داعشیات ... دڵشاد تاقانە

ئه‌و داعشه‌ ئی ئه‌وڕۆ نی یه‌ ڕه‌گه‌که‌ی زۆر قووله‌ هه‌زار و قسور ساڵێکه‌ تۆکه‌ی ڕوواوه‌ به‌ڵام زه‌ویه‌که‌ی جیرانه‌تی عه‌ره‌به‌ بۆ ئێمه‌ی کورد هه‌موو کات سه‌رچاوه‌ی مه‌ترسی و هێرشی ئاینده‌یه‌ تا دوای هه‌زاران ساڵی تریش نابڕێته‌وه‌، هه‌رجاره‌ی به‌شێوه‌یه‌ک خانه‌ شێرپه‌نجه‌ییه‌کانی سه‌ر هه‌ڵده‌داته‌وه‌، گرینگ ئه‌وه‌یه‌ هۆشیاربینه‌وه‌ له‌خه‌وه‌ خه‌یاڵه‌ی حۆریات.

هیستریای داعش. .

داعش هیستریایه‌کی تری ئیسلامیه‌کانه‌ له‌و په‌ڕی هه‌ڵچوونی ڕق و بکوژی هه‌موو شته‌ جوانه‌کان، تاڵان و فه‌رهود، ئه‌نفال و کۆکوژی، کۆیله‌بازی ژنان و جاریه‌بازی تڵخ و تاڵ به‌ڵام هه‌وێنه‌که‌ی مۆرکی عه‌ره‌بی یه‌ به‌شه‌کی کوردیش ڕه‌دووی که‌وتیه‌!

داعش و به‌عسی. .

دوو دیوی دراوێکن. داعشی ئێستا و به‌عسی جاران نه‌وه‌ و کوڕ، ئامۆزا و پورزای حه‌ره‌س قه‌ومین. هه‌رسێکیان له‌زێرابی هۆشی عه‌ره‌به‌وه‌ هه‌ڵقوڵاون و ڕاڕه‌ویان گرتووه‌. ئه‌وه‌ی هات و ڕۆیی ئیتریش به‌دوای خۆیدا ده‌هینێ چونکه‌ ئه‌م عه‌قڵیه‌ته‌ بۆگه‌نه‌ که‌ڕه‌کیفه‌ ده‌کا و بۆنی نابڕێ.

ڕۆژ و تاریکی. .

له‌نێوان ئاڵای ڕۆژی هه‌ڵهاتووی کوردستان و ئاڵای ڕه‌شی تاریکی چه‌ند بستێکی مێژوویی هه‌یه‌ بۆ جه‌نگ و به‌راورد، مارکسیانه‌ یاسای یه‌کێتی دژه‌کان ده‌سه‌لمێنێ که‌ هه‌میشه‌ ڕووناکی و تاریکی نه‌گونجاون به‌ڵام یه‌کێتیان هه‌یه‌ بێ یه‌کتری نابن. له‌هه‌مووشی گرینگتر خۆره‌که‌ی ناو ئاڵای کوردستان دووڕ به‌ئاڵای تاریکی و نه‌زانی هه‌ڵده‌دا دڵنیا سبه‌ی هه‌ر ئی ئێمه‌یه‌ و داهاتووێکی پرشنگدار به‌ڕێوه‌یه‌ ئه‌و گه‌شبینیه‌ پێویست و ناچاریه‌.

هێزه‌که‌ی داعش. .

باوه‌ڕداره‌ به‌شه‌ڕ و کوشتن، هێزێکی تۆکمه‌ی ڕاهێنراوی گه‌ڕۆک هه‌رخۆی شوێنی شه‌ڕ هه‌ڵده‌بژێرێ، خاوه‌ن هێزێکی ئاگربارێنی ئامانج شکێنه‌. خۆ ئه‌گه‌ر خۆشیان نه‌وه‌ستابان ئه‌وه‌ زۆربه‌ئاسانی به‌دوو داعشان هه‌ولێریان ده‌گرت دوای گرتنی مه‌خمور و گوێڕ. هه‌رچه‌نده‌ هێرشیان بۆ ئه‌وێ تاکتیکی بوو له‌فراوانکردنی به‌ره‌کانی شه‌ڕ تا پێشمه‌رگه‌ش نه‌پڕژێته‌‌ سه‌ر گه‌ڕاندنه‌وه‌ی شه‌نگال و ده‌رکردنیان له‌کۆی سنوره‌که‌. سودی باشیان له‌سه‌ربازه‌ ڕاهێنراوه‌کانی سوپای عێراقی هه‌ڵوه‌شاوه‌ی سونه‌نشین کردیه‌ له‌هاوه‌ن هاویشتن و توانستی قه‌ناسی لیواکانی حه‌ره‌س جمهوری ڕاهێنراوی جارانی سه‌رده‌می ێه‌دام!

