(داعش)، سوپاس! - حەقیقەتە لەبیرکراوەکانت - وەبیر کورد هێنایەوە. ... فـازیـل شـەوڕۆ

 

 

 

بۆ سیاسەتمەدارو چاودێرو رۆشنبیرانی هۆشیار، ناکرێت کەوتنی شارۆچکەی (شنگال) لەسەرەتای مانگی ئۆگەستی (٢٠١٤) دا ، بە دەستی گروپە چەکدارەکانی بەناو(دەوڵەتی ئیسلامی عیراق و شام –داعش) تەنیا لە سوونگەی ڕووداوێکی سەربازی و ئیستخباراتی و داگیرکردن و خۆنمایشکردن قەتیسبکرێتەوە و بە دەستەواژەیەکی ئەژنۆشکێن ، کەسانی پلەداری بەرزی سەربازی کورد ، لە کەناڵەکانی میدیاکاندا دا بڵێن: " شەڕ ، کەوتن و هەڵسانەوەیەوە، لەدەستدان و وەرگرتنەوەیە!"

کەوتنی شارۆچکەی (شنگاڵ) نەک هەر وەک کارەساتێکی مێژووی مەزنی ناوچەکە تۆماردەکردێ، بەڵکو دەکرێتە سەرتاو کۆتای (قوناغیکی تازە لە مێژوو و جوگرافیای ناوچەکە بە گشتی و بزوتنەوی ئازادیخۆازو شوڕش و ڕاپەرێنی کورد بەتایبەتی) و بە چەندان کتێب و دۆسێەو کێشمەکێش بۆ دوارۆژ لە خۆ دەگرێت و دوور نییە لە دەزگا و مەڵبەندە سەربازییەکاندا وەک بابەت بخوێندرێت و لیکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت.

خوێنەری ئازیز، بابەتەکم یەک حەرفی نوێ و تازەی تێیدانییە، کە کەسانی هۆشیار پێش من ، ئاماژەیان پێنەدابی و گەرووی خویان پێ نەدڕاندبێ و مەرەکەبی زۆریان بۆ نەڕژاندبێت.وەلێ وەک عەرەب دەڵێ، ئێ بەڵکو :"من الاعادة افادة" .ئەم بابەتەم هێندە فرە ڕەهەند و تەوەرە کە کتێبێک هەڵدەگرێ.بۆیە ناچارم تەنیا سەرەقەڵەمەکان بخەمە بەرچاو:

کەوتنی شارۆچکەی (شنگال) ، لە دیدی منەوە، زۆر نهێنی خەفەکراو ڕاستیی پشتگوێخراو حەقیقەتی حاشاهەڵنەگری بۆ کورد – وەک حکومەت و حیزب و نەتەوە- ئاشکرا کرد ، کە خەڵکانی ڕەش ڕووتی سەر شەقامەکان و بن دێوارەکانی مزگەوتان ڕۆژانە باسی لێوەدەکەن:

یەکەم: حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی ئەو (٢٣) ساڵەی کە حکومرانی کوردستانی باشووری گرتۆتە ئەستۆ، سەرکەتوو نەبووە لە بونیاتنانی پێگەیەکی سەربازی نیمچە سەرکەتوو کە خاوەن چەکداری ئەقاعیدی و جەستەی و دەرونی بەهێز و ژێرخانی دەوڵەمەند و کەسانی تواناسازی سەرداری بە قابیلیەتی سەربازیی سەردەمیانە بن.

دووەم: دەزگای ئاسایشی کوردی، بە هەموو کادیری و نەخشە وچاوە بینراو نە بینراوەکانییە، لە ئاستێکی زۆر نزمدایە ، زۆری ماوە متمانەی پشتئەستوری خەڵک سەرشەقام بەدەست بێنی و هەنگاوەکانی زۆر زۆر سەرتاین، بە بەراورد بە زانیارییەکانی زانستی ( ئاسایشی نەتەوەیی) ولە پشبڕکێ کردنیدا لە گەڵ دەزگای ئاسایشەکانی دەرە ودراوسێیەمان.

سێیەم: پەیوەندییە دپڵۆماتییەکان و تێکهەڵکێشە سیاسییەکانی (کورد) لە گەڵ وڵاتانی دۆست و گروپ و لایەن و حیزب و ڕیکخراوەکانی جیهانی کە بە دۆستی خۆمانیان دەزانن ، زۆر لەوە ناسکترو لاوازترە ، کە لە میدیاکان و سەفەرەکاندا نمایش دەکرێن.

