ئەمە بۆچونم بوەلە ٢٠٠٨دا ئیستاش هەروادەلیم ده‌نگ به‌ كۆیله‌ بوونی خۆتان مه‌ده‌ن . . . . ! پشكۆ ئه‌مین

ده‌نگ به‌ كۆیله‌ بوونی خۆتان مه‌ده‌ن . . . . !

هاورێیه‌كم پێیوتم ئه‌ری ده‌نگ ده‌ده‌یت وتم (نه)‌ وتی بۆ ؟
وتم عێراقی نیم، ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ بۆ عێراقییه‌كانه‌!
وتم هه‌تا ئه‌مڕۆ نه‌ په‌رله‌مانی عێراق نه‌ هیچ سیاسه‌ت مه‌دارێكی عێراقی نه‌ شیعه‌یه‌ك نه ‌سونیه‌ك نه‌ شیوعیه‌ك نه‌ دیموكراسیخوازێك نه‌ ماف په‌روه‌رێك نه‌ ته‌ماته‌ فرۆشێك نه‌ كرێكارێك نه‌ بازرگانێكی عێراق بڕوای به‌تۆ نییه‌ كه‌ كوردیت و عێراقی نیت!
ته‌نها تۆیت و به‌ناو سه‌ركرده‌كانی تۆیه‌ خۆیان به‌عێراقی‌ ده‌زانن و باس له‌عێراقی‌ تازه ‌و فیدراڵ و توافق و ته‌شقه‌ڵه‌ی دنیا ده‌كه‌ن!
چ رۆژیك ڤێتانمییه‌ك ده‌نگی بۆ فه‌ره‌نسا یان بۆ ئه‌مریكای داگیركه‌ری دا!
چ رۆژیك فه‌ڵه‌ستینییه‌ك ده‌نگی‌دا بۆ ئیسرائیل و خۆی به‌ئیسرائی‌زانی! 
ده‌چی ده‌نگ به‌كێ ده‌ده‌یت هه‌ی ماڵ وێران؟!
ده‌نگ ده‌ده‌ی تا به‌ده‌نگدانه‌كه‌ت عێراقی بوونی خۆت به‌ئیسپات بگه‌یه‌نی! 
ده‌نگ ده‌ده‌یت تا جارێكیتریش ته‌وقی دیلێتی ملت ئه‌ستوورتر بكه‌یت! 
ده‌نگ ده‌ده‌ی تا كه‌ركووك و قه‌ره‌ته‌په ‌و قه‌ره‌حه‌سه‌ن و زه‌ربا‌تیه‌ و به‌دره‌ و جه‌سان و مه‌نده‌لی له‌ كوردستانی بوونیان بسڕیته‌وه‌!
ده‌نگ ده‌ده‌ی تا شۆڤینییه‌كان ده‌رگا‌ له‌ رووی كوردستانی بوونی شه‌نگار و شێخان و مه‌خمور و ناوچه داگیركراوه‌كانی تری كوردستاندا داخه‌ن!
ده‌نگ ده‌ده‌ی به‌و په‌رله‌مانتارانه‌ی شه‌رم ده‌كه‌ن وه‌ك له‌یلا زانای كیژۆڵه‌ی قاره‌مان به‌كوردی بدوێن!
یان ده‌نگ ده‌ده‌ی بۆ ئه‌و په‌رله‌مانه‌ عێراقییه‌ی‌ كه‌ ده‌یه‌وێت ئه‌و نیمچه‌ فیدراڵییه‌ی به‌ده‌ست هاتووه‌ رۆژبه‌ڕۆژ پچووك بكرێته‌وه‌!
ده‌چیته‌ په‌رله‌مان بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و مافه‌ی به‌خوێنی شه‌هید و به ‌ئه‌نفال و به كۆڕه‌وی یه‌ك ملیۆنی به‌ ‌ده‌ست هات، شۆڤینیسته‌كان به‌ یاسا و به‌ ده‌ستوور به‌ دیموكراسێتیی زۆرینه‌ی شیعه ‌و سونه‌ لێتبستێننه‌وه!
