به‌ڕاست "هه‌ڵكه‌وت زاهیر" ده‌یه‌وێ ئاواز بۆ قورئان دابنێت؟! ... وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د

ئه‌گه‌ر واز له‌ خۆپه‌رستی بهێنین و به‌رده‌وام پێمان وابێ ده‌توانین خۆمان له‌ قه‌ره‌ی هه‌موو شته‌كان بده‌ین و تێیاندا سه‌ركه‌وتوو بین، یان داهێنان بكه‌ین، ده‌بێ ئه‌وه‌ش بزانین بێگومان خه‌ڵك خۆیان زۆر به‌ئاسانی ده‌توانن كاری باش و ناشیرین له‌ یه‌كتر جیا بكه‌نه‌وه‌ و خه‌ڵكانێكیش هه‌ن شاره‌زاییان له‌و بواره‌دا هه‌یه‌ و ده‌كه‌ونه‌ قسه‌، یان لانیكه‌م چاوه‌ڕێی وه‌ڵامی پرسیاره‌كان ده‌بن كه‌ مه‌رج نییه‌ له‌لای تۆ ده‌ست بكه‌وێت. . له‌ دیوێكی تره‌وه‌ ئه‌گه‌ر به‌ له‌سه‌رخۆیی كار بكه‌یت و هه‌ڵه‌كان نه‌بێته‌ مایه‌ی ئیسفزازكردنی خه‌ڵكی تر كه‌ بێگومان وه‌ڵامیان ده‌بێت، ئه‌وكات ده‌بیته‌ خاوه‌نی یه‌ك دنیا كار و هه‌ڵوێستی جوان وه‌ك ئه‌وه‌ی هونه‌رمه‌ند هه‌ڵكه‌وت زاهیر خۆی خاوه‌نی یه‌ك دنیا جوانییه‌، ئیتر بۆچی مێژووی خۆی ناشیرین ده‌كات. كاتێك ناشیرینییه‌كانی ده‌رده‌خات، هه‌موو جوانییه‌كانی داده‌پۆشێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌مجاره‌ به‌ناوی داهێنانه‌وه‌ ده‌یه‌وێ ئه‌و یارییه‌ له‌گه‌ڵ قورئاندا بكات!.

كێ هه‌یه‌ بتوانێ كاره‌ پڕ له‌ داهێنانه‌كانی هه‌ڵكه‌وت بخاته‌ ژێر به‌ڕه‌وه‌ و بیشارێته‌وه‌؟ بێگومان ناتوانێ، چونكه‌ داهێنان خۆی فه‌ڕز ده‌كات و سینگی ده‌رده‌په‌ڕێنێت، ئه‌ویش وه‌ك ئه‌وه‌ی پێشتر گوتوومه‌، هه‌ندێك له‌ كاره‌كانی ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ داهێنانن یان جوانكاری. . تۆ ئه‌سته‌مه‌ بتوانی داهێنان ببینی و قسه‌ی له‌سه‌ر نه‌كه‌یت، هه‌ندێك له‌ كاره‌كانی ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ هی ئه‌وه‌ نین به‌تێپه‌ڕ بیانبینی و وه‌ك كارێكی هونه‌ری ئاسایی هه‌ڵسوكه‌وتیان له‌گه‌ڵدا بكه‌یت. كاری داهێنان رێگه‌ت بۆ خۆش ده‌كات تۆ شه‌ڕی له‌سه‌ر بكه‌یت وه‌ك ئه‌وه‌ی زۆرجار ئه‌و شه‌ڕه‌مان له‌سه‌ر كاره‌كانی ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ كردووه‌. قسه‌ی خۆمان بێت زۆر جاریش ره‌زاقورس بووینه‌ به‌هۆیه‌وه‌، چونكه‌ ناشیرینییه‌كانی وا ده‌كه‌ن خه‌ڵك یان هونه‌رمه‌ندان هه‌موو جوانییه‌كانی ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ فه‌رامۆش بكه‌ن و بیشارنه‌وه‌ كه‌ بۆ ئه‌وه‌ش به‌داخه‌وه‌م. راسته‌ بۆ كاری جوان داكۆكیی لێ ده‌كه‌ین، به‌ڵام ناشیرینییه‌كانی لانیكه‌م بۆ ئێمه‌ومانان تووشی شه‌رمه‌زاریمان ده‌كات بۆیه‌ ده‌بێ قسه‌ی خۆمان هه‌بێت.

