پێوویستە ڕێکەوتنی هەولێر و نامەی ئۆجەلان ببێتە بنچینە بۆ چارەسەری کێشەکان ... فوئاد زیندانی

کاتیک باسی بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی دەکرێ مرۆڤی کورد هەست بە ئومێدێکی مەزن دەکات، کاتێک بەشێکی کوردستان ڕزگار و ئازاد دەبێت یا بەشێک لەمافە نەتەوەییەکانی بەدەستدێنێ هیوا و خەونەکانی گەلی کورد لەئاستی چواربەشی کوردستان زیاد دەکات، بەڵام ئەوەی کەدەبێتە بێ ئومێدی و کەمکردنەوەی هیواکان و لەناوبردنی خەونەکان کێشەی نێوان پارتە کوردیەکانە، بەتایبەتی کە لەڕاگەیاندنەکانەوە لەڕێگەی لێدوانی دژ بەیەکتری شەڕی سارد دەستپێدەکەن و زەمینەی ناتەبایی و لێکترازان ئاماددە دەکەن . کوردستانی مەزن لەبەردەم دەرفەتێکی مێژووییدایە بۆ ئەوەی خۆی بسەلمێنێ و ببێتە کیانێکی نەتەوەیی لەئاست چواربەشی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، یەکەم جارە دوو بەشی کوردستان باشور و ڕۆژئاوا بتوانن بەشێک لەئازادیەکانیان بەدەستبێنن هەرچەندە ئەو ئازادییەی بەدەستهاتووە لەئاستی قوربانیدانی گەلی کورد دا نیە جگەلەوەش هێشتا هەڕەشە لەسەر ئەو دوو بەشەی کوردستان کۆتایی پێنەهاتووە لەلایەن ئەو ووڵاتانەی کە کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە . ئەگەر ئێمە ڕۆژئاوای کوردستان بەنموونە بێنینەوە، دەبینین سێ کانتۆنی ڕزگارکراو کە چەندین شار و شارۆچکە گوند لەخۆ دەگرێ لەلایەن ئەنجوومەنەکانی بەڕێوەبەرایەتی کاتی بەڕێوەدەبردرێن، بەڵام مەترسی لەسەر پرۆسەکەدا هەیە بەتایبەتی گرووپە تیرۆریستیەکانی داعش و بەرەی نوسرە بەپاڵپشتی و یارمەتی لۆجستی دەزگای هەواڵگری ووڵاتانی تورکیا و سعودیە هێرشی ناوچە ئازادکراوەکانی سێ کانتۆنەکە دەکەن . تورکیا و عەرەبستانی سعودی دوایئەوەی بەرەی نوسرە و داعش و ئەحراری شام و چەند گرووپێکی تریان دژ بە ڕۆژئاوای کوردستان بەکارهێنا و چەندین تاوانی جەنگ و تاوانی دژی مرۆڤایەتی و وەحشیەتێکی زۆریان پێئەنجامدان، بەتایبەتی لەمدواییەدا یارمەتیەکی جۆری و کراوەیان پێشکەش بە داعش کرد تا وایلێهات داعش لەگەڵ گرووپەکانی تری تیرۆریستی هاوپەیمانی خۆی چەندین شەڕی ئەنجامدا، ئێستا ئەو دوو ووڵاتە بەنیازن لەڕێگەی کەمکردنەوەی یارمەتی لۆجستی و دارایی ڕۆڵی داعش کەمبکەنەوە و ئەو ڕۆڵە بدەنە چەند گرووپێکی تر و دووبارە شەڕی گەلی کوردیان پێئەنجامبدەن، ئامانج لەو شەڕانە ڕاکێشانی لایەنی کوردیە بۆ ناو شەڕێکی بێ کۆتایی و کراوەیە لەلایەک،  هێشتنەوەی گەلی کورد بەتەنیا لەبەرەنگاربوونەوەی هێرشە سەپێنراوەکانی هێزە تیرۆریستیەکان لەلایەکی تر، مەبەستی سەرەکی ئەو ووڵاتانە ئەوەیە گەلی کورد تووشی خوێن بەربوونێک بکەن ئەگەر سستیش بێت کێشە نیە بەڵام بەردەوام بێت تا دەستبەرداری ئەو دەستکەوتانەبێت کەبەدەستی هێناوە، ووڵاتانی ئەمەریکا و ئەوروپا و بلۆکی ناتۆ ئەو ڕاستیە دەزانن و چاوپۆشی لێدەکەن !

