ئیمڕۆ له جیهاندا پتر له (25) هه‌زار شار بوونی هه‌یه كه نزیكه‌ی (٦. ٢) ملیار كه‌سیان تێدا ده‌ژی. به‌گوێره‌ی دوا ڕاپۆرتی (بانكی نێو ده‌وله‌تی) ش، ئه‌م ژماره‌یه له ساڵی (2030) دا ده‌گاته نزیكه‌ی چوار ملیار كه‌س. به‌گوێره‌ی پێوه‌ری (مارك جیفرسون)، ، شار به‌م شوێنه ده‌گوترێت كه پتر له 15) ) هه‌زار كه‌س له‌سه‌ر یه‌ك میل چوارگۆشه‌دا بژیت، وه‌لی ئه‌م پێوه‌ره به‌گوێره‌ی وڵاته‌كان ده‌گۆڕێت، له ئه‌مریكا هه‌ر كۆمه‌ڵێكی (2500) كه‌سی و له فه‌ره‌نسا (2000) كه‌سی به شار ناوزه‌ند ده‌كرێت. ئیمڕۆ بابه‌تی شار له‌به‌ر گرنگی به‌رچاویی و كاریگه‌ری مه‌زنی به‌سه‌ر ژیانی مرۆڤــ و ژینگه‌وه، بۆته زانستێكی سه‌ربه‌خۆ به‌ناوی (زانستی شار Urbanology) ) له زانكۆ ناوداره‌كانی دنیا ده‌خوێندرێت.
مێژوی بنیاتنانی یه‌كه‌مین شار زۆر دێرینه و به ته‌واوی ساغ نه‌بۆته‌وه، ئه‌وه‌ی كه ساغ بۆته‌وه و حاشاهه‌ڵنه‌گره، ئه‌وه‌یه كه بوونی شار په‌یوه‌ندیه‌كی ڕاسته‌وخۆی به ڕێژه‌ی به‌ختیاری و ئاسوده‌یی به‌رده‌وامی بوونی مرۆڤــ هه‌یه و ده‌ست ڕه‌نگینه یان ده‌ست ڕه‌شه له گه‌شه‌كردن یان كاولكردنی ژینگه و ده‌وروبه‌ر، كه له دواین ئه‌ڵقه‌ی زنجیره‌كه‌دا ده‌بێته هۆكاری گه‌شانه‌وه و پاراستنی سروشت یان خانه‌خراپ و وێرانكردنی، ئه‌مه‌یش (به‌گوێره‌ی هۆشیاری و عه‌قلیه‌تی ڕۆشنبیری ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌ی شار به‌ڕێوه ده‌بات) . (لویز ممفورد 1895-1990) ی فه‌یله‌سوف و مێژوونووس، پێناسه‌یه‌كی زۆر نایابی بۆ شار داڕشتوه و ده‌ڵێت: " شار باڵاترین توحفه‌ی داهێنراوی مرۆڤه به درێژایی هه‌مو سه‌رده‌مه‌كان، گرده گۆیه‌كه له حه‌قیقه‌تی (زه‌مان و مهكانهكان) ه، ئهركۆلوژیای شار بریتییه له‌و چینه زه‌مه‌نانه‌ی وه‌ك به‌ردی قه‌ڵا له سه‌ریه‌ك ههڵچندراون و بوون به پێكهاته ماددییه تێكچرژاوهكهی شار، كه مه‌حاڵه جارێكی تر له‌به‌ریه‌ك هه‌ڵوه‌شێته‌وه، هه‌ر ئه‌م