سینەمای قوبادی، و هەڵوێستەیەکی تر … سەردار عەبدوڵلا

 

 

 

ئەدای خراپ و هەڵسوکەوتی دەرهێنەری سینەمایی بەهمەنی قوبادی لە تەلەڤیزوێنی ڕووداو، بۆ زۆرێک لە بینەرانی چاوەڕوان نەکراوبوو. ڕوداو بەنیازی کار و هەڵوێستی دوو سینەماکاری گەورەی کورد لە مەڕ سینەمای کوردی بە بینەرانی بناسێنێ، بەڵام ئاستی نزمی گفتوگۆ و وەڵامی ئەو دووسینەماکارە، مایەی بێ هیوابوونێکی گەورەبوو بەو دووسینەماکارە و سینەمای کوردی.

لە ڕاستیدا من قسەم لەسەر ئەوە نییە کە خۆ بەکاریزما زانێک پێی وایە کە بێ ئەدەبی پێ کراوە، یاخود خەڵکی ئەم سینەماکارانەی خۆیان بۆ دەرکەوت کە تەنانەت ناشزانن لەبەرانبەر کامێرادا دوو قسەی حیسابی لەسەر کارەکەی خۆیان  بکەن! بەڵکو ڕەخساندنی فرسەتێکە بۆ هەڵوێستەیەک لەسەر سینەمای بەهمەنی قوابادی، کە تا ڕادەیەکی زۆر قسەکردن لەسەر ئەم سینەمایە قسەکردنە لەسەر سینەمای کوردی لەم سەردەمەدا

زۆر جار کاری دەرهێنەری سینەمایی لە کاری ڕۆماننوس سەختر و گرانترە، بەتایبەت کاتێک کار لەسەر تێمایەک دەکرێت کە  تێیدا ویژدان و مرۆڤ بوون تێیدا بە هەن وەردەگیرێت، بەهمەنی قوبادی لەم بوارەدا سەرکەوتووانە هاتۆتەدەر و زیرەکانە کاری لەسەر ویژدان ودۆزە ئینسانییەکان کردوە

بەگشتی لە سینەمای قوبادیدا، کۆپییەک لە واقیعێکی تاڵ دەبینین کە سیمای جەنگ و دوای جەنگە بە ماڵوێرانی و نەهامەتییەکانییەوە. هونەرمەندانی ڕۆڵگێڕی ئەم سینەمایە، زۆرتر ئەو هەژارانانەن کە لەبەردەمی کامێراکەی قوبادیدا بە سادەیی باس لە ژیانی راستەقینەی خۆیان دەکەن، ژیانی ئەوان لە پێش نمایشی فیلمەکان و دوای نمایشی فیلمەکان، هەمان شتە بەبێ ئاڵوگۆڕ! 

کۆمەڵگەی کوردی لەم سینەمایەدا، کۆمەڵگەیەکە بێ شارستانییە،  ژیانی گوندنشینی و شاخنشینی  شیێواز و ستایڵی ژیانی خەڵکەکەیەتی. کامێرا بە گشتی لەنێو شاخ و بەرداڵانی سروشتدایە و ئاوڕێک لە شارە جەنجاڵەکان ناداتەوە.

قوبادی زۆربەی ئێنرجی خۆی لە هەڵگەڕان بەسەر چیاکاندا سەرفدەکات و لەنێو شاخ و کێوەکاندا بەدوای نیشاندانی کێشەو نەهامەتییەکانی بێدەست وپێکانی ئەم وڵاتەوەیە!

دوا مەنزڵگای خەڵکانی ئاوارە وستەمدیەدەی گوندەکان، بەدەست شەڕ و بێکارییەوە، بریتی بووە لەشارە گەورەکان، چێرۆکی نێو شاخ و بەردەڵانەکانی ئەو مرۆڤە بێ دەست وپایانە زۆر جار لە شار درێژەی بەخۆی داوە،  ژیانی شار  و چیرۆکەکانی زۆر جار بۆ ئەو مرۆڤانە پڕ تراژیدیتر و بێ ڕەحمانەتر بوون. بەڵام کامێراکەی قوبادی ئەم بەشەی پێ ڕیکۆردناکرێت، وەک ئەوەی کوردستان تەنیا کێو و گوندبێت و شاری تێدا نەبێت.

خاڵێکی گرنگ و بەهێز کە سینەمای قوبادی تێدا بردۆتە پێشەوە، بوونی بینەرانێتی لە خەڵکانی غەیرە کورد لە ئەوروپا و وڵاتانی دەرەوە. بوونی ئەم زۆرە لەبینەر  بوارێکی ڕەخساندووە کە خەڵکی کورد بە جۆرێکی پیرۆز سەیری ئەم سینەمایە بکەن و کەسێک بە ئاسانی نەوێرێت ڕەخەنە لەم سینەمایە بگرێت.

