" منداڵ ده‌بێ فێربكرێت چۆن بیربكاته‌وه، نه‌ك بیر له چ بكاته‌وه. " |
گه‌ر وه‌ك جاری جاران زه‌ندی ده‌ستمان بخه‌ینه ناو ڕێشمه‌ی گو‌ێدرێژێك و به نێو كۆڵانه كهڵكهبهرده ته‌سك و ته‌نگژه‌كانی گونده‌كانی كوردستاندا گۆزهرێك بكه‌ین و ورد ورد دیقه‌ت له شو
ێنپێی ئه‌و سوارچاك و میرخاسانه بده‌ین كه به درێژایی مێژوو لادێیهكانیان كردبووه مه‌نزڵی موقه‌ده‌سی خۆیان و له پێناویدا ڕۆحیان له سه‌ر ده‌ست بوو، تێده‌گه‌ین كه ئه‌و لادێیانه به‌و په‌ڕی سه‌خاوه‌ته‌وه چیان به ئێمه‌مانان و مرۆڤایه‌تی به‌خشیووه!
مزگه‌وتی سه‌ركارێز و پیره دارگوێزی به‌رماڵان، كه شایه‌تحاڵی نه‌گبه‌تیی و نههاماتیی و سه‌رگه‌ردانیی خه‌ڵكی ڕۆح‌سووكی ئه‌و گوندانه‌ن، پێمان ده‌ڵێن كه شمشێری هه‌ژاریی و نێزه‌ی نه‌خۆشیی و جه‌ورو جه‌فای ژیان و دهستكورتیی و جه‌هاله‌ت هه‌رگیز نه‌یتوانیوه زه‌فه‌ریان پێبه‌رێت و له‌و سروشته هه‌زار ڕه‌نگه‌ی كوردستانیان بكات. . . .
راسته مێژووی چڵكن، بێره‌حمانه هه‌وڵیداوه ده‌ستی قورسی تاوانی خۆی به جه‌سته‌ی پاك و بێگه‌ردی ئه‌وان بسڕێته‌وه، لادێیه‌كانی كوردهواری، عه‌یامێكی دوور‌و درێژ، كه‌لاكی هه‌ڵقرچاوی ماكی وه‌ره‌م و پێشوولهی مه‌لاریا و سووتووی لاڕه‌شه و چاو كوولیی و ده‌رده دڵه‌ی بێ دا‌و و ده‌رمان و دكتۆر و حه‌كیم بوون! ئه‌وان ده‌مێ كۆیله‌ی ده‌ره‌به‌گ و ده‌مێ یه‌خسیری تفه‌نگ به‌ده‌ستان و ده‌مێ كراوه‌ن به خزمه‌تكاری سه‌رمایه‌داره سهرهخۆرهكانی شار، به جه‌مێك تێر و به ده‌یان برسی. . . ! جا سه‌ربار و بنباری هه‌موو خه‌مان، هه‌رگیز كه‌لاوه قوڕه‌كانی ئه‌وان له‌به‌ر تازه‌ترین فڕۆكه‌ی شه‌ڕكه‌ری دوژمنان چۆكیان نه‌شكاوه و قه‌ت سه‌ریان بۆ زوڵم و زه‌بر و زه‌نگی حه‌ره‌س قه‌ومییه‌كانی ڕۆژگار دانه‌نواندوه. قاره‌مانانه ڕوبه‌ڕووی دڕنده‌ترین له‌شكری چه‌نگ به‌خوێنی سه‌رده‌مه‌كان بوونه‌ته‌وه و له ئه‌نفال به‌هێزتر و له ژه‌هر كاریگه‌رتر و له مه‌رگ سهربڵندتر هاتوونه‌ته‌وه سه‌ر زێدی باپیران و له چهرهگهی سووتا و لا ده‌رگای شان ههڵتهكاو و قوڕهسۆڕهی به‌رماڵان خانوو و كۆڵیتیان هه‌ڵێناوه‌ته‌وه و به وهفاێكی خه‌ستر له جاران ژیانیان له ئامێز گرتۆته‌وه.