دیاردهیهشه كه له ناخی مرۆڤه‌كاندا زۆر به چڕی ڕه‌گی داكوتاوه، شار خۆی كردۆته تۆمارگایهكی پڕاوپڕ له یادگاری دڵ و ده‌روونی دانیشتوانه‌كانی، كه قه‌ت هیچ تۆمارگایهكی تر ناتوانێت جێگای یاده‌وه‌رییه‌كانی بگرێته‌وه ". ئه‌گه‌ر دوێنی شار هه‌ر به خانوو و كۆشك و ته‌لار و باڵه‌خانه‌ی به‌رز به‌رز ناسرابێت، ئه‌وه ئیمڕۆ شار هێنده په‌رش و بڵاو به‌ناو خانه و شانه‌كانی ژیانی مرۆڤدا شۆڕبۆته‌وه ا وه‌ك ڕۆح و جه‌سته، له گه‌ڵ یه‌كه یه‌كه‌ی ده‌ماره سه‌ره‌كییه‌كانی به‌رده‌وام بوون و خۆشگوزه‌رانی ئه‌وان ئاوێته‌بووه. دوای سه‌ده‌ی نۆزده‌م شێواز و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی شار له‌سه‌ر جوگرافیا و مێژووی مرۆڤه‌كاندا به ئه‌ندازه‌ی (180) پله گۆڕا. ئیمڕۆ شار هاوته‌ریبه یان بۆته پێكهاته‌ی بازرگانی و ئابوری و هۆیه‌كانی گواستنه‌وه و هونه‌ری ئه‌ندازیاری خانووبه‌ره و پایه‌ی خۆڕاگری حكومه‌ت و سیاسه‌ت و مه‌ڵبه‌ندی ڕۆشنبیری و كایه‌ی پیشه‌سازی و پاڵپشتی كشتوكاڵ و مه‌كۆی داهێنانی ئه‌ده‌بی و هونه‌ری و وێستگه‌ی راگه‌یاندن و سه‌كۆی زانستی و مه‌زارگه‌ی چاره‌سه‌ری نه‌خۆشییه‌كان و قیبله نمای گه‌شتیار و گه‌ریده‌كان و هاوكێشه‌ی سۆزداری خێزان و كۆمه‌ڵگاكان بۆ ڕابواردن و كهیفكردن و خۆش گوزه‌رانی.
حهیفــ و مه‌خابن مێژوی تۆماركراوی سه‌رده‌مه‌كانی كوردستان، ده‌رباره‌ی شاری كۆیه - هه‌ر وه‌ك شاره‌كانی تر - بایی ئه‌وه‌نده میراتی بۆ بهجێنههێشتوین كه بتوانین زانستییانه به به‌ڵگه‌وه زانیارییه‌كان بخه‌ینه ڕوو. ئه‌وه‌ی له‌به‌رده‌ستمان دایه یان ئه‌وه‌ته زاره‌كی له باو باپیرانمان بۆمان گێردراوه‌ته‌وه و تۆماركراوه یان له‌و نهختۆكه كه‌ره‌سته كۆنانه‌ی له كنه و پشكنینه شه‌رمنه‌كانی ناوچه‌كه به‌رده‌ستمان كه‌وتون. به‌م دوادوایه هێندی زانیاری كۆكراوه‌ته‌وه، وه‌لی ئه‌وانیش باوی ئه‌وه‌نین تێنووتیمان بشكێنن، زۆر پرسیارمان به‌بی وڵام بۆ ده‌مێنته‌وه.