هەرێمی باشوری کوردستان نموونەیەکی تری کوردستانی مەزنە کە بە قۆناغێکی هەستیاردا تێدەپەڕێ، حکومەتی ناوەندی لەسەر پرسی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم و کێشەکانی پەیوەندیدار بەباتەکە لەپێناو بەدیهاێنانی چەند مەرامێکی سیاسی پەنای برد بۆ بڕینی بودجەی هەرێمی کوردستان کەبووە بەهۆی دواکەوتنی مووچەی هاووڵاتیان و بڕینی نانی خەڵکی بێتاوان، پڕاکتیزەکردنی ئەو سیاسەتە بۆ ئەوەیە کورد ناچار بکات سوپاسگوزار بێت بەو قەوارە سیاسی و جوگرافیەی کە ئێستا هەیەتی و باسی مافە دەستووریەکانی نەکات کە بریتین لە جێبەجێکردنی ماددەی (140) و وەرگرتنەوەی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی دەسەڵاتی هەرێم و چارەسەر کردنی کێشەکانی نەوت و پێشمەرگە و هتد، ئەوەش خۆیلەخۆیدا شەڕێکە حکومەتی ناوەندی بەو لاوازیەی خۆیەوە دژ بەگەلی کورد ئەنجامیدەدات !

پرسیار ئەوەیە ئەگەر بارودۆخی گەلی کورد لە باشور و ڕۆژئاوای کوردستان بەو شێوەیە بێت ئایا ڕەوشی گەلی کورد لە باکوری کوردستان دەبێ چۆن بێ کە ماوەی زیاتر لە (١٥) ساڵە ڕێبەر ئۆجەلان هێشتا هەر لەزیندانە و بەهەزاران زیندانی سیاسی کورد لەزیندانەکانی تورکیا دەستبەسەرن و بەسەدان زیندانی سیاسی لەگرتووخانەکانی ئەو ووڵاتە بەهۆی نەخۆشیەوە لەسەر لێواری مردنن ؟ ئایا بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبێ چۆن بێ کەتائێستا لەبچوکترین مافەکان بێبەشن و بەهەزاران ڕۆڵەی کورد لەزیندانەکانی ڕژێمی ئێران بەتاوانی کورد بوون دەستبەسەرن و ئەشکەنجەدەدرێن و لەسێدارەدرێن ؟ ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە هەموو پارتەکانی ناو هەردوو ئەنجوومەنەکانی ڕۆژئاوای کوردستان تواناکانیان یەکبخرێ و هەروەها پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان و پارت و ڕێکخراوەکانی بەشەکانی تری کوردستان پشتگیری ڕۆژئاوای کوردستان بکەن بۆ سەرخستنی پرۆسەکە بۆئەوەی ببێتە هەوێنێک بۆ سەرکەوتنی کۆنگرەی نەتەوەی ؟ ئایا باشترنیە لەبری لێدوانی توندی دژ بەیەکتر و سەپاندنی بەرژەوەندی تەسکی حزبی و شەخسی، بەرژەوەندی گشتی و نەتەوەیی لەبەرچاو بگیرێ و کۆنگرەی نەتەوەیی ببەسترێ ؟ چارەسەری گونجاو ئەوەیە هەموو پارتە سیاسیەکان و لایەنەکانی پەیوەندیدار لە کوردستانی مەزن، بەتایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان و پارتی کرێکارانی کوردستان پابەندی ڕێکەوتنەکانی هەولێر بن کە پێشتر کاریان لەسەرکردبوو بۆ سەرخستنی پرۆسەی ڕۆژئاوای کوردستان و پابەندی ناوەڕۆکی نامەی ڕێبەر ئۆجەلان بن بۆ ئەنجامدانی کۆنگرەی نەتەوەی بۆئەوەی ببێتە بنچینەی چارەسەری کێشەی نێوان پارتەکانی کوردستان و گەیشتن بەئامانجە نەتەوەییەکان .

    

Related Articles