گه‌نده‌ڵی بابه‌تی هه‌ره گرنگ و پڕ باس و خواسی گه‌له‌که‌مانه، به‌تایبه‌تیش له باشووی کوردستان. ئه‌و چه‌مکه ڕۆژی ئه‌وڕۆ، له بازاڕگه‌ی پڕ له‌درۆی سیاسه‌تدا هه‌رکه‌سه به شێوه‌یه‌ک دووکان و بازاڕی بۆ داناوه و بانگه‌شه بۆ کاڵای نایابی خۆی ده‌کا. به‌ڵام ئه‌و کاڵایانه‌ی به‌ڕه‌نگی جۆراوجۆره‌وه ده‌خرێنه به‌ر چاوی کڕیاران، له‌ڕاستیدا وه‌ک کوت و له‌ته‌کانی تۆپه کووتاڵێکن، که کر و تهونیان هه‌ر یه‌که و ته‌نیا جیاوازییان ئه‌وه‌یه که بۆ نواندنیان به شێوه‌یه‌کی ناڕاسته‌قینه و ناسه‌ره‌کی و له‌ڕاستیدا به‌لاڕێدابردنی ڕوانگه و باری سه‌رنجی مێشکی کڕیار، هه‌ر دووکانداره‌ی به‌پێی زه‌وقی خۆی ڕه‌نگێکی لێداون. ئه‌و گۆڕینی ڕه‌نگه‌ش بێگومان هیچ چاره‌سه‌رێک ناداته ده‌ست گه‌لی گه‌نده‌ڵی لێدراو و ئاکامێکی نابێ جگه له په‌ره‌سه‌ندنی هه‌رچی زیاتری ئه‌و دیارده ناله‌باره.
ئه‌و گۆڕینه‌ی ڕه‌نگی کاڵای گه‌نده‌ڵی له بازاڕی سیاسه‌تدا نه‌ک هه گه‌نده‌ڵان نابه‌زێنێ، بگره جێ پێیان قایمتر ده‌کا و بڕوهی زیاتر به دیارده‌که ده‌دا. له‌کۆمه‌ڵگای گه‌نده‌ڵی لێدراوی ئێمه‌دا که باسی دیارده‌که ده‌کرێ، هه‌موو ئاماژه‌کان به شێوه‌یه‌کی خۆکرد ده‌چنه‌وه سه‌ر حکوومه‌تی هه‌رێم. به‌ڵام ئایا ئه‌وانه‌ش که ڕووبه‌ڕووی میری وه‌ستاون و باسی دژایه‌تی له‌گه‌ڵ گه‌نده‌ڵی ده‌که‌ن، به‌ڕاستی ئه‌رکی خۆیان له‌و بواره‌دا به‌جێ ده‌گه‌یه‌نن یا ئی وانیش هه‌ر قسه‌یه و بۆ ڕاکێشانی هه‌ست و سۆزی کۆمه‌ڵانی وه‌زاڵه‌هاتوو له گه‌نده‌ڵی و بێده‌سته‌ڵاتیی میرین له بنه‌بڕکردنیدا؟ من هیچ گومانم له که‌مته‌رخه‌میی میری له بنه‌بڕکردنی دیارده‌ی گه‌نده‌ڵی له کوردستاندا نییه. به‌ڵام له هه‌ڵوێستی لایه‌نه سیاسییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی میری به‌گومانم. ئه‌و گومانه بێگومان له‌خۆڕا به‌ربینگی پێ نه‌گرتووم. هه‌میشه ئه‌و پرسیاره‌م دهمێشکیدا خول ده‌خواته‌وه که ئایا ئه‌گه‌ر ئه‌و دژهگهندهڵانهش ده‌سته‌ڵاتیان بهدهستهوهبا، چی‌یان ده‌کرد. کێشه‌ی گه‌وره له نه‌ناسینی ڕاسته‌قینه‌ی چه‌مکی گه‌نده‌ڵی و بواره‌کانی یا خۆ لێ گێلکردنیدایه. که باسی گه‌نده‌ڵی ده‌کرێ هه‌ر فه‌وری سه‌رنجه‌کان ڕاده‌کێشرێن به‌ره‌وه کانگاکانی پاره‌ی میری و کۆشک و ته‌لاره‌کانی به‌رپرسان و کاربه‌ده‌ستان و شتی له‌و بابه‌ته، به‌ڵام به‌رته‌سک کردنه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی هه‌ر له پاره و ئه‌ویش هه‌ر له میری و کاربهدهستانیدا هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره‌یه. من له بابه‌تێکی دیکه‌مدا له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵی و بواره‌کانی گه‌نده‌ڵی و کۆمه‌ڵی گه‌نده‌ڵی لێدراو و گه‌نده‌ڵی خوازی کوردستان، شیکردنه‌وه‌ی پێویستم هه‌بووه، لێره‌دا زۆریان له‌سه‌ر ناڕؤم، به‌ڵام چه‌ند پرسیار ئاراسته‌ی خوێنه‌رانی به‌ڕێز ده‌که‌م.
