سۆنیا بێتووشی: هونه‌ری من له‌ كوردستان گرنگی پێنادرێت، بۆیه‌ دیزاینه‌كانم به‌ ماركه‌ی وڵاته‌ ئه‌وروپیه‌كان ده‌فرۆشم ... چاوپێكه‌وتن: زانا دڵشاد دزه‌یی

سۆنیا بێتووشی، كچه‌ دیزاینه‌ر و نمایشكارێكی كورده‌ و دانیشتووی تارانه‌، ئه‌و ته‌مه‌نی ته‌نیا 23 ساڵه‌، به‌ڵام به‌رهه‌م و دیزاینه‌كانی له‌سه‌ر ئاستی وڵاتانی ئه‌وروپا نمایش و ده‌فرۆشرێت، سۆنیا له‌م چاوپێكه‌وتنه‌ی له‌گه‌ڵ (سڤیل) ئه‌وه‌ راده‌گه‌یه‌نێت كاره‌كانی ئه‌و له‌كوردستان هیچ بایه‌خێكی پێنادرێت.

سڤیل: ئه‌م جلوبه‌رگانه‌ تۆ نمایشیان ده‌كه‌یت، هه‌مووی له‌ ده‌ستكرد و دیزانی خۆته‌؟

سۆنیا بێتوشی: به‌ڵی هه‌موو ئه‌م جلوبه‌رگه‌ی كه‌ له‌ وێب سایت و په‌یجی خۆم له‌ فه‌یسبووك وێنه‌كه‌یان بڵاوده‌كه‌مه‌وه‌ بۆخۆم دیزیانم كردووه‌ و جاری واهه‌بوو چه‌نده‌ها رۆژ به‌یه‌ك دیزاینه‌وه‌ سه‌رقاڵبوومه‌ و به‌رده‌وام گۆڕانكاریم تێدا كردووه‌ تا به‌سه‌رنجامی به‌دڵی خۆم بووه‌، بابه‌تێك كه‌ پێم خۆشه‌ لێره‌ ئاماژه‌ی پێ بكه‌م ئه‌وه‌یه‌ تائێستا مه‌جبوور بوومه‌ بۆخۆم ببم به‌ مودێلی كۆلێكشنه‌كانم له‌به‌رئه‌وه‌ی كه‌ به‌ربه‌ستی تایبه‌ت هه‌یه‌ بۆ ئه‌نجامی ئه‌م جۆره‌ كارانه‌ و ئه‌سته‌مه‌ ئافره‌تێك بتوانێت و بوێرێت كه‌ ببێت به‌ مودێلی دیزاینه‌كانم بۆ نه‌مایش كردنیان، چه‌ند جاریش داوام لێكراوه‌ وه‌ك مودێل خۆم بۆ برنده‌ به‌ناوبانگه‌كان چالاكیم هه‌بێت، به‌ڵام ئامانجی من ئه‌وه‌یه‌ وه‌ك دیزاینیه‌ریه‌كی به‌ناوبانگی كورد له‌سه‌ر ئاستی جیهان خۆم بناسێنم نه‌وه‌ك مودیه‌لیه‌ك بۆ نمایشكردنی جلوبه‌رگ، تائێستاش چه‌ندجار كاره‌كانم له‌گۆڤاره‌ به‌ناوبانگه‌كانی جیهان وه‌ك (، magazine flawless Vogue italia، fad magazine) بڵاوكرانه‌وه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی كه‌ به‌شێوه‌ی پرۆفیشناڵ كۆمپانیای به‌رهه‌مهێنانی جلوبه‌رگمان له‌كوردستان نییه‌ و ته‌نیا جلوبه‌رگ هاوه‌رده‌ ده‌كرێت هه‌ر بۆیه‌ش هه‌ست ده‌كه‌م هونه‌ری من گرینگی پێنادرێت وه‌ك وڵاتانی دیكه‌ی جیهان، هه‌ر ئێستا ده‌بینین وڵاتی توركیا سه‌دان هه‌زار كه‌س له‌كه‌رتی تایبه‌ت و بۆ به‌رهه‌مهێنانی جلوبه‌رگ كار ده‌كه‌ن و راده‌ی داهاتی ئه‌م كاره‌ له‌وڵاتی توركیا زۆر زیاتره‌ له‌داهاتی نه‌وتی چه‌ند وڵات و خه‌ریكه‌ توركیا وه‌ك وڵاتێكی به‌هێز له‌به‌رهه‌مهێنانی جلوبه‌رگ و قوماش له‌جیهان ناوی ده‌رده‌كه‌وێت.

