پێشنیارێك بۆ سه‌ركردایه‌تى كوردستان و لێژنه‌ى دانوستانى كورد له‌پێكهێنانى حكومه‌تى نوێ‌ ى عێراق ...پارێزه‌ر – حمد كریم حمد

هه‌روه‌ك ئاشكرایه‌ كه‌ كورد له‌ عێراق له‌ سه‌رده‌مى رژێمه‌ یه‌ك له‌ دواى یه‌كه‌كانى عێراق رِووبه‌رِووى ده‌یان شاڵاوى له‌ ناوبردن و تاوانى نێوده‌وله‌تى بووه‌ته‌وه‌, تا دواى رِووخانى رِژێمى عێراق له‌ سالى 2003 و دامه‌زراندنى دادگاى بالاى تاوانه‌كانى عێراق, كه‌ دادگایه‌كى ناوخۆیى بوو بۆ دادگایى كردنى تاوانبارانى رِژێمى پێشووى عیراق له‌ سه‌رده‌مى حوكمى به‌عس دا.وه‌ له‌م دادگایه‌ دا تاوانه‌كانى جینوسایدو تاوانى دژى مرۆڤایه‌تى و تاوانى جه‌نگ كه‌ دژ به‌ كورد ئه‌نجام درابوون سه‌لمێنران, وه‌دادگاش حوكمى خۆى له‌ سه‌ر تاوانباران ده‌ركرد.له‌ دواى ئه‌وانیش مافى دا به‌ زیان لێكه‌وتووان و قوربانیان به‌ تۆمار كردنى داواى قه‌ره‌بۆ له‌ به‌رده‌م دادگا شارستانیه‌كان له‌ سه‌ر حكومه‌تى عیراق, وه‌ك میراتگرو جێگره‌وه‌ى حكومه‌ته‌كانى پێشووى عیراق.كه‌چى تا ئێستا حكومه‌تى عیراق ئه‌م ئه‌رك وئیلتیزامه‌ یاساییه‌ى خۆى جێبه‌جێ‌ نه‌كردووه‌, بۆقه‌ره‌بۆ كردنه‌وه‌ى خه‌ڵكى زیان لێكه‌وتووى كوردستان له‌م تاوانه‌ نێوده‌وڵه‌تیانه‌ى له‌ دژى ئه‌نجام درابوون.

 

من لیره‌دا نامه‌وى به‌ درێژى بچمه‌ سه‌ر باسى هه‌ڵه‌ و فـێـڵه‌ یاسایى و سیاسیه‌كانى چۆنیه‌تى پێكهێنانى دادگاكه‌, كه‌ بۆ نه‌كرا به‌ دادگایه‌كى نێو ده‌وڵه‌تى.ته‌نها به‌ كورتى ده‌ڵێم (كه‌ رِاست بوو حكومه‌تى عیراق له‌ كاتى ئه‌نجامدانى تاوانه‌كان ئه‌ندام نه‌بوو له‌نیزامى رِۆما بۆ دادگاى تاوانى نێوده‌وڵه‌تى) به‌لام له‌ دواى رِووخانى رِژێم له‌ سالى 2003 حكومه‌تى عیراق ده‌یتوانى ببیته‌ ئه‌ندام و رِاسته‌وخۆش داوا له‌ داگاى تاوانى نێوده‌وڵه‌تى بكات تا لیكۆڵینه‌وه‌ بكات له‌ تاوانى سه‌رانى پێشووى عیراق (واته‌ ئه‌ندام بوون و رِه‌زامه‌ندى ده‌وڵه‌تى عیراق دیتوانى رِیگا به‌ دادگاى تاوانى نێوده‌وڵه‌تى بدات تا لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ تاوانه‌كانى رِژێمى پێشوو بكات).چوونكه‌ به‌ پێ‌ ى یاساى نێوده‌وڵه‌تى راسته‌ ده‌وڵه‌ت سه‌روه‌رى و مافى خۆى هه‌یه‌ به‌لام له‌ هه‌مان كات مافى وازهینانیشى هه‌یه‌ له‌ هه‌ر مافێكى خۆى.وه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ بكرابا ئه‌وه‌ سوودى ئه‌وه‌ ى بۆ كورد ده‌بوو كه‌ دادگایى كردنى سه‌رانى رِژێمى عیراق ده‌بووه‌ دادگایه‌كى نێوده‌وڵه‌تى, وه‌ رِاسته‌وخۆ تاوانه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كانیش دژ به‌كورد به‌ نێو ده‌وڵه‌تى ده‌ناسران .

