ئێستا كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌........!!!!؟ سه‌ردار جاف

زیاتر له‌ هه‌شت ساڵ ده‌بێت ئێراق له‌ نێو گێژاوێكی سه‌ختدا ده‌خولێته‌وه‌ كه‌ خودی سیاسه‌توانه‌كانی وڵات ده‌ستیان له‌ پۆلینكردنی كه‌سایه‌تی دیكتاتۆر هه‌بووه‌، ئه‌گه‌رچی پێده‌چێت خودی ئه‌و كه‌سه‌یش نوری مالیكی چه‌ندین به‌ڵێن و په‌یمانی بێبنه‌ما و فشۆڵی به‌ سه‌رانی ئێراق دابوو، هاوكات ده‌كرێ بڵێین له‌ گه‌ڵ په‌یمان و به‌ڵێنه‌كانیخۆی راستگۆ نه‌بوو و وڵاتی به‌ره‌و لێواری مه‌رگ برد له‌ رێی ده‌سه‌ڵاتێكی دیكتاتۆری زۆر مه‌ترسیدار و جوكمڕانێتێیه‌كی دڕندانه‌، كه‌ پێشتر ئێراق به‌ خۆیه‌وه‌ نه‌دیبوو ره‌نگه‌ له‌ ئاینده‌یشدا به‌ خۆییه‌وه‌ نه‌بینێ، هه‌رچه‌نده‌ پیاده‌كردنی سیستماتیكێكی دیكتاتۆری له‌ جڵه‌وگرتنی سوپاوه‌ ده‌ست پێده‌كات، كه‌چی مالیكی نه‌ك سوپای به‌هێزكرد له‌ پێناو جڵه‌وی فه‌رمانڕه‌وایی خۆی و حیزبه‌كه‌ی، به‌ڵكو هیچ متمانه‌ و بڕوایه‌كی به‌و سوپایه‌ نه‌بوو، كه‌ كورد و سوننه‌ی تێدا بوو، بۆیه‌ یه‌كسه‌ر ده‌ستی به‌ دوورخستنه‌وه‌ی كورد دواتریش سوننه‌ كرد پاشان نه‌یارانی خۆی ده‌ركرد به‌ ته‌واوی به‌ سه‌ر سوپایه‌كی ئیفلیج و بێتوانا و بێبنه‌مادا گرت، كه‌ دواتر له‌ موسل و ناوچه‌ سوننه‌نشینه‌كانی تكریت و دیالی و شوینه‌كانی تر و ئه‌نبار و فه‌لوجه‌دا بینی ئه‌و سوپایه‌ چۆن له‌ به‌ریه‌ك هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌ هیچ ئه‌رزشێكی ئه‌وتۆی نه‌ما و هیچ مانا و ده‌لاله‌تێك بۆ ئه‌و سوپایه‌ نه‌ما كه‌ پێشتر عاره‌بی ئێراقی شانازی پێوه‌ ده‌كرد، ناچار دیكتاتۆری نوێ زێتر هه‌نگاوی به‌ره‌و لاوازكردنی سوپاكه‌نا و له‌ بری به‌هێزكردنی بایه‌خی به‌ میلیشیا چه‌كداره‌كانی شیعه‌هه‌زهه‌بدا كه‌ سه‌راپایان به‌ ریموتكۆنترۆلی ده‌ره‌كی به‌رێوه‌ ده‌چن و هاوكات هێزێكی خاوه‌ن بیروباوه‌ڕ خۆیان گوته‌نی سوپایه‌كی (عقائیدین)، ئه‌م میلیشیا چه‌كداره‌ مه‌زهه‌بگه‌راییانه‌ بیروباوه‌ڕێكی رۆحی له‌ ناخیاندا جێگیر بووه‌ كه‌ شه‌ڕی مان و نه‌مان و ره‌فتاری زۆر دڕندانه‌ دژ به‌ نه‌یارانیان ئه‌نجام ده‌ده‌ن، ته‌نانه‌ت دژ به‌ خودی مه‌زهه‌بی خۆیانیش له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی نه‌یاری رێچكه‌ و رێبازیانن، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌و دڕندایه‌تییه‌ی ده‌رهه‌ق به‌ مه‌زهه‌ب و نه‌ته‌وه‌ و ئایینی دیكه‌ ئه‌نجامیان ده‌دا، ئه‌و فیلمه‌ دیكۆمینتاریانه‌ی له‌ كه‌ناڵه‌ میدیاییه‌كانی سوننه‌ مه‌زهه‌به‌وه‌ نیشان ده‌درێن گه‌واهیده‌ری نوسینه‌كانمانن، تا ئێستایش ئه‌و گروپ و میلیشیا چه‌كدارانه‌ ئیمڕۆیشی له‌ ته‌كدا بێت ده‌سه‌ڵاتی باڵایان هه‌یه‌ و بۆ حكومه‌ته‌كه‌ی ئه‌بادی بۆته‌ ئاریشه‌، ئه‌گه‌ر بۆ خۆی (ئابادی) مه‌یلی له‌ سه‌ر نه‌بێت پێمان وایه‌ نه‌توانن هه‌مان ره‌فتاری دیكتاتۆری پێشوو (مالیكی) ئه‌نجام بده‌ن، یان تا ئێستا له‌ ژێر ئومره‌تی مالیكیدان و ئاماده‌ نین گوێ له‌ ده‌سه‌ڵاتی تازه‌ بگرن، ئه‌و گروپانه‌ كه‌ خۆیان له‌ حه‌وت گروپی میلیشیایی ته‌نیوه‌ زۆر به‌ زه‌حمه‌ت هه‌ڵده‌وه‌شێنه‌وه‌، ره‌نگه‌ كارێكی وا سانا نه‌بێت بۆ هایه‌ر ئابادی چونكه‌ وا نیشان ده‌درێت مه‌رجه‌عیه‌ته‌كان پاڵپشتیان لێ ده‌كه‌ن و ئه‌وانیش ته‌نها له‌و رێگایه‌وه‌ ده‌توانن باڵا ده‌ستی خۆیان و بڕیاره‌كانیان به‌ سه‌ر ئێراقدا بسه‌پێنن ده‌نا كه‌س گوێیان لێناگرێ به‌تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ی لاگیری شه‌ڕی دژ به‌ سوننه‌كانیان گرت، ئه‌وه‌یشی له‌ ناویاندا ئاماده‌ نه‌بوو شه‌ڕی مه‌زهه‌بگه‌رایی پشتگیری بكات هه‌ڵیانكوتایه‌ سه‌ری و به‌ ده‌سیسی وڵاتێكی ده‌وروبه‌ر هه‌موو هه‌واداران و موردیدانی (سه‌ید حه‌سه‌ن ئه‌لێه‌رخی) راوه‌دوونران و گیران و كوژران و دواتریش ته‌رمه‌كانیان لێره‌و له‌وێ هه‌تكرا، ئه‌گه‌ر سوپایه‌كیش مابێت ئه‌وا له‌رزۆك و ته‌نراو به‌ مه‌زهه‌بی شیعه‌ به‌ ده‌گمه‌ن كه‌سانی بوێر و ئازای تێدا ده‌رده‌كه‌وێ كه‌ به‌ رووی بڕیاره‌ دڕندانه‌كانیانه‌وه‌ بوه‌ستێت، سه‌رۆكوه‌زیرانی تازه‌یش ناتوانێ به‌ سانایی ئه‌و سوپا كۆنترۆڵ بكات ئه‌گه‌ر له‌ میتۆدی ئه‌و وڵاته‌ ده‌ره‌كییه‌ لابدات.

