روداوەکانی ئەم دوایەی عێراق، کە بەهێرشی هێزو گروپە ناسیونالیستە عەرەبی و ئیسلامیە سیاسیەکانی سونەو " دەعش"، و بە پشتیوانی تورکیاو بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی دەستیپێکرد، بەجیا لەوەی بۆتە مایەی کوشتارو ئاوارەیی و ماڵوێرانی، لەگەڵ خۆیدا بواری سەربەرزکردنەوەی زیاتری داوە بە هێزو تاقمە تایفی و قەومی و مەزهەبیەکان، لە عێرا ق و کوردستاندا.ئەم دۆخە هاوکات زەمینەی بۆ سەرهەڵدان یان هێنانە گۆڕی زۆر پرۆژەی کۆنەپەرستانەو دژی ئینسانی، فەراهەم کردووە.ئەم پرۆژانە ئەگەر شانسی سەرکەوتنیان هەبێت، نەک رێگایەک ناکاتەوە بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێی تیرۆریستی و جەنگ و بەیەکدادانی میلیشیایی هیزو لایەنە سیاسیە بۆژوازیەکانی سەر گۆرەپانی سیاسی عێراق، بەڵکە کۆمەڵگای عێراق دەخاتە ناو دۆخێکی زۆر دژوار ترو خوێناوی ترو درێژ مەوداتر، لە دۆخی رابردوو...
پرۆژەی دابەشکردنی عێراقی"جۆ بایدن"، پرۆژەی ناسیونالیزمی کورد" پارتی" بۆ سەربەخۆیی...ئەو دوو پرۆژە ترسناکەن، کە هەڵگری وەڵام نیین، نە بە دۆخی خوێناوی و جەنگ لە عێراقدا.وە نە بەو گێژاوەی نێوان هەریم و بەغدا.
ئەگەر جەنگخوازی ئەمریکا و غەرب، لە پێناو بەرژەوەندییەکانیاندا، عێراقی بەم رۆژەی ئێستا گەیاندووەو سەدان سەدام حسێنی" سونی و شیعی" و زەرقاوی و ئەبوبەکر بەغدای، دەیان گروپی میلیشیایی خوێن رێژی کردە، مۆتەکەی هەموو رۆژەی سەرسنگی خەڵکی عێراق و دەروازەی دەستێوەردانی بۆ هەموو وڵاتانی ناوچەکە و هێزو گروپی چنگ بەخوێنی قەومی و تایفی و مەزهەبی خستە سەرپشت، ئەوا هیچ گومان لەوەدا نییە، پرۆژەی دابەشکردنی عێراق، پرۆژەیەکی مەترسیدارترە.پرۆژەی دابەشکردنی عێراق، لە بنەرەتدا داننانە بە شکستی ئەمریکا، بۆ بیناکردنەوەی عێراق.داننانە بە شکست بۆ دروستکرنەوەی دەوڵەتی بەجەنگ داوەشاوەی عیراقی دەست سیاسەتی ناکامی خۆیان.
