کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنەکانی ڕۆژئاوای کوردستان : هەنگاوێكی باش بەئاڕاستەیەکی ڕاست ... فوئاد زیندانی

دوای ئەوەی شۆڕشی گەلانی سوریا لە ٢٠١١/٣/١٥ دا لەدژی دیکتاتۆریەتی ڕژیمی بەعسی دەستیپێکرد، گەلی کورد لەڕۆژئاوای کوردستان بەشێوەیەکی ئەکتیڤ لەو شۆڕشە بەشداربوو تائەمڕۆش بەردەوامە، لەسەرەتای دەستپێکردنی شۆڕشەکەوە تائێستا ژمارەیەکی زۆر لەشار و شارۆچکە و گوندی کوردان ڕزگار کراون، یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە ) و یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە ) کەپشتئەستورن بەجەماوەری ڕۆژئاوای کوردستان توانیویانە ئەو ناوچە ڕزگارکراوانە بپارێزن لەهێرشەکانی ڕژێمی سوریا و چەتە ئیسلامیە تیرۆریستەکانی بەرەی نوسرە و دەولەتی شام و عیڕاق (داعش) کە گرێدراوی ڕێکخراوی تیرۆریستی ئەلقاعیدەن.

لەڕووی سیاسیەوە پارتەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بەسەر دوو ئەنجوومەنی جیاواز دابەشبوون، ئەنجوومەنی گەلی ڕۆژئاوای کوردستان و ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردی سوریا. سەرباری ئەوەی لە ٢٠١٢/٧/١١ ڕێکەوتنی هەولێر بەسەرپەرشتی مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان واژووکرابوو دەستەی باڵای کورد وەکو نوێنەری ڕاستەقینەی گەلی کوردی ڕۆژئاوای کوردستان پێکهێنرابوو، بەڵام بەهۆی جیاوازی سیاسی نێوان پارتەکانی هەردووک ئەنجوومەنەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، دەستەی باڵای کورد بەتەواوی سست ببوو.

سەردانەکانی سیاسەتمەداری سەربەخۆی کورد لەیلا زانا و شارەداری ئامەد عوسمان بایدەمیر بۆ هەرێمی کوردستان و هەوڵدانیان بۆ دووبارە لەیەکترنزیکردنەوەی ئەنجوومەنەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بەسەرپەرشتی سەرۆکایەتی هەرێم کارێکی باشبوو، هەروەها ڕۆڵی مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جەمیل بایک سەرۆکی کەجەکە ڕۆڵێکی ئەرێنی بوون بۆ دووبارە چالاککردنەوەی پەیوەندیەکانی نێوان پارتەکانی ناو ئەنجوومەنەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و زیندووکردنەوەی دەستەی باڵای کورد لەڕێگەی ئەنجامدانی کۆبوونەوەکانی نێوان ئەنجوومەنی گەلی ڕۆژئاوای کوردستان و ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردی سوریا کە یەکەمین کۆبوونەوەی لە ٢٠١٣/١٢/١٦ بەسەرپەرشتی مەسعود بارزانی و ئامادەبوونی لەیلا زانا ئەندام پەرلەمانی تورکیا و عوسمان بایدەمیر شارەداری ئامەد دەستپێکردبوو، دواتر کۆبوونەوەکان بەردەوامبوون بەسەرپەرشتی سەرۆکایەتی هەرێم ماوەی زیاتر لە هەفتەیەکی خایاند تا لە ڕۆژی ٢٠١٣/١٢/٢٤ لەسەر سێ خاڵ ڕێکەکەوتن خاڵەکان بریتین لە : بەشداریکردن لە کۆنفرانسی جنێف 2 بە شاندێکی کوردی هاوبەش، کردنەوەی دەرگای سنوری سمێلکا بۆ یارمەتیە مرۆییەکان و بەکارنەهێنانی ئەو دەروازەیە بۆ بازرگانی سیاسی، ئازادکردنی گیراوانی سیاسی.

