لە ڕۆژی (15) ی مانگی سێپتێمبەرەوە ڕێکخراوی تیرۆریستی نێودەوڵەتی (داعش) بە تانک و توپهاوێژی قورس و تازەترین چەکی مۆدێرن و بەپاڵپشتی حکومەتی تورکیا بەمەبەستی داگیرکردنی شاری کۆبانی و کۆمەڵکوژکردنی دانیشتوانەکەی بەبەرچاوی هەموو جیهان لە سێ لاوە گەمارۆی شارەکەی داوە.
داعش تائێستا هەموو جۆرە چەکەکانی سەربازی لەهێرش کردنە سەر کۆبانی تاقیکردەوە، جگە لە چەکی پڕوپاگەندە کەلەڕێگای یوتوب و ماڵپەڕە کۆمەڵایەتیەکانی وەک فەیسبوک و تویتەر کە سەربڕینی خەڵکی بێتاوانی کردووە بەپێشەی سەرەکی و لەوماڵپەڕانەدا بڵاویاندەکاتەوە، سەرباری پاڵپشتیەکانی تورکیاش لەو هێرشەدا، بەڵام تائێستا بەهۆی بەرگریکردنی یەکینەکانی پاراستنی گەل یەپەگە و یەپەژە و خەڵکی تێکۆشەری کۆبانی، داعش نەیتوانیەوە بگاتە ئامانجە گڵاوەکانی و شارەکە داگیربکات .
لێرەدا ئەگەر ئێمە هەڵوەسەتە لەسەر هەڵوێستەکانی حکومەتی تورکیا بکەین بۆمان دەردەکەوێت کە تورکیا بەشێوەیەکی چەند قڕێژ سیاسەت دەکات . لەدوای کەوتنی شاری موسڵ داعش بەپاڵپشتی ووڵاتانی هەرێمی و کۆنە بەعسیەکانی موسڵ توانی شارەکە کۆنتڕۆڵ بکات، هەر لەوکاتەدا دەنگۆی ئەوە بڵاوبۆوە کە سەرۆکی داعش لەناو قونسولگەری تورکیا لەموسڵ ماوەی چەندین ڕۆژ لە کۆبوونەوەدا بووە لەگەڵ قونسوڵ و میتی تورکی، پرس و ڕاوێژ و جێبەجێکردنی پلانە تیرۆریستیەکان لەعیڕاق و سوریا ماوەی چەندین ڕۆژ بەئاگاداری ئەنقەرە لەناو قونسولگەری تورکیا بەرێوە دەچوو . ئەنقەرە زۆر باش دەیزانی داعش بەرەو هەولێر و شارەکانی هەرێمی کوردستان هێرش دەکات، بەڵام ئەنقەرە هەر چۆن وەک دەیبینین ئەندامی بلۆکی ناتۆیە و بەبەرچاوی ناتۆش یارمەتی تیرۆرستانی داعش و نوسرە دەدات، بەهەمانشێوە گەورەترین پەیوەندی ئابووری لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە و هاوکات خیانەتی لەهەرێمی کوردستان کرد بەتایبەتی کە داعش هێرشەکانی بەرەو هەولێر هێنا . قونسوڵگەری تورکیا بەگشتی (٤٦) کارمەندی تورکی تیابوو، ماوەی (101) ڕۆژ مێوانی داعش بوون، کاتێک ئەمەریکی و بەریتانی و کورد بەدەستی داعش سەردەبڕان، تورکەکان وەک مێوانی پلە یەک هەڵسوکەتیان لەگەڵدا دەکرا تا (٢٤) کاتژمێر پێش بۆمبارانکردنی مۆڵگەکانی داعش لەلایەن فڕۆکەکانی ئەمەریکاوە ئەو (٤٦) کارمەندەی تورکیا بەبڕیاری ئەنقەرە هەر سەرپەرشتی تیرۆریان دەکرد شانبەشانی داعشی هاوپەیمانیان .
سەیر نیە تورکیا ئێستا لەداعش هەڵبگەڕێتەوە و بەشداری بکا لە لێدانی داعش لەسەر سنوری ڕۆژئاوای کوردستان، بەڵام بۆ تائێستا ئەو ئەندامەی ناتۆ نەهاتۆتە ناو هاوپەیمانی لێدانی داعش کە ئەمەریکا سەرۆکایەتی دەکات ؟ تورکیا دەیەوێ بەشیک لە خاکی ڕۆژئاوای کوردستان داگیربکات بەناوی ناوچەی دابڕاو، ئەگەر گڵۆپی سەوزی لەلایەن ئەمەریکاوە بۆ داگیرسا بۆ داگیرکردنی بەشێک لەخاکی ڕۆژئاوای کوردستان لەسەر سنور، ئەوا تورکیا بەشداردەبێت لەلێدانی داعش، هاوکات دەیەوێ پێش بەشداریکردنی لەلێدانی داعش دەستکەوتی سیاسی بەدەستبێنێ سەبارەت بە کوردی باکور و سێ کانتۆنەکەی ڕۆژئاوای کوردستان، ئەوەی بەلای حکومەتی تورکیاوە گرنگە نەهێشتنی ئەو سیستەمە دیموکراتیەی ڕۆژئاوای کوردستانە و ناچارکردنی کوردی ڕۆژئاوایە لەچوارچێوەی سوریا بمێننەوە، ئەگەر تورکیا ئەو خاڵانەی لەسەرەوە ئاماژەمان پێکرد بەدەستی نەهێنا، ئەوا بەردەوام دەبێ لەیارمەتیدانی داعش و چاوەڕێ دەکا بۆئەوەی بزانی داعش لەکۆتاییدا کۆبانی داگیر دەکا و کۆمەڵکوژی ئەنجامدەدات یا ماوەیەکی تریش دۆخەکە بەمشێوەیە بەردەوامدەبێت .
بۆ ئەوەی خەونە چەپەڵەکانی تورکیا نەیەتەدی و هێرشەکانی داعش شکست پێبهێنین ئێمەی کورد لە چواربەشی کوردستان پێوویستە لەسەرمان پشتگیری یەپەگە و یەپەژە و خەڵکی کۆبانی بکەین، چاوەڕێکردن و تەماشاکردن لەم دۆخە هەستیارەدا و هێشتنەوەی خەڵکی کۆبانی بەتەنیا دەبێتە هۆی داگیرکردنی شارەکە و ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی لەلایەن داعش، کورد دەبێ خاوەن هەڵوێست بین، ژیان هەڵوێستە بێ هەڵوێستی خیانەتە .
ئهو بابهتانهی له کوردستان نێت دا بڵاودهکرێنهوه، بیروبۆچوونی خاوهنهکانیانه، کوردستان نێت لێی بهرپرسیار نییه.