سڤیل: كاری دیزاین چۆن فێربووی و كێ‌ مامۆستات بووه‌؟

سۆنیا بێتوشی: من به‌منداڵی زۆرم له‌بووكی باربی هه‌بوو، هه‌موو خولیای دیزانی جلوبه‌رگ له‌بووكه‌كانم ده‌ستی پێكرد، كاتێك مندناڵ بووم جڵی بووكه‌كانم ده‌گۆڕی و جلی یه‌كترم له‌به‌ر ئه‌وی تریان ده‌كرد، به‌ڵام وای لێهات خۆم به‌ په‌ڕۆ و قوماشی زیادی ناوماڵ ئه‌م شتانه‌ی ده‌ستم ده‌كه‌وت جلوبه‌رگم به‌دڵی خۆم به‌بووكه‌كانم دروست ده‌كرد هه‌ر ئه‌م خۆشه‌ویستییه‌ی بووكه‌كانم بووه‌ هۆی دروستبوونی خۆشه‌ویستی بۆ ئه‌م هونه‌ر و پێشه‌ی لای من، ئێستا وێب سایتێكی تایبه‌تی خۆم هه‌یه‌ كه‌ ئێستا له‌ده‌ستی گۆڕانكاری دایه‌ له‌رێگه‌ی ئه‌م وێب سایته‌وه‌ ئه‌ند ژوورناڵ نێوده‌وڵه‌تی كاره‌كانم بڵاوده‌كرده‌وه‌ تا ئه‌وكاته‌ی كه‌ زانكۆی فه‌یدی له‌نده‌ن منی Scholarships كرد تا بتوانم له‌به‌شی فاشیۆنی ئه‌م زانكۆیه‌ خولی تایبه‌ت به‌فاشیۆن ده‌خوێنم، پێشتریش له‌ئێران به‌كالیۆرسم له‌ سۆفتوێری كۆمپیته‌ر ته‌واوكردووه‌ و شاره‌زاییه‌كی باشم هه‌یه‌ له‌ نووسین و قسه‌كردنی زمانی ئینگلیزی و چه‌ند زمانی دیكه‌.

سڤیل: له‌نمایشه‌كاره‌ به‌ناوبانگه‌كان موعجیب به‌ كێی؟

سۆنیا بێتوشی: له‌ناو نمایشكاره‌ به‌ناوبانگه‌كاندا (باربارا په‌لڤین) و (میرانداكێر) زۆر ستایلیان به‌دڵمه‌ و زیاتر ستریتستیال واتا نمایشی شه‌قامیان زۆرم پێجوانه‌.

سڤیل: ئه‌م جلوبه‌رگانه‌ی كه‌ تۆ دیزاینیان ده‌كه‌ی و نمایشیان ده‌كه‌یت زۆربه‌یان نیمچه‌رووتن، له‌كاتێكدا تۆ له‌وڵاتی ئێران نیشته‌جێی، ئایا تۆ له‌زیندانی كردن و حوكمی ئێران ناترسی؟

سۆنیا بێتوشی: كاری من په‌یوه‌ندی به‌ به‌رهه‌مهێنان و هونه‌ره‌وه‌ هه‌یه‌ و پێم وانییه‌ وه‌ك مه‌ترسی ئه‌ژمار بكرێت بۆ سه‌ر هیچ حكومه‌تێك و به‌رهه‌مه‌كانم و دیزانه‌كانم زیاتر بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵاتی ئێرانه‌ و ئامانجیشم وڵاتی ئێران نییه‌، تائێستا له‌لایه‌ن حكومه‌تی ئێرانه‌وه‌ كێشه‌یان بۆ دروست نه‌كردووم و هیوادارم ئیزن بده‌ن به‌رده‌وام بم و بتوانم رۆژێك له‌رۆژان خۆم ببم به‌كۆمپانیایه‌كی به‌رهه‌مهێنانی جلوبه‌رگ و هه‌نارده‌ی وڵاتانی ئه‌وروپایی بكه‌م و جگه‌ له‌داهات بۆ خۆم بتوانم سه‌دان گه‌نج دامه‌زرێنم و سوودمه‌ند بن له‌ بزنس و هونه‌ره‌كه‌م، ئه‌مه‌ به‌گشتی ئامانجی منه‌ و پێم وانییه‌ حكومه‌تی ئێران كێشه‌ی هه‌بێت له‌گه‌ڵ ئه‌و ئامانجه‌ی من.