ئا له‌م ژینگه قورس و تاریك و خنكنه و خه‌مناكه‌دا، منداڵانی چاو ڕه‌شی كوڵمه سووتاوی ئه‌وان، به جووتێ پێڵاوی لووت ههڵقلیشا و شڕه قه‌مسه‌ڵه و جانتای شڕودڕ، ڕۆژانه ڕوویان له قوتابخانۆكهی ساده و سارد و سوڕ و بێخزمه‌ت كردووه و له‌وێوه ده‌ستیان كردووه به تاشینی په‌یكه‌ری ژیان و زینده‌گی. خۆێندكاری لادێیه‌كان قه‌ت یه‌ك زه‌ڕڕه له بیر و هزر و هۆش و ده‌روون و ئۆڕگانه‌كانی جه‌سته‌دا جیاوازیان له گه‌ڵ خوێندكاره هاوپۆله‌كانی شار دا نه‌بووه. تاكه جیاوازی ئه‌وان – خودا كرده‌یه - كه گوندنشین و لادێین، دووره ده‌ستی شاره‌كانن. زۆرجار، ئه‌وان خوێندكاری ناو ئه‌شكه‌وت و نێو كونه‌ته‌یاره و ژێر چادر بوون! بهراِستی به راستی پێم سه‌یره كه چۆن منداڵی ئه‌م گوندانه‌ی كوردستان ده‌گه‌نه زانكۆ و چۆن ده‌توانن به‌سه‌ر په‌یژه‌ی ڕك و چرووكی ساڵكانی خۆێندنیان دا سه‌ركه‌ون! ٍ من وه‌كو ئهزمووندارێكی په‌روه‌رده‌كار، سه‌رم له‌م به‌نده ده‌رناچێ: چوون باش باش ده‌رك به موعاناتی ئه‌و دایك و باوكانه ده‌كه‌م كه شارنشینن و هه‌رچی تۆ به خه‌یاڵت دادێ – له خۆشگوزه‌رانی و داپێویستییهكانی ژیانی رۆژانه ی سه‌رده‌م - بۆ ڕازیكردنی دڵی منداڵه‌كانیان ئاماده‌و ته‌یاریان كردووه، كه‌چی پله و پایه‌یان له ئاستی خوێندندا له‌و په‌ڕی شه‌پرزه‌یی و شكهستیی دایه! گه‌ر له ڕوانگه‌ی ناز و نعمه‌ت و تێر و تهسهڵییهوه به‌راوردی ماڵ و حاڵی خوێندكاره‌كانی لادێیه‌كان له گه‌ڵ خوێندكاره‌كانی شار بكه‌ین، ده‌بووایه منداڵی گونده‌كان نه‌توانن پۆلی یه‌كه‌می بنه‌ڕتی ببڕن و هه‌ر زوو بچنه‌وه به‌ر مه‌ڕ و بزنه‌كانیان و تا مردن هه‌ر شوانكاره و گاوانی پیشه‌یان بێت. ئاخر له نێوان خوێندنی گوند و خوێندنی شاردا چه‌ندین فه‌رسه‌خ بۆشایی هه‌یه، ئه‌م هه‌ویره ئاوێكی زۆری ده‌وێ، بۆیه، خوێنه‌ری ئازیز، هه‌ر به نووكه قه‌ڵه‌م ئاماژه‌یان پێده‌ده‌م:
یه‌كه‌م: ساختومانی قوتابخانه‌كان:
ئه‌لحه‌قی، ئیمڕۆ ساختومان و بینای قوتابخانه‌ی گونده‌كانی كورستان به گشتی زۆر زۆر باشتر و پڕ كهرستهترن له چاو ساڵانی پێشوو، گه‌رچی به گوژمه پاره‌یان بو خه‌رجكراوه وه‌لێ زۆر كون و كهلهبڕیان تێدایه كه له گه‌ڵ نه‌خشه‌سازیی په‌روه‌رده‌كارانه و ژیتگهی كاری فێركردن و فێربوون ناگونجێ. هه‌میشه كێشه‌ی ئاوی خواردنه‌وه و ئاوی به‌رده‌ست هه‌یه، بۆیه قوتابخانه هه‌یه ده‌رگای ئاوده‌سته‌كانی ههرداخستووه. سه‌ره‌ڕایی فراوانی هێندێ قوتابخانه و بوونی زه‌وی و زارێكی باش، به ده‌گمه‌ن دره‌ختێك یان سه‌وزاییه‌ك ده‌بینیت. نه‌مدیوه ئه‌وان هۆڵی وه‌رزش و یاریگا و به‌شی هونه‌ری هه‌بێ. تاقیگه‌ی زانستی كه پێویستییه‌كی گه‌وره‌یه بۆ بابه‌ته زانستییه‌كان هه‌ر بوونی له‌وێدا نییه. ئه‌مانه‌ش هوكاری دروستكردنی جیاوازی ئاستی زیره‌كی و تێگه‌یشتنی خوێندكارن.
دووه‌م: پێكهاته‌ی پۆله‌كانی قوتابخانه‌ی گوندی:
ژماره‌ی خۆیندكار له پۆلی ستانده‌ر دا (16-25) ه، زۆربه‌ی قوتابخانه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی شار كێشه‌ی كه‌می ژماره‌ی قوتابیان هه‌یه، بۆیه ئاساییه پۆلێك هه‌ر یه‌ك یان دوو قوتابی تێدا بێت یان دوو پۆل تێكه‌ڵ بكرێن و كاتی وانه‌كانیان دابه‌ش بكرێت به سه‌ر دوو: وه‌ك پۆلی (1 + 2)، (2 + 3)، (3 + 4) . . . . كاردانه‌وه‌ی خراپی ئه‌م حاڵته ئه‌وه‌یه كه گه‌ر مامۆستا ته‌واوی ده‌رسه‌كه له گه‌ڵ ئه‌م دوو قوتابییه به سه‌ر به‌رێت ئه‌وا هه‌ردوو لا بێزار ده‌بن و كاته‌كه ناروات و خو ئه‌گه‌ر پۆلی تێكهڵهش بن ئه‌وا هه‌ر دوو پۆله‌كه زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بن به‌وه‌ی هه‌ر یه‌كێكیان نیوه‌ی ده‌رسه‌كه‌ی به‌رده‌كه‌وێ و له پۆلیشدا به به‌ندكراوی ده‌مینێته‌وه. (له بڕگه‌یه‌كی تری ئه‌م بابه‌ته باده‌ده‌مه‌وه سه‌ر ئه‌م دیارده‌یه) .