1- داخوا ئه‌و به‌ڕێزانه هه‌ر پاره هه‌ڵلووشینی به‌رپرسان و ده‌سته‌ڵاتداران به گه‌نده‌ڵی ده‌زانن و هه‌موو ئه‌وکه‌س و لایه‌نانه به بێ‌تاوان و له‌ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی گه‌نده‌ڵی دێننه ئه‌ژمار که بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی خۆ بواری گه‌نده‌ڵی ده‌ڕه‌خسێنن؟
2- ئایا هه‌موو ئه‌و ناله‌باری و نهشیاوییانهی کۆمه‌ڵایه‌تی و کولتووری و فه‌رهه‌نگیی نێو کۆمه‌ڵگاکه‌مان و تێکدانی ناسنامه‌ی کورده‌واریمان و تواندنه‌وه‌ی به‌هاکانی زمانی و کولتووریمان به هاورده‌کردنی ئی بێگانه و وه‌لانانی ئی خۆیی به گه‌نده‌ڵی له‌قه‌ڵه‌م ناده‌ن که خه‌ریکه تایبه‌تمه‌ندی و پێناسه‌ی نه‌ته‌وه‌ییمان له‌ناوده‌به‌ن؟ چاوێک به تابلۆکان، وانه‌کان میدیاکان و... دا بخشێننه‌وه جا ده‌زانن چ ده‌ڵێم. ئه‌دی له‌سه‌ر کاغه‌زبازی، به‌فیڕۆدانی کاتی خه‌ڵک به گنخاندن و بهقوونداخستنی ئه‌رکه‌کان، دزی کردن له کاتی ئیداری، پازدهجاران ناردنی که‌سێک بۆ واژۆیه‌ک به‌بیانووی ناته‌واو بوونی به‌ڵگه و ده‌ستاوده‌ست پێکردنی له نێوانی کارمه‌ندانی نادڵسۆزدا گه‌نده‌ڵی نیه؟ ئه‌و هه‌موو ناله‌بارییه کۆمه‌ڵایه‌تییانه، بیری ته‌سکی عه‌شیره‌تی و خۆمه‌خۆمه، له‌توانا به‌ده‌ر بوونی سزادانی ئه‌نفالچییه‌ک هه‌ر له‌به‌ر پشتیوانیی عه‌شیره‌تێک و ئه‌وده‌ست ئه‌وده‌ست پێکردن و په‌نادانی تاوانباران و گه‌نده‌ڵان له‌لایه‌ن میری و دژهمیرییهکان چی؟
3- ئه‌گه‌ر که‌سێک بڵێ ده‌یدزم تا نه‌یدزن چێ؟ ئه‌دی ئه‌وه کوێی تاوانی گه‌نده‌ڵی ده‌گرێته‌وه؟ بۆ ڕوونتر بوونه‌وه‌ی مه‌به‌سته‌که‌م سه‌رنجێک بده‌نه ئه‌و هه‌واڵه‌ی تۆڕی میدیای ڕووداو و چاو لێکه‌ن ئه‌و حیزبه‌ی خۆی به پێشڕه‌وی دژه‌گه‌نده‌ڵی ناو ده‌با، چۆن پاساوی وه‌رگرتنی پاره‌یه‌ک ده‌داته‌وه که بۆخۆی وه‌ک دیارده‌یه‌کی گه‌نده‌ڵی و نموونه‌یه‌کی ناڕه‌وایی باسی ده‌کرد و پارلمانتاری له‌سه‌ر قبووڵ کردنی ده‌رده‌کردن:
“رووداو – هەولێر
ئەندامانی فراكسیۆنی گۆڕان لە خولی سێیەمی پەرلەمانی كوردستان هۆكاری وەرگرتنی پاداشتە 49 ملیۆنەكە رووندەكەنەوەو وەك خۆیان دەڵێن دەیانەوێت وەك پارەی ئەو ئۆتۆمبێلانەی رەتیانكردەوە بەهەدەر نەچێ.
