شه‌ڕی ئه‌بنای زه‌ید و حسێن ... كه‌ریم قادر
له به‌شه سوننه‌كه‌ی عێراق به تایبه‌تی له ئه‌نبار شه‌ڕ له نێوان سوپاكه‌ی مالیكی و سونه‌كان گه‌رمه، شه‌ڕكه‌رانی سونه فره‌ناو و په‌رته‌وازه‌ن، خه‌ڵكێكی زۆر له ترسی ئاگری ئه‌و شه‌ڕه زێدی خۆیان جێهیشتووه. فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه چه‌كداره‌كانی عێراق، كه شیعه مه‌زهه‌به به‌ناوی شه‌ڕی تیرۆر و شكست پێهێنانی(دامه‌زراندنی ئه‌ماره‌تی ئیسلامی له ئه‌نبار به پشتیوانی ده‌وڵه‌تێكی كه‌نداو) له هێرش و په‌لاماره سه‌ربازییه‌كانی به‌رده‌وامه و هه‌ڕه‌شه ده‌كات (تا ئه‌و چه‌تانه تارومار نه‌كات و ئه‌نباریه‌كان رزگار نه‌كات، ناگه‌ڕێته‌وه. )
ئامانجی ئه‌و شه‌ڕه هه‌ر چیه‌ك بێت، كه له لایه‌ن چاودێرانی سیاسی و نه‌یارانی مالیكیه‌وه كۆمه‌ڵێك ئامانج ریز ده‌كرێن، خه‌تای زۆری خودی سونه‌كانی تێدایه، چونكه له‌سه‌ره‌تای پرۆسه‌ی سیاسی عێراق و ره‌تكردنه‌وه‌ی واقیعه‌كه، به‌شێكی زۆر‌یان دژی پرۆسه‌كه وه‌ستانه‌وه و خوویان دایه شه‌ڕێكی بێ مانا و خۆتڕێن، وایانده‌زانی به دوو كلاشینكۆفی ژه‌نگاوی ده‌ره‌قه‌تی ئه‌مه‌ریكا دێن و به‌عس ده‌گێڕنه‌وه سه‌ر كورسی ده‌سه‌ڵات، ئه‌وانه‌ی به‌شداریشیان كرد، هه‌ندێكیان پێیه‌كیان لێره بوو، پێیه‌كی دیكه‌شیان له لای به‌عسیه ئیسلامیه‌كان بوو، كه له دوای نۆهه‌د و به‌ر له هێرشی ئه‌مه‌ریكا به‌عس دروستی كرد بوون. به‌م كاره‌یان سونه له عێراق نازناوی تیرۆریستی وه‌رگرت و گورزێكی كه‌مه‌رشكێنیشیان له پێگه‌ی سونه به‌گشتی و حزبی ئیسلامی عێراق دا، تازه به‌هه‌وه‌نته ئه‌و پاشگره‌یان لێ نابێته‌وه، بۆیه هه‌میشه داواكارییه‌كانیان به ئاگر وه‌ڵام ده‌درێته‌وه و كه‌سیش له‌سه‌ریان نایه‌ته وه‌ڵام.
ئه‌گه‌ر ئه‌وانه(مه‌به‌ستم سونه‌ی عێراقه) ده‌یانه‌وێ له ئاسوده‌ییدا بژین، ئێستا كاتیه‌تی پێداچوونه‌وه‌یه‌كی گشتی به دۆخی خۆیان بكه‌ن و به‌رنامه‌یه‌كی نوێی دوور له به‌رنامه‌ی دوای رووخانی رژێمی به‌عس بۆ خۆیان دابنێن، به‌رنامه‌یه‌ك، كه له‌گه‌ڵ ئه‌و دۆخه نوێیه بێته‌وه و گوزارشت بێ له داواكاری هه‌رێمی سونه. یه‌كه‌م، پێویست ناكات له خه‌می وه‌حده‌ی ئه‌رازی عێراقی و درێژه‌دان به داگیركردنی خاكی كوردستان دابن، كه به‌وه ماڵی خۆیان كاول كرد، دووه‌م پێویسته زۆر مه‌ردانه سه‌ر له دوو چه‌كدارانی داعش و قاعیده بنێنن و له ناوچه‌كانی خۆیان ده‌ریان بكه‌ن. به‌م كاره‌شیان، له لایه‌ك وه‌رقه‌یه‌كی زۆر به‌هێز له ده‌ستی مالیكی ده‌رده‌هێنن، له لایه‌كی دیكه‌وه سه‌رنجی ئه‌مه‌ریكا به‌لای خۆیاندا راده‌كێشن، چونكه بۆ هه‌مووان ئاشكرایه، كه چۆن ئێران بۆ به‌رژه‌وه‌ندی شیعه‌گه‌رایی له ناوچه‌كه‌دا گه‌مه به‌و كارته ده‌كات. ئه‌وه‌تا له سوریا به‌و گه‌مه‌یه خه‌ریكه له جنێف 2دا گیان وه‌به‌ر رژێمه‌كه‌ی سوریا ده‌هێننه‌وه.
هیچ كاتێك له‌لای منی كورد، شیعه و سونه بابه‌ت نه‌بووه، به‌ڵام له‌ناو عه‌ره‌بان ناكۆكی سونه و شیعه قوڵه و ره‌گوڕیشه‌كه‌ی بۆ سه‌رده‌می زۆر زووتری مێژوو ده‌گه‌ڕێته‌وه، كه به‌م دواییانه مالیكی زۆر به روونی ئاماژه‌ی پێدا و ناوه ناوه ئه‌و مشتومڕه له نێوان زانایانی هه‌ردوو مه‌زهه‌ب له سعوودیا و ئێران بۆ شكاندنی یه‌كدی ده‌وروژێنرێ. له ئاستی جه‌ماوه‌ریشدا هه‌مان ناكۆكی هه‌یه، ئه‌وه‌ته له رۆژه هه‌ره ره‌ونه‌قه‌كانی سونه له عێراق، كه هه‌موو شتێك بوون و شیعه سه‌ركز بوون، جنێوی هه‌ره گه‌وره‌ی شیعه بۆ به‌رامبه‌ره‌كه‌ی( چنك سنی) بوو. واته ئه‌و دوو مه‌زهه‌به له عێراق ناتوانن له‌گه‌ڵ یه‌كدی بژین و پێكه‌وه هه‌ڵكردنیان بۆته مه‌حاڵ. بۆیه تا زووه بۆئه‌وه‌ی ئه‌مجاره به‌ناوی شه‌ڕی تیرۆر مافی سونه‌له لایه‌ن شیعه‌وه بن پێ نه‌خرێ، یه‌كه‌م پێویسته ریزه‌كانی خۆیان یه‌كبخه‌ن و ئیعلانی شه‌ڕی داعش بكه‌ن، له‌وه‌شدا پێویسته ده‌وڵه‌تانی كه‌نداو هاوكار بن. دووه‌م هه‌رێمی سه‌ربه‌خۆی خۆیان رابگه‌یه‌نن و توز له وه‌حده‌ی ئه‌رازی عێراق بكه‌ن، كه بۆیان بووه سه‌ره‌خۆره و له سایه‌ی ئه‌و دروشمه به‌تاڵه هه‌ر رۆژێك له لایه‌ن مالیكی و ئێرانه‌وه سه‌ركرده‌یه‌كیان یا وڵات به‌ده‌ر ده‌كرێ یا له زیندان ده‌په‌سترێ.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.