 

جگه‌ له‌ مانه‌ش ئیلتیزامى حكومه‌تى عیراقیش بۆ قه‌ره‌بۆ كردنه‌وه‌ى خه‌ڵكى كوردستان بۆ (زیانى مادى و مه‌عنه‌وى بۆخه‌لك و هاولاتى ئاسایى زیان لێكه‌وتووى كوردستان- وه‌ زیانى ژینگه‌یى و ژیرخانى ئابوورى بۆ هه‌رێمى كوردستان تێكرِا) ده‌بووه‌ ئیلتیزامێكى نێوده‌وڵه‌تى.بۆیه‌ حكومه‌تى عیراق نه‌یده‌ توانى خۆ ى بدزیته‌وه‌ لێیان و دواى بخات.به‌لام ئه‌مه‌ له‌و كاته‌دا نه‌كراو له‌ سه‌ر كورد تیپه‌رِى.جگه‌ له‌مانه‌ ده‌بوایه‌ عیراق دواى ده‌رچوونى حوكمه‌كانى دادگاى بالاى تاوانه‌كانى عیراق له‌ سه‌ر جینوسایدى كوردو تاوانى نێوده‌وڵه‌تى و تاوانى جه‌نگ دژ به‌ كورد, ببا به‌ ئه‌ندام له‌ نیزامى رِوما.به‌ تایبه‌ت كاتێك خودى په‌رله‌مانى عیراق به‌برِیارى ژماره‌ (26) له‌ سالى 2008 دانى نا به‌وه‌ى كه‌ (ئه‌و تاوانانه‌ى له‌ لایه‌ن رِژێمه‌كانى پێشوو دژ به‌ كورد ئه‌نجام دراون له‌ عیراق جینوسایده‌).1 كه‌واته‌ ده‌وڵه‌تى عیراق خودى حۆى له‌ رِیگاى په‌رله‌مانه‌كه‌ى دانى نا كه‌ كورد له‌ عیراق جینوساید كراوه‌.

پرسیار لێره‌ ئه‌وه‌یه‌ حكومه‌تى ئێستاى عیراق كه‌ له‌ دواى سالى 2003 وه‌ له‌ سیسته‌مێكى ناوه‌ندى گۆرِا بۆ وولاتیكى فیدراڵى, ئه‌مه‌ش له‌ ده‌ستوورى عیراقى سالى 2005 چه‌سپێنراوه‌ و رِاگه‌یه‌نراوه‌ كه‌ عیراقى نوى له‌ سه‌ر بنه‌ماى دیموكراتى و رێز گرتن له‌ مافه‌كانى مرۆڤ دروست كراوه‌ته‌وه‌.ئه‌مه‌ش وه‌ك گه‌ره‌نتیه‌كى یاسایى و ئه‌خلاقیه‌ كه‌ جاریكى تر ئه‌م تاوانه‌ نێوده‌وڵه‌تیانه‌ له‌ عیراق رِوو ناده‌نه‌وه‌.كه‌واته‌ بۆ وه‌ك نیاز پاكیه‌ك بۆ ئه‌م بانگه‌شانه‌ ده‌وڵه‌تى عیراق له‌ دواى 2003 یان پاش ده‌رچوونى ده‌ستوورى هه‌میشه‌یى له‌ 2005 یان پاش ده‌رچوونى حوكمه‌كانى دادگاى بالاى تاوانه‌كانى عیراق یان پاش دان نان به‌ جینه‌سایدى كورد له‌ 2008 نه‌بووه‌ ئه‌ندام له‌ نیزامى رِوما بۆ دادگاى تاوانى نێوده‌وڵه‌تى.هه‌رچه‌نده‌ عیراق له‌ 15 شوباتى 2005 چووه‌ ناو نیزامى رِوما به‌لام دواى دوو هه‌فته‌ كشایه‌وه‌ و بێ‌ ئه‌وه‌ى هیچ روونكردنه‌وه‌یه‌ك بدات له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ .ئه‌مه‌ باس كراوه‌ له‌ وێبسایتى وولاتانى هاوپه‌یمانى نیزامى رِوما.2

 

ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ بكرابا ئه‌وا زۆر له‌ له‌و رِووداوانه‌ى له‌ عیراق له‌ سالى 2005 ه‌وه‌ رِویانداوه‌ وه‌ك په‌راویز خستنى سیاسى كه‌ هۆكار بوون بۆ جه‌نگى تایفى و بگره‌ له‌ رِووبه‌رِووبوونه‌وه‌كان تاوانى نێوده‌وڵه‌تیش رِوویانداوه‌ وه‌ك تاوانى جه‌نگ و دژه‌ مرۆڤایه‌تى له‌ شه‌رِى تایفى نیوان شیعه‌و سوننه‌كه‌ هه‌وڵى پاكتاوى یه‌كتریان ده‌دا.هه‌روه‌ها له‌ بۆمبارانكردنه‌كانى سوپاى عیراقى بۆ ناوچه‌كانى عیراقى بیگومان ئه‌وانه‌ به‌رپرسیاریان بۆ حكومه‌تى عیراق و كاربه‌ده‌ستانى دروست ده‌كرد كه‌ بكه‌رى راسته‌وخۆ یان هانده‌ر یان هۆكار بوون بۆ ئه‌م تاوانانه‌, له‌ رِووى دادگایی كردنیان و قه‌ره‌بۆ كردنه‌وه‌ى زیان لێكه‌وتووان.واته‌ ئه‌گه‌ر عیراق ببا ئه‌ندام له‌ نیزامى رِوما و دادگاى تاوانى نێوده‌وڵه‌تى ئه‌وه‌ كاربه‌ده‌ستانى عیراق به‌ تایبه‌ت په‌رپرسانى بالاى سیاسى و سه‌ربازى كه‌ بریارى یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یان لا بووه‌ له‌ به‌رِیوه‌ بردنى وولات ٍسـڵیان ده‌كرده‌وه‌ له‌ ئه‌نجامدانى ئه‌م هه‌ڵه‌و تاوانانه‌.یان به‌ لاى كه‌م دواى ئه‌نجام دانى ئه‌م تاوانانه‌ ده‌توانرا ملاحقه‌ى یاسایى بكرین و په‌لكیشى به‌رده‌م دادگاى تاونى نیوده‌ولتى بكرین.به‌ مانایه‌كى تر گه‌ر عیراق ئه‌ندام بووایه‌ له‌ نیزامى رِوما ئه‌وا دادگاى تاوانى نێوده‌وڵه‌تى ده‌بووه‌ چاودێرێك به‌ سه‌ر عیراق بۆ هه‌رتاوانێكى نێوده‌وڵه‌تى وه‌ دادگاكه‌ ده‌یتوانى رِاسته‌وخۆ دۆسیه‌ى لێكۆڵینه‌وه‌ بكاته‌وه‌ بۆ هه‌ر تاوانیكى نێوده‌وڵه‌تى كه‌ له‌ عیراق روویده‌دا وه‌ ملاحقه‌ى به‌رپرس و ئه‌نجامده‌رانیشى ده‌كرد.

 

به‌لام دیسان كه‌ ئه‌وه‌ش نه‌كراوه‌ فه‌رموون, گه‌ر ته‌نها له‌ ساڵى 2005 وه‌ ئه‌ژمار بكه‌ین ئه‌و تاوانانه‌ى كه‌ له‌ عیراق رِوویانداوه‌ كه‌ بیگومان كه‌سانێكیان له‌ دوا بووه‌ یان لێ‌ ى به‌رپرسن, وه‌ كه‌ڵه‌كه‌ بوونیان فه‌شه‌لى سیاسى عیراقى به‌ دوا داهات له‌ چه‌ق به‌ستوویى پرۆسه‌ى سیاسى و له‌ ده‌ستدانى ئاسایشى وولات و ئه‌و زیانانه‌ى كه‌ به‌ر هاولاتیانى عیراق كه‌وتووه‌.به‌لام كه‌س خۆى به‌ به‌رپرسار نازانێ‌ و تاوانباران و به‌رپرسانیش به‌ ئاسانى لێ‌ ى رِه‌ت بوون و تاكه‌ زه‌ره‌رمه‌ندیش هاولاتیانى عیراق بوون.ئه‌وه‌ له‌ كاتیك دا له‌ یاساى نێوده‌وڵه‌تى دا ده‌وڵه‌ت به‌رپرسه‌ له‌ پاراستنى هاولاتیانى خۆى, هه‌روه‌ك له‌ ریَِكه‌وتنى سالى 1948 تایبه‌ت به‌ (به‌رگرتن و سزادانى تاوانى جینوساید) دا هاتووه‌ كه‌ ده‌وڵه‌تان ده‌بێ‌ دوور بن و نابى جینوساید ئه‌نجام بده‌ن هه‌تا به‌رپرسن له‌وه‌ى كه‌ رِێگرى بكه‌ن له‌ ئه‌نجامدانى به‌ هه‌ر رِێگه‌یه‌ك كه‌ پێیان ده‌كرێت, هه‌تا ئه‌گه‌ر له‌ ده‌ره‌وه‌ى سنوورى ده‌وڵه‌تى خۆشیان بیت.3 ئه‌وه‌ چ جاى ئه‌وه‌ى عیراق وه‌ ك ده‌وڵه‌ت نه‌یتوانى رِێگرى بكات له‌ جینوساید و تاوانى مرۆڤایه‌تى و جه‌نگ كه‌ ئه‌نجام دران و دوو باره‌ بوونه‌وه‌ دژ به‌ هاولاتیانى خۆى و له‌ ناوسنورى عیراق دا له‌ لایه‌ن گروپى تیرۆریستى داعش دژ به‌ كوردانى ئیزدى و كریستیان و شه‌به‌ك و كاكه‌ییه‌كان.