لە راگەیەنراوێكی فراكسیۆنی گۆڕان لە خولی سێیەمی پەرلەمان كە وێنەیەكی دەست (رووداو) كەوتووە، تێیدا هاتووە "فراكسیۆنی گۆڕان هەر لە سەرەتای دەستبەكاربوونییەوە لەسەر بنەمایەك كاری دەكرد كە لە كۆبوونەوە سەرەتاییەكاندا لەسەری رێككەوتین و بوو بە كارنامەی فراكسیۆن لە چوار ساڵی رابردوودا ئەو بنەمایە لەسەر رەتكردنەوەی هەر جۆرە ئیمتیازێك و زیادەڕەوی و بەهەدەردانێكە لە سامانی گشتیدا، لەهەمان كاتیش‌دا بڕیاردرا كە مافە ئاساییەكانی پەرلەمانتار لە شوێنی نیشتەجێبوون و مووچە وەربگیرێت".
لە راگەیەنراوەكەدا ئەوە خراوەتەڕوو "48 ملیۆن دینار بۆ كڕینی ئۆتۆمبێل تەرخانكرابوو بۆ پەرلەمانتاران رەتمانكردەوە، ئیمزا بۆ كڕینی شوقەو خانووەكان كۆكرایەوە ئێمە بەتووندی دژ بەو پرۆژەیە وەستاینەوە، باسێك لەسەر دابەشكردنی پارچە زەوی بەسەر پەرلەمانتاراندا كرا بە هەمان شێوە بەتوندی بەرەنگاری بوینەوەو بواری قسە لەسەر كردنیشیمان نەدا، كە ئەمە بەشێك بوو لە ئیمتیازاتی پەرلەمانتار لە خولەكانی رابردوودا".
سەبارەت بە چەكی 49 ملیۆن دینار كە سەرجەم پەرلەمانتارانی فراكسیۆنەكانی نێو پەرلەمان وەریانگرت و ناڕەزایی خەڵكی لێكەوتەوە، لە راگەیەنراوەكەی فراكسیۆنی گۆڕاندا هاتووە "لەم ماوەیەدا كە باس لە پاداشتی خانەنشینی كرا و بڕێك پارە لەلایەن پەرلەمانەوە بۆ هەر پەرلەمانتارێك تەرخان كرا... ئێمە لە راوێژی بەردەوامدا بووین بە مەبەستی ئەوەی هەمان تاقیكردنەوەی وەرنەگرتنی پارەی ئۆتۆمبێلەكان دووبارە نەبێتەوە، كە نە هاوڵاتیان و نە بزووتنەوەكەش هیچ سوودێكیان لێنەبینی، بەڵكو بە بەرچاومانەوە بەهەدەر درا، لەو روانگەوە ئێمەش بڕیارمان دا كە سەرەتا پارەكە وەربگرین و دواتر بڕیاری پێویستی لەسەر بدەین".