سێیه‌م: سعات و ماوه‌ی دیاریكراوی ساڵی خوێندن:
رۆژمێری ساڵی خۆێندنی ئاسایی خۆێندنگه به‌راییه‌كان له ناوه‌راستی مانگی ئه‌یلول ده‌ست پێده‌كا و له مانگی ئایار كۆتایی دێت، به‌ڵام خۆێندكارهكانی نێو گونده‌كان كه‌متر ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌یان بۆ ڕه‌خساوه وه‌ك هاو پۆله‌كانی شار سوود له‌م ماوه‌یه دیاریكراوه ببینن. چۆن؟
1. تا قوتابخانه‌كه دوورتر بێت له شار، ئه‌وا به شێوه‌ێكی گشتی له زۆر خوێندنگه‌ی كوردستاندا، ڕۆژانه دره‌نگتر (دوای سعات 8ی به‌یانی) ده‌ست به ده‌وام ده‌كه‌ن و زووتریش ده‌چنه‌وه ماڵه‌وه.
2. ماوه‌ی كاتی وانه‌كانیان كورتره و زۆر پابه‌ند نین به كاتی خشته و هه‌شن هه‌ر زه‌نگ به‌كار ناهێنن. باسی ئه‌وه‌شمان كرد چۆن له پۆله تێكهڵهكاندا (40) یان (35) ده‌قیقه‌ی ده‌رسێك دابه‌ش ده‌كرێت به سه‌ر دوو. واته ئه‌و مامۆستایه‌یی له خشته‌ی حه‌فتانه (24) وانه‌ی بۆ نووسراوه، له واقیعدا (12) ده‌رس ده‌ڵێته‌وه.
3. زۆر جار ئه‌و مامۆستایانه‌ی له دووری گوند ده‌ژین، رۆژانه به یه‌ك ئۆتۆمبیل هاتووچۆ ده‌كه‌ن، له كاركه‌وتنی ئه‌و ئۆتۆمبیله یان نه‌هاتنی مامۆستای شۆفێر، زۆر جار كۆسپ بۆ خوێندنگه ی گوندی دروست ده‌كات. به هه‌مان شێوه‌ش، زۆر جار ئه‌و خۆێندكارانهی له گوندێكی دراوسێوه دێن بۆ خۆێندن هه‌مان كێشه‌یان روو به ڕوو ده‌بێته‌وه و له ده‌رسه‌كانیان مه‌حروم ده‌بن.
4. به گشتی، مامۆستای خوێندنگه‌ی گونده‌كان پتر پشوو وه‌رده‌گرن و زۆرتر غائیب ده‌بن، به حوكمی ئه‌وه‌ی دوره ده‌ستن و چاوپۆشی بۆ یه‌كتری ده‌كه‌ن. جا گه‌ر له شار دا دوو مامۆستاش ئاماده‌نه‌بن زۆر گرفت نییه، به‌ڵام بۆ قوتابخانه‌یه‌كی سێ مامۆستایی نه هاتنی دوو ده‌رس بۆشاییه‌كی گه‌وره دروست ده‌كا. لێره‌شدا، به با بێ یان به باران، هه‌ر له ته‌مه‌نی ساڵی خوێندنی خوێندكار ده‌ڕوات!
5. چونكه هێندێ له مامۆستای پیاو له خوێندنگه‌ی گوندی خاوه‌ن كار و بهرژهوهندن خوێندكا ره‌كانیش كوڕ و كچی لادێین و كاریان زۆره، له هێندێ ده‌رفه‌تدا، پشووه‌كانیان درێژتره و له نیوان پشووانیش، رۆژان لێده‌ده‌ن، ئه‌مه‌یش ناراسته‌و خو له عومری ساڵی خوێندنی ئه‌وان كه‌مده‌كاته‌وه.
6. له ناوچه سه‌خت و شاخاویه بهرزهكاند، زۆر جار به‌فر و باو باران و زریان ڕووداوی سروشتی، به‌بێ مۆڵه‌تی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده، ده‌یكاته پشووی چه‌ند رۆژه و ده‌رگای خوێندنگه‌كان داده‌خات.