جه‌نگی ده‌روونی. .

بکوژه‌ و ببڕه‌ تاکتیکێکی شه‌ڕه‌ ده‌روونیه‌که‌یانه‌ نه‌یاره‌کانی خۆیانی پێ ده‌تۆقێنن، دوای ئاگربارینی زۆر که‌ده‌بێ پێشمه‌رگه‌ خۆی له‌به‌ر ڕاگرێ، خێرا هێرش ده‌که‌ن ئه‌وکاته‌ش خاڵی لاوازیان ده‌کرێ تێک بشکێندرێن و به‌رپه‌رچ بدرێنه‌وه‌. یه‌کانگیری شه‌ڕه‌ ده‌سته‌ و یه‌خه‌کان، نابه‌رابه‌ری هێز و توانا له‌شکریه‌کان خۆی دۆزه‌ره‌وه‌ی چاره‌ و ڕێگای به‌ره‌نگاری به‌رده‌وامه‌.

فه‌رمانده‌ی گشتی. .

خۆ به‌رپرسی یه‌که‌می هێزی‌ له‌شکری ته‌نیا بۆ به‌رکامێرا گه‌فکردن، خۆگرژکردن و ددان له‌چێڕه‌وه‌ بردن نی یه‌ ئه‌وه‌ندی دووربینی و توانستی به‌ڕێوه‌بردن هه‌روه‌ها بوونی مه‌رجه‌کانی سه‌رکرده‌ییه‌ چ ئه‌وه‌ی به‌سروشتی هه‌یبێ یان له‌ڕێگای فێربوونه‌وه‌ به‌ده‌ستی بهێنێ. له‌وه‌ته‌ی کورد هه‌یه‌ فه‌رمانده‌کانی فێڵیان لێکراوه‌ یان ڕاستتر بڵێین خۆیان لێزان و بیرمه‌ندی به‌ئاگا نه‌بوون!

ته‌س دانه‌وه‌. .

دیاره‌ بالۆره‌ی ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی کوردستان به‌داعشکاری له‌لایه‌ن تورک و عه‌ره‌به‌کانه‌وه‌ ته‌سی پێدارایه‌وه‌ جگه‌ له‌ته‌سه‌ سیاسیه‌که‌ و جاره‌کی دی چوونه‌وه‌ ئامێزی عه‌ره‌به‌کانی به‌غدا ته‌سێکی له‌شکریش بوو شه‌نگالمان له‌پێناو دانا مێژووش شوژن درووی ده‌کا. ئاخر وڵات به‌عه‌شایربازی نه‌دروست ده‌کرێ و نه‌ده‌شپارێزرێ فه‌رموون کام حیزبی سیاسی هه‌یه‌ له‌کوردستان پارێزه‌ری به‌رژه‌وه‌ندی عه‌شیره‌تگه‌ری نه‌بێ؟ دیاره‌ سیاسه‌تی پینه‌ و په‌ڕۆی شه‌ش ته‌قه‌ر و مانگه‌شه‌و هه‌ر ئه‌وه‌ کاڵاو به‌رهه‌م و لێکه‌وته‌ی ده‌بێ، دواین داهێنان سه‌یرکه‌.

سرودی ئه‌ی ڕه‌قیب. .

