سەیر و سەمەرەی حکومەتی هەرێمی لەمەڕ خۆمان لە قتوی هیچ عەتارێکدا نیە، نەک پێکەنین بەڵکو شایەنی ئەوەیە - جڕت - بۆ دەسەڵاتەکەیان لێ بدرێ، ئاخر کەسێک ئەمە بخوێنێتەوە، ببیستێ و ببینێ چۆن شێت و کەللەیی نابێ لە ناکەس بەچەیی و خوێڕێتی کاربەدەستان :
مولازم بڕوا و مولازم سیروان کێن ؟
١ - هەردوکیان خەڵکی شاری کەرکوکی گڕ و بڵێسە بون .
٢ - هەردوکیان لە پێشمەرگە سەرەتاییەکانی حزبی شیوعین .
٣ -هەردوکیان هێند کادرێکی سەربازی بە توانا بون، نێردران بۆ خوێندنی کۆلێژی سەربازی لە یەمەنی دیموکراتی و بە سەرکەوتویی قۆناغەکەیان بڕی و بە پلەی - ملازم - گەڕانەوە کوردستان و ڕۆڵی کارا و جوامێرییان وێردی سەر زاری جوتیار و گوندنشینان بو .
٤ - هەردوکیان هەم کادیری سەربازی و هەم سیاسی و کۆمەڵایەتیش بون .
٥ - هەردوکیان لە ساڵی ١٩٨٧ شەهید بون .
٦ - هەردوکیان وەکیەک و لە لایەن دەسەڵاتە گەندەڵەکەی کوردستانەوە ستەمیان لێکراوە و دوای شەهید بون پلە - ملازم - یەکەی خۆشیان پێنەدراوەتەوە بەڵکو لە باتی بەرز کردنەوە داگیراون بۆ پلەی - نائب صابط - !
گەورە و بچوکی ئەم حکومەتە نادادپەروەرە بە فیدای تۆزی ژێر پێی دایکانی هەردو شەهید بن کە ئێستا واریسی جگەرگۆشە شەهید کراوەکانیانن و موچەی - نائب ضابط - یی ڕۆڵەکانیان بۆ خەرج دەکرێ .
نەفرەت لەوانەش دەنگ بە گەندەڵکاران دەدەن .
*************************
بڕوا
بڕوای گشت هەژاران بو
پشت و پەنای جوتیاران بو
لە هەڵمەت بردندا
هەڵۆ بو
تۆقێنەری دوژمنان بو
سیروان
بە خوڕ بو وەکو ڕوبار
پشت و پەنا بو بۆ پاڵە و جوتیار
لە هێرش بردندا
بەور بو
بۆ گیان دوژمنی ستەمکار
-------------------------------------------------------------------
-------------------------------------------------------------------
سێ کەس بوین پێکەوە چوین بۆ پێشمەرگایەتی، خاڵۆزایەک و پورزایەک و خۆم، ئەوان بە تەمەن لە من گەورەتر بون، لە ڕێگا خاڵۆزاکەم کە لە هەردوکمان گەورەتر بو وتی : من ناوی خۆم دەنێم * دارا * .
کەمێک ڕۆیشتین و پورزاکەم وتی :
منیش ناوی خۆم دەنێم * سوارە *
زۆر ڕۆیشتین و من هیچ قسەیەکم نەکرد، هەردوکیان لێیان پرسیم :
ئەی تۆ ناوی چی لە خۆت دەنێی ؟
منیش بە هەند وەرم نەگرت و ملی ڕێم گرتە بەر و پاش کەمێک بە پرسیاری نیمچە توڕە ئامێز و جدیەوە وتیان :
ئەی تۆ بۆچی ناوێک بۆ خۆت هەڵنابژێری ؟
منیش بە عەبدوڵای خاڵۆزام کە حەوت ساڵ لە خۆم گەورەتر بو، وت : تۆ ناوی خۆت ناوە * دارا * ؟
وتی : ئا
وتم : باشە .
ڕوی دەمم لە ئاراسی پورزام کرد کە سێ ساڵ لە خۆم گەورەتر بو، وتم : تۆش ناوی خۆت ناوە * سوارە * ؟
وتی : ئا
هەردوکیان بە کۆرس دوبارە پرسیانەوە ئەی تۆ چ ناوێک لە خۆت دەنێی ؟
وتم : یەکێکتان * دارا * و ئەوی ترتان * سوارە * و بۆ ئەوەی منیش ناوەکەم لەگەڵ ئێوە لەسەر یەک وەزن و یەک لەحن بێ، ناوی خۆم دەنێم * گوارە *
ئەم وێنەیەشم لەگەڵ هاوڕێ سوارەی پێشمەرگەی شیوعیە کە ئێستا پلە و موچەکەی لە پلە و موچەی جاشێکی حزبی یان سیخوڕێکی خزمی بەرپرسێکی خوێڕی نزمتر و کەمترە .