چواره‌م: توانا و ئه‌زموونی مامۆستا:
مامۆستای خوێندنگه‌ی لادییهكان، به هیچ شێوه‌یه‌ك توانا و به‌هره‌و چالاكییان له مامۆستاكانی خوێندنگه‌كانی شار كه‌متر نییه، وه‌لێ چه‌ند خاڵێك هه‌یه كه ناكرێت به هه‌ندی وه‌رنه‌گرین، له ڕووی پهروهردهكارییهوه. سیستمی په‌روه‌رده‌ی هه‌رێمه‌كه‌مان، هه‌میشه مامۆستای تازه دامه‌زراو بۆ گونده‌كان ده‌نێرن و دوای چه‌ند ساڵێك گه‌ر ئاره‌زوویان لێ‌بوو، ده‌یانگوازێته‌وه بو شار و زێدی خۆیان. ژیان خۆی زنجیرهێك ئه‌زموونه و مامۆستای تازه ده‌ست به‌كاریش ماوه‌یه‌كی ده‌وێت تا ده‌سته‌كانی ده‌خارێت و له گه‌ڵ ژینگه‌ی پیشه نوێیه‌كه‌ی ده‌گونجێت. زۆر جار پێش ئه‌وه‌ی مامۆستا بتوانێ و ده‌رفه‌تی هه‌بێ به‌رنامه‌ی كار و خه‌رمانی ده‌ستی خۆی ببینێت نه‌قل ده‌كرێت و خوێندكاره‌كان ده‌درێنه ده‌ست ئه‌زموونی مامۆستایه‌كی تازه دامه‌زراو. هه‌ر وه‌ك بڵێت خوا ئه‌و گوند و ئه‌و خوێندكاره به‌سته‌زمانانه‌ی بۆ ئه‌وه خه‌لق كردووه تا وه‌ك بۆق و كه‌روێشك تاقیكردنه‌وه‌یان له سه‌ر بكرێت و بكرێن به مادده‌ی پێگه‌یاندنی خه‌ڵكی بێگانه بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی ده‌ڤه‌رێكی تر له سه‌ر حسابی مێشك و ده‌روون و ته‌مه‌نی ئه‌وان فێره زانست و عیلم و مه‌عریفه‌ت بن. ئه‌م بۆچوونه‌م مانای ئه‌وه نییه كه هه‌موو مامۆستایه‌كانی شار فه‌یله‌سوف و بلیمه‌ت و هزرمهندن! وه‌لێ ده‌بێ ئه‌و ڕاستییه‌ش فه‌رامۆش نه‌كرێت، كه خوێندكاره‌كانی لادێیهكانیش هه‌موو ئه‌و ماف و ئه‌ركه‌یان هه‌یه كه كه‌سانی غه‌یری گونده‌كان هه‌یانه. (له بڕگه‌یه‌كی تر دێمه‌وه سه‌ر ئه‌م پنته) .
پێنجه‌م: جیاوازی ڕۆڵی دایك و باوكی خوێندكاره‌كان له نێوان شار و دێ‌دا:
له وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ندا، زۆربه‌ی دایك و باوكی خوێندكاری گونده‌كان نه‌خوێنده‌وارن – به تایبه‌تی دایكه‌كانیان-، خۆ ئه‌گه‌ر شڕه خوێندهوارێكیشیان هه‌بێ، ئه‌وا به حوكمی ژیانی پڕ ئیشی لادێ، ئاستی ڕۆشنبیری و هۆشیارییان وه‌ك پێویست به‌رز نییه، كه یارمه‌تیده‌ر بێت، بۆ پێداچوونه‌وه‌ی ده‌رسه‌كان و هاوكاری كردنی منداڵه‌كانیان – به تایبه‌تی بۆ قۆناغه به‌رزه‌كان -. به پێچه‌وانه‌ی دایك و باوكه شارنشینه‌كان، كه ڕه‌نگ بێ خۆیان مامۆستا و خاوه‌ن بڕوانامه‌ی باڵا بن كه سه‌ریان له زۆربه‌ی بابهتهكان ده‌رچێت و گه‌ر گرفت و كۆسپیش هاته ڕێ و ئه‌وا مامۆستای ده‌رسی خسوسی له ئاماده‌باشیدایه! ئه‌م خاڵه به بۆچوونی زۆر له خودی مامۆستاكانی لادێیه‌كان، به‌ربه‌ستێكی گه‌وره‌یه و رێگره له گه‌شه‌كردنی پڕۆسه‌ی خۆێندنی گونده‌كان. هه‌مووشمان ده‌زانین كه ئه‌ندامانی خێزانی گونده‌كان چه‌نده پڕ ئیش و كار و مه‌شغه‌له‌تی كشتوكاڵ و ئاژه‌ڵدارین، به به‌راورد له كه‌ڵ خۆشگوزه‌رانی شارنشینه‌كان به شێوه‌یه‌كی گشتی نه‌ك ڕه‌هایی.
شه‌شه‌م: بار و ده‌رفه‌تی خوێندن له گونده‌كاندا:
له هه‌موو ئان و زه‌مان و شوێنیكدا (گوند) یانی جوتیاری و باغچهوانی و ڕه‌زداری و ره‌نجبه‌ری و سه‌پانی و وه‌رزێری و شوانكاری و گاوانی و ئاژهلّداری، هه‌مووشمان ده‌زانین ئه‌رك و مشهقهتی به‌ڕێوه‌بردن و ده‌سته‌به‌ركردنی ئه‌م جۆره كارانه چه‌نده زه‌حمه‌ت و پڕ ئیش و كاتگرن و چه‌نده عه‌وجه به ئیشكه‌ر و كرێكار و كهیبان و یارمه‌تیده‌ر و مشورگێڕن. كه‌س نییه له گونده له ڕۆژێكدا - تا ده‌چێته ناو پێخه‌فه‌كه‌ی - چه‌ند كاران ڕانه‌په‌ڕێنێت و ماندوو نه‌بێ. له خڕ‌و عامی قوتابیانی قوتابخانه‌یه‌كی گوندێكم پرسی:" دوای گهڕنهوهتان بۆ ماڵ، چیده‌كه‌ن؟" یه‌ك تاكه قوتابی نه‌یگوت