جنێف 2 بێ بەشداریکردنی کورد ڕەوایەتی نیە ... فوئاد زیندانی

لەسایەی سیسەتەمی سەرمایەداری هیچ نەتەوەیەک لەجیهان نەگەیشووە بە ئازادی و ڕزگاری ، بەڵکو بەپێچەوانەوە لەئەنجامی سیاسەتەکانی ئەو سیستەمە گەلانی چەوساوە دووچاری قڕکردن و جینۆساید و دابەشبوون و پەرواێزخستنهاتوون ، ئەوەش ڕووی ڕاستەقینەی سیستەمی سەرمایەداری جیهانی دەردەخات .

گەلی کورد وەکو نەتەوەیەکی 45 ملیۆنی گەورەترین نەتەوەیە لەجیهان لەئەنجامی سیاسەتەکانی ووڵاتانی ئیمریالیست لەچوارچێوەی پەیمانی لۆزان دووچاری ئەو هەموو کارەساتە بۆتەوە لەماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا .

ماوەی سەدەیەکە گەلی کورد لەهەموو بەشەکانی کوردستاندا لەپێناو مانەوە و خۆپاراستن لە لەناوچوون و بەدەستهێنانی مافەکانی لەتێکۆشانی بەردەوامدایە .لە ڕۆژئاوای کوردستان کورد هەمیشە لەدژی ڕژێمی بەعسی وەکو تاکە نەتەوە لە گوڕەپانی خەبات بوونی هەبووە .لەئاداری ساڵی 2011 وە کورد وەکو کاریگەرترین فاکتەر لە سەرهەڵدان و ڕاپەڕینی شۆڕشی گەلانی سوریا لەدژی ڕژمی بەعسی لەپێناو هێنانە دی دیموکراتیەت و گەیشتن بە ئامانجەکانی بەشدارە .

ووڵاتانی زلهێزی سەردەمی کۆلۆنیالیزم بەهەمان بیرکردنەوەی سەد ساڵ لەمەوبەر مامەڵە لەگەڵ شۆڕشی کورد دەکەن ، بەپێی بەرژەوەندیەکانیان و بەرژەوەندی ووڵاتانی گرێدراوی خۆیان لەناوچەکەدا لەوانەش تورکیا و سعودیە بەرامبەر نەتەوەی کورد هەڵسوکەوت دەکەن ، ئەو هەڵوێستانەش لە ئامادەکاریەکان بۆ کۆنفرانسی جنیف 2 بەئاشکرا دەرکەوتووە ، تائێستا دەستەی باڵای کورد وەکو نوێنەری ڕاستەقینەی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان و سوریا لەلایەن کۆمیتەی ئامادەکاری کۆنفرانسی جنێف 2 بەفەرمی بانگهێشت نەکراوە ، بەڵکو کۆمیتەی ئامادەکار لەسەرووی هەموویانەوە ئەمەریکا و ڕوسیا ڕایانگەیاندووە کە پرسی کورد ناخرێتە بەرنامەی کۆنفڕاسەکەوە .

گەلی کورد تاکە نەتەوەیە لەسوریا توانیویەتی پشتبەخۆی ببەستێ و لەزەحمەترین بارودۆخدا شەڕ لەپێناو بەدەستهێنانی ئازادی بکات .تورکیا کە ئەندامی بلۆکی ناتۆیە بووە بە وویستگەی سەرەکی پێشوازیکردنی تیرۆریستان لە جیهان و یارمەتی لۆجیستی بەئاگادری ناتۆ لەلایەن تورکیا و سعودیە و قەتەڕ دەدرێتە تیرۆریستەکانی سەربەڕێکخراوی ئەلقاعیدە بۆ ئەوەی ڕۆژانە هێرش بکەنە سەر ڕۆژئاوای کوردستان ، سەرباری داخستنی سنور و ئابڵوقەی ئابووری گەلی کورد لەساڵی 2013 دا ڕووبەڕووی هێرشی دژوار بۆتەوە لەلایەن چەتەکانی سەربە ڕێکخراوە تیرۆریستیەکانی گرێدراوی ئەلقاعیدە ، گەلی کورد و پێکهاتەکانی تری ڕۆژئاوا بەرامبەر ئەو هێرشانە خۆڕاگربوون ، یەکینەکانی پاراستنی گەل یەپەگە تاکە هێزی نیشتمانین سەربەرزانە بەرەنگاری ئەو هێرشانە بوونەوە و هەرەسیان بە دوژمن هێناوە .لەڕووی سیاسیەوە کورد خاوەن پڕۆژەی خۆیەتی کارەکانی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی لەساڵی 2013 دا گەیشتە ئاستێکی بەرهەمدار چاوەرێدەکرێ لەچەند مانگی داهاتوودا هەڵبژاردنی گشتی ئەنجامبدرێ و پەرلەمان و حکومەتی ڕۆژئاوای کوردستان لەدایک ببێ ، ئەوەش سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ کوردان کە لەلایەن نەیارانی کورد قەبوڵناکرێ چونکە دەبینن گەلی کورد خاوەن پڕۆژەیە و سەرکەوتووانە سیستەمی دیموکراتی و عەدالەتی کۆمەڵایەتی و ئازادی لە سێ هەرێمی کانتۆن پەیڕەو دەکات ، ڕەنگدانەوەی دەبێت لەسەر تەواوی سوریا دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسی ، بەمهۆیەوە هاوپەیمانی نیشتمانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا کە هیچ پڕۆژەیەکی بۆ گەلانی سوریا لەهەگبەدا نیە و زۆربەی پێکهاتەکەی نیشتەجێی هوتێلە پێنچ ئەستێرەکانی ئەستەنبۆڵ و ئەوروپان هاوشێوە ڕژێمی بەعسی سوریا کە بەشار ئەسەد سەرۆکایەتی دەکات بەهیچ شێوەیەک نایانەوێ کورد بەشداری کۆبوونەوەکانی جنێف 2 ببێ ، لەبەرئەوەی ئەگەر دەستەی باڵای کورد بەشداربێت لەجنێف 2 ئەوا پڕۆژەی بەڕێوەبەری دیموکراتی "خۆسەری دیموکراتی "دەخەنە ڕوو کە دوور نیە ببێتە مۆدێلێک بۆ تەواوی سوریا لە دوای ڕۆیشنی ئەسەد ، هاوپەیمانی نیشتمانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا وەکو بەشار ئەسەد ئامادە نیە دانبنێ بەمافەکانی گەلی کورد ، بۆیە نایەوێ شاندی هاوبەشی کورد وەکو قەوارەیەکی سەربەخۆ بەشداری کۆنفرانسی جنێف 2 بکات .