‌ده‌نگ ده‌ده‌یت تا له‌گه‌ڵ ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌دا دانیشی كه ‌دوێنی جینوسایدی كردیت ئه‌مڕۆش ده‌ستی هه‌بێت خراپترت لێده‌كات!
ئه‌وه‌ برا عه‌ره‌به‌ چاوڕه‌شه‌كه‌ی ‌ناو په‌رله‌مانه‌ دژه‌ به‌و ماده‌ ناموباره‌كه‌‌ی كه‌ سیاستمه‌دارانی كورد خاكه‌كه‌یان پێخسته‌‌ مه‌زاته‌وه‌ كه‌ به‌ ١٤٠ناسراوه‌.
له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سه‌دا داده‌نیشیت كه‌ دوێنی ژێر به‌ژێر به ‌شیعه‌ و سونه‌وه‌ به‌چاك و به‌ خراپیه‌وه‌ به ‌سه‌رۆكی په‌رله‌مان و به‌ ده‌رگاوانه‌كه‌یه‌وه‌ به هاوپه‌یمان و به‌ دۆستیه‌وه‌ فێڵیان لێكردیت و ماده‌ی ٢٤یان بۆ دروستكردیت، تا ئێستا تۆی كورد مافت پێشێل ده‌كرێت، خاكت، زمانت، كلتورت، مێژووت، هه‌ستت، ته‌عریب ده‌كرێت، هۆشتان بێننه‌وه‌ به‌ر خۆتان ئه‌ی خوشكان و برایان، نه‌ته‌وه‌كه‌تان چاوه‌ڕێتانه‌!
(هۆش و بیرت بێ، پیاوی ژیرت بێت، له‌جێی سه‌ربه‌ستی بۆ زنجیرت بێت!).
وه‌ره‌ ویژدانت ئاسووده‌كه‌، ده‌نگ مه‌ده‌ و خۆت مه‌كه‌ره‌وه‌ به‌ خه‌ڵكی ئه‌و وڵاته‌ داگیركه‌ره‌ی ١٨٠ هه‌زار كه‌سی ئه‌نفال كردیت، شار و گونده‌كان و ره‌ز و باخ و سه‌رتاپاخواری زێدی باب و باپیرانی ژه‌هراوی كردیت.
وه‌ره‌ ویژدانت ئاسووده‌كه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سه‌دا دامه‌نیشه‌ كه ‌دوێنێ شه‌رفمانی كرده‌ دیاریی ئه‌نفال و بۆ براكانیی نارد.
وه‌ره‌ تا زووه‌ به‌خه‌بات له‌پێناو ئازادی و سه‌ربه‌خۆییدا ته‌وقی دیلێتییه‌كه‌ت، دیواری زیندانه‌كه‌ت، هه‌ڵته‌كێنه‌، له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ خۆت بگۆڕه‌ و ئیتر برا بچوكیی كه‌س قبوڵ مه‌كه‌، خاك و نه‌ته‌وه‌كه‌ت چاوه‌ڕێته‌.
وه‌ره‌ ویژدانت ئاسووده‌كه‌ و ده‌نگت مه‌ده‌ به ‌په‌رله‌مانێك ئاماده‌ نییه‌ له‌پاش جینوساید كردنت له‌ پاش ئه‌نفال كردنت له‌ پاش ژه‌هراوی كردنی خاك و زێده‌كه‌ت، ئاماده‌ نییه‌ داوای لێبوردنت لێبكات!