ده‌رس و دهورهكانم ده‌خوێنم و پێداچوونه‌وه‌یان بۆ ده‌كه‌م. به پێچه‌وانه‌ی خوێندكارانی شار كه زۆریان نه‌ك هه‌ر خه‌ریكی سه‌عی كردن ده‌بن و به‌ڵكو یارمه‌تیش ده‌ده‌رێن له لایه‌ن خێزان و مامۆستای تایبه‌ته‌وه. كه‌واته ژیانی ڕۆژانه‌ی لادێ راسته‌وخۆ كاریگه‌ریی نه‌رێی به‌سه‌ر خوێندكاری لادییهكانهوه هه‌یه و ڕێگره له باش بوون و به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی خوێندن و رۆشنبیریی و هۆشیارییان. ئه‌وان ته‌نیا به شه‌و فورسه‌تی سهعیكردنیان هه‌یه و خۆ ئه‌گه‌ر له هه‌ر شوێنێكی ده‌رسه‌كانیان بچه‌قن ئه‌وا ده‌ستێك نییه هاوكاریان بكات و ده‌ریان بێنێت. (دێمه‌وه سه‌ر ئه‌م خاڵه‌ش)
حه‌وته‌م: كه‌می مامۆستای پسپۆڕ له گوندهگاندا:
له ساڵی خوێندنی (2013 – 2014) له ناو خودی شاری هه‌ولێر نزیكه‌ی (60) مامۆستای پسپۆڕی زمانی ئینگلیزی بۆ پڕكردنه‌وه‌ی خشته‌ی خوێندنگه‌كان له به‌ر بڕابوو. كه‌واته هه‌قمانه گه‌ر بپرسین ئه‌دی حاڵی گونده‌كان له مه‌ڕ بوونی مامۆستای پسپۆڕی پێویست ده‌بێ چۆن بێ! ئه‌وه‌ی زانیارییه‌ی له به‌رده‌ستم دایه دڵخۆشكه‌ر نییه. پاساوی به‌رپرسانی ئه‌م بواره‌ش زۆری ژماره‌ی قوتابخانه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی شاره. جا زۆربه‌ی ڕشته‌ی بابه‌ته‌كانی گوندی بریتین له ده‌رسه مرۆیی و هونه‌رییه‌كان و – هێندێ شتی وه‌ك كومپوتهر و ده‌روونزانی و توێژه‌ر و. . . . . - -كه ناتوانن پارسه‌نگی ئاستی زانستیی خوێندن ڕاگرن و به‌ڕێوه ببه‌ن. مامۆستای ئه‌م جۆره بابه‌ته له لادێیه‌كان زۆرن: (كوردی، مێژوو، جوگرافیا، كۆمه‌ڵایه‌تی، هونه‌ر، وه‌رزش، گشتیی. . . ) ئه‌م خۆێندنگهیهی كه خۆم بو سۆراغ سه‌ردانم كرد – به بهڕێوهبهرهكهشهوه- (دوو مامۆستای بابه‌تی كوردی، یه‌ك بابه‌تی هونه‌ر، یه‌ك بابه‌تی گشتیی) هه‌بوو. جاری واش بووه خوێندنگه‌یه‌ك (4 - 5) مامۆستای یه‌ك بابه‌تی هه‌بووه – بۆ نموونه هه‌موویان مامۆستای پسپۆڕیی جوگرافیا بوون –
هه‌شته‌م: بواری چالاكی زانستی و هونه‌ری و ڕۆشنبیریی و كۆمه‌ڵایه‌تی خوێندارهكانی لادێ:
ئه‌م زانیارییه‌ی بۆ ئه‌م بابه‌ته (كه له زاری هێندێ مامۆستا و قوتابی گونده‌كان ههڵمكڕاندووه) ئه‌مه‌یه: له زوربه‌ی هه‌ره زۆری خوێندنگه‌ی گونده‌كان كوردستانی باشووردا: ئاهه‌نگی مۆسیقا‌و گۆرانی نییه. پێشه‌نگای نیگار و هونه‌ر نییه، ته‌مسیل و شانۆ نییه. پۆسته‌ر و نه‌شره‌ی سه‌ر دیوار نییه. پێشه‌نگای فۆتۆگرافی نییه. نمایشی وه‌رزشی و پێشبڕكی نییه. گه‌شتی زانیاری و ڕاپۆڕت نووسین نییه. به‌شداری بوون له چالاكییه دیاره‌كانی شاره نزیكه‌كان نییه. له نێو میدیا و رۆژنامه و گۆڤار و رادیۆ و ته‌له‌ڤزیۆن و سیمینار و بۆنه نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی و ئایینه‌كان بوونیان نییه. چالاكی كه‌لتووریی و كه‌له‌پور و پیشه‌ییان نییه. سه‌ردانی سه‌یرانگاو هاوینه هه‌وار و شوێنهمێژووییهكانیان نییه. له كاتێكدا خوێندكارانی شار له زۆر له‌م چالاكییانه به‌شداریی دوو سه‌ره‌یان هه‌یه: هه‌م له‌گه‌ڵ خوێندنگه‌ی خۆیان و هه‌م له گه‌ڵ خێزان و براده‌رو هاوڕێیه‌كانیان.
بڕوانه ئێمه خۆمان چه‌نده به‌شدارین له مه‌حرومكردنی ئه‌م منداڵه بێنازانه له خۆشیی و سوود و قازانجی ئه‌م جۆره چالاكییانه كه بوونه‌ته سیمای شارستانی و پێشكه‌وتن و سه‌رفیرازی ژیانی ئه‌م سه‌رده‌مه.
با پتر سه‌رتان نه‌ئێشێنم – ده‌نا لایه‌نی تریش ماوه كه قسه هه‌ڵبگرێت وه‌ك باری خێزان و په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی نێو گوند – بۆیه نوقته لێره داده‌نێم.