به‌ر له‌ هه‌ر شتێك، من هه‌موو شه‌وێك چاوه‌ڕوانی به‌رنامه‌ی "رووداوی ئه‌مڕۆ"ی رۆژنامه‌نووس "هیوا جه‌مال" ده‌كه‌م و پێم وایه‌ ئه‌و رۆژنامه‌نووسه‌ له‌ كاره‌كه‌ی خۆی زۆر پڕۆفیشناڵه‌، به‌تایبه‌تی دیمانه‌ و رووداوه‌ سیاسییه‌كان، كاتێكیش شه‌وی 14 له‌سه‌ر 15/7 ئه‌وه‌م بینی كه‌ دیمانه‌ له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند هه‌ڵكه‌وت زاهیر ده‌كات، له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ده‌مزانی ئه‌و دیمانه‌یه‌ كاری هیوا جه‌مال نییه‌، به‌ڵكو ده‌بێ كه‌سێك ئه‌و دیمانه‌یه‌ ساز بكات كه‌ شاره‌زا بێت له‌و بواره‌ و بتوانێ هه‌موو ده‌روازه‌ و ده‌رگه‌كانی بۆ بكاته‌وه‌ و هاوكات بتوانێ دایان بخات، بۆیه‌ جێی داخه‌ كه‌ هیوا نه‌یتوانی دیالۆگێك ساز بكات و هه‌ندێك ده‌روازه‌ و ده‌رگه‌ كه‌ كردبوویه‌وه‌ دابخات، به‌تایبه‌تی كه‌ هه‌ڵكه‌وت باس له‌ دانانی ئاواز بۆ قورئان ده‌كات، جیا له‌وه‌ی خۆی تووشی هه‌ڵه‌ كردووه‌، له‌وه‌ش زیاتر یاریكردن له‌گه‌ڵ قورئان كه‌سێكی ده‌وێ له‌رووی ئاینپه‌روه‌رییه‌وه‌ پسپۆڕ یان شاره‌زا بێت نه‌ك هه‌ڵكه‌وت زاهیر، بۆ ئه‌وه‌ی خۆی له‌ قه‌ره‌ی شتێك نه‌دات هه‌ڵه‌ بێت و دواتریش وه‌ك داهێنان به‌ئێمه‌ی بفرۆشێت كه‌ بێگومان ئێمه‌ومانانیش لێی ناكڕین. . مه‌به‌ستم ئه‌وه‌ نییه‌ خۆم وه‌ك كه‌سێكی ئاینپه‌روه‌ر ده‌ربخه‌م و داكۆكیش له‌ ئاین ناكه‌م، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌و شاره‌زاییه‌ كه‌مه‌ی له‌ بواری گۆرانی و میلۆدی و مه‌قامدا هه‌مه‌، واده‌زانم ده‌توانم ئه‌و ده‌روازانه‌ له‌سه‌ر هه‌ڵكه‌وت دابخه‌م كه‌ له‌و به‌رنامه‌یه‌ به‌ كراوه‌یی هێشتبوویه‌وه‌. بۆیه‌ لێره‌دا زۆر به‌كورتی قسه‌ی له‌باره‌وه‌ ده‌كه‌م.