ئه‌وه‌ی ته‌مومژی له سه‌ر نییه ئه‌وه‌یه كه شاری كۆیه یه‌كێكه له شاره دێرینه‌كانی ناوچه‌كه، ئه‌مه‌یش له خۆیدا هه‌ڵگری زۆر ده‌لاله‌ت و هێمایه بۆ لێكۆله‌ری مێژووی شاره‌كه كه ده‌كرێت ته‌وه‌ری بایه‌خداری لی بچَنێتهوه: وه‌ك لایه‌نی حوكمڕانی، ، پیشه‌سازی، كشتوكاڵ، خوێندن و ئه‌ده‌ب، په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵاتیه‌كان و زۆر لایه‌نی تریش. به‌حوكمی ئه‌وه‌ی ئه‌رشیفی مێژوی شاری كۆیه له دوو ڕشته‌دا زۆر ده‌وڵه‌مه‌نده ئه‌وانیش: ئه‌رشیفی ئه‌ده‌ب و مه‌عریفه ت و ئایین و ئه‌رشیفی سیاسه‌ت و كوردایه‌تییه، كه بۆته ئه‌ستێره‌یه‌كی گه‌شی هه‌میشه‌یی ئاسمانی شاری كۆیه ومهدالیایهكی زێڕینه له‌سه‌ر سینه‌ی نه‌وه یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانیدا، جا ئه‌و (شكۆ) یه‌ی من له ناونیشانه‌كه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌دا ئاماژه‌م پێی كردوه له‌و ڕابردووه زێڕینه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه، به‌ڵام شار باڵاترین توحفه‌ی داهێنراوی مرۆڤه به درێژایی هه‌مو سه‌رده‌مه‌كان شان به‌شانی هه‌نگاوه گه‌وره و خیرایهكانی گه‌شه‌كردنی شارستانییه‌تی ئه‌م سه‌رده‌مه ته‌كنه‌لوژیا - پۆشه بڕۆن.
ئێستا به‌رله‌وه‌ی ده‌روازه‌ی بابه‌ته‌كه‌م كه (كۆی سبه‌ینێیه) بخه‌مه سه‌ر پشت، وا سه‌ر پێی، ئاورێك له ڕۆژه ڕه‌شه‌كانی ئه‌م شاره ده‌ده‌مه‌وه كه نسكۆ و نه‌هامه‌تی گه‌وره‌یان به‌دوای خۆیاندا بۆهێناین. ئه‌ستێره‌ی شكۆی شاری كۆیه له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی شۆڕشی ئه‌یلول له ساڵی (1961) وه كه‌وته كزی و ڕۆژ به ڕۆژ له نزول دابوو تا ڕاپـهڕینی (1991) . له ماوه‌ی ئه‌و (30) ساڵه سه‌ختانه‌دا، حكومه‌ته داخ له دڵ و چه‌نگ به‌خوێنه یه‌ك له‌دوا یه‌كه‌كانی عێراق، كه‌وتنه سووتاندن و وێرانكردن و تهجیركردنی ئه‌م شاره، هه‌رچی ئه‌سباب و تفاقی كوشتن و كاولكاری هه‌بوو، ده‌رهه‌ق به خه‌ڵكی سڤیلی بێتاوانی ئه‌م شاره و داروبه‌رد و ڕه‌ز و باغی به‌كاریان هێنا. ئه‌وان نه‌ك هه‌ر كۆسپ و به‌ربه‌ست بوون له گه‌شه‌سه‌ندن و فراوانبونی شاره‌كه، به‌دابه‌ش نه‌كردنی زه‌وی و ده‌ست نه‌گرتنی چینی كه‌م ده‌رامه‌ت، به‌ڵكو به‌سه‌دان خانوو و كۆشك و ته‌لاریان سووتاندن به بیانۆی ئه‌وه‌ی هی كه‌سانی چه‌كدارن و دهها خانوویان به شۆفه‌ڵ تهختكرد، ته‌نانه‌ت نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی خانووه داتهپیوهكانیش قه‌ده‌غه بوو، تا كار گه‌یشته ئه‌وه‌ی له ساڵی (1988) دا شاری كۆیه به‌فه‌رمی كرا به ناحیه‌ی (عومه‌ری كوڕی خه‌تاب)، وه‌ك ئاماده‌كارییه‌ك بۆچۆڵكردن و وێرانكردنی وه‌ك شاری قه‌ڵادزی. له ماوه‌ی ئه‌م (30) ساڵه‌دا سه‌دان خێزان له‌به‌ر بێده‌رامه‌تی و ترس و تۆقاندن ڕوویان له شاره‌كانی تر كرد، هاتووچۆی شه‌وانه قه‌ده‌غه بوو، سه‌فه‌ر بۆ كه‌ركوك و هه‌ولێر زۆر جار له‌گه‌ڵ قافڵه‌ی سه‌ربازی دابوو، به‌سه‌دان خوێندكار وازیان له‌خوێندن هێنا و زۆربه‌یان بوونه سوتوی شه‌ڕه نه‌گریسه‌كانی یه‌ك له‌دوا یه‌كی ڕژێمی به‌غدا، هه‌ندێكیشیان بوون به پێشمه‌رگه و كه‌وتنه به‌رگری كردن له شه‌ره‌فی خاك و نه‌ته‌وه. لـه گه‌ڵ ڕاپه‌ڕینی (1991) گه‌ر له‌سه‌ری هه‌یبه سوڵتانه‌وه ته‌ماشایه‌كی شارهكت بكردبایه، كۆیه كهڵاوهیهكی وێرانكراوی به‌سه‌ریه‌كدا كه‌وتوبوو. . . .
