با هه‌موومان كورد بین و كوردایه‌تی بكه‌ین ... سووره‌ مه‌رگه‌یی

 

 

 

عه‌ره‌ب چ شیعه‌ یان سوننه‌ كورد بوون به‌ تاوان ده‌زانێ و له‌ خاڵی زه‌وتكردنی ماف و ئازادیه‌كانی ده‌چنه‌وه‌ سه‌ر ئیمامی شۆڤێنیزم، هه‌ر كاتێكیش به‌قه‌د كونی ده‌رزی ده‌رفه‌تیان بۆ هه‌ڵكه‌وتبێ له‌ دادگای عرووبه‌دا دادگاییان كردووین و به‌ فتوای شۆڤێَنیزم سزای مه‌رگیان به‌سه‌ردا سه‌پاندووین، مێژووش پریه‌تی له‌و راستییانه‌ی كه‌ شیعه‌ و سوننه‌ی عه‌ره‌ب له‌ هه‌ر به‌رگێك و به‌ هه‌ر ناوێك فه‌رمانڕه‌واییان كردبێ، له‌ به‌رامبه‌ر خواست و داواكانی كورددا بۆ سیاسه‌تی فراوانخوازی و رشتنی قینی عه‌ره‌بچێتی گه‌ڕاونه‌وه‌، ئه‌وه‌ش وایكردوو كورد له‌ هه‌ر به‌رگ و به‌ هه‌ر ناوێك داوای ماف و ژیانی كردبێ، وه‌ك تاوان له‌ داواكانی روانراوه‌و وه‌ك تاوانكاریش وه‌ڵامی دراوه‌ته‌وه‌، جا ئه‌گه‌ر به‌ درێژایی مێژوو عه‌ره‌ب به‌و چاوه‌ له‌ ماف و ژیان و داواكاری كوردی ڕوانیبێَ، جا ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ ره‌وشت و ره‌فتاری عه‌ره‌ب بێ، ئه‌ی بۆچی كوردایه‌تی نه‌كه‌ین و كوردانه‌ش هه‌نگاو نه‌نێین؟!

له‌ هه‌ر تاكێكی كورد بپرسی بێ دوودڵی ده‌ڵێ: با كوردایه‌تی بكه‌ین و كوردانه‌ش هه‌نگاو بنێین، به‌ڵام كاتێ دێینه‌ سه‌ر باسی پێناسه‌ی كوردایه‌تی و رێڕه‌وی هه‌نگاوی كوردانه‌، رای حزبی و خواستی سیاسی زاڵ ده‌بن و هه‌ر یه‌كه‌و له‌ سووچی به‌رژه‌وه‌ندی خۆیه‌وه‌ پێناسه‌ی ده‌كات، لێره‌وه‌ جیاوازییه‌كان له‌سه‌ر پێناسه‌ی كوردایه‌تی درووست ده‌بن و هه‌نگاوه‌كانیش ئاراسته‌ی دژ و پێچه‌وانه‌ وه‌رده‌گرن.

ده‌بێ هه‌موومان له‌وه‌ به‌ئاگابین كاتێ فه‌رمانڕه‌وایانی عه‌ره‌ب له‌ شیعه‌ یان سوننه‌ له‌م حزبی كوردی نزیك ده‌بنه‌وه‌و له‌و حزبیش دوور ده‌كه‌ونه‌وه‌، دووباره‌ كردنه‌وه‌ی ئه‌و گه‌مه‌ موخابه‌راتییه‌ ترسناكه‌یه‌، كه‌ ئامانج لێی لێكترازاندنی ریزی كوردایه‌تی و به‌ربه‌ست درووست كردنه‌ له‌به‌رده‌م هه‌نگاوی كوردانه‌، ئه‌گه‌رنا كورد هه‌ر بیروبۆچوونێكی سیاسی هه‌بێ و هه‌ڵگری هه‌ر فكره‌ و ئایدیایه‌ك بێ، لای عه‌ره‌ب هه‌ر كورده‌و كوشتن و به‌ تاڵان بردنی سه‌روه‌ت و زه‌وت كردنی خاكه‌كه‌ی حه‌ڵاڵه‌، بۆیه‌ نابێ هیچ حزب و لایه‌نێكی كوردی كارنامه‌ی سیاسی گه‌یشتن به‌ ئاواته‌كانی له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ هه‌ڵچنێ كه‌ به‌غدا دژی فڵان لایه‌ن و دۆستی فلان لایه‌نه‌، چونكه‌ دیكتاتۆر و شۆڤێنیه‌كان له‌ هه‌موو دونیادا بۆ گه‌یشتن به‌ دوا ئامانجیان سیاسه‌تی (په‌رتكه‌ و زاڵبه‌) ده‌گرنه‌به‌ر، رووداوه‌كانی مێژووش ئه‌و راستییه‌ی سه‌لماندووه‌ كه‌ دوا ئامانجی عه‌ره‌ب له‌ناوبردنی كورد و به‌ عه‌ره‌بستان كردنی كوردستان و به‌ تاڵان بردنی سامانه‌كه‌یه‌تی،