ده‌مێكه‌ هه‌ڵكه‌وت زاهیر باسی ئاوازدانان بۆ قورئان ده‌كات و ئه‌م باسه‌یشی پێشتر له‌گه‌ڵ من كردووه‌، هاوكات هه‌ر ئه‌وكاته‌یش رای من وابوو كه‌ ئاواز بۆ قورئان دانانرێت، به‌ڵكو ته‌نیا ده‌توانێ له‌رووی مه‌قامه‌وه‌ كاری بۆ بكات، به‌ڵام ئه‌و پێی له‌سه‌ر داده‌گرت. . ئه‌گه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ ئاوازدانان بۆ قورئان ئاسان بێت، بێگومان پێشتر كه‌سانی ئاینپه‌روه‌ر ده‌یانكرد. له‌ دنیای عه‌ره‌بیدا كه‌ خاوه‌نی یه‌ك دنیا پسپۆڕی بواری میلۆدی و مامۆستای گه‌وره‌ی موزیكن كه‌ هه‌ڵكه‌وت خۆی باش ئه‌وه‌ ده‌زانێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ بواری هونه‌ری عه‌ره‌بیدا پسپۆڕه‌، كه‌سێك هه‌ڵنه‌كه‌وت ئه‌و كاره‌ بكات. هاوكات له‌ناو ئه‌و هه‌موو هونه‌رمه‌نده‌ گه‌وره‌یه‌ی عه‌ره‌ب كه‌ زۆریان ئاینپه‌روه‌رن، كه‌سێك نه‌بوو به‌و شێوه‌یه‌ بیر له‌ قورئان بكاته‌وه‌؟ ته‌نیا وه‌ڵام ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ناكرێ. . سه‌یره‌ تۆ بڵێی هه‌ڵكه‌وت هه‌ڵكه‌وتووه‌؟!.

 له‌وه‌ته‌ی قورئان هاتووه‌ته‌ خواره‌وه‌ و له‌لایه‌ن موسڵمانانه‌وه‌ كاری پێ ده‌كرێت و به‌ده‌نگی خۆش ده‌خوێنرێت، ته‌نیا به‌ مه‌قام خوێنراوه‌، بێگومان جیا له‌ موه‌شه‌حات. له‌ حه‌فتاكاندا "عه‌بدولباست عه‌بدولسه‌مه‌د" گه‌وره‌ترین ناو بوو له‌باره‌ی خوێندنی قورئانه‌وه‌ كه‌ ئه‌ویش میسری بوو، ئه‌و جیا له‌وه‌ی ده‌نگێكی زۆر خۆشی هه‌بوو، هاوكات باشترین مه‌قامزان بوو و ته‌نیا ده‌نگی بۆ قورئان به‌كار هێنا، هه‌روه‌ها به‌ده‌یان مه‌قام و لقه‌مه‌قامی قورئانی خوێندووه‌. ده‌یان قورئانخوێنی تریش كه‌ ئێسته‌ نه‌ماون و له‌وه‌ش زیاتر ماون و كار له‌ قورئانخوێنی ده‌كه‌ن، زۆربه‌شیان مه‌قامزانن، ئه‌وان هه‌موو ته‌نیا به‌ مه‌قام قورئانیان خوێندووه‌. ئیتر نازانم ئایا هه‌ڵكه‌وت ده‌یه‌وێ ئاوازی نوێ وه‌ك میلۆدیی گۆرانییه‌كانی بۆ قورئان دابنێت كه‌ ئه‌مه‌ش هه‌ر نابێت، یان ده‌یه‌وێ مه‌قامێكی نوێ و تایبه‌ت بۆ قورئان دابنێت؟ كه‌ ئه‌مه‌ش مه‌حاڵه‌.