له ڕاستیدا، ڕاپه‌ڕینی (1991)، ته‌نیا پچڕانی زنجیری زیندانه‌كان و ئازاد كردنی شار و دێیه‌كان نه‌بوون، شاڵاوێكی بی ئامانی له گۆڕانكاری وه‌رچه‌رخان له گه‌ڵ خۆی دا هێنا. له لایه‌ك لادێیه بێ‌ماڵ و حاڵه‌كان خڕ ڕویانكرده شار و تێیدا نیشته‌جێبون، له لایه‌كی تر دانیشتوانی شاره‌كه كه نه خانوویًكیان هه‌بوو نه حه‌سارێك تێیدا بژین، به گوریس و شه‌قاو پێوان به‌بی نه‌خشه و ئه‌ندازه كه‌وتنه دابڕێنی زه‌وی و زار و قوتكردنه‌وه‌ی خانووی قهپۆزخوار و خێچی به‌ده‌ر له هه‌موو جوانی و هونه‌رێكی خانووبه‌ره، له بێ بهختیشدا شه‌ڕی پێنج ساڵی ناوخۆ كه گۆنهگرهی چه‌قی شاری كۆیه بوو، هێنده‌ی دیكه بهپێلهقان كه‌وته گیانی داڕوشاوی شاره‌كه.
ئیمڕۆ له ڕشته‌ی شارستانیدا (سی) جۆره شێوازی شار هه‌یه:
1) شاره سه‌قه‌ته‌كان: كه هیچ تایبه‌تمه‌ندییه‌كی سه‌رده‌میانه‌ی شاریان تێدا ڕه‌چاو نه‌كراوه، له وڵاته هه‌ژاره‌كانی وه‌ك سۆماڵ و به‌نگلادش و پیرۆ ئه‌م شارانه بونیان هه‌ی.
2) شاره تازه پێگه‌یشتووه‌كان: كه خه‌ریكی بونیاتنانی ژێرخانی هاوچه‌رخن و ورده ورده هه‌نگاوی گه‌شه‌سه‌ندن و پێشكه‌وتنی زانستییانه هه‌ڵده‌نێن.
3) شاره زیندووهكان: كه سه‌نته‌ری بازرگانی و ئابوری و پیشه‌سازی و ته‌كنه‌لوژیای سه‌رده‌می تازه‌ن، ئه‌م شارانه پێگه‌ی نێو ده‌وڵه‌تیان هه‌یه و جڵه‌وی دنیایان له‌ده‌سته، وه‌ك شاری له‌نده‌ن، نیویۆرك، سه‌نگافوره، ، پاریس، دوبه‌ی. . . هتد. ته‌نانه‌ت وا ئه‌م شارانه ده‌بن به (شاری زیره‌ك) له سایه‌ی (IT) و ته‌كنه‌لوژیا پێشكه‌وتووه‌كانی دنیا. له‌دوای ساڵی (2000) وه شاری كۆیه له‌م ڕیزبه‌ندیه كه‌وتۆته نێوان جۆری یه‌كه‌م و دووه‌مه‌وه، تا ئێستا – كه (2014) یه – هه‌ر له خاڵی چه‌ق به‌ستودا له شوێنی خۆی دا ته‌راتێن ده‌كات.