دابەشکردنی عێراق، بەر لەهەموو شت، بەجیا لەوەی رەوایدانە بەو شکستە، هاوکات هەوڵێکی بەنەخشەیە بۆ شکاندنەوەی ئەو شکستە، بەسەر شانی خەڵکی ستەم دیدەی عێراقدا.رەوایدانە بەو دابەشکارییەی بەجەنگ و خوێن و کوشتار لەسەر بنەمای قەومی و دینی و تایفی، بۆتە واقعیەتێکی تاڵی نکۆڵی لێنەکراو.ئەگەر ئەم دابەشکارییەی کە بەجەنگ و بە هۆی شکستەوە، داسەپاوە، رەسمیەت وەربگرێت، ئەوا عێراق دەکاتە سەکۆی جەنگێکی هەمیشەیی نەبراوەی درێژ مەودا.کە قوربانیەکانی لە قوربانیەکانی ٣ دەهەی رابردوو زۆرتر دەبن و کارەساتەکانیش بیئەژمارتر و ژینگەش بۆ گروپ و باندە ئیسلامی و قەومیەکان، بۆ دەستێوەردانی راستەوخۆی وڵاتانی ناوچەکە، پاراو تر دەبێت.دامەزراندنی سێ دەوڵەت لەسەروی ئیرادەی خەڵکی عێراق و لەسەر بنەمای ناسنامەی قەومی و تایفی و مەزهەبی، لە پاڵ یەکتریدا، نەخشە ریگا دارشتنی جەنگی ناوخۆیی و رەوایدانە بەو جەنگە.دابەشکردنی وڵاتێک لەگەڵ جیابونەوەی هەریمێکی دیاریکراو بە هۆکاری دیاری سیاسی و هەڵاواردن و زوڵمی دیاریکراو، جیاوازە لەگەڵ دابەشکردنێکی وڵاتێک لەسەر بنەمای شکستی سیاسەتێک و لەسەر پایەی ودۆخێکی داسەپاو.تەنانەت دابەشکردنی وڵاتێک لەسەر خواستی دانیشتوانەکەی، لە دۆخێکی دیاریکراوی دوور لەجەنگ و بەپێی رێکەوتنی سیاسی و بریاری ئازادانەی زوربەی دانیشتوانەکەی و گەرانەوە بۆ رای خەڵکی و سازدانی ریفراندۆم بۆ بریاردان لەسەر دابەشکردنێک، دیسان جیاوازە لەپرۆژەی دابەشکاریەک، کە وڵاتانی زلهێزو ناوچەیی، لە پێناو بەرژەوەندیە سیاسی و چاوچنۆکەکانی خۆیدا، دەستی بۆ دەبات.پرۆژەی دابەشکردنی عێراق، نە ویست و نە پرۆژەی خەڵکی عێراقە.بەڵکو بە پێچەوانەوە پرۆژەیەکە، لەسەروی ئیرادەو ویستی ئەوان، و بۆ بەرژوەندی دیاریکراوی چەند گروپ و لایەنێک.
رابردوی دابەشکارییە ئیمپریالیستیەکان، میژووی وڵاتە بەجەنگ دروستکراوەکان، و ژێرپێخستنی ئیرادەی ئازادانەی دانیشتوانەکانیان، ئەو راستیەی سەلماندوە، چ کارەساتێک بەدوای خۆیدا پەلکیش دەکات.ئەگەر عیراق لەئاکامی دۆخی جەنگ و ململانێی تایفی و قەومی و مەزهەبی، لە ئاکامی شکستی ئەمریکادا، بەهۆی دەستێوردانی وڵاتانی کۆنەپەرستی ناوچەکە، و ناکامی حزب و هیزە سیاسیە کرێگرتە بۆرژوازیەکانی" دینی و قەومی" لە بیناکردنەوەی دەوڵەتی عێراقدا، دەستی بۆ ببرێت، گومان هەڵنەگرە، جەنگ ناوخۆیی و هەرەشەی جەنگ، دەبێتە خەسڵەتیكی دیاری هەمیشەیی بەسەر سەری کۆمەڵگاوە.