خۆێنه‌ری ئازیز:
من داتای ورد‌و دروستی ژماره‌ی خوێندكا ر مامۆستایه‌كانی گونده‌كانی كوردستانی باشوورم له‌به‌ر ده‌ست نییه و هه‌ر واشمدهزانی تێكڕای ژماره‌یان زۆر له ژماره‌ی خوێندكار‌و مامۆستایه‌كانی شار كه‌متره. به‌ڵام كه بڕێك داتای وردم له هاوكارانم پێگه‌یشت، به‌راستی تووشی شۆك بووم و نه‌مزانی هاوكَیشهكه پێچهوهانهیه: هه‌ر بوو نموونه: ساڵی خوێندنی (2013 – 2014) له (181) خوێندنگه‌ی بنه‌ڕتی سنووری به‌رێوه‌به‌رایه‌تی په‌روه‌رده‌ی (كۆیه) (142) یان له ناحیه‌و گونده‌كانن، ته‌نیا (39) یان له ناو شاری (كۆیه) ن و كۆی ژماره‌ی خوێندكارانیش (32826) خوێندكاره. له كۆی ژماره‌ی مامۆستایانیش (3349) مامۆستایه و (2135) مامۆستا له گونده‌كان دامه‌زراون. به‌ڵام له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی (رانیه) له (118) خۆێندنگه ی بنه‌ڕه‌تی (68) یان له ده‌ره‌وه‌ی شارن و (50) دانه‌یان له ناو شاره و كۆی ژماره‌ی خوێندكارانیش له سه‌رووی (71000) خوێندكاره. ئه‌مانه به‌ڵگه‌ن كه ده‌بێ وه‌زاروتی په‌روه‌رده و لایه‌نه په‌یوه‌نداره‌كانی تر، وه‌ك وه‌زاره‌تی پلاندانان و ته‌ندروستی زۆر به جددیتر مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ خوێندن و خوێندكارانی لادێیه‌كان بكه‌ن.
وا چه‌ند ڕێنمایه‌ك ده‌خه‌مه ڕوو: - كه ره‌نگ بێ، گه‌ر به هه‌ندیان وه‌ربگرن - ڕێخۆشكهربێت بۆ پڕ كردنه‌وه‌ی بۆشایه گه‌وره‌كانی نێوان خوێندكارانی گوند و خوێندكارانی شار:
یه‌كه‌م: داڕشتنه‌وه‌ی نه‌خشه‌ی دامه‌زراندن و دابه‌شكردنی مامۆستایان:
بۆ ده‌بێ مامۆستای تازه دامه‌زراو هه‌ر له گوند و لادێیه‌كان ده‌ستبه‌كار بن؟ پرسیارێكی ڕه‌وایه. ئه‌دی ئه‌وان برَوانامهیان پێنه‌دراوه بۆ مماره‌سه كردنی پیشه‌ی مامۆستایه‌تی له هه‌ر كۆێ بێت؟ به تێگه‌یشتنی من پێویسته مامۆستای نوێ، یه‌كه‌م جار له شار دابمه‌زرێت و دوای (4) ساڵ بۆ ماوه‌ی چه‌ند ساڵێك له گوند ده‌رس بڵێته‌وه. بیرۆكه‌كه نه‌شاز و غه‌ریب دێته به‌ر چاو، بۆیه به‌م شێوه‌یه شیده‌كه‌مه‌وه:
ا) ئه‌و یه‌ك یان دوو مامۆستای نوێیه‌ی له خوێندنگه‌یه‌كی ناو شار ده‌ست به‌كار ده‌بن، زوو له ئه‌زموون و چالاكیی ئه‌و (15) (20) مامۆستا كۆنانه‌ی ئه‌وێ شت فێر ده‌بن و زووتر خۆیان پێده‌گه‌ێنن نا توانن له پهرپرسییهتی كاره‌كه‌یان درێغی بكه‌ن. له كاتێكدا كه (4 – 5) مامۆستای تازه به‌یه‌كه‌وه له گوندێك كار ده‌كه‌ن، هه‌موویان كه‌م ئه‌زموون و چاو نه‌كراوه‌ن و ده‌ست و پێ سپین، جا كه گه‌ڕانه‌وه شاریش هه‌ر كه‌م ئه‌زموون و شه‌رمنن.
ب) زوو ترسی گۆتنه‌وه‌ی ده‌رسی قۆناغه به‌رزه‌كانیان ده‌شكێت. مامۆستا هه‌یه دوای (15) ساڵیش له دامه‌زراندن ناوێرێت خۆی له پۆله‌كانی دواناوه‌ندی بدا. چونكه هه‌ر له سه‌ره‌تا به پۆلی یه‌ك و دوو ی بنه‌ڕتی ئاشنا بووه.
ج) ئه‌و مامۆستایه‌ی گوندنشینه یان نزیكه له گوند یان خۆی ئاره‌زوومه‌نده با هه‌ر له گوند دابمه‌زرێت و بمینێته‌وه.