خوێنه‌ری ئازیز، منیش وه‌ك تو بێحهد خۆشیم بۆ ئه‌م شاره ده‌وێت، به‌ڵام شار به‌چه‌پڵه ڕێزان و پێدا هه‌ڵگوتن گه‌شه ناكات، بۆیه هیوادارم ڕه‌خنه و ڕاسپارده‌كانم به دڵسۆزی لێ وه‌رگرن، لێره‌دا نه كهمو نه زۆر ئاماژه به كهمو كوڕی و ژێرخانی داته‌پی و خزمه‌تگوزاره شهرمنۆكهكهی ئه‌م شاره ناكه‌م، چونكه هه‌مووتان به چاوی من گشت سووچ و قوژبنێكی ئه‌م شاره‌تان له به‌رچاوه. ئێستا پرسیارێكی گه‌وره‌كه ئێقهمان ده‌گرێت: (كۆیه به‌ره‌و كوی ده‌ڕوات؟ چیبكه‌ین تا جارێكی تر ئه‌و نسكۆیه بكه‌ینه‌وه شكۆمه‌ندی جاران؟)
بۆبڕگهی یه‌كه‌می پرسیاره‌كه ده‌ڵێم گه‌ر به‌جددی كار بۆ ئه‌م شاره نه‌كرێت ئه‌وا دوا ڕۆژێكی ته‌ڵخ و تاریك چاوه‌ڕوانیه‌تی، بۆ؟
یه‌كه‌م: نه‌خشه‌ی فراوان بونی شاره‌كه به‌هه‌ڕه‌مه‌كی و بێسه‌روبه‌ر و بێ پلان و بێ نه‌خشه به‌رده‌وامه، ئه‌مه‌یش ئاسته‌نگه‌كانی خزمه‌تگوزاری له ئاو و كاره‌با و ئاوه‌ڕۆ و ڕێگاوبان و خوێندن. . . . هتد ئاڵۆزتر ده‌كات و ژینگه‌ی سروشت ده‌شێوێنی و باری ته‌ندروستی خراپتر ده‌كات.
دووه‌م: نه‌بوونی ژێرخانی پیشه‌سازی و وه‌به‌رهێنان و سه‌نته‌ری سه‌رمایه‌داری گه‌وره، وایكردووه دانیشتوانی شاره‌كه یه‌خسیری مووچه‌ی حكومه‌ت بن و ئاڵووده‌ی ته‌مبه‌ڵی و بێكاریی بن.
سێیه‌م: كشتوكاڵ و ئاژه‌ڵداری ده‌ڤه‌ره‌كه له پووكانه‌وه و له‌ناوچوون دایه، ئه‌مه‌ش هانده‌ره بۆ كۆچكردن ڕهوهو شار له سه‌ر حیسابی دانیشتوانی ڕه‌سه‌نی شاره‌كه.
چواره‌م: شاده‌ماره‌كانی ڕێگاوبانی ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی شار نه‌ك هه‌ر ئیستیعابی ئه‌و هه‌موو ئۆتۆمۆبیله ناكات به‌ڵكو ڕۆژ به ڕۆژ لاڕێیه سه‌ره‌كییه‌كانی شاره‌كانی وه‌ك (قه‌ڵادزی و ڕانیه)، به‌هۆی ڕێگای (هیزۆپه) وه به‌ره‌و هه‌ولێر ده‌چن، خۆیان له‌شاری كۆیه لاده‌ده‌ن. هه‌ڵكه‌ندنی تونێلی هه‌یبه‌سوڵتان له دووری شاره‌كه‌مان هێنده‌ی دی دامان ده‌بڕێت، ئه‌و كات پێویست ناكات خه‌ڵكانی شاره‌كانی تر گووزه‌ر به‌ناو شاری كۆیه‌دا بكه‌ن، ئه‌مه‌یش بێ بازاریی شاره‌كه پتر شهپڕدار ده‌كات.