پرسی سەربەخۆی کوردستان، پرسێکی کۆنترە و میژوویەکی دریژتر و مەودایەکی ناوچەیی، هەیە.لەو وەختەوەی کیشەی خەڵکی کوردستان و زوڵمی نەتەوایەتی بۆتە گرفتێکی واقعی، وەڵامدانەوە بەو گرفتەش مەوزوعیەتی خۆی داسەپاندووە.ماڵئاوایی کاتی زوڵمی نەتەوایەتی بەهۆی درامانی دەسەڵاتی بەعس لە ٢٠٠٣ دا، راستیەکە، بەڵام ئەمە بەمانای وەڵام وەرگرتنەوەی یەکجاری ئەم گرفتە نییە.هیشتا هەرەشەی دوبارە خوڵقاندنەوەی ستەمی نەتەوایەتی، زەمینەو ژینگەکەی، کۆتایی نەهاتووە.هێزو لایەنە ناسیونالییست و شۆفینیستەکان، ئامادەییان هەیە.هێشتا دەوڵەتیک لە عیراقدا پێک نەهاتۆتەوە.هیزو لایەنێکی سیاسی نادۆزرێتەوە، مافی هاوڵاتی بوونی یەکسان بۆ دانیشتوانی عێراق، بە فەرمی بناسێت.ئەمە خۆی هەرەشەیەکی واقعی و ژینگەی ئامادەی، دوبارەی ململانیی قەومی و داسەپاندنەوەیەتی.ئەوە کە هیشتا ئەمە نەبۆتەوە بە واقعیەتیکی بەرجەستە، خۆنەگرتنەوەی ناسیونالیزمی عەرەبی قەومی و ئیسلامییە.یەککدەست نەبونەوە و قوتبی نەبوونەوەی دەسەڵاتیانە.دیارە بەجیا لەوە کە ئیستا وا دێتە بەرچاو کە زوڵمی نەتەوایەتی نەماوە، بەڵام کەس ناتوانێ نکۆڵی ئەوە بکات، کە تەواوی کۆمەڵگای عێراق بە کوردستانیشەوە، لە دۆخێکی ناسەقامگیرو، سەرگەرداندا دەست و پێ دەکوتێت.دەوڵەتی عێراق پێکنەهاتۆتەوەو حکومەتێکی جێگیری واقعیش بوونی نییە.یاسا و ریسایەکی بەفەرمی ناسراو سەراسەری، بوونی نییە.کوردستانیش بەهەمان شێوە بەشێکە لە کۆمەڵگایەکی سەرگەردان و هەڵواسراو، ناجیگیر، بە فەرمی نەناسراو.راستە بەکردەوە لە عێراق جیابۆتەوە، تا هاتووە لە ساڵی ١٩٩١ و تا ئیستا زۆرتر دابراوتر بووە لە ناوەندو لە عێراق، بەڵام هاوکات خۆشی نەبۆتە دەوڵەتیکی سەربەخۆ، نەبۆتە جغرافیایەکی جیگیر و یەکپارچە، رەسمیەتی نیودەوڵەتی نییە.تائیستا حکومەتیكی سەراسەیشی نییە، هەریمێکی ئاوەڵا و دابەشی سەر چەند هیزیکی میلیشیایی حزببیە.هیشتا چ دەستێوەردانی وڵاتانی ناوچەکە، ململانێیان، تەنانەت هیزیکی چەکداری کرێگرتە دەتوانێ ئەم دۆخە لە ئارامی رێژەیی، بەسەریەکدا بروخێنیت و چارەنوسی خەلکەکەی بخاتە مەترسیەوە.هێرشی ئەم دوایانەی گروپی قورعانی و ئیسلامی داعش...درۆی حکومەت و پەرلەمان، هیزی پیشمەرگە و سەقامگیری، بەبادا.نیشانی دا، ئەم دۆخەی کوردستان دۆخێکی فشۆڵەو دەکرێت لە ماوەیەکی کەمدا، تیکبدرێت.
ئەمانە هەموویان بەڵگەی حاشاهەڵنەگرن بۆ ئەوەی کە کوردستان، ناسەقامگیرە.وە ململانێی هەمیشەیی نێوان هەریم و بەغدا، ململانیی حزبی نیوان حزبە خاوەن میلیشیاکان و بەسترانەوەیان بە قوتب و میحوەری ناوچەیی دژ بەیەکەوە، ئاماژەیەکی رۆشنە بۆ گێژاویک کە کوردستان دەرگیریەتی.ئەمانە دەمێکە پێداویستی وەڵامی کارسازو خێرای بۆ دۆخی کوردستان، داسەپاندوە.ئەم وەڵامە بە جیا لەسەربەخۆیی و پیکهێنانی دەوڵەت، لە عیراقی ئیستادا، ناتوانێ وەڵامێکی تر بێت.