به‌ڕاستی سه‌یرێکی ئه‌و ڕوونکردنه‌وه سه‌یره و پاساوه سهیرترهکهی بکه‌ن.
1- ئه‌وان ئه‌و پاره‌یان به ناڕهوادانا و ڕه‌خنه‌یه‌کی زۆریان له‌سه‌ر له بڕیاری زۆرینه گرت که نوێنه‌رانی ده‌سته‌ڵات بوون. ئه‌منیش ئه‌و قان (ئیمتیاز)ه بۆ نوێنه‌رانی مه‌جلیس به ناڕه‌وا و دژی دادوه‌ریی کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌زانم و پێموایه له‌ڕاستیدا دانی پاره‌یه‌کی زۆر زیاتر له مافی ئه‌و به‌ڕێزانه، به‌تایبه‌تیش ئه‌و به‌فیڕۆدانه - که بێگومان بۆ به‌ستنه‌وه‌ی زیاتریان به پارله‌مانتار بوون، وه‌ک پیشه نه‌ک وه‌ک نوێنه‌رایه‌تیی خه‌ڵک و زاربهستن و ڕازیکردنی زیاتریانه تا دڵیان له‌و پله‌و پۆسته به‌رنه‌بێ - وه‌رگرتن و په‌سند کردنی ئه‌و پووڵه زۆره بۆ که‌سانێک که مووچه‌یان سه‌رسووڕهێنه‌ره و به‌ڕاستی پێویستییان پێی نیه، له‌کاتێکدا که به‌هه‌زاران که‌س له‌وانه‌ی ئه‌وان به‌ناو نوێنه‌رایه‌تییان ده‌که‌ن، بێ ماڵ، کرێ نشین و که‌م داهاتن و ژیانێکی نه‌مر نهژییان هه‌یه، قوتابخانه‌کان وه‌ڵامی پێداویستییه‌کانی خوێندن ناده‌نه‌وه، کاره‌با له‌دۆخێکی ناله‌باردایه، ئاوی خواردنه‌وه بۆ زۆر ناوچه‌ی ئه‌و کوردستانه که‌م و کووڕییه‌کی زۆری پێوه دیاره و به‌ده‌یان که‌م و کووڕیی دیکه‌ش که باسی هه‌موویان لێره‌دا بابه‌ته‌که درێژ ده‌کاته‌وه و ئه‌و پاره ناڕه‌وایه و لجیاتییان ده‌یتوانی به‌شێکی هه‌رچه‌ند بچووکیش له‌و گرفتانه چاره‌سه‌ر یا لانی که‌م سووکتر کاته‌وه. ئه‌من ئه‌وه بهدزییهک له سامانی نه‌ته‌وه‌که‌مان ده‌زانم، به‌ڵام پرسیارێکم له‌و گۆڕانخوازه خۆشه‌ویستانه ئه‌وه‌یه، که پێموایه ئه‌وانیش وه‌ک من بیریان لێکردۆته‌وه!! ئایا ئه‌و پاساوه به‌و مانایه نیه که بڵێن: “ده‌یدزم بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وان نه‌یدزن!”