پێنجه‌م: پرَۆژهی بیره نه‌وتیه‌كانی ده‌وری شار، ژینگه‌كه‌یان خراپ پیسكردووه و باری ته‌ندروستی خه‌ڵكه‌كه له مه‌ترسیدایه و ڕێژه‌ی به‌رزبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشییه‌كان له‌م ده‌ڤه‌ره دا له هه‌ڵكشاندایه.
شه‌شه‌م: گه‌شه‌سه‌ندنی خێرا و مه‌زنی هه‌ولێر و سلێمانی، بۆته هۆیه‌كی سه‌ره‌كی بۆ كۆچكردنی خه‌ڵكی كۆیه، ئه‌وان وه‌ك مرۆڤــ به‌دوای خۆشی و رابواردن و سه‌رمایه‌ی باشتر ده‌گه‌ڕێن.
حه‌وته‌م: ژماره‌ی ده‌رچووانی زانكۆ و په‌یمانگاكان له زیادبوون دایه و هه‌لی كاریش له‌م شاره‌دا رۆژ به رۆژ له كورتی ده‌دات و شاره‌كه له خۆخواردنه‌وه دایه. ڕه‌شبینی به‌رچاوی نه‌وه‌ی تازه‌ی ئه‌م شاره‌ی گرتووه.
بۆ به‌شی دووه‌می پرسیاره‌كه‌ش كه چ باشه بكرێت بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی شكۆمه‌ندییه زێرینه‌كه‌ی جاران، من به كوردی و كرمانجی ئه‌م راسپاردانهم هه‌یه:
یه‌كه‌م: راسپارده بۆ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان:
1) - ته‌رخانكردنی بودجه‌ی ساڵانه‌ی پێویست به گوێره‌ی ژماره‌ی دانیشتوان و قه‌باره‌ی شاره‌كه.
2) دانانی نه‌خشه و ماسته‌ر پلانی (25) ساڵی و پابه‌ند بوون به بڕگه و ڕێنماییه‌كانی.
3) كاراكردبی بریاری – ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی كۆیه – كه جه‌نابی مه‌سعود بارزانی سه‌رۆك هه‌رێمی كوردستان بریاری له‌سه‌ردا.
4) ڕاگرتنی فراوان بوونی كوێرانه‌ی شاره‌كه و نه‌هێشتنی دیارده‌ی زه‌وی (ته‌جاوز) .
5) هه‌وڵدان بۆخزاندنی شار به‌ره‌و ده‌شتی كۆیه و بونیاتنانی بازار و ئوتێلی هاوچه‌رخ له شوێنی گه‌ره‌كه كۆنه‌كانی ناو شار له گه‌ڵ له‌به‌ر چاوگرتنی پاراستنی شوێنه‌واره مێژوییه‌كان.
6) سه‌وزكردنی شار و ده‌وورووبه‌ر.
7) وه‌رگرتنی باجی (پترۆ دۆلار) به دادپه‌روه‌ری بۆ شاره‌كه.
8) گرینگی دان به‌ژێرخانی ئابووری و پیشه‌سازی و رۆشنبیری وخوێندن و ته‌ندروستی و جوانكاری شاره‌كه له گه‌ڵ هه‌موو خزمه‌تگوزاریه سه‌ره‌كییه‌كان.
9) سپاردنی به‌رێوه‌به‌رایه‌تییه‌كان به كه‌سانی خاوه‌ن توانا و به‌هره و لێهاتوو، دوور له‌ده‌ست تێوه‌ردانی حیزبی وخزم خزمێَنه و كۆیایهتی و خۆیایه‌تی با به‌ڕێوه‌به‌ر و یارمهتییدهرهكانیان كه‌سانی تهكنوقرات بن.