ناسیونالیزمی کورد و بەدیاریکراوی پارتی، لەگەڵ توندبونەوەی ململانێیان لەگەڵ ناوەند، هەمیشە بانگەشەی گەرانەوە بۆ دەستور!، بانگەشەی سەربەخۆیی ناراشکاوانەو زۆرجاریش راشکاوانە، بەیان دەکەن.دوای روداوەکانی ئەم دوایە وبەتایبەتیش دوای سەرمەست بوون بە داگیرکردنی موسڵ لەلایەن داعش و هێزەکانی تری سەر بە ناسیونالیزمی عەرەبی تورە لە مالیکی و دەستێوەردانی ئێران، وە دوای راکردنی هێزە فشۆڵەکانی مالیکی لە موسڵ و پاشەکشەی هێزەکانی لەناوچەی ناسراو بە کیشەلەسەرەکان، کۆنترۆڵکرانی لەلایەن هێزی چەکداری حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتیەوە، دەنگی فرسەتە، سەدای گێرانەوەی ناوچە دابراوەکان، هاتوهاواری سەربەخۆیی، بوونە دەربرینی گەرمی بەرپرسە حزبی و حکومیەکان!.بوونە مانشێتی رۆژنامەو کەناڵەکانی راگەیاندن و بازارگەرمی تورە کۆمەڵایەتیەکان و ماس میدیا.بوونە بەرزبونەوەی حەماسی نوسەرە کورتبین و مۆڵەتپیدراوە وابەستەو بەناو سەربەخۆکان.دیارە هەموو ئەو هاتو هاواری فرسەتەو بانگەشەی سەربەخۆییە، لەلایەن پارتی و بارزانییەوە جوڵێنرا.پاشان لەشکری کورت بینی نوسەران و زۆریك لە میدیاکان و بەشێکی زۆری حزبە سیاسیەکان، کە خۆیان هیچ پرۆژەیەکیان نییەو چاو لەدەم و دەستی پارتین، کەوتنە دوای هاشو هۆشی میدیایی بۆ سەربەخۆیی.دیارە بانگەشە پارتی و بارزانی بۆ سەربەخۆیی، دورو نزیک پەیوەندی بە پرسی سەربەخۆکردنی کوردستان و پیکهێناننی وڵاتێکی سەربەخۆو دامەزراندنی دەوڵەت لە کوردستانەوە، نەبوو.بەڵکو ئەمە هەرەشەیەک و بەدەستەوەگرتنی کارتی پرسی خەڵکی کوردستان بوو، بۆ ململانیی لەگەڵ هاوپەیمانە سەرسەختەکانیان لە بەغدا، کە بەسانایی مل بەخواستی پۆست و پیدانی بودجەو بەشدارپیکردنی ناسیونالیزمی کورد لە سامانی نەوت و غاز...تاد، نادات.پارتی لەدۆخی شکست و پاشەکشەی مالیکیدا، بە مەبەستی کەڵک وەرگرتن لەو دۆخەی بەدوای داگیرکردنی موسڵ، و کۆنترۆڵکردنی ناوچە جیهێڵراوەکان لەلایەن پێشمەرگەوە، هاتە پێشەوە، بانگەوازی سەربەخۆیی و کۆتایی هاتنی مادەی١٤٠! چری، تا لەو رێگایەوە و لەم دۆخەدا مالیکی و دەسەڵاتی ناوەند ناچار بکات، مل بەخواستەکانی پارتی و ناسیونالیزمی کورد بدات، کە بەسادەیی خۆی لەپچرینی پۆستی زۆرتر، بری بودجەی زیاتر، سەربەخۆی لە فرۆشتنی نەوت و بەشدار بوون لە سامانی نەوت و غازی عێراقدا، دەبینیەوە.بۆیە پرسی سەربەخۆی و جیابونەوە لە عێراق و پیکهێنانی وڵاتێکی سەربەخۆ لەلایەن ناسیونالیزمی کورد و پارتی لە ئیستادا، تەنها بانگەشەیەک بۆ تەزمینی ویستی ترو خواستی تر بوو.کە پێشتریش و بەتایبەت لەسەرو بەندی نەورۆزو لەکاتی قوڵبونەوەی ململانێکان و بەرزبوونەوەی تای دەمارگیری نەتەوەیەوە، چەند جاری تر، بازاری سیاسی بۆ کایەی دەسەڵات و داهات، وەرێخراوە.