ڕۆژی 10.02.2014 خولی دووەمی کۆبوونەوەکانی جنێف 2 ، بەسەرپەرشتی ئەخزەر ئیبراهیمی نوێنەری بانکیمۆن سەرۆکی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان و بەئامەدەبوونی هەردوو نێردەی حکومەتی سوریا و هاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا دەستیپێکردەوە .
پێش دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەکانی خولی دووەم ، ئەحمەد جەربا سەرۆکی هاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا لە 04.02.2014 سەردانی ووڵاتی ڕوسیایکرد ، زانرا ناوبراو لەمۆسکۆ دەربارەی تیرۆر ڕایگەیاندبوو : ڕاستە تیرۆر لەسوریا هەیە ، بەڵام "بەرەی نوسرە"ی گرێدراوی ڕێکخراوی ئەلقاعیدە تیرۆریست نیە!!
شایانی بیرهێنانەوەیە لە بابەتی پێشووماندا کە بەناونیشانی "جنێف 2 : ئۆپۆزسیۆن هاوشێوەی ڕژێمی سوریا پڕۆژەی نیە بۆ کورد "بڵاوکرایەوە ، ئاماژەمان بەوە کردبوو کە هەندێک لەو لایەنانەی لەکۆبوونەوەکانی جنێف 2 دا بەشدارن ، باڵی سیاسی ئەو هێزە تیرۆریستیانەن کە ڕۆژانە هێرش دەکەنە سەر گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان ، ئەو ڕاستیەش لەلێدوانەکەی ئەحمەد جەربا پشتڕاستکرایەوە کەلەسەرەوە ئاماژەمان پێکردووە ! لەسەر هەمان مژار "ئەنەس ئەلعەبدە"ئەندامێکی نێردەی دانوستانکاری عەرەبی سەربە هاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا لە 11.02.2014 ڕایگەیاندبوو : بەرەی نوسرە جیاوازە لەگەڵ داعش لەبەرئەوەی بەرەی نوسرە خۆی بەبەشێک لەشۆڕشی سوریا دەزانێ ، هیوادارین بەرەی نوسرە "بەیعە)ی خۆی لە ڕێکخراوی ئەلقاعیدە بکێشێتەوە !!
داعش و بەرەی نوسرە کە گرێدراوی ڕێکخراوی تیرۆریستی ئەلقاعیدەن ، لەلایەن ژمارەیک لە ئەفسەرە بەعسیەکانی دەزگای هەواڵگری سەردەمی ڕژێمی پێشووی عیڕاق و بەعسی سوریا و بەپاڵپشتی ووڵاتانی وەکو سعودیە و قەتەڕ و تورکیا دروستبوون و یارمەتیدەدرێن ، دەزگای هەواڵگری ئەو ووڵاتانە بەپێی بەرژەوەندیەکانی خۆیان بەکاریاندێنن ، ڕۆژێک دەیانکەنە تیرۆریست ڕۆژێکی تر دەیانکەنە ئۆپۆزسیۆن ، ئەرکی سەرەکی ئەو هێزە تیرۆریستیانە هێرش کردنە سەر ڕۆژئاوای کوردستان و کوشتنی خەڵکی بێتاوانە .هاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا لەسەر داواکاری ئەو ووڵاتانەی یارمەتی لۆجستی دەدەنە داعش و بەرەی نوسرە ، ئەو دوو هێزە بەتیرۆریست هەژمار ناکات و جگەلەوەش هەوڵیداوە بەرەی نوسرەی بکاتە بەشێک لە نێردەی دانوستانکار لە کۆبوونەوەکانی جنێف 2 ، ئەمەریکا و ووڵاتانی ڕۆژئاواش ئەو ڕاستیە دەزانن !! لێرەدا هەڵوێستی هاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا و ووڵاتانی ڕۆژئاوا و کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی جێگای پرسیارە ، کەبەناوی دیموکراتیەت و مافەکانی مرۆڤ لێدواندەدەن و لەهەمانکاتدا بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ مامەڵەدەکەن لەگەڵ تیرۆریستان و بە پێچەوانەشەوە هێزە کاریگەرەکانی گۆڕەپانی سوریا لەوانەش کورد پەراوێز دەخەن لە جنێف 2 و جنێفەکاندا ، ئەوەش ئەو ڕاستیە دەسەلمێنێ کە ئەمەریکا و ووڵاتانی سیستەمی سەرمایەداری و ووڵاتانی هەرێمیی بەتایبەتی سعودیە و تورکیا کە گرێدراوی ئەو سیستەمەن بە ئاشکرا یارمەتی تیرۆر دەدەن و دژایەتی هێزە دیموکراتیەکان دەکەن.
هاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا لە 12.02.2014 لە جنێف 2 دا ڕایگەیاند : دەسەڵاتی گواستراوە - حکم ئینتقالی ، پێویستە دەسەڵاتی ڕەهای هەبێت بۆ ئەوەی ئەو هێزە دەرەکیانەی کەلە سوریا شەڕ دەکەن ناچار بکات ئەو ووڵاتە جێبهێڵن ! ئەو لێدوانەش دژی ئەو لێدوانەی خۆیانە کە ڕۆژێک پێشتر ڕایانگەیاندبوو بەرەی نوسرەی گرێدراوی ئەلقاعیدە تیرۆریست نیە ، بەمەرجێک چەکدارانی بیانی لە ڕیزەکانی بەرەی نوسرە و داعش زۆرینەن ، ئەوەش ڕەنگدانەوەی ئەو ڕاستیەن کە ئەو هێزانە لە سوریا لەژێر کاریگەری ووڵاتان شەڕی بەوەکالەت دەکەن ، ئەوەی جێگەی داخە ژمارەیەک گەنجی کوردستانی باشور بەناوی جیهادکردن هەڵخەڵەتێنران و کەوتنە ناو ئەو یاریە هەواڵگریەی ووڵاتانی زلهێز و هەرێمی ، جگەلەوەی ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستیانە ئەو گەنجانەی کوردیان لەدژی نەتەوەی خۆیان بەکارهێنا ژمارەیەکیشیان بەکوشتندا .
سعودیە بەنیازە چەکی دژە فڕۆکە بداتە هاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا و هاوکات لەئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەگەڵ ئەمەریکا و ووڵاتانی ڕۆژئاوا بەناوی یارمەتی مرۆیی خەریکی دەرکردنی بڕیارێکن ، بەڵام وادیارە بەهۆی ڤیتۆی ڕوسیا و چین سەرکەوتوونابن لەو پڕۆژەیە ، بۆیە هەوڵدەدەن دوای شکستی گفتوگۆکانی خولی دووەمی جنێف 2 ،هاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا بەکاربێنن بۆ زەمینەسازی شەڕی داهاتوو لە ڕێگەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی یان لەدەرەوەی بڕیارە نێودەوڵەتیەکان هێرشی سەربازی بۆ سەر سوریا ئەنجام بدەن .
لەگفتوگۆکانی خولی دووەمی جنێف 2 دا بەبێ بەشداریپێکردنی هێزێکی کاریگەری وەکو کورد کە خاوەن هێزێکی سەربازی گەورەیە و چەندین شاری ئازادکراوی لەبەردەستدایە ، دوای شەش ڕۆژ دانوستان بێگومان کۆبوونەوەکان شکستدەخوات و بەبێئەنجام کۆتایی دێت و ئەو جۆرە کۆبوونەوانە سەرکەوتوونابێت .
لەنێوان شەڕی بەوەکالەت کە جەمسەرەکانی بریتین لە ئەمەریکا و ووڵاتانی ڕۆژئاوا و عەرەبستانی سعودیە و قەتەڕ و تورکیا و هاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا لەلایەک ، ڕوسیا و ئێران و ڕژێمی ئەسەد و مالیکی و حزبوڵا لەلایەکی تر ، بارودۆخی سوریا خراپتر دەبێت و باجەکەشی خەڵکی سڤیلی ئەو ووڵاتە دەیدەن .