مه‌قام پێوه‌ندیی به‌ په‌یژه‌ی موزیكه‌وه‌ هه‌یه‌ و هه‌ر مه‌قامێكیش په‌یژه‌ی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌ كه‌ به‌هه‌موویانه‌وه‌ 7 مه‌قامی سه‌ره‌كین، له‌ناویاندا ده‌یان لقه‌مه‌قامی تر هه‌ن كه‌ هه‌ریه‌كه‌یان له‌ لقێكی تایبه‌ته‌وه‌ ده‌رده‌چن. بۆ نموونه‌ له‌ مه‌قامی "به‌یات" چه‌ندین لق ده‌رده‌چن و ئه‌وانی تریش به‌هه‌مان شێوه‌ كه‌ به‌پێی سه‌رچاوه‌كان زیاتر له‌ 130 لقه‌مه‌قامی هه‌ن. . بۆیه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ڵكه‌وت مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ بێت ئاوازێكی ریتمی بۆ سووره‌تێكی تایبه‌ت دابنێت، ئه‌وه‌یان به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نابێت چونكه‌ خوێندنی قورئان ته‌نیا به‌مه‌قام ده‌كرێت، (بێگومان خۆیشی له‌و به‌رنامه‌یه‌ گوتی: به‌بێ ریتم ئاوازم بۆ به‌شێك له‌ قورئان داناوه‌)، واته‌ لێره‌دا ده‌سه‌لمێ كه‌ ئه‌و ئاوازی ریتمی دانه‌ناوه‌. له‌ دیوی تره‌وه‌ ئه‌گه‌ر كاری له‌سه‌ر مه‌قام كردبێت، ئه‌وه‌یان به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نابێته‌ خاوه‌نی ئه‌و ئاوازه‌، چونكه‌ هیچ كه‌سێك ناتوانێ له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و 7 مه‌قامه‌ سه‌ره‌كییه‌ مه‌قامی تر دابنێت و ئه‌وه‌یش یاسای موزیكه‌ كه‌ بێگومان هه‌ڵكه‌وت خۆیشی له‌و بواره‌دا شاره‌زایه‌. . له‌ناو ئه‌و 7 مه‌قامه‌ سه‌ره‌كییه‌دا، تا ئێسته‌ كه‌سانێك نین خاوه‌نی ئه‌و نه‌غمه‌ و په‌یژانه‌ بن كه‌ بۆ مه‌قامه‌كان دانراون تا بڵێین خاوه‌نی كام مه‌قام كێیه‌؟، له‌ هه‌موو نه‌ته‌وه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست سه‌رجه‌م مه‌قامه‌كان به‌ هه‌مان په‌یژه‌ به‌كار ده‌هێنرێن، ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه‌ هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك به‌شێوازی تایبه‌تی خۆی به‌كاری دێنێت، بۆیه‌ له‌ سه‌رچاوه‌وه‌ خاوه‌نی مه‌قامه‌كان دیار نین.