.

بۆیه‌ دیسان دیڵێمه‌وه‌ گه‌ر عیراق ئه‌ندام بووایه‌ له‌ دادگاى تاوانى نیوده‌وله‌تى ئیستا حكومه‌تى هه‌ریمى كوردستان بارى زۆر سوك ده‌بوو له‌ ناساندن و ده‌ست پێ‌ كردنى لیكۆڵینه‌وه‌ له‌ وتاوانه‌ نێوده‌وڵه‌تیانه‌ى به‌رامبه‌ر كوردانى ئیزدى ئه‌نجام دران.هه‌تا پیویستى به‌ هه‌وڵ نه‌ده‌كرد تا دادگاى تاوانى نێوده‌وڵه‌تى بێته‌ سه‌ر خه‌ت به‌لكو ئیستا دادگاكه‌ خۆى رِاسته‌وخۆ ده‌ستى به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ش كردبوو وه‌ ئه‌مه‌ش له‌ ئه‌نجامدا ده‌بووه‌ پالپشتیه‌كى نێوده‌وڵه‌تى گه‌وره‌ تر بۆ هه‌رێمى كوردستان له‌ رووى سیاسى و ئابوورى و پاراستنى مافى قوربانیه‌كان له‌ قه‌ره‌بۆ.

 

ئێستاش كاتى پێشنیاره‌كه‌م هاتووه‌ كه‌ هه‌رچه‌نده‌ سه‌ركردایه‌تى سیاسى كوردستان له‌ ماوه‌ى رِابردوو پرسى به‌ ئه‌ندام بوونى عیراقى له‌ نیزامى رِوما وه‌ك خاڵێكى سه‌ره‌كى یان وه‌ك داواكاریه‌كى سه‌ره‌كى خه‌ڵكى كوردستان نه‌خستۆته‌ سه‌ر میزى گفتوگۆ له‌ كاتى به‌شداریكردنى له‌ گفتوگۆكانى پیك هێنانى حكومه‌تى عیراق له‌ خوله‌كانى پێشوو.به‌لكو هه‌وله‌ كان له‌م لایه‌نه‌ ته‌نها له‌ ریگاى رِیكخراوه‌كانى كۆمه‌لگه‌ى مه‌ده‌نى و یاساناس و ماف پارێزان و هه‌وڵى گروپ و رِێكخراوه‌یى بووه‌ كه‌ هیچ ئه‌نجامێكیان نه‌بووه‌.به‌لام هه‌روه‌ك له‌م نوسینه‌م رِوونكراوه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌م بابه‌ته‌ چه‌ند گرنگ بووه‌ بۆ كورد و خه‌ڵكى كوردستان بۆیه‌ ده‌بووا ئه‌م بابه‌ته‌ یه‌كێك بیت له‌ مه‌رج و داواكاریه‌كانى خه‌ڵكى كوردستان له‌ رِابردوو دا شان به‌ شانى بابه‌تى (ماده‌ى 140 – بودجه‌- پیشمه‌رگه‌ (بودجه‌و پرچه‌ك كردنى) – نه‌وت و گاز- هاوبه‌شى له‌ بریارى سیاسى) .

