كێشه‌ی نێوان هێلی لوڤ و ده‌شنی .. راپۆرتی: زانا دڵشاد دزه‌یی

 

 

 

هێشتا ساڵێك به‌سه‌ر ده‌ركه‌وتنی كچه‌ گۆرانیبێژ هێلی لوڤ تێنه‌په‌ڕیووه‌، كه‌چی كێشه‌یه‌كی گه‌رموگوڕ له‌نێوان خۆی و ده‌شنی ده‌ستی پێكردووه‌، ئه‌م كێشه‌یه‌ هیچ جیاوازییه‌كی نییه‌ له‌ شه‌ڕی گۆڕان و یه‌كێتی، ده‌كری بڵێین بنه‌ڕه‌تی كێشه‌یه‌ له‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌ "كه‌ له‌رووی جه‌ماوه‌رییه‌وه‌ هێلی توانی پێش ده‌شنی بكه‌وێته‌وه‌ و ئێستا ده‌شنی تاقانه‌كه‌ی جاران نییه‌ له‌ ستایلی پۆپ و دانس".

له‌ زستانی ئه‌مساڵ 2014 هێلی لوڤ به‌ گۆرانی (RISK IT ALL) گه‌رمیه‌كی زۆری مه‌یدانی هونه‌ری كوردی به‌خشی، كه‌ جۆره‌ رووی دانس و ستایل و كلیپ كرانه‌وه‌یه‌كی زۆری تێدا به‌دی ده‌كرا، ئه‌وه‌ وایكرد كه‌متر له‌ماوه‌ی دوو مانگ زیاتر له‌ یه‌ك ملیۆن بینه‌ری هه‌بی، ئه‌وه‌ش ریكۆردێكی نوێی له‌ ناو گۆرانی و كلیپی كوردیدا تۆماركرد، كه‌ ته‌واوی هونه‌رمه‌ندانی كوردستان خه‌ون به‌م رێژه‌یه‌وه‌ ده‌بینن و نایگه‌نی.

هێلی لوڤ پێشئه‌وه‌ی گۆرانیه‌كه‌ی بڵاوبكاته‌وه‌ و ناوبانگ دروست بكات، له‌ چاوپێكه‌وتنێكی له‌گه‌ڵ (سڤیل) ـدا ئیدعای به‌ جیهانبوون ده‌كات و ده‌ڵێت "من وه‌كو یه‌كه‌م كچی كورد هه‌وڵی ئه‌وه‌ ده‌ده‌م به‌ره‌و جیهانی بڕۆم و له‌ناو كورد كه‌س وه‌كو من ناتوانی دانس بكات و كه‌سیش وه‌كو من كۆنتاك و په‌یوه‌ندی به‌هێزی له‌گه‌ڵ به‌رهه‌مهێنه‌رانی جیهانییدا نییه‌، من شانسی زۆرم هه‌یه‌ ببمه‌ هونه‌رمه‌ندێكی جیهانی".

ئه‌م قسانه‌ی هێلی لوڤ ته‌واو ده‌شنێی توڕه‌ كرد، چونكه‌ ده‌شنی تاكه‌ گۆرانیبێژه‌ له‌ كوردستان شه‌ش ساڵ پێش هێلی لوڤ هه‌وڵده‌دات به‌جیهانی بێت و ئه‌وه‌ش ئاشكرایه‌ حه‌زی زۆری به‌ناوبانگ هه‌یه‌ و له‌وباره‌یه‌وه‌ چه‌ندان هه‌وڵی دا، به‌ڵام سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو، ئێستا هێلی لوڤ به‌ هێزێكی زیاتره‌وه‌، هه‌مان هه‌وڵ ده‌دات، له‌سه‌ره‌تای هه‌وڵه‌كانیدا له‌ كوردستان پێش ده‌شنی كه‌وته‌وه‌، به‌ڵام هیچ دیار نییه‌ ئایا ئه‌وه‌ش ده‌توانی له‌ ده‌ره‌وه‌ی كوردستانیش ناوبانگ دروست بكات و ببێته‌ جیهانی یان وه‌كو ده‌شنی هه‌ر له‌ كوردستان ده‌مێنێته‌وه‌؟