كوردایه‌تی نه‌كردن و هه‌نگاو نه‌نانی كوردانه‌ زۆر هه‌ل و ده‌رفه‌تی له‌باری له‌ ده‌ست داوین كه‌ ته‌نها به‌ كوردایه‌تی و هه‌نگاوی كوردانه‌ قه‌ره‌بوو ده‌كرێنه‌وه‌، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش پێویسته‌ كورد له‌ رقی عه‌ره‌ب له‌ كوردایه‌تی فێربێ چۆن كوردایه‌تی بكا و چۆن له‌ یه‌كهه‌ڵوێستی بڕوانێ، له‌ فراوانخوازی ئه‌وانیشه‌وه‌ خاك و وڵاته‌كه‌ی خۆشبوێ، واتا كوردایه‌تی و هه‌نگاوی كوردانه‌ بكه‌ینه‌ كاردانه‌وه‌ی بوغز و كینه‌ی عه‌ره‌بچێتی و ره‌فتاری عرووبه‌خوازی، نه‌ته‌وه‌په‌روه‌ری بكه‌ینه‌ كارنامه‌ و پلانی به‌گژدا چوونه‌وه‌ی پیلانگێڕیه‌كانی نه‌ته‌وه‌په‌رستی، خۆشه‌ویستی خاك بكه‌ینه‌ وه‌ڵامی سیاسه‌تی داگیركاری و فراوانخوازی، ئه‌وه‌ش ده‌مانخاته‌ به‌رده‌م ئه‌و ئه‌ركه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ی كه‌ له‌ وه‌ڵامی بانگه‌شه‌ی ساخته‌ی برایه‌تی و، هه‌رای فریوده‌ری پێكه‌وه‌ژیان و، خۆ نزیك كردنه‌وه‌ی عه‌ره‌ب به‌ هه‌ر ناوێك لێمان، كه‌ له‌ ساته‌وه‌خته‌ زۆر هه‌ستیار و گونجاوه‌كاندا كردوویانه‌ته‌ ته‌وقی گه‌ردنی كوردایه‌تی و كۆسپی به‌رده‌م هه‌نگاوی كوردانه‌، (هه‌ژار) ئاسا بڵێین:

به‌ كوردی ده‌ژیم به‌ كوردی ده‌مرم.

به‌ كوردی ده‌یده‌م وه‌ڵامی قه‌برم.

به‌ كوردی دیسان زیندوو ده‌بمه‌وه‌.

له‌و دونیاش بۆ كورد تێهه‌ڵده‌چمه‌وه‌.

له‌ به‌رامبه‌ر خۆشه‌ویستی خاك و له‌ وه‌ڵامی سیاسه‌تی داگیركاری و فراوانخوازیش كه‌ عه‌ره‌ب به‌ به‌رنامه‌ هه‌نگاوی بۆ ناوه‌، (دڵدار) ئاسا بێینه‌ ده‌نگ و هاوار بكه‌ین.

ئێمه‌ رۆڵه‌ی میدیا و كه‌یخوسره‌وین.

دینمان ئاینمان هه‌ر نیشتیمان.

 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

 

 

 

Related Articles