دووه‌م: دانانی پلانی تازه و سه‌رده‌میانه بۆ خوێندن له لادێیه‌كان:
ا) گوتمان جار هه‌یه پۆلێك له گوند هه‌ر دوو یان سێ قوتابی تێدایه، ئێ باشه مامۆستاكه به (15 – 20) ده‌قیقه، زانستییانه و په‌روه‌رده‌كارانه، بابه‌ته‌كه‌ی ده‌ڵێته‌وه و تێ‌یان ده‌گه‌ێنێ. ئه‌دی (15 – 20) دهقیقهكهی تر چی بكات؟ مامۆستایه‌ك گوتی: " وه‌ڵڵاهی جارێك هه‌ر خوێندكاره‌ی (40) جارم بابه‌ته‌كه پێ خوێنده‌وه. "
ده‌بێ مامۆستای خوێندنگه‌ی گونده‌كان زۆر شاره‌زاتر و ده‌ست ڕه‌نگین تر و به توانا تر بن. مامۆستای شار ئه‌م كێشهییهی نییه و پۆله‌كانی زیاد له حه‌دی خۆی خوێندكاری تێدایه. ده‌بێ كتێبی خوێندنی ئه‌م جۆره پۆله جیاواز بێت و به راهێنان و چالاكی زۆرتر و هه‌مه ره‌نگتر ده‌وڵه‌مه‌ند كرابێت. هه‌ر بۆ نموونه گه‌ر خوێندنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كه ده‌رباره‌ی (سه‌گ یان ئاو یان به‌له‌م) بوو، با هه‌ر له‌م ده‌رسه وێنه‌ی (سه‌گ و ئاو و به‌له‌م) بكیِشن. با گۆرانی و شیعریان به سه‌ردا هه‌ڵبڵێن و با له كاغه‌ز و كوتاڵ و قوڕ و فلین و هه‌ویر شێوه‌یان دروستیان بكه‌ن.
جا هه‌ر ده‌رسه‌ی به‌گۆێره‌ی جۆری بابه‌ت و به‌رنامه‌كان. ئه‌وانه‌ی ده‌ڵێن جا ئه‌مه به كێ ده‌كرێ، ده‌بێ خوولی تایبه‌ت و راهێنانیان بۆ بكرێته‌وه.
ب) گوتمان له خوێندنگه‌كانی لادێ‌دا كێشه‌ی كه‌می یان نه‌بوونی تاقیگه‌ی بابه‌ته زانستی و زمانه‌وانییه‌كانمان هه‌یه. ده‌بێ و فه‌رزه كه مامۆستای ساڵی (2014) شاره‌زایی باشی له بهكارهیِنانی كۆمپیوته‌ر و ئینته‌رنێت و به‌رنامه‌كاندا هه‌بێ. ئه‌مه باشترین و هه‌رزانترین چاره‌سه‌ر و یارمه‌تییه. یه‌ك (لاپ‌تۆپ) پۆ پۆلێكی وا بچووك به‌سه، تا مامۆستا تاقیكردنه‌وه‌ی فیزیك و كیمیا و زیتدهوهرزانی و بابه‌تی زمانی ئینگلیزی و عاره‌بی و. . . . . به پراكتیك و زیندوویی راڤه بكات. ئه‌مه جگه له وه‌ی كاته‌كه به خۆشیی و بێ بێزار بوون به‌سه‌رده‌به‌ن. ئه‌و مامۆستایه‌ی ئیمرۆ له كۆمپیوته‌ر و ئینترنێت نه‌زانێ - له گه‌ڵ ئه‌و په‌ڕی رێزم بۆی وه‌ك مرۆڤێك - ئه‌وا مامۆستایه‌كی كهمئندامه له پیشه‌كه‌یدا!
سێیه‌م: بره‌ودان به چالاكییه‌كانی خوێندكارانی لادێ:
گوتمان خوێندكارانی لادێیه‌كان تا بڵێت له چالاكییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی پۆل مه‌حرومن. بۆیه ده‌كرێت:
ا) كێبركێ و گوریسڕكیشان له نێو خودی خوێندنگه‌كه دروست بكه‌ین. پۆله نزیكه‌كان له گه‌ڵ یه‌كتری و دوا تر له گه‌ڵ نزتكترین خوێندنگه‌ی گونده دراوسێیه‌كان. . . . تا ده‌گه‌نه كێبڕكیُ كردن له گه‌ڵ خوێندنگه‌كانی شار.
ب) بۆ گه‌شتی زانیاری و سه‌ردانی شوێنه مێژوویی و كهلتوورییهكان با دوو یان سێ یان چوار خوێندنگه‌ی دراوسێی یه‌كتر پێهكهوه به‌رنامه‌ی كاریان رێكبخه‌ن و به چه‌ند ئۆتۆمبیلێك گه‌شت و سه‌یرانه‌كانیان بكه‌ن.
ج) ده‌بێ خوێندنگه‌ی گونده‌كانی كوردستان كۆتی گۆشه‌گیریی بشكێنن و بۆ خویان بكه‌ونه كار و ڕێكلام كردن: داوا له خوێندنگه‌كانی شار و مه‌ڵبه‌ند و بنكه رۆشنبیریی و ئه‌ده‌بی و هونه‌رییه‌كانی ده‌ڤه‌ری خۆیان بكه‌ن و ده‌عوه‌تیان بكه‌ن بۆ سازداتی چالاكییه‌كانیان بۆ خوێندكاره‌كانیان و یه‌كتر ناسینیی باشتر.
