كۆیله‌ كردنی هزری نه‌ته‌وه‌یی بۆ. . ؟ سووره‌ مه‌رگه‌یی

ئه‌وه‌ی له‌به‌رچاوه‌ كێشه‌ سیاسی و مه‌زهه‌بیه‌كانی نێوان شیعه‌ و سوننه‌ تادێ قووڵتر ده‌بنه‌وه‌، ئه‌وه‌ش قه‌یرانی ناو پرۆسه‌ی سیاسی عێراق زیاتر به‌ره‌و بنبه‌ست ده‌بات و هه‌نگاوه‌كانی ئه‌گه‌ری دابه‌شبوونی عێراق خێراتر ده‌كات، ئه‌گه‌ر چی ئه‌و كێشانه‌و قه‌یرانی ناو پرۆسه‌ی سیاسی عێراق ده‌رفه‌تێكی باشی بۆ پرسی كورد ره‌خساندووه‌، به‌ڵام تا ئێستا كورد له‌به‌ر ململانێی ناوخۆ و پابه‌ند بوون به‌ سیاسه‌تی حزبسالاری نه‌یتوانیوه‌ وه‌ك پێویست كێشه‌ و ئاڵۆزییه‌كانی نێوان شیعه‌ و سوننه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئامانجه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی خۆی به‌كاربێنێ، ئه‌وه‌ی چاودێر و شرۆڤه‌كارانی سیاسی له‌سه‌ری كۆكن ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌ڵبژاردنی 30ی نیسان قه‌یرانه‌ سیاسییه‌كه‌ ئاڵۆزتر ده‌كا و كێشه‌كان به‌ره‌و ته‌قینه‌وه‌ ده‌بات، پرسیاری گرنگ ئه‌وه‌یه‌ كورد تا كوێ ده‌توانێ له‌ گێژاوی سیاسی و مه‌زهه‌بی دوای هه‌ڵبژاردنه‌كانی 30ی نیسان راوی ئامانجه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی بكات، یان هه‌ر وه‌ك جاران چاوه‌ڕوان ده‌بێ به‌فر ببارێ و ره‌شانگ نه‌مێنێ و كه‌و بێته‌ به‌ر ده‌رگای؟

گومان له‌وه‌دا نییه‌ عێراقی بوونی كورد له‌سه‌ر كات ماوه‌، چونكه‌ كورد عێراقی نه‌بووه‌و به‌ هێز به‌ عێراقی كراوه‌، به‌ درێژایی مێژووش باجی ئه‌و به‌ عێراقی كردنه‌ی داوه‌، تا عێراقی بوونیشی درێژه‌ بكێشێ باجی زیاتر و گه‌وره‌تر ده‌دات، ئه‌گه‌ر هه‌ڵوێسته‌كانی ئه‌م دواییه‌ی به‌غداش له‌به‌رچاو بگرین ده‌بینین هه‌وڵده‌ده‌ن به‌ره‌ به‌ره‌ بازنه‌ی عێراقی بوونه‌كه‌ بۆ یه‌ك بێننه‌وه‌و ده‌ستكه‌وت و خواست و داواكاریه‌ ره‌واكانی سنووردار بكه‌ن، پابه‌ند نه‌بوون به‌ ده‌ستوور و خۆدزینه‌وه‌ له‌ جێبه‌جێ كردنی مادده‌ی 140و زه‌وتكردنی موچه‌ی پێشمه‌رگه‌و درووستكردنی فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی دیجله‌ی تایبه‌ت به‌ داگیركردنه‌وه‌ی كوردستان باشترین به‌ڵگه‌ی ئه‌و راستییه‌ی سه‌ره‌وه‌ن، نه‌دانی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و بڕینی به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێم وه‌ك سه‌پاندنی سزا و راگه‌یاندنی شه‌ڕ دژی ژیان و بژێوی خه‌ڵكی كوردستان جارێكیتر عێراقی بوونمان ده‌خاته‌وه‌ ژێر ئه‌و پرسیاره‌ی كه‌ وه‌ڵامه‌كه‌ی ته‌نها نه‌خێره‌، ماوه‌ته‌وه‌ بپرسین: ئایا كورد له‌ به‌رامبه‌ر به‌ زۆر به‌ عێراقی كردنی چی ده‌ڵێ؟ ئایا هه‌ر به‌ شۆرتی حزبییه‌وه‌ له‌به‌ر سه‌رماوسۆڵه‌ی عێراقی بوون هه‌ڵده‌له‌رزێ؟ یان كه‌ڵكی له‌ هه‌ڵه‌كانی رابردوو وه‌رگرتووه‌و ئه‌و پرۆژه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ی ئاماده‌ كردووه‌ له‌ كاتی خۆیدا بتوانێ وه‌ڵامی سیاسه‌تی به‌ زۆر به‌ عێراقی كردنی پێبداته‌وه‌.