 له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ به‌ درێژایی ئه‌و هه‌شت ساڵ ته‌مه‌نه‌ی حوكمڕانی نوری مالیكی سه‌رۆكوه‌زیران و فه‌رمانده‌ی ره‌های هێزه‌چه‌كداره‌كانی ئێراق، به‌ زه‌بری هێز و به‌ دڕنده‌ترین شێوه‌ لێره‌و له‌وێ به‌ربووه‌ وێزه‌ی مه‌زهه‌ب و نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ی ئێراق و قه‌سابخانه‌یه‌كی خولقاند و قه‌تلوعامی وای ئه‌نجامدا له‌ سه‌رده‌م و رۆژگارانی دیكتاتۆره‌كانی پێشووی ئێراق رووی نه‌دابوو زه‌قتترینیان گولله‌بارانكردنی نوێژكه‌رانی مزگه‌وتی موسعه‌ب بین عومه‌یر و سه‌ره‌تای ئه‌م شه‌ری دژه‌ سوننه‌ و كورده‌ له‌ دوای 10 / 6 / 2014 به‌ ئاشكرا ئه‌نجام ده‌درا و په‌رده‌ی له‌ سه‌ر هه‌ڵماڵدرا، به‌ داخه‌وه‌ مه‌رجه‌عییه‌تی شیعه‌یش وه‌ك پێویست له‌ ئاست رووداوه‌كاندا نه‌بوون و به‌ فیتی وڵاتێكی ده‌ره‌كی زیاتر به‌نزینیان به‌ ئاگره‌كه‌دا ده‌كرد و ئاگری شه‌ڕیان به‌ جۆشتر ده‌كرد جگه‌ له‌ مه‌رجعییه‌تی (سه‌ید حه‌سه‌ن ئه‌لێه‌رخی) نه‌بێت، دژ به‌و كارانه‌ بوو دواتریش خۆی و هه‌وادارانیان باجه‌كه‌یان دایه‌وه‌ و راوه‌دوونران، ئیتر ئه‌و فتوای مه‌رجه‌عییانه‌ بووه‌ جاڕدانی شه‌ڕ دژی سوننه‌ و بنكه‌ و مه‌ڵبه‌ندی وه‌رگرتنی خۆبه‌خشیان كرده‌وه‌ و ته‌نانه‌ت كار گه‌یشته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی سه‌ركرده‌ی هه‌ندێ لایه‌نی دیار و به‌رچاوی شیعه‌ كه‌ خۆیان له‌ ژێر عه‌مامه‌كاندا مه‌ڵاس دابوو، جبه‌و عه‌مامه‌یان لێ فڕێداو به‌رگی (جیش الشعبی) یان پۆشی ئه‌مه‌یش ئاماژه‌یه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی ئیتر پێویسته‌ هه‌موو شیعه‌ چه‌ك هه‌ڵبگرێت به‌ تایبه‌ت ئه‌ندام و هه‌وادارانی لایه‌نه‌كه‌ی خۆی، وه‌ڵامی هه‌ڵه‌یان به‌ هه‌ڵه‌ دایه‌وه‌، دڵنیاین مه‌رجه‌عیه‌ت به‌ عه‌قڵانیه‌تی خۆی و بێ ریموتكۆنتۆل كاری بكردبا كار به‌م ئه‌ندازه‌ی ئه‌مڕۆ نه‌ده‌گه‌یشت، ئه‌و شه‌ڕه‌ زیاتر كڵپه‌ی سه‌ند و ئاگره‌كه‌ی كوردیشی گرته‌وه‌ ئیدی چ جای له‌ به‌غدا گه‌نجانی كورد رفێندران و دواتر شه‌هیدكران یان به‌ هۆی داعشه‌وه‌ ئاگره‌كه‌یان له‌ ماڵی كورد به‌ردا بێگومان ئێستایش وا چاوه‌نواڕ ده‌كه‌ین ئه‌م شه‌ڕه‌ سه‌ری خۆیان ده‌خوا، چونكه‌ سه‌راپا كورد دروشمی (كوردستان یان نه‌مان) یان به‌رز كردۆته‌وه‌، رووداوه‌كانیش راستی و ئاماژه‌ به‌راییه‌كان ده‌خه‌نه‌ روو، كورد ده‌ڵێ تاریكی شه‌و سه‌ر له‌ ئێواره‌ دیاره‌.