خۆ ئەگەر کاتێک ویستی سەربەخۆیی بەناچاریش ببیتە ویستی ناسیونالیزمی کورد، یان ناسیونالیزمی کورد ئەوە بە قازانج بزانێت...دوبارە پرسی سەربەخۆیی لەلایەن ناسیونالیزمی کورد، بۆ پیکهێنانی وڵات و دەسەڵاتێکی پشت بەستو بە ئیرادەی خەڵکی کوردستان نییە.بۆ دامەزاندنی دەوڵەتیكی عەلمانی، غەیرە قەومی و دینی، نییە.بۆ ئایندەیەکی باشتر و ژیانێکی شیاوی ئینسانی بۆ خەڵکی کوردستان نییە.بەڵکە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتیکی قەومیە.دەوڵەتێک کە بەهیچ پێوانەیەک ناتوانێ مافە فەردی و مەدەنیەکان، ئازادیەکان، بو خەڵکی کوردستان بە فەرمی بناسیت و هاوڵاتیان لە بەرامبەر بەیاسادا، یەکسان بن.پارتی و ناسیونالیزمی کورد کاتێک دەوڵەتسازی و سەربەخۆیی، بۆیان مانای واقعی پەیا دەکات، کە ریگا لەهەموو ئیرادە نواندنێکی خەڵکی کوردستان بگرێت، بە مەبەستی هێشتنەوە دەسەلاتی سیاسی لەدەستی خۆیاندا.لە نمونەی هەر ئەو دەوڵەتانەی کە سەربەخۆ بوونیان، نەبوو بەمایەی دەستراگەیشتی دانیشتوانەکەی بە ئازادی و خۆشگوزەرانی باشتر لە چاو دەسەلاتی پێشوتری داگیرکاریاندا.پارتی و ناسیونالیزمی کورد بەگشتی، دەیانەوێ رەوایەتی دەسەڵاتی سیاسی و حقوقی بەسەر خەڵکی کوردستان و دەوڵەتی سبەینێدا، بسەپێنن.
ریگاچارەی کارسازو کردەنی پێشرەو، بۆ دەرکێشانی کوردستان لەو گێژاوەی گیرۆدەی بووە.رێچکەیەک بۆ دیاریکردنی ئایندەیەکی باشترو ئینسانی بۆ خەڵکی کوردستان، لە دۆخی عێراق و لە نەبوونی دەسەڵاتێکی عەلمانی و پایماڵ کردنی ناسنامەی هاوڵاتی بووندا، تەنها دەتوانێ سەربەخۆی کوردستان لە عێراق و دامەزارندنی دەوڵەتێکی عەلمانی غەیرە ئیتنیکی بێت.ئەمەش بەبێ وەرێخستنی بزوتنەوەیەکی فراوانی جەماوەری و راکیشانی پشتیوانی بەرەی ئینسان دۆست و ئازادی خوازی ناوچە و جیهان، کارێکی قورس و سەرچڵیەکی، ئاشکرایە.جیابونەوەی کوردستان لە دۆخی جەنگ و بەیەکدادانی تیرۆریستیدا، لە ناو کورەی جەنگی تایفی و قەومیدا، نە لەتوانادایەو نە ریگایەکی تەندروستە.مافی جیابونەوە، لە بنەرەتدا بۆ یەکێتییە.لە پایەترین ئاستدا، مافی جیابونەوەی خەڵکی کوردستان دەبی ریگایەک بێت بۆ نزیکایەتی و کۆتایی هینان بێت، بە قڵشت و کیبەرکێی نەتەوایەتی، لە عیراقدا نەک بە پێچەوانەوە.بۆیە دەستبردن و بانگەشەی سەربەخۆیی و جیابونەوە بەر لەهەموو شت، پێویستی بە ژینگەو زەمینەی گونجاو و رێکەوتنی سیاسییە، نەک هاشو هوشی میدیایی و بانگەشەیەک کە ئاکامی، دەرئەنجامەکانی جەنگ و بەرزبونەوەی تایی نەتەوەپەرستییە...