د) دهبیً به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی په‌روه‌رده‌ی كوردستان به فه‌رمی خوێندنگه‌كانی گونده‌كان هۆشیار بكه‌نه‌وه بۆ به‌شداری كردنیان له چالاكییه‌كانی ساڵ. وه‌ك: نمایشی وه‌رزشی، پێشه‌نگای هونه‌ری، كێبركێی زانستی. . . . . . .
ه) با ناوه ناوه مامۆستاكانی گوند، له رۆژه خۆشه‌كاندا، پۆل پۆل بچنه ناو مه‌زرا و ڕه‌ز و باغچه و بێستانه‌كان و له‌وێ ده‌رس بخوێنن و هه‌وا گۆری بكه‌ن. من خۆم كه له شار مامۆستا بووم ئه‌مه جۆره چالاكییهم ئه‌نجام ده‌دا و خوێندكار زۆر زۆر حه‌ز به گۆڕینی شوێن ده‌كا. هه‌ر نه‌بێ یه‌ك دوو ده‌رسمان له سه‌ر بانی خوێندنگه ده‌خوێند!
چواره‌م: كاتی ده‌وامكردن و خشته‌ی وانه‌كان:
چوون زۆربه‌ی مامۆستاكانی گونده‌كان له شاره‌كانه‌وه رۆژانه هاتووچۆ ده‌كه‌ن. پێم باشه له پێناو به فیرۆنهدان و ده‌ستگرتن به كاته‌وه ئه‌م دوو خاڵه ڕه‌چاو بكرێت:
ا) با خوێندنگه‌كانی گوند ئازاد بن له ده‌ست نیشان كردنی كاتی زه‌نگی ده‌رسی یه‌كه‌م، به‌و مه‌رجه‌ی له (9) ی به‌یانی تێپه‌ڕنه‌كات. ئه‌مه له گونده‌كانی هێندێ وڵاتی ئه‌وروپاش په‌یڕه‌و ده‌كرێت.
ب) با ئازاد بن له دانانی كاتی خشته‌ی ده‌رسه‌كان به مه‌رجێ هه‌قی هیچ بابه‌تێك نه‌سووتێ و هیچ بابه‌تێكیش فه‌رامۆش نه‌كرێت. ده‌كرێ چه‌ند بابه‌تێكی بایه‌خداریش له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م خشته بن و خسوسییه‌تی خۆیان له به‌ر چاو بگیرێت.
پێنجه‌م: ده‌ستگرتنی خوێندكاره‌كان له جیاتی دایك و باوك:
زانیمان كه له‌به‌ر زروفی دایك و باوكی خوێندكارانی لادێ له ڕووی ئه‌وه‌ی كه زۆریان نه‌خوێنده‌وارن و سه‌رقاڵی كاری ڕۆژانه‌ن و ناتوانن بپڕژێنه سه‌ر پێداچوونه‌وه‌ی ده‌رس و ده‌وری منداڵه‌كانیان، جا بۆ پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌م كه‌لێنه ده‌بێ مامۆستایه‌كانی گوند به‌م ئه‌ركه هه‌ڵسن. چۆن؟ له هێندێ ولاتانی تریشدا بۆ چاره‌ی ئه‌م كێشه‌یه، ئه‌م پلانه‌یان داڕشتووه: خشته‌ی وانه‌ی هه‌فتانه وا داندراوه كه ڕۆژانه (50) ده‌قیقه‌ی كۆتایی ته‌رخان بكرێت بۆ یارمه‌تیدانی خۆێندكارهكان له جێبه‌جێكردنی ئه‌و ئه‌ركانه‌ی كه پێویستی به هاوكاری هه‌یه، وه‌ك بابه‌تی زانستی و بیركاری و زمانه‌وانی. هه‌موو خوێندكار و مامۆستایه‌كان به‌یه‌كه‌وه داده‌نیشن و قسه ده‌كه‌ن و كار ده‌كه‌ن. ئه‌م دانیشتنه كۆت و به‌ندی ناو پۆلی نییه و هه‌موویان ئازادانه هه‌ڵس و كه‌وت ده‌كه‌ن. دوای ته‌واوكردنی ئه‌ركه‌كانیان ده‌توانن بڕۆنه‌وه ماڵه‌وه.
ئه‌مه كورته ئاماژه‌یه‌ك بوو به ژیانی خوێندكاری لادێیه‌كانی كوردستانی باشوور. لێره‌دا دوو خاڵ روونده‌كه‌مه‌وه. من به ره‌هایی قسه ناكه‌م. ره‌نگ بێ خوێندنگه‌ی لادێ هه‌بێ ئاستی له هی شار به‌رزتر بێت. دووه‌م، به‌راستی بواری پێشكه‌وتنی په‌روه‌رده له گونده‌كان له چاو ساڵانی زوو زۆر باشتره. خه‌ونی من ئه‌وه‌یه كه ڕانه‌وه‌ستین و شته جوانه‌كان بخه‌ینه ڕوو، هیودارم هه‌موو كه‌سێك خۆی به ڕاۆێژكاری خۆبه‌خشی نیشتمان و نه‌ته‌وه‌كه‌ی بزانێ. جا گه‌ر ئه‌وان یه‌ك تاكه حه‌رفم په‌سند بكه‌ن من خوم به سه‌ركه‌وتوو ده‌زانم. . . . هه‌ر سه‌ركه‌وتوو بن.
Fzgaedii@ yahoo. com
Face book: fazil shawrow
كۆتایی