به‌م جۆره‌ مالیكی توانی تا ئه‌ندازه‌یه‌ك مه‌رام و ئامانجه‌كانی خۆی بپێكێ وای له‌ مه‌رجه‌عییه‌تی شیعه‌ بكات پاڵپشتی بكه‌ن و ره‌وایه‌تی به‌ شه‌ڕه‌كه‌ی بده‌ن، ئیدی مالیكی دووچاری بوغرایی و سه‌ره‌رۆیی خۆی بوو پێیوابوو ئه‌وا له‌ وڵاتی ده‌ره‌وه‌ پاڵپشتی ده‌كرێ و مه‌حاڵه‌ له‌ كورسییه‌كه‌ی لا ببردرێت، جگه‌ له‌ بڕینی موچه‌ و بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان كه‌ بۆی چووه‌ سه‌ر و تا نوسینی ئه‌م بابه‌ته‌یش هایه‌ر ئابادی جێبه‌جێی ئه‌و بڕیاره‌ی ده‌كات، مالیكی زێتر پێی لێ هه‌ڵكێشا و هه‌ولێری پایته‌ختی كوردانی به‌ پێگه‌ و مۆڵگه‌ی تیرۆریستان له‌ قه‌ڵه‌مدا و تا ئێستایش له‌م قسه‌یه‌ی پاشگه‌ز نه‌بۆته‌وه‌ ئه‌وی دوای خۆیشی رۆژێك لێدوانی نه‌دا بڵێت ئه‌وه‌ قسه‌ی خۆیه‌تی و بۆ كلك گرێدانیش ئاماده‌ بوو روو له‌ سلێمانی بكات به‌ڵام به‌ هه‌مان شێوه‌ی مالیكی ئاماده‌ نییه‌ بچێته‌ هه‌ولێر كه‌ پایته‌ختی ده‌سه‌ڵات و رێ چاره‌سه‌ری گرفت و ئاریشه‌كانه‌، لێره‌وه‌ داوا ده‌كه‌ین سه‌ركرده‌كانی كورد ئیدی به‌سه‌ و خۆ به‌كه‌م و سووك نه‌زانن میلله‌تێك له‌ پشتانه‌ و له‌ ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی پاشگه‌ز نه‌بنه‌وه‌، ئێمه‌ نه‌ سكوتله‌نداین نه‌ باسك و نه‌ كه‌ته‌لۆنیا.