چوارەم: شەری سارەی حیزبە سیاسەکانی سەر گۆڕەپانی کوردستان ( لەسەرئاستی هەرێمی باشوورو کوردستانی مەزندا) زۆر لەوە گەورەتر و مەترسیدارترە ، کە جەماوەری سادە ڕاڤەی نائەقلانی بۆ بکات.بە کوردی و کرمانجی:" بەرژەوەندی خودی حیزب، لەسەروی هەموو بەرژەوەندییەکانەوەیە.تەنانەت لەسەرووی بەرژەوەندی نەتەوەیش"

پێنجەم: میدیای کوردی ، بەو لەشکرە گەورەیەوە - کە شان لە شانی میدیای فەرەنسی دەدات لە ژمارە- دوورە لە هەرچی زانست و پرەنسیپ ومۆڕاڵ و بنەمای میدیاگەری سەردەم و هاوچەرخ کە هەیە.ئەوەی دوای

کەوتنی شارۆچکەی (شنگال) لە میدیاکانی کوردی ڕوویدا ، لە هەر وڵاتێکی تر بووایە، بە دەیان میدیاکار لە بەردەم دادگایەکاندا تاوانبارو ڕسوا دەکران.خۆم لە ساڵێ (١٩٨٢) کە سەرباز بووم و لە سلکی پەیوەندی مەخابەراتیدا بووم، بەبەرچاومەو لە شارەدێی (مونزیریە) چوار سەربازی هاوڕییم گولـلەباران کران، چونکە لە برۆسکەیەکدا ناوی ئەفسەرێکی بەرەی شەریان هێنا بوو!

شەشەم: ئینتمای تاکی کورد لە کوردستانی باشووەردا بۆ خاک و نەتەوە هێندەکاڵ بۆتەوە، لە چارێگە سعاتێکدا جانتای هەڵاتن دەپێجێتەوەو نەخشەی ڕاکردنی حازربەدەستی لە گیفاندایە!

حەوتەم: پارتە سیاسییە دەسەڵات بەدەستەکانی کوردستانی باشوور زۆر بێ جەماورترن بە بەراورد لە گەڵ ژمارەیان ئەندام و هەوادارەکانیان ، لە کاتی دابەشکردنی زەوی و ئیمتیازات و دەنگبەخشینەوە دا.

هەشتەم: کەوتنی شارۆچکەی (شنگال) پەیامێک بوو بۆ کورد کە تۆدوو وشەی تێدا بوو:

١.کەوتی هەولێری پایتەخت، رۆژانی چوارچرای کۆماری مەهاباد دووبارە دەکاتەوە لە مێژووی سەردەمدا.

٢.کەوتی هەولێری پایتەخت، ناشتنی جەنازەی حیزبە سیاسییە دەسەڵاتدارەکانی کوردستانە تاهەتایە و هەڵسانەوەیان بۆ نییە.

هەشتەم: هەر هەموو دەزگاکانی پەروەردەو خوێندن و رۆشنبیری حکومەتی هەرێمی کوردستان سەقەتن، فەشەلیان هێناوە لە پەورەدەکاری منداڵ و نەوی نۆی کودر، ئەوان رووت و قووتن، خاوەنی هیچ پەیام و فەلسەفەیەکی پەرەوەدکار نیین و بیریشی لێناکەنەوە.

نۆیەم: هەرچی سەرەوت و سامانی کوردستانی باشور هەیە، کە لەو (٢٣) ساڵەدا وەدەست هاتووە، نە شارەزایانە و بێ نەخشەو پلانی ئیستراتژی سەرفکراوەو بە هەدەر داروە.

دەیەم: بابەتی ( ئیسترایژ) وەک فەلسەفەو نەخشەی کارو بونیاتنەری دوا رۆژ ، لە هیچ کایەیەکی سەرکی ژیان و بەردەوام بون ، لە کوردسانی باشووردا وجودی نییە.

یانزدەم: کورد تەنیا شاخی هەیە کە هاوڕی و پشتوانی دڵسۆزی بێت.

٨/٨/٣٠١٤ کۆیە

Facebook: fazil shawrow

Mobile: 0771 20 90 702

 

 

 

Related Articles