وه‌ک له پاساوه‌که‌دا هاتووه ده‌ڵێن بۆیه وه‌ری ده‌گرین تا وه‌ک ئه‌وه‌ی پێشوو به‌فیڕۆ نه‌چێ. ئاخۆ گۆڕانخوازانی به‌ڕێز به‌فیڕۆ چوونی سامانی گشتی له‌و بواره‌دا به چ لێکده‌ده‌نه‌وه؟ ئایا ئه‌گه‌ر ئه‌وانی گه‌نده‌ڵکار بیخۆن، ئه‌وه به‌فیڕۆدانه و ئه‌گه‌ر گۆڕانخوازه‌کان وه‌ری گرن و نهوشی گیانی که‌ن ڕه‌وایه و دژی گه‌نده‌ڵی؟ ئایا دزی به دزی پاساو ده‌درێته‌وه؟ ئه‌من له‌سه‌ر باسی ئه‌و به‌فیڕۆچوونه‌ی گۆڕان باسی ده‌کا، قسه‌ی دیکه‌شم هه‌یه که به‌کورتی کاتی خوێنه‌رانی وشیار و هێژای پێ ده‌گرم، به‌ڵام جارێ با مهسهلێکتان بۆ بگێڕمه‌وه:
“کابرایه‌ک به‌رخێکی له چه‌نگ گورگێک ڕزگارکرد. ئه‌و به‌رخه‌ی دابه‌ست و په‌روه‌رده‌ی کرد تا باش پێگه‌یشت. ڕۆژێکی چه‌قۆی لێ تیژ کرد و ویستی سه‌ری ببڕێ، به‌رخی به‌سته‌زمان چاوێکی له ڕزگاریدهرهکهی کرد و کوتی، دڵم خۆش بوو که تۆ له چه‌نگی گورگ ده‌ربازت کردم، به‌ڵام نهم زانی سه‌ره‌نجام بۆخۆت بوویه گورگم!"
وه‌ک لهپاساوهکهی گۆڕانخوازاندا ده‌یبینن، ده‌ڵێن “....بەڵكو بە بەرچاومانەوە بەهەدەر درا، لەو روانگەوە ئێمەش بڕیارمان دا كە سەرەتا پارەكە وەربگرین و دواتر بڕیاری پێویستی لەسەر بدەین”. باشه ئه‌و به‌ڕێزانه ئه‌گه‌ر ئه‌و پاره‌یان وه‌رنه‌گرتبا، خۆ بێگومان که‌سی دیکه نه‌یده‌توانی له‌جیاتی وان وه‌ری گرێ و له سندووقی ده‌وڵه‌تدا وه‌ک پاشه‌که‌وت ده‌مایه‌وه. خۆ به‌ناشکوری وهناڵێم! بۆ دزین و حهپهلووشکردنی سامانی گشتی له کوردستاندا ده‌ستی کاربه‌ده‌ستان ئه‌وه‌نده ئاوه‌ڵه‌یه که هیچ پێویست نه‌کا ئه‌و پاره‌ی بخۆن که گۆڕانخوازان ئاوا بۆ بۆدجه‌ی گشتی هێشتوویانه‌ته‌وه. وه‌رگرتنی ئه‌و پاره ناڕه‌وایه ڕاست وه‌ک بابه‌ته‌که‌ی ئه‌و بهرخهیه. نایده‌مه‌وه ده‌ست دزان تا بیخۆن، بۆخۆم وه‌ری ده‌گرم و ده‌یخۆم، به‌واتایه‌کی دیکه نایه‌ڵم بیدزن، بۆخۆم باشتری ده‌دزم!
به‌داخه‌وه هه‌ڵه‌کانی گۆڕانخوازانی ئێستای کوردستان هه‌ر له‌و شێوه بۆچوونانه سه‌رچاوه وه‌رده‌گرن. گه‌نده‌ڵ په‌نا ده‌ده‌م تا ده‌نگم زۆر بن، پشت به کۆنه‌جاش و عه‌شیره‌تان ده‌به‌ستم تا ده‌نگم زۆربن و قسه‌م زۆرتر بڕوا و.... ئاوا وه‌ک ده‌بینم له‌جیاتی گرتنه‌پێشی ڕێگایه‌کی دروست و شێواو بۆ خاشه‌بڕکردنی گه‌نده‌ڵی له کوردستاندا - که به‌بڕوای من ته‌نیا به شۆڕشێکی فه‌رهه‌نگی چاره‌سه‌ر ده‌کرێ نه‌ک هه‌ر به درۆشمی توندوتیژ و زه‌به‌لاحی بێ‌ئاکام - ئه‌وانیش بۆخۆیان ده‌بنه مه‌کۆی گه‌نده‌ڵی.