ئەو سێ خاڵەی کە ئەنجوومەنەکانی ڕۆژئاوای کوردستان لەسەری ڕێککەتوون خاڵی گرنگن بۆ دروستبوونەوەی متمانە لەنێوان هەردوو ئەنجوومەندا بەڵام لەئاستی داخوازیەکانی گەلی کورد نەبوو واتە چاوەڕوانی گەل لەو کۆبوونەوانە زیاتربوو، بەتایبەتی کە بارودۆخی ڕۆژئاوای کوردستان زۆرهەستیارە، بەڵام لەوە گرنگتر پابەندبوون و پڕاکتیزەکردنی ڕێککەوتنەکەیە واتە جێبەجێکردنی ئەو خاڵانەی کەلەسەری ڕێککەوتوون، چونکە هەر پاشگەزبوونەوەیەک زیان بەبەرژەوەندی گشتی گەلی کورد دەگەیەنێ لەئاستی چواربەشی کوردستان، لەهەمانکاتدا خزمەت بەنەیارانی کورد دەکات. بەحوکمی ئەوەی مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جەمیل بایک سەرۆکی کەجەکە کاریگەری ڕاستەوخۆیان هەیە لەسەر پارتەکانی ناو ئەنجوومەنەکانی ڕۆژئاوای کوردستان پێویستە فشاری زیاتر بخەنە سەر پارتەکانی ناو دوو ئەنجوومەنەکە بۆ ئەوەی جگە لەو سێ خاڵەی کە ڕێککەوتنی لەسەرکراوە، خاڵەکانی تری پەیوەندیدار بە بەڕێوەبردنی ووڵات و هیچ خاڵێکی تر بەهەڵواسراوی بەجێنەهێڵن کە لەداهاتوودا ببێتە هۆی دروستبوونی کێشە و دووبارە سستبوونەوەی دەستەی باڵای کورد و هەڵوەشانەوەی ئەو خاڵانەی کە لە کۆبوونەوەکانی هەولێر لە تەمووزی ٢٠١٢ دا بۆ نەهێشتنی ناکۆکی و بەڕێوەبردنی دەسەڵات بەهاوبەش لەسەری ڕێککەوتبوون. ڕێککەوتن تەنیا لەسەر سێ خاڵ و چارەسەرنەکردنی کێشەکانی تر نیشانەی بەردەوامبوونی ناکۆکیەکانە لەنێوان هەردوو ئەنجوومەنەکانی ڕۆژئاوای کوردستاندا، لێرەدا بەرپرسیاریەتێکی مێژووی دەکەوێتە سەرشانی پارتی دیموکراتی کوردستان لەهەرێمی کوردستان و پارتی کرێکارانی کوردستان لەباکوری کوردستان، بۆ ئەوەی ببن بەداینەمۆی چارەسەری سیاسی لەنێوان پارتە سیاسیەکانی رۆژئاوای کوردستان و بەشەکانی تری کوردستان، یارمەتیدانی مرۆیی بۆ ڕۆژئاوا زۆر پێوویستە بەڵام بەبێ دەستوەردانە کاروباری ڕۆژئاوای کوردستان و بەشەکانی تری کوردستانیش، لێبگەڕێن پارتەکانی ڕۆژئاوا بەتواناکانی خۆیان پشتئەستوربن بەجەماوەرەکەیان بۆ بەڕێوەبردنی کارەکانیان