دیارترین نموونه‌ ئه‌و داهێنانه‌ی مامۆستا "عه‌لی مه‌ردان"ه‌ كه‌ له‌ مه‌قامدا كردوویه‌تی، ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ كه‌ به‌پسپۆڕی مه‌قام له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌ناسرێته‌وه‌، به‌هه‌موو توانای خۆی توانی مه‌قامی "هیجران" دابهێنێت، بێگومان ئه‌مه‌ش لقه‌مه‌قامییه‌ نه‌ك مه‌قامی تایبه‌ت له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و 7 مه‌قامه‌ سه‌ره‌كییه‌ كه‌ له‌ مه‌قامی "به‌یات" ده‌رده‌چێت. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌و مه‌قامه‌ی عه‌لی مه‌ردان یه‌ك دنیا قسه‌وباسی هه‌ڵگرت و تا ئێسته‌یش زۆر جار قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌كرێت. ئه‌و لقه‌مه‌قامییه‌ ته‌نیا شێوازێكه‌ له‌ مه‌قام و كه‌م كه‌س هه‌ن بتوانن كاری نوێی له‌سه‌ر بكه‌ن، زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی گوتوویانه‌ته‌وه‌، ته‌نیا به‌و شیعره‌ ده‌یڵێنه‌وه‌ كه‌ عه‌لی مه‌ردان گوتوویه‌تی "شه‌رته‌ تا رۆژی حه‌شر" جیا له‌ هونه‌رمه‌ندی خوالێخۆشبوو "حه‌مه‌جه‌زا". ئیتر چۆن هه‌ڵكه‌وت ده‌توانێ ئه‌و یارییه‌ دژواره‌ له‌گه‌ڵ مه‌قامدا بكات و ناوی بنێ ئاواز بۆ قورئان. بێگومان ئه‌و ناتوانێ له‌گه‌ڵ كه‌سێكی پسپۆڕ له‌ بواری موزیك و مه‌قام ئه‌م باسه‌ بكاته‌وه‌، بۆیه‌ له‌گه‌ڵ هیوا جه‌مال شیری تیژ بوو! و خۆی هه‌موو ده‌رگه‌كانی داخست. ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌ی زۆربه‌ی كه‌ناڵه‌ ته‌له‌ڤزیۆنییه‌كانی ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كه‌سی پسپۆڕ بۆ شتێكی دیاریكراو دانانێن تا بتوانێ دیالۆگ دروست بكات، یان به‌رنامه‌یه‌كی سه‌ركه‌وتوو پێشكه‌ش بكات "وێڕای رێزم بۆ هیوا جه‌مال"، بۆیه‌ هه‌ڵكه‌وت زاهیر توانی به‌ئاره‌زووی خۆی هه‌ڵبه‌ز و دابه‌ز به‌بابه‌تی به‌رنامه‌كه‌ بكات.

به‌كورتی و به‌كوردی، هه‌ڵكه‌وت هه‌رچی بكات ناتوانێ له‌و مه‌قامانه‌ ده‌ربچێت، مه‌گه‌ر ته‌نیا بتوانێ به‌ "ئه‌دلیب" كاری تێدا بكات، له‌وه‌شدا نازانم تاچه‌ند له‌لایه‌ن زانایانی ئاین و خودی ئاینه‌وه‌ رێگه‌ی پێ ده‌درێت، بۆیه‌ زۆر سه‌یره‌! كه‌ ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ ده‌ڵێت له‌ "ئه‌زهه‌ر" ئه‌و بیرۆكه‌یه‌ په‌سه‌ند كراوه‌؟ بێگومان ده‌بێت به‌و شێوه‌یه‌ په‌سه‌ند كرابێ كه‌ به‌مه‌قام كاری تێدا بكات نه‌ك ئاوازێكی ده‌ره‌وه‌ی مه‌قام. بۆ ئه‌مه‌ش هه‌ڵكه‌وت نابێته‌ خاوه‌نی ئه‌و كاره‌ و ناتوانین بڵێین ئاوازی بۆ قورئان داناوه‌.

بۆیه‌ باشتره‌ ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ له‌و رایه‌ په‌شیمان بێته‌وه‌ و رای بگه‌یه‌نێ كه‌ جیا له‌ مه‌قامه‌كان ئاواز بۆ قورئان دانانرێت. . ئه‌گه‌ر نا، دوای ئه‌وه‌ی بڵاوی ده‌كاته‌وه‌، بێگومان ئێمه‌یش قسه‌ی تایبه‌تیی خۆمان ده‌بێت.

