سینه‌ماكاری كورد به‌همه‌ن قوبادی له نامه‌یه‌كدا بۆ نووری مالكی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق نووسیوییه‌تی: تكایه واز له كورده‌كان بێنه جه‌نابی سه‌رۆك وه‌زیر!
سینه‌ماكاری كورد به‌همه‌ن قوبادی نامه‌یه‌كی بۆ نووری مالكی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق نووسیوه كه ئه‌مه‌ی خواره‌وه ده‌قه‌كه‌یه‌تی:
جه‌نابی مالكی، سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌ڕێزی عێراق
سڵاو
به زمانی فارسی نامهكهتان بۆ ده‌نووسم، چونكه ده‌زانم له ته‌واوی ئه‌و ساڵانه‌ی كه له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵان و هاوبیرهكانتان له ئێران ژیانتان به‌سه‌رده‌برد، به باشی فێری ئه‌م زمانه بوون، به‌كارتان هێناوه و ئێستاش هه‌ر به‌كاری دێنن.
من هه‌مووكات له دنیای سیاسه‌ت بێزاربووم و به‌رده‌وام له سیاسه‌تمه‌داره‌كان دووره په‌رێز بووم، به‌ڵام هۆی ئه‌وه‌ی كه ئێستاكه وازم له‌م خووه به‌ده‌ر له عاده‌ته‌م هێناوه و ئه‌م نامه‌یه‌م بۆ ئێوه نووسی، ئه‌وه بوو كه ئه‌مڕۆكه، به شوێن كه‌وتنی هه‌واڵه‌كانی عێراق و ناوچه‌كه، بینیم كه به زمانی هه‌ڕه‌شه قسه‌ده‌كه‌ن.
كاتێك كه له كوردستانی ئێران بووم ده‌مبینی كه له گرمه‌ی جه‌نگدا، پاره‌یه‌ك كه له لایه‌ن ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی ده‌بوو بۆ ژیان، ئه‌منییه‌ت، ئاسایش و كه‌لتووری ئێمه‌ی كورده‌كان سه‌رف بكرێت، به بیانووی جۆراوجۆری سیاسی بۆ دابینكردنی خه‌رجه گه‌وره‌كانی ئێوه و كه‌سانێكی وه‌كوو ئێوه سه‌رف ده‌كرا. ئێستا دوای تێپه‌ڕبوونی ئه‌م هه‌مووه ساڵه، وا دیاره خولیای نه‌وت و پاره‌ی نه‌وت، وێڵی نه‌كردوون و به شوێن تۆماركردن و ده‌ست به‌سه‌رداگرتن و چاودێری به‌سه‌ر داهاتی نه‌وتی هاووڵاتیانی كوردی خۆتان له به‌رژه‌وه‌ندی ده‌وڵه‌تیی ناوه‌ندی عێراقن. ئه‌و هاووڵاتیانه‌ی كه ـ به‌ڕاستی بڵێم ـ له نیشتمان په‌روه‌ی ئێوه‌دا ڕه‌شبینن.
له ته‌واوی ئه‌و ساڵانه‌ی كه كورده‌كانی عێراق كۆمه‌ڵكوژ ده‌كران، كیمیایی ده‌كران و یا ئه‌وه‌ی كه چنگی خوێناوی ئه‌نفال، ڕوخساری خاوێن و ناسكی كوردستانی ده‌ڕوشاند، ئێوه له كوێی بوون؟ مه‌گه ئه‌وكات كورده‌كان هاووڵاتی ئێوه نه‌بوون؟ ئێوه و هه‌ڤاڵانتان له‌م وڵاته ڕۆیشتن و له چاوه‌ڕوانی ڕۆژانی خۆشی سه‌رۆك وه‌زیری، سووچێكی ئه‌من و بێده‌نگتان بۆ خۆتان هه‌ڵبژارد. به‌ڵام كورده‌كان له وڵاته‌كه‌یاندا مانه‌وه و له‌گه‌ڵ جه‌نگ و تاڵانكردن و توندووتیژی و هه‌ژاری ڕۆژگاریان به‌سه‌ر برد و ئه‌ویندارانه خزمه‌تی نیشتمانه‌كه‌یان كرد.