ئافه‌رین داعشه‌ ناوخۆییه‌کانی په‌رله‌مان قسه‌که‌تان چووه‌ سه‌رێ چونکه‌ ئه‌وه‌ند بێ ڕێزن بۆ مارشی نیشتمانی هه‌ڵنه‌ده‌ستانه‌ سه‌رپێ که‌چی بۆ وه‌له‌که‌ عه‌رب و به‌نده‌ی تورک و ئاغای فارسی ده‌چه‌مێنه‌وه‌ نه‌ک ده‌ستیان به‌ڵکو پێڵاوه‌کانیان ماچ ده‌که‌ن! دڕزێن ئه‌ندام په‌رله‌مانێک که‌وتنه‌ سه‌لاقوچکانێ و وه‌ک مریشکی بێ ڕاوکه‌ هێلکه‌که‌تان دۆڕان هه‌رهه‌مووشتان تاوانبارن به‌رامبه‌ر مێژوو ڕووتان وه‌ک ئاڵاکه‌ی داعشه.

دینمان ئاینمان هه‌ر نیشتمان. .

جاره‌کی دی دینمان ئاینمان هه‌ر کوردستان. له‌به‌رچی ئه‌و پرسیاره‌ ئیسلامیه‌ سیاسی و توندڕه‌وه‌کان یاڕاستر بڵێین داعشه‌ خۆماڵیه‌کانی توشی هیستریا کردووه‌؟ خۆ ئه‌و هۆنراوه‌ی دڵداری شاعیر له‌مێژه‌ هه‌یه‌ و کرایته‌ سرودی نیشتمانی هه‌زاره‌ها مه‌لای نیشتمانپه‌روه‌ر و شۆڕشگێڕی به‌ره‌ی گه‌ل گوێبیستی بوون که‌سیش له‌گوڵ کاڵتر له‌سه‌ری نه‌دوا! خێره‌ ته‌شگه‌ربه‌گوه‌کانی ئه‌م زه‌مانه‌ دژی وه‌ستاینه‌وه‌ یان به‌ته‌مان له‌وێ دوو حۆری عه‌ره‌بی زیاتر وه‌ر‌گرن؟ هه‌ی به‌لاقی خێویه‌وه‌!

کورد و نیشتمانه‌که‌ی. .

کوردستان ئه‌و خاکه‌یه‌ گه‌لی کوردی جوتیار له‌سه‌ری له‌پێناوی ژیاوه‌، زۆری جه‌ور و سته‌می داگیرکارانی به‌هۆیه‌وه‌ چێژتووه‌ ته‌نانه‌ت له‌کاتی هاتنی ئیسلامی عه‌ره‌بانیش وازی له‌ئاینه‌که‌ی خۆی هێناوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌س بتوانێ خاکه‌که‌ی بپارێزێ هه‌رله‌به‌رئه‌وه‌شه‌ کورد خاکه‌که‌ی له‌ئاین خۆشترده‌وێ! یه‌زیدیه‌کان کوردی ڕه‌سه‌نن ئاماده‌بوون له‌پێناسه‌ی نوسراویان نه‌ته‌وه‌که‌یان بکه‌نه‌ عه‌ره‌ب که‌ سه‌دامی عه‌ره‌ب داوی لێکردن ده‌بێ ببن به‌عه‌ره‌ب یان واز له‌یه‌زیدی بهێننن ببنه‌ ئیسلام؟ ئه‌وانیش به‌راوردیان کرد ئه‌گه‌ر نه‌ته‌وه‌ له‌ده‌سده‌ن ده‌کرێ سبه‌ی که‌سێک بێ ی و بنوسێت ئه‌وان کوردن به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئاینه‌که‌یان که‌ ئاینی کوردیه‌ له‌ده‌س‌ بده‌ن و ببنه‌ ئیسلام ئه‌وا هه‌موو مێژوو کلتوریان ده‌سڕێته‌وه‌. بۆیه‌ ئه‌وان گیرۆده‌ی ئاینه‌که‌یانن به‌ڵام ئێمه‌ی زۆرینه‌ی کورد که‌ ئاینه‌که‌مان له‌ده‌سداوه‌ ئێستا هه‌رگیز نامانه‌وێ نیشتمانه‌که‌مان له‌ده‌ست بده‌ین چونکه‌ له‌جێ ی ئاینه‌که‌مانه‌ و لۆیه‌ش ڕه‌وایه‌ هه‌موو کورد له‌زاری دڵداره‌وه‌ بڵێین: دینمان ئاینمان هه‌ر کوردستان. به‌به‌ڵگه‌ش له‌به‌ره‌کانی جه‌نگ به‌خوێن هه‌ر ده‌سه‌لمێندرێ که‌چی په‌رله‌مانی کوردستان مارشه‌که‌ی شکاند دڵنیا سبه‌ی ئاڵاکه‌ی کوردستانیش داده‌به‌زێنێ.

