کاتێک لەڕاگەیاندنەکانی باشووری کوردستانەوە بیستم شەش گەنج دەستدرێژیی سێکسییان کردۆتە سەر کچێکی مێرمنداڵی ئاوارەی ڕۆژئاوای کوردستان، هیچ سەرسام نەبووم.
کۆمەڵگایەک دەسەڵاتێک حوکمی بەسەردا بکات کە بۆخۆی لەپێشێلکردنی یاساو بەها ئەخلاقییەکاندا دەستپێشخەر بێت، شتێکی ئاساییە کە یاساشکێنی ببێت بە کولتوورو هەرلەحزە دەبێ چاوەڕوانی ئەم جۆرە پێشهات و تاوانانە بین.
لای هیچکەس شاراوە نییە کە پیاوانی ساماندارو خاوەن پلەو پایە حزبییەکان لەباشووری کوردستان، چ دڵچەرێنی و چ هەڵپەیەکیانە لەهەوەسبازییدا.و ئەو ڕووداوەی ئەم دوواییە هەرگیز شتێکی نوێ نییەو بەردەوامیی دەیان و سەدان ڕووداوی تری هاوشێوەیەتی.ئەوەی لەم ناوەدا نوێیە، تەنیا چۆنییەتی ڕاگەیاندن وقۆستنەوەیەتی لەلایەن دەسەڵات و بەتایبەتیش پارتییەوە کە ئەویش سەرسامم ناکات.چونکە هەلێکی هەڵکەوتوویە بۆشاردنەوەی ئەم هەموو پۆخڵەواتانەی خۆیان.و دەخوازن وای نیشانبدەن کەبەسەر تاوانباراندا بازنادەن وپەڵەڕەشەکانی تەوێڵی خۆیان لە کوشتنی سۆرانی مامەحەمەو سەردەشت عوسمان و کاوەگەرمیانی پێ پاککەنەوەو لەناو تاوانی تردا بزریان کەن و لەبیرخەڵکی بەرنەوە.
مرۆڤ بەئاسانی پەی بەو داڕمانە مەترسیدارەی بەها ئەخلاقییەکان لە باشووری کوردستاندا دەبات کە دەسەڵات ڕەواجی پێدەدات و ڕێگای بۆخۆشدەکات.خۆشگوزەرانیی بۆ هەرتاک و کۆمەڵێک خواستێکی ڕەوایە.بەڵام ئەم ئامانجە پیرۆزە نییە کە بکرێ هەرشتێکی لەپێناودا بەخت بکرێت و هەرڕێبازو مێتۆدو ئامرازێک لە پێناو بەدەستهێنانیدا بەکاربهێنرێت.ئەگەر وای لێهات ئیتر لەمافێکی ڕەواوە دەبێتە خوڵقێنەری کەشوهەوایەکی ژەهراوی، کە مرۆڤدۆستی و خۆشەویستی وهەستی بەزەیی و هاوکاریی لەژێر سێبەری پارەدا کاڵدەبنەوەو دەبنە کێڵگەیەکی بەپیت کەلەوێدا تۆوی تاوان شین ببێت.
کێ هەیە چەندان چیرۆک و بەسەرهاتی بەئازاری کچان و ژنانی بواری هونەروگۆرانی، یان کارمەندانی ژن و بەتایبەتیش ئەوانەی خاوەنی بڕێک جوانین لە ناودامودەزگا حکومی حزبییەکانی نەبیستبێ کە چۆن وەک نێچیری بەردەمی گورگ لەهەموو لایەکەوە پەلاماردەدرێت.و ئەگەر ملی دا دوای لێتێربوون ئابڕووی دەبەن و ئەگەریش ملی نەدا شانسی کارو چالاکیی و ناوداربوونی لێ زەوتدەکرێت.و ئەمە ڕاستییەکە هەمووان دەیزانن و تەنانەت مریەمی عەزراش لەبەرچنگ و کەڵبەی دەسەڵاتداراندا دەکرێتە سۆزانیی..
لەباشووری کوردستان ولەئاکامی شێوازی حوکم و دەسەڵاتدارێتییدا، بایەخەکان و مۆتیڤی بەردەوامیی ژیان تادێ پتر لەناوەرۆکەکەی دووردەکەوێتەوە.و لەبری چێژوەرگرتن لەداهێنان و پێشکەوتنی زانستیی و بیرو مەعریفەدا، بۆپیاوان بەتێرکردنی سک و زیادەخۆریی لەخواردنی چەوروبەلەزەت و دامرکاندنەوەی گەڵوگون.و بۆژنانیش لە نەشتەرگەریی پلاستیک و ماتبوون لەژێر خرینگەی زێڕوزەبەردا سنوورداردەبووە.
بێگومان، ناشێ ئەمە گشتیی بکەین و هەمووانی بخزێنینە ناو.بەڵام دیاردەیەکی فراوانەو شاردنەوەی لەتوانادا نییە.