ئێستا، دروست كاتێك هه‌لوومه‌رجه‌كه ڕه‌خساوه تا پاش ئه‌و هه‌مووه به‌ڵا و نه‌گبه‌تییه، بتوانن به فرۆشی نه‌وت، نیشتمانی دایكییان، ماڵه ڕووخاوهكهیان سه‌رله‌نوێی بونیاد بنێنه‌وه، ئه‌و زه‌ویانه‌ی كه پڕ له ئهڵغامن بۆ كشتووكاڵ ئاماده‌ی بكه‌ن و بۆ له‌شه كه‌مئه‌ندامه‌كانی خه‌ڵكی ئه‌م نیشتمانه ده‌ست و پێی ده‌ستكرد دروست بكه‌ن، ده‌تانه‌وێت رێگه له‌وانه بگرن و له پێكهێنانی به‌هه‌شتێك له باكووری
وڵاته‌كه‌تاندا به‌رگری بكه‌ن؟
به له‌به‌ر چاوگرتنی ئه‌و هه‌مووه نه‌وته‌ی كه له ناوه‌ند و باشووری عێراق ده‌یفرۆشن، چ پێویستییهكتان به‌م چه‌ند بیره نه‌وتییه‌ی كوردستان هه‌یه؟ له‌ڕاستیدا به پاره‌ی ئه‌م هه‌مووه نه‌وته‌ی كه له ماوه‌ی 10 ساڵی ڕابردوودا فرۆشتووتانه، چ كارێكی ئه‌وتۆتان بۆ عێراقییه شیعه و سوننه‌كان كردووه كه كورده‌كانیش دڵیان پێی خۆش بێت و متمانه‌یان به لێهاتوویی و هاودڵیی ئێوه هه‌بێت و ده‌سه‌ڵاتی فرۆشی نه‌وت به ئێوه بسپێرن؟ نه شتێكتان به ژێرخانی وڵاته‌كه زیاد كرد و نه به ئاسایش و سه‌قامگیرییه‌كه‌ی. كاتێك كورده‌كان ئێوه سه‌ربه‌ست له هێزه بیانییه‌كان دانانێنن و له‌و بڕوایه‌دان ده‌وڵه‌تی ئاڵۆز و بێ ده‌سه‌ڵاتی ئێوه زیاتر له‌وه‌ی كه له بیری خه‌ڵكه‌كه‌یدا بێت له بیری هاوڕێیی و هاودڵیی له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی بیانی دایه، ئاشكرایه كه ڕووی خۆشی خۆیان نیشانی ئێوه ناده‌ن. بۆچی ده‌بێت داهاتی ده‌ستكه‌وتوو له فرۆشی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان له ڕێی سندووقی ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندییه‌وه تێپه‌ڕێت؟ كاتێك مه‌ترسی ئه‌وه هه‌یه كه به‌شێك له‌م پاره‌یه بڕژێته گیرفانی ده‌ڵاڵه‌كانی چه‌كه‌وه و بواری سه‌ركوتكردن و كوشتن له به‌شێك له‌م وڵات یا ئه‌و وڵاته‌ی دیكه بڕه‌خسێت؟
به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیر!
له جیاتی په‌ره‌پێدان به ڕق و دوژمنایه‌تیی و دووبه‌ره‌كی نه‌ته‌وه‌یی و ئایینییه‌كان، وا باشتر نییه ده‌ست به كارێكی باش و ڕێكووپێك بكه‌ن و به دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێكی فیدڕاڵ، پێكهاتوو له شیعه‌كان، سوننه‌كان و كورده‌كان له ژێر یه‌ك ئاڵادا، هه‌م ئاشتی و خۆشی و بهرهپێشكهوتن بۆ وڵاته‌كه‌تان به دیاری دێینن و هه‌میش ناو و ناوبانگێكی باش له خۆتان له مێژوو تۆمارده‌كه‌ن؟ ترسم له‌وه‌یه كه به درێژه‌پێدان ئه‌م ڕه‌وته، ڕوخسارێكی ناحه‌ز و ڕه‌ش و لێل و ناوێكی خراپ له خۆتان له كتێبی مێژووی وڵات‌دا هه‌ڵده‌كه‌نن.
به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیر! ئایا تا ئه‌م كاته به‌ده‌ر له پیشه‌ی سیاسیه‌ت و دنیای سیاسیه‌ت، چاوتان له خه‌ریته‌ی عێراق كردووه تا ببینن كوردستان له كوێی ئه‌م نه‌خشه‌یه دایه؟ دڵی عێراق نیشانه‌ی خۆتان مه‌كه‌ن به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیر، كه ئاكامێكی باشی نییه، مه‌هێڵن به‌هاری كوردی سه‌رهه‌ڵبدات. چ گرفتێك دێته پێشێی بێتوو بهێڵن عێراق له ناو دڵیدا به‌هه‌شتێكی تێدابێت؟
تكایه واز له كورده‌كان بێنه جه‌نابی سه‌رۆك وه‌زیر!