 باروودۆخی چواربەشی کوردستان بەگشتی و ڕۆژئاوای کوردستان بەتایبەتی بەرگەی کێشەی ناوخۆیی ناگرێ، گرنگە پێش کۆنفرانسی جنێف 2 ئەنجوومەنەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بەتەواوی رێکبکەوتبان، تێکچوونی یەکڕیزی ناوماڵی کورد دەبێتە هۆی زیادبوونی هەڕەشەکانی تیرۆریستە ئیسلامیەکانی بەرەی نوسرە و داعش لەسەر ڕۆژئاوای کوردستان و هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی هێزە تیرۆریستیەکان ڕۆژانە بەپاڵپشتی ووڵاتانی هەرێمیی هێرش دەکەنە سەر ڕۆژئاوای کوردستان، بەهەمانشێوە لەهەرێمی باشوری کوردستانیش لەناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان تیرۆریستەکان سەرچاوەی هەڕەشەی سەرەکین بۆ سەر ئەزموونی هەرێمی کوردستان، هەڕەشەکانی گرووپە تیرۆریستیەکان بۆ سەر ناوچەکانی خورماتوو زیادیکردووە ماوەیەکە ڕۆژانە هاووڵاتیان تیرۆردەکرێن، سەعدیە و جەلەولا خەریکە کوردی تیادا نامێنێ، کەرکوک و دەوروبەری لەژێر هەڕەشەی ڕاستەوخۆی تیرۆریستاندایە، لە موسڵ کوردانی یەزیدی و شەبەک بەگشتی و خوێندکارانی زانکۆی موسڵ بەتایبەتی هەڕەشەی تیرۆریان لەسەرە، ناوچەی قەراجی سەر بە شارۆچکەی مەخمور کە 70 کم لەهەولێر دوورە بەهەمانشێوە هەڕەشەی تیرۆریستانی لەسەرە، ئیسلامیە تیرۆریستەکان ئامانجیان ئەوەیە ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی دەسەڵاتی هەرێم بکەنە پشتبێنەی تیرۆر، کوردەکانی ئەو ناوچانە پاکتاو بکەن یان ناچاریان بکەن زێدی خۆیان جێبهێڵن لەهەمانکاتدا لەوێوە پەرە بەهێرشەکانیان بدەن بۆسەر هەرێمی کوردستان، ئەمانە هەمووی زەنگێکی مەترسیدارن، پەیامێکی ڕون و ئاشکران بۆ هەموومان کە هەرێمی کوردستان هاوشێوەی ڕۆژئاوای کوردستان دووچاری هەڕەشەی هێزە تیرۆریستیەکان بۆتەوە، جگە لەوەش ووڵاتانی داگیرکەری کوردستان لەنێوان خۆیاندا کۆکن دژ بەگەلی کورد و بەردەوامن لەپیلانگێڕیەکانیان بۆ ئەوەی لەدیزاینی نوێی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاستدا کورد دەستبەتاڵ بمێنێتەوە و نەگاتە مافە نەتەوەیی و دیموکراتیەکانی و هەر ژێر دەستبێ. بۆ پاراستنی خاکی کوردستان و گەلی کوردستان، پێوویستە پارتی دیموکراتی کوردستان لەهەرێمی باشوری کوردستان و پارتی کرێکارانی کوردستان لەباکوری کوردستان کە دوو جەمسەری سەرەکی گۆڕەپانی سیاسی کوردستانن تا ئاستێک لە هەرچواربەشی کوردستان لەڕێگای ئەو حزبانەی کە ڕاستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆ گرێدراوی خۆیانن کاریگەریان هەیە، بەرژەوەندیە تەسکەکانی حزبی بەلاوە بنێن و بەرژەوەندی گشتیەکانی گەلی کورد ڕاچاوبکەن و نەفرەت لە ململانێی شەڕی ساردی نێوانیان بکەن و یەکڕیزی ناوماڵی کورد بەهێزتربکەن، لەپێناو ئەوەی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان سەرکەوتن بەدەستبێنێ و ناوچە دابڕواوەکانی هەرێمی کوردستان بگەڕێنەوە سەر هەرێمی کوردستان و باکور و ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش ڕزگارببن و بگەن بەمافەکانیان و سیاسەتمەدار و ڕێبەر ئۆجەلان ئازاد ببێ، دەبێ بەشێوەیەکی ستراتیجی هەموو تواناکان یەکبخرێت بۆ ئەوەی وەکو گەلی کورد بەشێوەیەکی هاوبەش بتوانین بەرەنگاری پیلانگێڕیەکانی ووڵاتانی داگیرکەری کوردستان و هیزەتیرۆریستیەکان ببینەوە، هەربەشێکی کوردستان پێوویستە بەشانازیەوە سێ بەشەکەی تری کوردستانی مەزن بە درێژکراوە و قوڵایی ستراتیجی خۆی بزانێ، دەبێ ئەوناوچە کوردستانیانەی کەهەڕەشەی هیزە تیرۆریستیەکانیان لەسەرە لە ڕۆژئاوای کوردستان و باشوری کوردستان لەو هەڕەشانە بپارێزرێن.

. ڕێککەوتنی ئەنجوومەنەکانی ڕۆژئاوای کوردستان هەنگاوێکی باشە بە ئاڕاستەیەکی ڕاست، هاوکاری نێوان بەشەکانی کوردستان هەنگاوێکی باشترە بەئاڕاستەیەکی ڕاستتر.

 

 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

Related Articles