10) هاتوچۆی تانكه‌ره‌كانی نه‌وت و بارهه‌ڵگره گه‌وره‌كان به‌ناو شاردا نه‌كرێت و له‌بازنه‌ی ده‌ره‌وه‌ی شار رێگای تایبه‌تیان بۆ ببڕدرێت.
دووه‌م: راسپارده كان بۆ كه‌رتی تایبه‌ت:
1) بونیاتنانی كارگه و ســـاختمان و ئوتێل و هه‌وارگه‌ی گه‌شت وگوزار، كه گونجاو بێت له گه‌ڵ جوگرافیا و پێگه‌ی شاره‌كه و سوود له سه‌رمایه‌ی مرۆی شاره‌كه وه‌رگرن.
2) سوودوه‌رگرتن له ده‌رچووانی زانكۆكان به مه‌شق پی كردن وشیاندنیان بۆ كاری پێویست لــه سه‌نته‌ر و مه‌ڵبه‌ند و كارگه‌كانی خۆیاندا.
3) هه‌وڵدان بۆژیاندنهوهی كشتوكاڵ و ئاژه‌ڵداری ده‌ڤه‌ره‌كه به كردنه‌وه‌ی پرۆژه‌ی هه‌مه جۆر.
4) ســوود وه‌رگرتن له كانزا و به‌رد و باغ وباخاتی ناوچه‌كه ودامه‌زراندنی كارگه‌ی پێویست.
سێیه‌م: راسپارده بۆ دا نیشتوا نی شاری كۆیه و ده‌ڤه‌ره‌كه:
1) هاندان و پشتگیری كردنی لادێیه‌كان بۆگهرانهوهیان بۆ زێدی خۆیان وئاشنابوونهوهیان له گه‌ڵ سروشت و گــوند و ره‌ز و باخه‌كانیان.
2) ریزگرتن و پابه‌ندبوون به پلان ورێنمایه‌كانی حكومه‌تی له كه‌ڵ شاره‌وانییه‌كه‌ی.
3) پتر گرینگی‌دان به ژینگه و ده‌ست ره‌نگینی نیشاندان له سه‌وزكردن و پاك راگرتنی شاره‌كه‌یان.
4) كاركردن و خزمه‌تكردنی شاره‌كه‌یان بهروَحی خۆبه‌خشی ودڵسۆزی و به‌ربه‌ره‌كانی كردنی هه‌موو جۆره گه‌نده‌ڵییه‌ك وچاو نه‌پۆشین له هه‌ڵه‌كان.
5) چاندنی روحی خۆشه‌ویستی نیشتیمان و ئینتیمای نه‌ته‌وایه‌تی له دڵ وده‌روونی ڕۆڵه‌كان ونه‌وه‌ی داهاتوودا.
6) پێكهێنانی ده‌سته‌یه‌ك له كه‌سانی لێهاتووی پسپۆڕ و شاره‌زایی كۆیی به‌ناوی (كۆمیته‌ی چاودێری) مافی چاودێریكردنی پرۆژه‌كانی كۆیه‌یان هه‌بی و وه‌ك (چاو) به‌سه‌ر شێوه‌ی جێبه‌جی كردنی پرۆژه‌كان به‌سه‌ربكاته‌وه نه‌هێڵی له كاتی ئه‌نجامدانی پرۆژه‌كاندا گه‌نده‌ڵی وخیانه‌ت له كاره‌كاندا بكرێت.
7) دروستكردنی هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ زانكۆی كۆیه وپهیمانگهكان بۆ خزمه‌تكردنی شاره‌كه به‌پشت به‌ستن به‌زانست وتوانای ئه‌وانه‌وه.
خوێنه‌ری ئازیز، ئێوه‌ش ده‌كری و ده‌توانن به ڕاسپارده و بۆچوونه‌كانتان ئه‌م بابه‌ته ده‌وڵه‌مه‌ندتر بكه.
( (ئەمە لە گ ژمارە (٣) ی ۆڤاری (شارەوان) بڵاوکراوەتەوە