بەلام ئایا بوونی بینەری زۆر لە خەڵکانی ئەوروپی لە هۆڵەکانی سینەمادا مایەی سەرکەوتنی فیلمەکانی قوبادییە؟

بەڕای من ئەمە ئەو پرسیارەیە کە قوبادی لەخۆی نەکردووە. لە لێکۆڵینەوەیەکدا کە لەسەر بینەرانی  بەرنامەکانی تەلەڤیزیۆن لە سوید کرا، دەرکەوت کە زۆرێک لە بینەران سەیری بەرنامەیەک دەکەن بەبێ ئەوەی خۆیان پێیان خۆش بێت. واتە بوونی بینەری زۆر بۆ بەرنامەیەک نیشانەی سەرکەوتنی خودی بەرنامەکە و لێدەرەکەی نییە!

بەڕای من ژمارەی زۆری بینەران و چەپڵە ڕێزانەکانیان فوویەکی وا گەورەی کردۆتە کەسایەتی قوبادی، کە پرسیارێکی ئاسایی هیوا جەمالی ڕۆژنامەوان بەبێ ئەدەبی و سنووربەزاندن بزانێت بەرانبەر کەسایەتییە کاریزماکەی خۆی.

کەرەسەی سینەمایی و ئاستی هونەری سینەمایی قوبادی بۆ بینەری ئەوروپی زۆر ساددەیە، بەڵام ئەوەی بینەری بۆ کۆکردەوە، هەڵبژاردنی خودی ئەو بابەتانەن کە ناوازە و نەبینراون لای بینەرانی دەرەوە، لەڕاستیشدا ئەمە سێکتۆرێکی گرنگە لە پێکهاتەی سینەمای قوبادیدا.

زۆرێک لە ئەوروپییەکان زۆر لایان خۆشە و هەروەها زۆرێش تینوون، لە دنیای پڕ جەنجاڵی مۆدێرنیزم و شارستانی دنیای خۆیاندا،  هەزاران میل ببڕن تاکو لە ناوچەکانی ئەمازۆن و دارستانەکانی ئوسترالیا چاویان بە دواکەوتوویی و سادەیی مرۆڤە ڕەشپێست و سورەکان بکەوێت. ئەم جۆرە لە ئامادەیی بۆ بینینی دواکەوتوویی مانای سەرکەوتنی ئەو مرۆڤە دواکەوتوانە لە شارستانی نییە کە لە دووری هەزاران میلەوە هاتوون بۆ سەیریان.

قوبادی لە ڕێگەی سینەماکەیەوە، ریسک، ومەسرەفی سەفەری بۆ ئەو ئەوروپیانە کەمکردەوە کە لە دڵەوە پێیان خۆشە ئەم جۆرە سەمەرەیە لە ژیانی بەشێکی تر لە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی تەنیا بەبڕینی بلیتێکی سینەمایی ببینن .

لە ڕاستیدا بۆ ئەو ئەوروپیانەی کە لەدوای بینینی فیلمەکانی قوبادی پێیان خۆشە، ژیانی سەیرو سەمەرەی نێو فیلمەکانی قوبادی لە نزیکەوە بە لایڤ بەچاوی خۆیان ببینن ئەوا بە هەڵەدا چوون، چوونکە ئەوە بەشێکی کەمە لە ژیانی شارستانی خەڵکی کوردسان بەگشتی و ژیانی ئەو کارەکتەرانش بەتایبەتی. هەرچەندە ئاساییە لە کۆمەڵگە هەرە پێشکەوتووەکانی دنیادا خەڵکانێک ببینین کە شێوەژیانی سەدەکانی ناوەڕاست سەپێنراو بەسەریاندا، ئەمەش بۆ کۆمەڵگەی کوردیش دەکرێت ڕاست بێت، بەڵام چەقبەستن بەتەنیا لەسەر ئەم جوگرافیا ناشارستانییە، خزمەت بەو دیدگا کۆنەپەرستانەیە دەکات کە کومەڵگەی کوردستان هێشتا بە کۆمەڵگەیەکی فیوداڵی و ناشارستانی دەداتە قەڵەم.

سینەما ودرامای کوردی، بەوەی قوبادیشەوە هێشتا کۆت و بەندی ئەقڵییەتی دراماسازی ساڵی حەفتاکانی سەدەی ڕابردووی لە دەست وپای خۆی نەکردۆتەوە، هێشتا لەدیمەنی شارە قەرەباڵغەکان دەترسێ، ئەو شارانەی کە هەزاران گوندی بە کلتورە جوان و دزێوەکانییەوە بۆ خۆی لووشداوە. تەنیا دەستبردن و کارکردن لەتەک ئەم کەرەسە ساکارانەدا، گوێدرێژ لە بری ئۆتۆمبیل، بزنەڕێ لە بری شەقامە سەدی و شەستییەکان، … مانای دەستکورتی و تێنەگەیشتنە لە پەیوەندیییە کۆمەڵایەتییە نوێکانی کۆمەڵگەی کوردی، کە بەردەوام ئاڵوگۆڕی بەسەردادێت، تێنەگەشتن و مامەڵەی هەڵەش لەتەک ئەو ئاڵوگۆڕانەدا، ناتوانرێت سینەمایەکی سەردەمیانەی لێ بەرهەم بهێنرێت. . سەردار عەبدوللا / ئوکتۆبەری ٢٠١٤   

{youtube}VktQoxkKRss{/youtube}

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌. 

 

 

 

Related Articles