سڤیل: كاره‌ دیزاینه‌كانی خۆت ده‌فرۆشی یان ته‌نیا بۆ خۆت دروستیان ده‌كه‌یت؟

سۆنیا بێتوشی: كاره‌كانی من وه‌ك تابلۆیه‌كی نه‌قاشی وان، ئه‌گه‌ر تابلۆیه‌ك كۆپی بكه‌ی نرخێكی به‌رچاوی نابێت، جلوبه‌رگیش به‌مشێوه‌یه‌ ده‌بێت ماوه‌یه‌كی زۆر بیربكه‌مه‌وه‌ و پاشان بیروكه‌ و پلانم دانێم سه‌ر كاغه‌ز و ده‌بێت هه‌وڵ بده‌م كارێكی جیاواز له‌كاره‌كانی پێشووی خۆم و كه‌سانی تر بكه‌م، بۆیه‌ ئه‌م دیزاینانه‌ وه‌ك جلی ئاسایی نابینم كه‌ دانێم بۆ فرۆشتن، به‌رهه‌م و دیزاینه‌كانم به‌برندی وڵاته‌ ئه‌وروپاییه‌كان ده‌فرۆشم و فرۆشتنی ئه‌م دیزاینانه‌م بۆ كاتێك داناوه‌ كه‌ پیر بووم و خانه‌نشینی خۆم به‌فه‌رمی رابگه‌یه‌نم و چیتر دیزاین نه‌كه‌م و به‌داهاته‌كه‌شی هه‌وڵده‌ده‌م كاری خێرخوازی بكه‌م و كه‌سانی خاوه‌ن پێداویستی به‌هره‌مه‌ند بكه‌م له‌به‌رهه‌می ژیانم.

سڤیل: ئێستا تۆ له‌گه‌ڵ كام كۆمپانیا كار ده‌كه‌یت؟

سۆنیا بێتوشی: ئێستا من له‌گه‌ڵ گه‌وره‌ترین كۆمپانیا به‌رهه‌مهێنه‌ره‌كانی جلوبه‌رگ وه‌ك بێهپوش ڤیۆلێت و كۆمپانیای خانه‌ی مۆد كه‌ یه‌كێك له‌گه‌وره‌ترین كۆمپانیاكانی به‌هه‌مهێنه‌ری جلوبه‌رگن له‌ئێران كار ده‌كه‌م، له‌گه‌ڵ به‌رند و كۆمپانی نێوده‌وڵه‌تیش كه‌ له‌سه‌ر ئاستی جیهان به‌ناوبانگه‌ كار ده‌كه‌م كه‌ وه‌ك نه‌هێنی تایبه‌ت به‌كاری خۆم ناتوانم و حه‌زناكه‌م ئێستا ناویان بێنم.

سڤیل: گرانترین جل كه‌ تۆ دروستت كردبێت كامه‌یه‌ و نرخه‌كه‌ی چه‌نده‌؟

سۆنیا بێتوشی: گرانترین جلم بۆ زستانی ئه‌مساڵ دیزاین كردووه‌ كه‌ له‌ پێستی رێلاوی سازم كردووه‌ و نرخه‌كه‌ی 1000 دۆلاره‌.

سڤیل: كه‌واته‌ تۆ له‌ دیزاینه‌ره‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانی یان هه‌ژاره‌كان؟

سۆنیا بێتوشی: من له‌و دیزاینه‌رانه‌م كه‌ پاره‌ له‌دیزاینه‌كانی خۆم وه‌رده‌گرم و خۆشحاڵم كه‌ منیش ده‌وڵه‌مه‌ندم.

سڤیل: له‌كوردستان پاره‌ی باشتر هه‌یه‌ و بازاڕ گه‌وره‌تره‌، ئافره‌تانی كوردستان ئاره‌زوویان زۆر زیاتره‌ بۆ جلوبه‌رگی ماركه‌، بۆچی كاره‌كه‌ت ناهێنی بۆ كوردستان كه‌ ده‌توانی زیاتر سه‌ركه‌وتنی گه‌وره‌ به‌ده‌ستبێنی؟

سۆنیا بێتوشی: له‌كوردستان كۆمپانیایه‌كی گه‌وره‌ی وه‌به‌رهێنانی جلوبه‌رگ بوونی نییه‌، كه‌ بتوانی دیزانیه‌كانی من بكڕێت، خۆشبه‌ختانه‌ سه‌رمایه‌ زۆره‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ وه‌به‌رهێنان بوونی نییه‌ و وه‌به‌رهێنانی كه‌رتی تایبه‌ت ته‌نیا له‌كڕینی زه‌وی و خانوو و هاورده‌كردنی كالا كۆبۆته‌وه‌.

سڤیل: زیاتر كچانی كام وڵات جلوبه‌رگه‌كانی تۆ ده‌كڕن؟

سۆنیا بێتووشی: زۆر له‌كچانی كورد له‌ وێب سایته‌كه‌ی من جله‌كانم ده‌كڕن و ئێمه‌ش بۆیان ده‌نێرینه‌وه‌ كوردستان، هه‌روه‌ها كچانی كورد له‌ ئه‌وروپا زۆر له‌ جلوبه‌رگه‌كانی من ده‌كڕن، جگه‌ له‌وانه‌ش كچانی ئێران و وڵاته‌ ئه‌وروپییه‌كان جله‌كانم ده‌كڕن.

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

 

Related Articles