نه‌وه‌ی نوێ. .

کێشه‌ی نه‌وه‌ نوێکان لێ قه‌ومانه‌ له‌ده‌شتێکی بیابانی بێ پشت و په‌نا، چونکه‌ نه‌وه‌ کۆنه‌کان زانست و زانیاریه‌کانیان نانوسنه‌وه‌ و نایگه‌یه‌نن به‌نه‌وه‌ نوێکان. ئه‌وه‌ی ئه‌وڕۆ سبه‌ی له‌دایک ده‌بێ قوڕێکی بۆ گیراوه‌ته‌وه‌ پێڕاناگا له‌سه‌ری خۆی بگرێ! هه‌موو ڕووداوه‌کانیان لا نوێ یه‌ چونکه‌ هیچیان بۆ نانوسنه‌وه‌ تا به‌رپێ و هه‌نگاوه‌کانیان ببیننن هه‌ر ئه‌وه‌شه‌ ئه‌نده‌م په‌رله‌مانه‌ نوێکان ده‌ستیان به‌رزکردیته‌وه‌ لۆ گۆڕینی مارشی کوردی.

کورد پلانی نی یه‌. .

ئێستا بژی سبه‌ی گرینگ نی یه‌ که‌چی هه‌موو نه‌ته‌وه‌کانی ده‌وروبه‌ر نه‌خشه‌ و پلانی سه‌دساڵی داهاتوویان هه‌یه‌ بنگه‌ کلتوریه‌که‌یان پره‌ له‌سه‌رچاوه‌ که‌چی په‌ندی پێشینانی ئێمه‌ی کورد ده‌ڵێ: ئه‌وڕۆ بخۆ خوا که‌ریمه‌ تا سبه‌ی. ته‌ماشای تورکان که‌ن ده‌ڵێن: بۆ له‌ناوبردنی نه‌ته‌وه‌ی کورد پێویسته‌ ژنانی کورد وا لێبکه‌ین به‌کوردی قسه‌نه‌که‌ن. ئه‌وکاته منداڵی کورد به‌کوردی قسه‌ناکا فه‌رموون هێزه‌کانی په‌که‌که‌ له‌سه‌رۆکه‌وه‌ تا گه‌دا هه‌رچی ژنیان له‌گه‌ڵه‌ ئه‌وه‌ندی به‌تورکی ده‌دوێن ئه‌وه‌نده‌ حه‌زیان له‌کوردی نی یه‌ و خۆ به‌که‌ماسی ده‌بینن که‌ به‌کرمانجی قسه‌ بکه‌ن!‌

سوپاس بۆ داعش. .

پێویسته‌ و به‌ئه‌رکی ده‌زانم سوپاسێکی بێ پایانی ئه‌و داعشانه‌ بکه‌ین چونکه‌ هه‌ر ئه‌وانن هۆی یه‌کگرتنه‌وه‌ی هێز و تواناکانمان، پێشمه‌رگه‌ی بیر و کرداری هه‌رچوار پارچه‌ی دابه‌شکراوی کوردستان نوکی پێنوس و لووله‌ی تفه‌نگه‌کانیان یه‌ک ئاڕاسته‌ کردووه‌، مێژووێکی جوانی پڕ شکۆی کوردایه‌تی ده‌نوسرێته‌وه‌ به‌ڵگه‌نه‌ویسته‌ خۆیان سه‌لماندیان یه‌ک کوردستان هه‌بووه‌ و هه‌یه‌ له‌ئاینه‌ سه‌پێنراوه‌که‌ی ئه‌وانیش لامان پیرۆزتره‌.

  

 Dlshadtakanaqyahoo.  com

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

Related Articles