 

له‌ به‌ر ئه‌مانه‌ له‌ ئیستادا كه‌كورد له‌ سه‌روبه‌ندى گفتوگۆى به‌شدارى كردنه‌ له‌ خولى سێیه‌مى پێك هێنانى حكومه‌تى عیراق, پێشنیار ده‌كه‌م بۆ سه‌ركردایه‌تى سیاسى كوردستان و نوێنه‌رانى هه‌رێمى كوردستان بۆ دانوستان كه‌ ئه‌ندام بوونى عیراق له‌ نیزامى رِوماو دادگاى تاوانى نێوده‌وڵه‌تى بكه‌نه‌ یه‌كێك له‌ مه‌رج و داواكاریه‌كانى خه‌ڵكى كوردستان.چوونكه‌ ئه‌مه‌ له‌ لایه‌ك بۆ داهاتوو گرنگه‌ كه‌ گه‌ره‌نتیه‌ك ده‌بێ‌ بۆ خه‌ڵكى كوردستان بگره‌ ته‌واوى عیراق له‌ دووباره‌ نه‌بوونه‌وه‌ى تاوانى نێوده‌وڵه‌تى له‌م وولاته‌.هه‌روه‌ها ده‌كرێت رِیگایه‌ك بێت بۆ گه‌یاندنى كه‌یسى جینوسایدى كوردانى ئیزدى به‌ دادگاى تاوانى نێوده‌وڵه‌تى چوونكه‌ یه‌كێك له‌ رِیگاكانى ده‌ست كردن به‌ لێكوڵینه‌وه‌و جولاندنى كه‌یس له‌ به‌رده‌م دادگاى تاوانى نێوده‌وڵه‌تى بریتیه‌ له‌ داواكردنى خودى ده‌وڵه‌ت و رِازى بوون و رِیگه‌دان به‌ دادگاى تاوانى نێوده‌وڵه‌تى بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ هه‌رتاوانێكى نێوده‌وڵه‌تى كه‌ له‌سنوورى ده‌وڵه‌ته‌كه‌ دا رِوویانداوه‌.

 

 بۆیه‌ له‌ رِووى یاسایى كورد ده‌توانێت ئه‌وه‌ بكاته‌ مه‌رجى به‌شدارى له‌ حكومه‌تى عیراق كه‌ عیراق ببیته‌ ئه‌ندام له‌ نیزامى رِوما وه‌ وه‌ پاشان عیراق داواش بكات له‌ دادگاى تاوانى نێوده‌وڵه‌تى كه‌ بێت لیكۆڵینه‌وه‌ بكات له‌ تاوانى جینۆسایدى كوردانى ئیزدى له‌ شه‌نگال.كه‌ لام وایه‌ ئه‌مه‌ رِیگایه‌ كى نزیك و به‌سوود ده‌بیت هه‌م بۆ ناساندنى تاوانه‌كه‌ و به‌ نێوده‌وڵه‌تى كردنى هه‌روه‌ها بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ى قه‌ره‌بۆ بۆ قوربانیه‌كان.وه‌ ئه‌گه‌ر عیراق به‌م مه‌رجه‌ رِازى نه‌بێت پێم وایه‌ ده‌بێ‌ پرسیارو گومانێكى گه‌وره‌ لاى نوێنه‌رانى كوردو خه‌ڵكى كوردستان درووست بیت كه‌ده‌بێ‌ وه‌لام بدرێته‌وه‌ پرساره‌كه‌ش ئه‌وه‌یه‌ - بۆ عیراق به‌مه‌ رِازی نابێت ؟؟؟ هه‌روه‌ها دوور مه‌بینن مه‌ینه‌تیه‌كانى پێشوو بۆ سه‌ر كوردستان چه‌ند باره‌ ببنه‌وه‌!

 

به‌ هیواى داهاتوویه‌كى گه‌شتر بۆ كوردستان و خه‌ڵكه‌ خۆرِاگرو مرۆڤ دۆسته‌كه‌ى

سه‌ركه‌وتوو بن ...

 

سه‌رچاوه‌كان:

 

1-       العراق – اتحادی – قرار رقم 26 فی 10-09-2008 لوقائع العراقیه‌ | رقم العدد:4087 | تاریخ:22/09/2008 | عدد الصفحات: 1 | رقم الصفحه‌:1

< http://www.iraqld.com/LoadLawBook.aspx?SP=ALL&SC=261120087557616>

 

2-       Coalition for the International Criminal Court

< http://iccnow.org/?mod=country&iduct=80>

 

3-       اتفاقیه‌ منع جریمه‌ الإباده‌ الجماعیه‌ والمعاقبه‌ علیها 1948

< http://www1.umn.edu/humanrts/arab/b087.html>

 

 

هه‌ڵگرى برِوانامه‌ى ماسته‌ر له‌ یاساى گشتى له‌ زانكۆى برِونیل - له‌نده‌ن

ژماره‌ى مۆبایل: 07504821538

 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

Related Articles