به‌پێی زانیارییه‌كانی (سڤیل) چه‌ند خاڵێك وایكردووه‌ هێلی لوڤ و ده‌شنی بكه‌ونه‌ كێشه‌یه‌كی گه‌رموگوڕه‌وه‌، به‌تایبه‌ت گرنگترین شت ئه‌وه‌یه‌ هاتنی هێلی لوڤ وایكرد ده‌شنی تاقانه‌یه‌كی خۆی له‌ده‌ستت بدات، كه‌ هه‌مووكات ده‌شنی شانازی به‌وه‌ ده‌كرد له‌ زۆرشتدا ئه‌و تاقانه‌ی گۆرانی كوردییه‌، به‌ڵام ئێستا به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ركابه‌ره‌كه‌ی زۆر به‌هێزه‌، بۆ نموونه‌:

1- هه‌ردووكیان به‌ ستایلی پۆپ و زمانی ئینگلیزی گۆرانی ده‌ڵێن، بۆئه‌وه‌ی ناوبانگی گه‌وره‌ به‌ده‌ست بێنن.

2- دانس و پۆشینی جلوبه‌رگی نیمچه‌رووت له‌ كلیپه‌كانیدا.

3- هه‌وڵدان بۆ كۆكردنه‌وه‌ی زۆرترین لایك بۆ په‌یجه‌كانیان و پێشخستنی خۆیان له‌رێگه‌ی په‌یجه‌وه‌.

4- هه‌ر یه‌كه‌یان به‌ هونه‌رمه‌ندێكی جیهانی سه‌رسامن و ده‌یانه‌وی كۆپی ئه‌وان بكه‌ن له‌ كوردستان، بۆ نموونه‌ هێلی لوڤ به‌ بیۆنسه‌ و ریهانا، هه‌روه‌ها ده‌شنی به‌ شه‌كیرا.

5- دانان و دروستكردنی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سانه‌ی هاوكاری هونه‌رمه‌ندان ده‌كه‌ن له‌ كوردستان، هه‌روه‌ها به‌رهه‌مهێنه‌ره‌كانی ده‌ره‌وه‌ی كوردستان و ئه‌وروپادا.

له‌زۆربه‌ی ئه‌م خاڵانه‌دا هێلی لوڤ توانی بۆ ماوه‌ی دوو مانگ پێش ده‌شنی بكه‌وێته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌و زیره‌ك بوو له‌ دۆزینه‌وه‌ی كلیله‌ نهێنییه‌كانی سه‌ركه‌وتن و ناوبانگ. ده‌شنی و كاروان كامیل گۆرانییه‌كی دوێتیان بڵاوكرده‌وه‌ به‌ شێوه‌زاری كرمانجی به‌ناوی "بێناز" له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی پێشتر هه‌ردووكیان ناوبانگی زۆریان هه‌بوو، دوای ساڵێك گۆرانییه‌كه‌ له‌ ماڵپه‌ری یوتوب توانی یه‌ك ملیۆن بینه‌ری هه‌بێت، به‌ڵام هێلی لوڤ به‌بێئه‌وه‌ی پێشتر ناوبانگی هه‌بی و به‌زمانی ئینگیلزیش كه‌ كه‌م كه‌س له‌ كوردستان ئینگلیزی ده‌زانێت توانی وابكات بۆ ماوه‌ی سی مانگ یه‌كه‌م گۆرانی خۆی (RISK IT ALL) له‌ یه‌ك ملیۆن و نیو بینه‌ر تێپه‌ڕ بكات.

سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش، ئێستا په‌یجه‌كه‌ی هێلی به‌شێوه‌یه‌كی خێرا رۆژانه‌ لایكه‌كانی زیاد ده‌كات، ئێستا زیاتر له‌ شه‌ش سه‌د هه‌زار لایكی هه‌یه‌، ته‌نیا سه‌د هه‌زار لایك ماوه‌ بگاته‌وه‌ به‌ ده‌شنی، كه‌ دوو ساڵه‌ ده‌شنی شانازی به‌وه‌ ده‌كات له‌ناو هونه‌رمه‌ندانی كوردستان زۆرترین لایكی هه‌یه‌.

هێلی به‌وه‌ش نه‌وه‌ستا، لێدوانه‌ یه‌ك له‌دوا یه‌كه‌كانی كه‌ بۆ میدیاكانی كوردستان و ده‌ره‌وه‌ی كوردستان ده‌یدا و ده‌ڵێت "له‌ كوردستان كه‌س ناتوانی مونافه‌سه‌م بكات له‌ دانس" هه‌روه‌ها ده‌شڵێت "من ده‌بمه‌ یه‌كه‌م كچی كورد ناوبانگی جیهانی هه‌بی". ئه‌م قسانه‌ راسته‌وخۆ ده‌ریده‌خات كه‌ هێلی لوڤ هه‌موو كاره‌كانی پێش خۆی ره‌تده‌كاته‌وه‌ كه‌ هونه‌رمه‌ندانی دیكه‌ كردویانه‌ و تواناكانی خۆی زۆر به‌رزتر ده‌بینی له‌وانی تر. ئه‌مه‌ش بووه‌ جێی سه‌رنجی میدیا كوردی و ئه‌وروپییه‌كان.