بارودۆخی نێوان کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان

لەگەڵ دەستپێکردنی شۆڕشی گەلانی سوریا لەئاداری ساڵی 2011 وە ناکۆکی سیاسی لەنێوان پارتە سیاسیەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بوونی هەیە ، پارتە کوردیەکان بەسەر دوو ئەنجوومەن دابەشبوونە : ئەنجوومەنی گەلی ڕۆژئاوای کوردستان ، ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردی سوریا ، ژمارەیەک پارتی تر لەدەرەوەی ئەو دوو ئەنجوومەنەن.لە ڕابردوودا هەوڵدراوە هەردوو ئەنجوومەنەکە لەسەر مێزی گفتوگۆ کێشەکانی نێوانیان چارەسەربکەن بەتایبەتی پێش کۆنفرانسی جنێف 2 لە شاری هەولێر لە 24 ی دیسێمبەری ساڵی ڕابردوو هەردوولا لەسەر سێ خاڵ ڕێکەوتن کە گرنگترینیان بریتیبوو لەبەشداریکردن لەجنێف 2 بەشاندێکی هاوبەشی دەستەی باڵای کورد وەکو قەوارەیەکی کوردی سەربەخۆ .لێرەدا گەلی کورد پێویستە پرسیاربکات ئایا کورد بەفەرمی بۆ بەشداریکردن لە جنێف 2 بانگهێشتکراوە ؟ ئایا دەستەی باڵای کورد بەشاندێکی هاوبەش وەکو قەوارەیەکی سەربەخۆی کورد بەپێی ڕێکەوتنی هەولێر لەجنێف 2 بەشدارە ؟

ئەوەی تائێستا زانراوە کورد وەکو قەوارەیەکی سەربەخۆ و شاندی هاوبەش بەفەرمی بانگهێشتی جنێف 2 نەکراوە ، تەنیا هاوپەیمانی نیشتمانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا کە ئەحمەد جەربا سەرۆکایەتی دەکات بانگهێشتکراوە و چەند پارتێکی سەربە ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردی سوریا لەژێر چەتری هاوپەیمانێتیکەنی ئەحمەد جەربا بەشدارن !!

هاوپەیمانی نیشتمانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا کە زۆربەی ئەندامانی پێکهاتەکەی بە کوردەکانیشەوە نیشتەجێ و مێوانی بەردەوامی هوتێلە پێنچ ئەستێرەکانی تورکیا و ووڵاتانی ترن ، لە بەرواری 06.01.2014 دا لە کۆبوونەوەیەکی نێوان خۆیاندا سێ کوردیان دەستنیشانکرد یەکێکیان وەکو یەکێک لەو سێ جێگرەی ئەحمەد جەربا ، یەکێکی وەکو جێگری حکومەت و ئەوی تریان وەکو بەرپرسی کۆمسیۆنی دیپلۆماسی هەلبژێردران .لێرەدا پێوویستە ئەوە بڵێین بەشداریکردنی پارتەکانی ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردی سوریا لەژێر چەتری هاوپەمانی نیشتمانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا کە ئەحمەد جەربا سەرۆکایەتی دەکات پێچەوانەی ڕێکەوتنی هەولێرە کە لە 24.12.2013 دا واژوو کرا لەنێوان ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردی سوریا و ئەنجوومەنی گەلی ڕۆژاوای کوردستان بەسەرپەرشتی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان .

هاوپەیمانی نیشتمانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا نوێنەری گەلانی سوریا ناکات، تەنانەت نوێنەرایەتی خودی هاوپەیمانیەتەکەی خۆشی ناکات چونکە لە کۆبوونەوەکانی پاریس ڕۆژانی 17 و 18 ئەم مانگە لەکۆی دەنگی 120 کەس تەنیا 58 کەس دەنگیان داوە بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسی جنێف 2 کە بڕیارە لە 22.01.2014 لە ووڵاتی سویسرا ببەسترێ .

هاوپەیمانی نیشتمانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا بڕیارە 15 کەس دەستنیشان بکات بۆ نوێنەرایەتیکردن لە جنێف 2 ، بۆ ڕیزی پێشەوە 9 کەس دادەنێ و 6 کەسیش بۆ ڕیزی دواوە .لێرەدا ئەو پرسیارەی خۆی دەسەپێنێ ئەوەیە ئەو کوردانەی لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نیشتمانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا بەشدارن لە کۆبوونەوەکەدا نوێنەرایەتی کێ دەکەن ؟ پارتەکان ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردی سوریا پێگەی جەماوەریان لەڕۆژئاوای کوردستان لاوازە ، لەبەر ئەوە ئەو کەسانەی وەکو کورد لەو کۆبوونەویە بەشدارن تەنیا نوێنەرایەتی خۆیان دەکەن ، ئەگەر ئەوانە نوێنەری ڕاستەقینەی گەلی کوردی ڕۆژئاوای کوردستانبان دەبوایە لەچوارچێوەی ڕێکەوتنی هەولێر وەکو دەستەی باڵا بەشاندێکی هاوبەشی هەردوو ئەنجوومەنەکە ‌بەشداریانبکردبایە ، بۆیەئەوانە کەبەتەنیا لەوێن ناتوانن نوێنەرایەتی گەلی کورد بکەن لەژێر جەتری هاوپەیمانی نیشتمانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا کەخۆی دژی بەرژەوەندیەکانی گەلی کوردە .وەکو لەسەرەوە ئاماژەمان پێکرد خودی کۆمیتەی ئامادەکاری کۆنفرانسی جنێف 2 ئەمەریکا و ڕوسیا و هاوپەیمانی نیشتمانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا بەئاشکرا ڕایانگەیاندووە لە کۆبوونەوەکانی جنێف 2 دا باسی کورد ناکرێ و پرسی کورد لەئەجندای کۆنفرانسی جنێف 2 دا نیە ، ئەوەش خۆیلەخۆیدا مەرجێکی پێشوەختە و پەرواێزکردنی کوردە بەبەرنامەیەکی داڕیژراو ، بۆیە کۆنفرانسی جنێف 2 چارەسەری کێشەکانی ناوخۆی سوریا ناکات ، بەشداربووان و کۆمیتەی ئامادەکاری جنێف 2 پێوویستە ئەو ڕاستیە بزانن سەردەم سەردەمی لۆزان نیە ، بەپێچەوانەوە کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان بەشێوەیەکی مۆدێڕن ستاتوی تایبەت بە گەلانی ڕۆژئاوای کوردستان دامەزراندووە کەبەشێوەیەکی دیموکراتی لەخزمەتی تەواوی پێکهاتەکانی ڕۆژئاوای کوردستاندایە ، سیستەمی ڕۆژئاوای کوردستان پشتئەستوورە بەجەماوەری رۆژئاوای کوردستان لەسەردەستی ئەوان دامەزراوە ، پشتی نەبەستووە بەئەجندای دەرەکی بۆیە ئەو پێشکەوتنە سیاسی و ئیداریەی لە رۆژئاوای کوردستان دروستبووە هەرگیز پاشەکشە ناکات بۆ دواوە و لەشوێنی خۆشی ناوەستێ بەڵکو یەک ئاڕاستەیە تەنیا بەرەو پێشکەوتنی زیاتر دەڕوات .

ئامادەنەبوونی شاندی هاوبەشی کوردی وەکو قەوارەیەکی سەربەخۆ کە پارتەکانی هەردوو ئەنجوومەنی گەلی ڕۆژئاوای کوردستان و ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردی سوریا لەخۆ بگرێ لە کۆنفرانسی جنێف 2 نیشانەی سەرنەکەوتنی کۆنفرانسەکەیە ، بانگهێشتنەکردنی پارتی یەکیەتی دیموکراتی "پەیەدە"بەشێویەکی ئەنقەست لەلایەن ڕێکخەرانی کۆنفرانسی جنێف 2 هۆکارە بۆ ئەوەی گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان پابەند نەبێت بەهیچ بڕیارێکی جنێف 2 بۆیە کۆنفرانسی جنێف 2 بەبێ بەشداریکردنی کورد ڕەوایەتی نیە

 

Related Articles