لە ساڵی ١٩٩١، تا ساڵی ٢٠٠٣، وە تا بەر لە هێرشی ئەم دوایانەی داعش و گروپە تیرۆریستیەکان، بواری وەریخستنی بزوتنەوەیەکی پێشکەوتنخوازانە بۆ پرسی سەربەخۆی کوردستان، کە کۆمەک بکات بە چارەسەری گرفتیكی میژووی و زەمینەکانی بەیەکدادانی قەومی لە عێراقدا، هەڵبتەکێتی، لە ئارادا بووە.جیابوونەوەی کوردستان لە عێراق و پیکهێنانی وڵاتێکی سەربەخۆ و دامەزراندنی دەوڵەتێک لە پاڵ وڵات و دەوڵەتەکانی ناوچەکەدا، لەرێگای جەنگ و لە دۆخی جەنگ و لەکەشی بەرێوەچوونی بەیەکدادانەکاندا، ناکرێت.پێش مەرجی دەستبرن بۆ پیکهێنانی دەوڵەت و سەربەخۆیی لە کوردستان، گێرانەوەی لانی کەمی ئارامی سیاسیە و ریکەوتنی سیاسیە لە نیوان هەریمی کوردستان و عێراقدا.چونکە بە بێ رێکەوتی سیاسی و لانی کەمی ئارامی سیاسی، جیگایەک بۆ وەرخستن و بەگەرخستنی ئیرادەو توانایەکانی خەڵکی کوردستان، نامێنێتەوە.بوارێک بۆ رێگەگرتن لە هەرەشە ناوخۆیی و ناوچەیەکان، نامێنێت.دۆخێکی شیاو بۆ سازدانی ریفراندۆم، دروست نابیت.راکێشانی پشتیوانی بزوتنەوە پێشکەوتنخوازو ئینسانیەکان، سەخت و قورس دەبێت.بۆیە ئەم دۆخەی کە بەهێرش و پەلامارەکانی داعش و هاوشیوەکانیان، هاتوتە ئاراوە، کۆسپێکی واقعیە، لە بەردەم پرسی سەربەخۆیی کوردستاندا.ئێستا نە بواریک هەیە بۆ سازدانی زەمینەکانی ریفراندۆم و نە کەشێکی ئارام هەیە بۆ هەڵسورانی ئازادانەی ئەحزابەکان تا جەمارەر ئاراستەی خەت و بۆچون و سیاسەتەکانی خۆیان بکەن، بە پێچەوانەوە چ ئەحزبی سیاسی و چ جەماوەر لە دۆخی ترس و دڵەراوکێدان، ئەم راستیەکی حاشاهەڵنەگری ئێستایە.هەر ئەم دۆخەشە هەموو بانگەشەچیانی سەربەخۆیی چەند هەفتە لەوە پێشی، بێدەنگکرد و تای سەربەخۆخوازی بەریدان، لە بارزانییەوە تا ئەوانی تر...
بۆیە بزوتنەوەی ئینسان دۆست و پێشکەوتنخوازی کوردستان، بۆ دەستبردنی بۆ جیابونەوەی کوردستان و پیکهێنانی وڵاتێکی سەربەخۆ، ئەرکیەتی لە ریزی سەربەخۆی خۆیدا، نەخشی کاریگەر و بەرجەستەی لە زمینەکانی سیاسی وسەربازی و جەماوەری و ئیعلامی و دیبلۆماسی و بگێرێت بۆ کۆتاکردنی دەستی هیزە و گروپە تیرۆریستەکانی داعش و هاوشیوەکانیان، و لایەنەکانی پشتیان.نەخشی ریكخراو ویەکگرتوانەی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێشی کوردستان لە پوچەلکردنەوە و شکست پیهینانی داعش و هاوشیوەکانی و لابردنی هەرەشەکانیان، لابردنی یەکێک لە کۆسپە سەرەکیەکانی ئیستای بەردەم خواست و ویستی سەربەخۆیی خەڵکی کوردستانە.بیگومان ئەگەر داعش و هیزەکانی هاوشێوەیان و پلانی چەپەڵ و دژی ئینسانیان، بە هێزی پێشرەو ریکخراو سەربەخۆی خەڵکی کوردستان، تێک بشکێت.هەر ئەو هێزە دەتوانێت ببێتە داینەمۆی سەرەکی کۆتاییهێنان بە پرسی خەڵکی کوردستان و ئایندەکەی و پیکهێنانی وڵاتێکی سەربەخۆی عەلمانی غەیرە ئیتنیکی...
ناوەراستی ئابی ٢٠١٤