به‌ڵام ده‌شنی ده‌ركه‌وتنی هێلی به‌لاوه‌ ئاسایی نه‌بوو و ده‌ستپێشخه‌ری كرد له‌ دروستبوونی كێشه‌كانی نێوانیان و ئه‌مه‌ش له‌ پێناوی گرتنه‌به‌ری چه‌ند هه‌نگاوێك بۆ رێگرتن له‌ هێلی، هه‌ر ده‌شنی تۆمه‌تی دزینی كۆنتاكانی خۆی دایه‌ پاڵ هێلی لوڤ و به‌دزینی كۆنتاكه‌كانی خۆی، هێلی تۆمه‌تبار كرد.

هه‌روه‌ها چه‌ند نامه‌یه‌كی ده‌شنی ده‌ست (سڤیل) كه‌وتووه‌ كه‌ له‌ رێگه‌ی فه‌یسبووكه‌وه‌ بۆ كه‌سێكی نزیكی خۆی ناردووه‌، له‌م نامانه‌دا ده‌شنی باسی هێلی ده‌كات و نوسیوویه‌تی "ئاكادارم هێلی لاسایی من ده‌كاته‌وه‌، گۆرانی (تێك می هۆم) هاهاهاهاها، هه‌موو شتێكی ته‌قلیدی منه‌، مردم له‌ پێكه‌نین". هه‌روه‌ها له‌ نامه‌یه‌كی دیكه‌دا بۆ هه‌مان كه‌سه‌ نزیكه‌كه‌ی ناردووه‌ له‌و نامه‌یه‌دا به‌ كچێكی "گوندی" وه‌سفی ده‌كات و ده‌ڵێت "ئه‌وه‌ چییه‌ ئه‌و كچه‌ قه‌رجه‌، هیچ توانایه‌كی نییه‌ كاری ته‌نیا لاسایی كردنه‌وه‌یه‌، زۆر لادێی و گوندیه‌، نازانم ئه‌و قه‌ره‌جه‌ له‌ كوردستان ئیشی چییه‌".

دوای تێپه‌ڕبوونی مانگێك به‌سه‌ر بڵاوبوونه‌وه‌ی كلپیه‌كه‌ی هێلی (RISK IT ALL) ناوبانگ دروستكرنێكی سه‌رتاسه‌ری كوردستان و به‌ده‌ستهێنانی پشتگیری چه‌ند كه‌سێكی حكومی و ئه‌هلی، كێشه‌كانی نێوان هێلی و ده‌شنی په‌ره‌ی سه‌ند به‌ جۆرێك (باوان رزگار) كه‌ به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌وكاتی كاره‌كانی ده‌شنی بوو، بووه‌ قوربانی ئه‌م شه‌ڕه‌. ده‌شنی به‌ بیانووی هه‌بوونی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ هێلی و كاركردنی نهێنی بۆ هێلی (باوان رزگار) ـی به‌ڕێوه‌به‌ری كاره‌كانی خۆی تۆمه‌تبار كرد و له‌ فه‌یسبووك بلۆكی كرد و هه‌موو په‌یوه‌ندییه‌كی له‌گه‌ڵ باوان پچڕاند. به‌بی ئه‌وه‌ی هیچ مافێكی مادی باوان بدات.