هه‌ر كاتێك په‌یوه‌ندیه‌كانی نێوان هه‌رێم و ناوه‌ند به‌ره‌و ئاڵۆزی ببرێن، لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان توندبوونی ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌ وه‌ك كارتی گوشار دژ به‌ یه‌كتری به‌كاردێنن، بێ گوێگرتن له‌ هاواری مێژوو و به‌ده‌نگه‌وه‌ چوونی خواست و داوا نه‌ته‌وه‌ییه‌كان باڵانسی خواست و داوای حزبی له‌سه‌ر یه‌كتری به‌رز ده‌كه‌نه‌وه‌، ئه‌وه‌ش به‌ كۆیله‌ كردنی هزر و بیری نه‌ته‌وه‌ییه‌و هه‌ڵوێستی ناوه‌ند له‌ به‌رامبه‌ر خواست و داواكانی كورد به‌هێز ده‌كات، ئێستا كه‌ په‌یوه‌ندیه‌كانی نێوان هه‌رێم و ناوه‌ند به‌ قۆناغێكی زۆر هه‌ستیاردا تێده‌په‌ڕن، هه‌ندێ لایه‌نی سیاسی كوردستان وه‌ك لایه‌نی سێیه‌م خۆیان ده‌رده‌خه‌ن و زۆر جارانیش به‌لای ناوه‌نددا ده‌شكێنه‌وه‌، ته‌نانه‌ت كاتێك وه‌ك خه‌ونێكی له‌ مێژینه‌و خواستێكی ره‌وا باس له‌ ده‌وڵه‌تی كوردی ده‌كرێ تاوانه‌كانی مێژوو له‌بیر ده‌كه‌ن، له‌ خولگه‌ی نه‌ته‌وه‌یی ده‌رده‌چن و له‌رزوتای حزبی دایانده‌گرێ.

گومان له‌وه‌دا نییه‌ كه‌ سه‌رۆك بارزانی هه‌وڵه‌ سیاسی و دیبلۆماسییه‌كانی له‌سه‌ر زه‌مینه‌سازی و ره‌خساندنی ده‌رفه‌ت بۆ راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی كوردی چڕ كردۆته‌وه‌، ئه‌وه‌ش ئه‌ركێكی نه‌ته‌وه‌یی ده‌خاته‌ سه‌ر شانی هه‌موو لایه‌ك، به‌ڵام ئه‌وه‌ی تێبینی ده‌كرێ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان له‌باتی ئه‌وه‌ی بۆ پشتیوانی له‌و هه‌ڵوێسته‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ی سه‌رۆك بارزانی هێزی نه‌ته‌وه‌یی درووست بكه‌ن، دێن و به‌ گوتاری پچڕپچڕی حزبی و هه‌ڵوێستی شه‌رمنانه‌ی سیاسی شرۆڤه‌ بۆ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌تا كه‌سی باڵای ناو لایه‌نی سیاسی هه‌یه‌ وه‌ك نامه‌یه‌ك بۆ به‌غدا له‌سه‌ر راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی كوردی له‌ كه‌ناڵێكی راگه‌یاندن ده‌ڵێ: ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌تی كوردی رابگه‌یه‌نرێ كێ ده‌ڵێ سلێمانی له‌گه‌ڵ ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ كوردیه‌ ده‌بێ؟!

ئه‌وه‌ له‌ كاتێدایه‌ وه‌ك ئاماژه‌م بۆ كرد په‌یوه‌ندیه‌كانی نێوان هه‌رێم و ناوه‌ند زیاتر به‌لای لێكترازاندان، لێره‌دا ده‌بێ پرسیاری ئه‌وه‌ بكرێ كه‌ فڕێدانی ئه‌گه‌رێكی وا نانه‌ته‌وه‌یی و نانیشتیمانی چه‌ند له‌ به‌رژه‌وه‌ندی داگیركارانی كوردستان و چه‌ند دژی یه‌كخستنی ناوماڵی كورد و كۆده‌نگی نه‌ته‌وه‌ییه‌؟ جگه‌ له‌وه‌ش ئه‌و كه‌سه‌ له‌و ئاسته‌ به‌رزه‌ی به‌رپرسیارێتیدا چۆن ده‌كرێ گومان له‌ شارێكی وه‌ك سلێمانی بكات دژ به‌ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردی بوه‌ستێته‌وه‌، له‌ كاتێكدا ئه‌و شاره‌ له‌ خه‌باتی سه‌ربه‌خۆیی نه‌ته‌وه‌یی و رزگاری نیشتیمانیدا نازناوی (هه‌ڵمه‌ت و قوربانی) وه‌رگرتووه‌.

به‌ درێژایی مێژوو كورد ده‌رفه‌تی وه‌ك ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی ئێستای بۆ نه‌ره‌خساوه‌، له‌ ده‌ست نه‌دانی ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ش به‌نده‌ به‌ یه‌كهه‌ڵوێستی و رێكخستنی ناوماڵی خۆی، بۆیه‌ پێویسته‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان به‌ خۆیاندا بچنه‌وه‌و چیتر به‌ دژایه‌تی كردنی یه‌كتری خزمه‌تی دوژمنانی خۆیان نه‌كه‌ن، چونكه‌ خواست و ئامانجه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان، كاره‌سات و نه‌هامه‌تیه‌كانی رابردوو، گه‌یشتن به‌ ئاسووده‌یی دواڕۆژ و به‌دیهێنانی خۆزگه‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانیه‌كان زۆر له‌وه‌ پیرۆزتر و گه‌وره‌ترن بكرێنه‌ پاشكۆ و پێخوستی سه‌ره‌ڕۆیی و چاوچنۆكی سیاسی و هه‌ڵپه‌ی باڵاده‌ستی حزبی، لێره‌دا روو له‌ حزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان ده‌كه‌م و ده‌ڵێم: هه‌ستیاری بارودۆخی سیاسی عێراق و پێشهاته‌كانی دوای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق لێتان ده‌خوازێ یه‌كده‌نگ بڵێن: نا بۆ حزبایه‌تی و ململانێی ناوخۆیی، به‌ڵێ بۆ كوردایه‌تی و به‌ده‌نگه‌وه‌ چوونی یه‌كگوتاری و یه‌كهه‌ڵوێستی نه‌ته‌وه‌یی.

 

Related Articles