زۆر ئاشکرایە کە بکەرانی ئەم تاوانە، لەڕووی پەیوەندییانەوە بەدەسەڵاتەوە بێ کەس و بێ واسیتەن دەنا نە ئەوەندە زوو ئاشکرا دەکران و نەئەوەندە زۆریش هەرواوهوریای لەسەر دەنرایەوە.ئەوەتا بیروڕای شەرعیی لەمەلاو پیاوانی ئایینی و خەڵک لە سەر جادەو شەقامەکان دەپرسن کە ئەمانە چۆن سزا بدرێن..!
دەسەڵاتێکی لەمجۆرە کە لەهەگبەکەیدا جگە سزادانی بێ کەس و شاردنەوەی خودیدا شتێکی تری پێ نییە، هەردەبێ وەحشییگەرییەک بە وەحشییگەریەکی تر قەرەبوو بکاتەوەو لەبری دادگا ڕای خەڵکێکی عاتیفەهەڵچوو بپرسێت و پاشانیش بەناوی شەرعێکی نامرۆڤانەو پاشڤەڕۆی ئیسلام ویاسایەکی پیاوسالارانە بەداریاندا بکەن.و دەسەڵاتێک کەبۆخۆی لەبەر دزی و ڕابواردنی پیاوماقوڵانی خۆی چارەسەریی کێشەکانی پێ نییە، هەردەبێ بەهەراوهوریای ڕاگەیاندن خۆی لەقەیران دەربازکات و کێشە لەکۆڵ خۆی کاتەوە.
ئایا بۆ سزادانی تاوانبارێک و چۆنیەتی دیارییکردنی سزا، دەبێ ئێمە لەخەڵکی سەرجادەو مەلای مزگەوتەکان بپرسین یان لە دادگاو دادوەر..؟ خەڵکی سەرجادەو مەلای مزگەوتەکان کەهێشتا نە تاوانبارانیان دیوەو نەقوربانیی..نە وردەکاریی تاوانەکە دەزانن، و نە سنووری تاوان و سزاکان چۆن دەتوانن حوکم بدەن و چما ڕاگەیاندنی دەسەڵات دەخوازێت پێشوەخت عاتیفەی خەڵک بکاتە پێوەری تاوان و دیارییکردنی سزا..؟
دەسەڵات کەهێندە خەمخۆری خەڵکەو لەبەرانبەر تاوان و تاوانباراندا، بێ بەزەییەو ئاوا لێهاتووانە تاوانبارانی ئاشکراو دەستگیر کرد.و بەرلەوەش هێشتا دادگا وردەکارییەکان یەکلاکاتەوە حوکمی شەرع و عاتیفەی هەڵچووی خەڵک ڕادەگەیەنێت، ئەدی چما لەبەدواداچوونی خوێنی ئاڵی سۆرانی مامەحەمەو سەردەشت عوسماندا نەتاوانبارێک دەستگیرکراو نە لەخەڵکێک پرسیارکراو نەحوکمێکی شەرعیش کرا بە بنەما..!؟
دەسەڵاتی یەکیەتیی وشەهیدکردنی کاوەگەرمیانیش بۆخۆی بەڕێچکەیەکی تردا دەڕوات.و قسەیەکی تر هەڵدەگرێت.بکوژانی شەهید کاوە ئەگەر ئەوانەبن کە ناوەکانییان ڕاگەینراوەو گومانی سەرەکییان لەسەرە ئەوە زێدە بەدبەختن.چونکە لەلایەکەوە سەر بەلایەنێکن کەئەستێرەی دەسەڵاتدارێتییەکەی بەرەو ئاوابوون دەچێتت و چیتر توانای شاردنەوەیانی نییە.و لەلایەکی تریشەوە هاوبەشانی دەسەڵاتی دوێنێیان ڕکەبەرانی ئەمڕۆن و دەخوازن ئەم ڕووداوە بکەنە فیشەکی بەزەیی کەبەرلەوەی بەئازارەوە گیانبدات کۆتایی بەژیانی بهێنن.
بەڵام تاوانبار ئەگەر لەدادگایەکی بێلایەن و شارەزاو پیشەییداو بەپێی یاسایەکی مرۆڤانەی هاوچەرخ سزا بیگرێتەوە هەرکەسێک وسەر بەهەر هێزو لایەنێک بێت، دەبێ سزا بدرێت.دەنا ئەو سزایەی خەڵک لەویژدان و دەروونی خۆیاندا بەسەر ئەو تاوانبارانەیدا دەدەن، گەلێک قورسترە لەسزای دادگاو بەدارداکردندا.ئابڕووی مرۆڤ، لەژیانی بایەخدارترە بەڵام ئەدی کەسێک ئابڕووی نەبێت چارەی چییە...؟
ئهو بابهتانهی له کوردستان نێت دا بڵاودهکرێنهوه، بیروبۆچوونی خاوهنهکانیانه، کوردستان نێت لێی بهرپرسیار نییه.