باوان له‌ لێدوانێكیدا بۆ (سڤیل) رایگه‌یاند "ئه‌وكاته‌ی من ده‌شنی كارم ده‌كرد هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی راسته‌وخۆ و ناراسته‌وخۆم له‌گه‌ڵ هێلی نه‌بووه‌، ته‌نانه‌ت چه‌ند جارێك هێلی داوای كاركردنی له‌من كرد به‌ پاره‌یه‌كی زۆریش، به‌ڵام له‌به‌رخاتری ده‌شنی قبوڵم نه‌كرد، له‌سه‌ر ئه‌و شته‌ ده‌شنی زۆر سوپاسی كردم كه‌ له‌گه‌ڵی راستگۆم، ئه‌و گوتی ئافره‌ین باوان ئێمه‌ هاوڕێین، یه‌ك تیمین، مه‌چۆ بۆ لای ئه‌و قه‌ره‌جه‌، به‌ڵام نازانم بۆچی له‌ناكاو منی له‌ فه‌یسبووك ریموڤ كرد و گوتی تۆ كۆنتاكی من ده‌ده‌ی به‌ هێلی لوڤ و زانیارییم هه‌یه‌ به‌ نهێنی بۆ ئه‌و كارده‌كه‌ی، ئه‌و شه‌ش مانگ به‌سه‌ر جیابوونه‌وه‌ی من و ده‌شنی تێپه‌ڕیووه‌، ئه‌گه‌ر په‌یوه‌ندیم له‌گه‌ڵ هێلی هه‌بوایه‌ ئێستا كارمان پێكه‌وه‌ ده‌كرد، ته‌نانه‌ت جگه‌ له‌ جارێك تائێستا من و هێلی یه‌كترمان نه‌بینیووه‌".

هه‌روه‌ها به‌ڕێوه‌به‌ری كاره‌كانی پێشووی ده‌شنی گوتیشی "ده‌شنی ئازاده‌ له‌وه‌ی كه‌ پێكه‌وه‌ كار نه‌كه‌ین، چۆن بیر ده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام من له‌وه‌ تێناگه‌م چۆن رێگه‌ به‌خۆی ده‌دات حه‌قی من بخوات، تائێستا حه‌قی ئه‌و ساڵ و نیوه‌ی منی نه‌داوه‌ كه‌ كارم بۆ كردووه‌، نامه‌كانی ده‌شنێم ماوه‌ هه‌زار جار خۆی به‌ قوربانم كردووه‌ و له‌به‌رامبه‌ر تواناكانی من گریاوه‌ و تووشی شۆك بووه‌، كه‌چی ئێستا وا به‌ ئاسانی خۆی له‌من دوورخسته‌وه‌ و حه‌قیشم نادات، ته‌نیا له‌سه‌ر گومانێك كه‌ بۆم روونكرده‌وه‌ به‌ به‌ڵگه‌ هیچ په‌یوه‌ندیه‌كم له‌گه‌ڵ هێلی نییه‌".

باوان ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد، چوار مانگه‌ ئه‌مڕۆ و سبه‌ی پێده‌كه‌ن "له‌كاتێكدا من ده‌متوانی رێگای یاسایی له‌ دژی ده‌شنی و bmb grup بگرمه‌به‌ر، چونكه‌ چه‌ندان به‌ڵگه‌م لایه‌ كه‌ ده‌شنی پاره‌یه‌كی خه‌یاڵی سه‌رف سه‌رف ده‌كات و دژایه‌تی خه‌ڵكی دیكه‌ی پێده‌كات".

 (سڤیل) زۆر هه‌وڵیدا په‌یوه‌ندی به‌ (ده‌شنێ) ـوه‌ بكات، به‌ڵام ئاماده‌ نه‌بوو له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ هیچ قسه‌یه‌ك بكات.

كه‌سێكی نزیك له‌ هێلی لوڤ بۆ (سڤیل) قسه‌ی كرد به‌ مه‌رجی ئه‌وه‌ی ناوی نه‌هێنرێت و له‌باره‌ی كێشه‌ی نێوان هێلی و ده‌شنی گوتی "هه‌موو ئه‌و كێشانه‌ له‌ نزیكه‌وه‌ هێلی ئاگاداره‌، به‌ڵام هێلی له‌ كوردستان مونافه‌سه‌ی كه‌س ناكات و ده‌ڵی له‌ كوردستان كه‌سێك نییه‌ شایه‌نه‌ی ئه‌وه‌ بێت منافه‌سه‌ی بكات، به‌ڵكو هێلی چاوی له‌ ناوبانگی جیهانییه‌ و بیر له‌و ئه‌مه‌ریكا ده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ نه‌ده‌بوو ده‌شنی ده‌ست به‌ شه‌ڕه‌ بكات، چونكه‌ هێلی هه‌ر له‌سه‌ره‌تادا له‌ چاوپێكه‌وتنێك گوتی پێم خۆشه‌ كچانی وه‌كو چۆپی و ده‌شنی و خه‌ڵكی دیكه‌ش له‌ كوردستان هه‌بن و پێویسته‌ هه‌موو جۆره‌ كه‌س و ستایلێك هه‌بێت".

 

 

 

Related Articles