 پێ هه‌ڵبڕینی مالیكی بۆی نه‌چووه‌ سه‌ر و رۆژئاوا چیدیان قبوڵنه‌كرد كه‌ هه‌ولێر به‌ پێگه‌ و مۆڵگه‌ی تیرۆریستان بزانێت چونكه‌ كورد له‌ شه‌ڕی سه‌ختتدا بوو، ئیدی ئاغاكانیشیان تیگه‌یشتن كه‌ گڵۆڵه‌ی مالیكی به‌ره‌و لێژی ده‌ڕوا، بۆیه‌ پشتیان تێكرد و له‌ كورسییه‌كه‌ی غلۆریان كرده‌وه‌، مه‌رجه‌عیه‌تیش هه‌مان هه‌ڵوێستیان ده‌ربڕی.

 رۆژی 14 / 9 / 2014 له‌ به‌غدای پایته‌خت خۆنیشاندانێكی به‌رفراوان به‌رێوه‌ چوو دژ به‌ نوری مالیكی و داروده‌سته‌كه‌ی و داوای دادگاییكردنیان ده‌كرد، ئێمه‌ پێمانوایه‌ كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ كوردیش ده‌نگی خۆی بخاته‌ پاڵ هه‌موو ئه‌و ده‌نگانه‌ی داوای دادگاییكردن و لێپرسینه‌وه‌ له‌ مالیكی ده‌كه‌ن، چونكه‌ نانبڕینی خه‌ڵكی كوردستان جۆرێكه‌ له‌ تیرۆرو به‌ هێمنی كوشتنی خه‌ڵكی سیڤیل، ئه‌مه‌یش چی كه‌متر نییه‌ له‌ تیرۆر و كوشتنی راسته‌وخۆ، هه‌روه‌ها لێره‌وه‌ داوا له‌ هه‌ر تاكێكی كورد ده‌كه‌ین ده‌نگ به‌ ئه‌و ئیمزا كۆكردنه‌وه‌ بده‌ن كه‌ بۆ ناساندنی ئه‌و میلیشیاییانه‌یه‌ به‌ تیرۆریست، ئه‌و شیعره‌ی مه‌حوی به‌ بیربێنینه‌وه‌، كه‌ ده‌ڵێ:

 كه‌سێ شێتانه‌ به‌ردم تێبگرێ من به‌رقی تێده‌گرم

 ئێمه‌ پێمانوایه‌ داخوازی خۆپیشانده‌ران له‌ جێی خۆیه‌تی، چونكه‌ هیچ پاساوێكیش بۆ دادگایی نه‌كردنی له‌ ئارادا نییه‌، هیچ جۆره‌ حه‌سانه‌یه‌كیش نه‌بێته‌ پاساو له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی پێشتر (تاریق هاشمی) هه‌مان حه‌سانه‌ی ئێستای مالیكی هه‌بوو و وڵات به‌ده‌ر كرا و راوه‌دوونرا، پێویسته‌ هه‌مان هه‌ڵوێستی له‌ گه‌ڵدا دووباره‌ بكرێته‌وه‌، پێویسته‌ داداگای باڵای ئیتیحادی گوێ له‌ داواكاری خۆپیشانده‌ران بگرێ و ناوبراو دادگایی بكات، به‌ رای ئێمه‌ كوردیش پێویسته‌ به‌ به‌رفراوانی پشتگیری له‌ دادگاییكردنی مالیكی بكات بۆ ئه‌وه‌ی كه‌سێكی دیكه‌ ئه‌و جورئه‌ته‌ نه‌كات قووتی بژێوی خه‌ڵكی ببڕێت و به‌ مه‌یل و ئاره‌زووی تاكڕه‌ویانه‌ و مه‌زهه‌بگه‌راییانه‌ حوكمی قه‌ره‌قووشی خۆی بكات.

 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

Related Articles