لە ڕۆژانی 22 تا 25 مایس 2014، لە 28 ولاتی ئەوروپی هەڵبژرادن بۆ پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا بەڕێوەچوون.لەم پرۆسەیەدا پتر لە 380 ملیۆن هاوڵاتی ئەوروپی مافی دەنگدانیان هەبوو بۆ هەڵبژاردنی 751 ئەندام لە خولی هەشتەمی پەرلەماندا.بە پێی ئەنجامە سەرەتاییەکان، پێکهاتەی نوێی پەرلەمانی ئەوروپا بەم شێوەیەی خوارەوەیە:
- · فراکسیۆنی پارتە مەسیحییەکان: 212 کورسی
- · فراکسیۆنی سۆسیال دیموکراتەکان: 187 کورسی
- · فراکسیۆنی لیبرالەکان: 72 کورسی
- · فراکسیۆنی سەوزەکان: 55 کورسی
- · فراکسیۆنی پارێزگارخواز و ریفۆرمخوازان: 45 کورسی
- · فراکسیۆنی پارتە چەپەکان/کۆمونیستەکان: 43 کورسی
- · فراکسیۆنی هەڤاڵبەندی دیموکراسی: 35 کورسی
- · ئەندامە سەربەخۆکان: 39 کورسی
- · ئەوانی دیکە: 63 کورسی
هەڵسەنگاندنی ئەنجامەکان
ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بە گشتی دوو خاڵی گرنگ دەردەخەن کە یەکەمیان بریتییە لە دابەزینی بەرچاوی کورسییەکانی فراکسیۆنی مەسیحییەکان کە لە خولی پێشودا 274 کورسی هەبوو.سەرکەوتنی کۆمەڵێک پارتی دژەئەوروپی/ڕەگەزپەرست لە ئەرروپا کە لە ئێستادا بێ گروپن و پێدەچێ گروپێکی تایبەت بە خۆیان دابمەزرێنن.جێگەی ئاماژەیە کە مەرج بۆ دامەزراندنی فراکسیۆنێکی نوێ لە پەرلەمانی ئەوروپا بوونی لانی کەم 25 ئەندامە لە 7 وڵاتی جیاوازەوە.هەروەها پێشبینی دەکرێ کە پاڵیوراوانی هەندێک لەو پارتانە وەک ئەندامی وابەستەنەبوو/سەربەخۆ لە پەرلەمانی ئەوروپادا کار بکەن.
کاندیدە کوردەکان
هەرچەندە هێشتا ناوی کاندیدە دەرچووەکان بەفەرمی ئاشکرانەکراون، بەڵام دەکرێ بردنەوە یاخود دۆڕانی ئەو پارتانەی کە کاندیدی کوردیان هەیە وەک ئاماژەیەک بۆ دەرچونی کاندیدە کوردەکان وەربگیرێ، بەو پێیەش دەکرێ بگوترێ کە جەبار ئەمین لە پارتی ژینگەی سویدی کە دوەمین پارتی سویدە و ژمارەی دەنگەکانی زیادی کردووە و سێ کورسی بەدەستهێناوە، شانسی بەئەندامبونی هەیە.بە پێچەوانەوە، یونس لوتفولا گۆران لە پارتی سۆسیالیستی هۆڵەندا، شانسی بردنەوەی کەمترینە پاش ئەوەی کە پارتەکەی دەنگی ئەوتۆی بەدەستنەهێناوە و ژمارەی کورسییەکانی لە 3 بۆ 2 کورسی دابەزیوە.
ئامادەکردنی: زانا کوردە
شارەزا لە کاروباری یەکێتی ئەوروپا
برۆکسل 26-5-2014