هه‌تا ئێستا عێراقییه‌كان له‌ نازیه‌كان خراپتر بیرده‌كه‌نه‌وه‌، له‌ شۆڤێنیسته‌كان شۆڤێنیانه‌تر ده‌ڕواننه‌ كورد. ئه‌مان له‌ ئه‌پارتهایت چیه‌كانی خوارووی ئه‌فریقا خراپتریان پێكردووین، ئێستاش گه‌ر ده‌سه‌ڵاتیان هه‌بێت له‌ فاشیه‌ گۆڕبه‌گۆڕه‌كه‌ی به‌غدا خراپترمان پێده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ی ئه‌و بۆی ته‌واو نه‌كرا ئه‌مان ته‌واوی ده‌كه‌ن!
وه‌ره‌ ئه‌م هه‌له‌ له‌كیس خۆت مه‌ده‌، سه‌روه‌ری بۆ خۆت بنووسه‌ وه‌ك‌ چۆن مێژوو بۆ ئه‌وانه‌ی نووسی كه‌ له‌ ١٩٢٥ دا واته‌ ٨٥ ساڵ پێش ئێستا ده‌نگیان بۆ سه‌ربه‌خۆیی دا و دژ به‌عێراقی بوون وه‌ستانه‌وه‌.
وه‌ره‌ هه‌ر دوێنی بوو له‌ ٢٠٠٣دا له‌٪٩٥ نه‌ته‌وه‌كه‌ت له‌ خوارووی كوردستاندا به‌خوێن نووسیان سه‌ربه‌خۆیی، وه‌ره‌ ئه‌ی خوشك و برا هه‌ژار و سه‌رلێشێوێنراوه‌كه‌م، ئیتر با به‌س كه‌رامه‌تی نه‌ته‌وه‌ییت پێشێلبكرێ، تۆ نه ‌ئێرانیت، نه‌ عێراقیت، نه ‌سوریاییت، نه‌ توركی شاخستانیت!
راپه‌ڕه‌ و با هه‌ر هه‌موومان ته‌وقی عێراقچێتی كه‌ ته‌وقی كۆیله‌ییه‌ له‌ملمان داماڵین.
وه‌ره‌ ببه‌ره‌وه‌ به‌ كورد به‌ كوردستانی، وه‌ره‌ كوردانه‌ بیر بكه‌ره‌وه‌ نه‌ك حیزبیانه‌، وه‌ره‌ باتۆش وڵاتت هه‌بێت، ئاڵات هه‌بێت، ده‌نگت هه‌بێت، ره‌نگت هه‌بێت!
وه‌ره‌ كۆیله‌ی هیچ بیرێك و هیچ حیزبێك و هیچ سه‌ركرده‌یه‌ك و هیچ بنه‌ماڵه‌یه‌ك‌ مه‌به‌ كه‌ له كه‌رامه‌تی كوردانه‌ت كه‌م ده‌كاته‌وه، ده‌تكاته‌وه‌ به‌كۆیله‌ی وڵاتی داگیركه‌ر. ‌
وه‌ره‌با هه‌ر هه‌موومان بایكۆتی ده‌نگدانی عێراقیبوون بكه‌ین و ده‌نگ نه‌ده‌ین و هاوار بكه‌ین شه‌رمه‌ ده‌نگ به‌ عێراقیبوون بده‌ین.
وه‌ره‌ باله‌ رۆژی ده‌نگداندا له‌ده‌رگای گشت شوێنێك بده‌ین تا سه‌ربه‌خۆییمان بۆ ئه‌سه‌لمێنن.
وتی: به‌ڵام سیاسه‌ت مه‌دارانمان عێراقین. وتم راسته‌ با ئه‌وان خۆیان بچن ده‌نگ به‌ن، گه‌ر من نه‌چم و تۆ نه‌چیت، ئه‌وان ناتوانن به‌ناوی من و تۆوه‌ هاواری عێراقی بوونی ئێمه ‌بكه‌ن.
بێمن و تۆ ئه‌وان ئاشیان به‌تاڵه‌!
وه‌ره‌ گوێ له‌ ده‌نگی خاك بگره‌ هاوارت لێده‌كات خۆت بگۆڕه‌ واز له‌ نۆكه‌ری بهێنه‌، ده‌نگ مه‌ده‌!
كوردستانی نیشتمانت هاوار ده‌كات، وه‌ره‌ كوردایه‌تی بكه‌ نه‌ك عێراقچێتی.
پشكۆ ئه‌مین 
2010. 02. 18 - شتوتگارت

Top of Form

Bottom of Form

 

Related Articles