دوای هه‌موو ئه‌مانه‌، بێ ویژدان ده‌بین ئه‌گه‌ر ئاماژه‌ به‌كاره‌ جوانه‌كانی هه‌ڵكه‌وت كه‌ تایبه‌ت بۆ ئاین كردوونی نه‌كه‌ین و له‌ناویاندا كاره‌كانی "میرا" و "لۆكه‌"، له‌ناویاندا به‌تایبه‌تی گۆرانییه‌كه‌ی میرا به‌ناوی "ناوه‌ جوانه‌كانی خوا" كه‌ پێم وایه‌ یه‌كێكه‌ له‌ كاره‌ زۆر جوانه‌كانی ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌. ئێمه‌ ناتوانین ئاماژه‌ به‌كاری جوان نه‌كه‌ین، به‌ڵام خۆپه‌رستی و كاری هه‌ڵه‌، هی ئه‌وه‌یه‌ لێی بێینه‌ ده‌نگ. . له‌وه‌ش زیاتر قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌م كاره‌ ناكه‌م، به‌ڵام ئه‌و دیمانه‌یه‌ی هه‌ڵكه‌وت له‌ كه‌ناڵی "رووداو" زۆر ده‌رگه‌ی كردووه‌ته‌وه‌ هی ئه‌وه‌یه‌ قسه‌ی له‌سه‌ر بكرێ و ده‌كه‌ونه‌ ناو بۆته‌ی خۆپه‌رستی، به‌تایبه‌تی له‌باره‌ی كاركردن بۆ گه‌نج كه‌ پێی وایه‌ ئه‌و یه‌كه‌م كه‌سه‌ كاری بۆ گه‌نج كردبێت كه‌ بۆ ئه‌مه‌شیان له‌ داهاتوودا قسه‌ی تایبه‌تی خۆمان ده‌بێت، چونكه‌ ده‌یان نموونه‌مان له‌ به‌رده‌ستن كه‌ كاتێك ده‌ركه‌وتن، بۆ نموونه‌ "زه‌كه‌ریا"، هه‌ڵكه‌وت ناوێك نه‌بووه‌ له‌ناو هونه‌رمه‌ندان قسه‌ی له‌سه‌ر بكرێ. . هاوكات ده‌رگه‌یه‌كی تری بۆ كردینه‌وه‌ كه‌ هی ئه‌وه‌یه‌ هه‌ڵوێستمان هه‌بێت ئه‌ویش "هونه‌ری ره‌سه‌ن و ئه‌سپی ره‌سه‌ن"ه‌، بۆ ئه‌مه‌یشیان هه‌ڵكه‌وت ده‌رگه‌یه‌كی زۆر گه‌وره‌ی كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ هیچ كه‌سێك ناتوانێ داكۆكی له‌ هه‌ڵه‌كانی بكات و رووی سپی بكاته‌وه‌. . بۆیه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌م له‌ داهاتوویه‌كی نزیكدا به‌شێوه‌ی زنجیره‌ نووسین، رای خۆم له‌باره‌یانه‌وه‌ بڵێم كه‌ دڵنیام ئه‌مه‌ش دیالۆگێك له‌ناو هونه‌رمه‌ندان ده‌خوڵقێنێت.

مانشێته‌كان-

له‌ دنیای عه‌ره‌بیدا كه‌ خاوه‌نی یه‌ك دنیا پسپۆڕی بواری میلۆدی و مامۆستای گه‌وره‌ی موزیكن، كه‌سێك هه‌ڵنه‌كه‌وت ئاواز بۆ قورئان دابنێت

ئایا هه‌ڵكه‌وت ده‌یه‌وێ ئاوازی نوێ وه‌ك میلۆدیی گۆرانییه‌كانی بۆ قورئان دابنێت كه‌ ئه‌مه‌ش هه‌ر نابێت، یان ده‌یه‌وێ مه‌قامێكی نوێ و تایبه‌ت بۆ قورئان دابنێت؟ كه‌ ئه‌مه‌ش مه‌حاڵه‌

كێ هه‌یه‌ بتوانێ كاره‌ پڕ له‌ داهێنانه‌كانی هه‌ڵكه‌وت بشارێته‌وه‌؟ ئه‌سته‌مه‌ بتوانی داهێنان ببینی و قسه‌ی له‌سه‌ر نه‌كه‌یت، به‌ڵام ئه‌مه‌ی ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ باسی ده‌كات داهێنان نییه‌

Related Articles