‌كه و نه له دنیادا ناوبژیكهرێك نییه بۆ كێشه‌ی عێراق. له‌مه‌وه ده‌شێ سه‌ركردایه‌تیی سیاسیی كورد (به گشتی) دهستپێشكهرییهك بكاته‌وه بۆ ئاشته‌واییی نیشتمانی. زیاتریش له‌سه‌ر بنه‌وای ئه‌وه‌ی ململانه له نێوانی شیعه و سوننه‌دایه و كورد ناوبژیكهره. گرژیی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا به‌شێوه‌ی ئێسته‌ی خۆی، ره‌نگه سوود به دۆزی ئێمه نهگهینێ، كه دۆزێكی بێ پێچ و په‌نایه. ئێمه جیاین له شیعه و سوننه، ئه‌وان وێڵی مل شكاندنی یه‌كترین. هه‌روه‌ها، له لایه‌نی كوردییه‌وه خه‌م و په‌ژاره نه‌ماوه له‌به‌رئه‌وه‌ی: فیدراڵیزمه هه‌مانه، نه‌وته رۆییوه، كه‌ركووك و ناوچه‌یلی تری دابڕاوه، گه‌ڕاونه‌ته‌وه. بێ‌و بارزانی هه‌مان رۆڵی پێشووی خۆی و مام جه‌لال وه‌رگرێته‌وه، هه‌ولێر ده‌بێته‌وه ماڵی ئاشتكهرهوهی لایه‌نه‌یلی لهڕك راچوو.
هه‌روه‌ها، كورد نابێ له هه‌ڕه‌شه‌ی به‌غدا بترسێ. ترسێك له‌وێوه له ئارادا نییه. كۆلۆنیل دێمپسی گوتی "هێزی مالیكی به ئاسته‌م به‌شی ئه‌وه ده‌كا به‌غدا بپارێزی، ئه‌وه به‌رده، كه بشێ هێرشی ناوچه‌یلی له ده‌ستچووی سوننه‌نشین بكاته‌وه". ده‌ریش كه‌وت وایه، گشت هێزی خۆی نارد تكریتی ته‌واو پێ نه‌گیرا. به‌رده‌وامیش بوایه، له‌وانه بوو له رۆئاواوه په‌لاماری به‌غدایان بدایه. مه‌ترسیی گشتی بۆ كوردستان ده‌شێ له كۆماری ئیسلامییه‌وه بێ. ئه‌ویش له باری ئێسته‌دا ده‌لیڤه‌ی چاره‌سه‌ری هه‌یه. مه‌به‌ستی ئێران مانه‌وه‌ی نووری مالیكییه له‌به‌رئه‌وه‌ی گوێ لهمستێكی وای ده‌ست ناكه‌وێته‌وه بۆ شه‌ڕی مه‌زه‌وی. مالیكی بۆ كوردیش باشه، ئێمه‌ش پیاوی وامان ده‌ست ناكه‌وێته‌وه، كه هه‌موو ئاكار و ئاخاوتنێكی دژی كورد، ده‌سكه‌وتێكه بۆ كورد. دوا نموونه، له دانانی جێگرهوهیهكدا بۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه، ته‌نیا گاڵته‌ی به خۆی كرد. عێراق رووێكی گه‌شی هه‌بووبێ له ده‌ره‌وه‌دا، هۆشیار زێباری بووه. نموونه‌یه‌كی تر، ده‌ڵێ هه‌ولێر بووه‌ته داڵده‌ی تیرۆریزم. هه‌ولێر پڕیه‌تی له كۆمپانیه و كونسڵگهی بیانی. هه‌موویان فشه‌یان به‌م ئاخاوتن و ئاكاره‌ی مالیكی دێ. له‌به‌رئه‌وه من بم ده‌یهێڵمه‌وه بۆ خۆشی و كات به‌سه‌ربردن. چیمان داوه له به‌غدا خه‌می پێوه بخۆین.