"بیره‌وه‌رییه‌كانی سه‌ر به‌رد" له‌ فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی فیلمی پووسان نمایشكرا

 

 

 

فیلمی سینه‌مایی "بیره‌وه‌رییه‌كانی سه‌ر به‌رد" له‌ ده‌رهێنانی سینه‌ماكاری كورد "شه‌وكه‌ت ئه‌مین كوركی" له‌ میانه‌ی 19ـه‌مین خولی فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی فیلمی پووسان له‌ وڵاتی كۆریای باشوور نمایشكرا.

فیلمی سینه‌مایی "بیره‌وه‌رییه‌كانی سه‌ر به‌رد" Memories On Ston له‌ نووسینی هاوبه‌شی "شه‌وكه‌ت ئه‌مین كوركی" و "مه‌ممه‌د ئه‌كتاش" و له‌ ده‌رهێنانی سینه‌ماكاری كورد "شه‌وكه‌ت ئه‌مین كوركی" كه‌ به‌رهه‌می ساڵی 2014ی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌ڵمانیایه‌ له‌ سێیه‌مین به‌شداری نێوده‌وڵه‌تیی خۆیدا به‌ نوێنه‌رایه‌تیی له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ سێ سانسی جیاوازدا له‌ ڕۆژانی 4 و 6 و 9ی ته‌شرینی یه‌كه‌م / ئۆكتۆبه‌ری 2014 له‌ به‌شی ده‌ره‌وه‌ی پێشبڕكێی به‌ ناونیشانی "په‌نجه‌ره‌یه‌ك به‌ره‌و سینه‌مای ئاسیا" له‌ میانه‌ی نۆزده‌یه‌مین خولی فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی فیلمی پووسان له‌ وڵاتی كۆریای باشوور چووه‌ سه‌ر په‌رده‌ی سینه‌ماكان.

ئه‌م فیستیڤاڵه‌ به‌ نمایشی 313 فیلم له‌ سینه‌ماكارانی 79 وڵاتی جۆراوجۆری جیهان له‌ چه‌ندین به‌شی پێشبڕكێی سه‌ره‌كی، له‌وانه‌: "ڕه‌وته‌ نوێیه‌كان" و "شه‌پۆلی نوێی"، به‌شی ده‌ره‌وه‌ی پێشبڕكێی "په‌نجه‌ره‌یه‌ك به‌ره‌و سینه‌مای ئاسیا"، به‌شی پێشبڕكێی و ده‌ره‌وه‌ی پێشبڕكێی "سینه‌مای ئه‌مڕۆی كۆریا"، به‌شی تایبه‌تی "گاڵا"، به‌شی ده‌ره‌وه‌ی پێشبڕكێی "سینه‌مای جیهان"، به‌شی پێشبڕكێی و ده‌ره‌وه‌ی پێشبڕكێی "كورته‌ فیلم و فیلمی دیكۆمێنتاری و فیلمی منداڵان"، به‌شی ده‌ره‌وه‌ی پێشبڕكێی "سینه‌مای كراوه‌"، به‌شی "به‌رنامه‌ تایبه‌ته‌كان"، به‌شی "فیلمه‌ سامناكه‌كان" و به‌شی "ڕێزلێنان له‌ سینه‌ماكارانی كۆریای باشوور" له‌ ڕۆژانی 2 تا 11ی ته‌شرینی یه‌كه‌م / ئۆكتۆبه‌ری 2014 له‌ شاری پووسان له‌ وڵاتی كۆریای باشوور به‌ڕێوه‌چوو.

فیلمی سینه‌مایی "بیره‌وه‌رییه‌كانی سه‌ر به‌رد" له‌ دوایین به‌شداری نێونه‌ته‌وه‌یی خۆیدا له‌ به‌شی پێشبڕكێی ده‌یه‌مین خولی فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی فیلمی یۆرۆئاسیا Eurasia له‌ وڵاتی كازاخستان نمایشكرا.

ئه‌م فیستیڤاڵه‌ به‌ به‌شداری 200 فیلم له‌ سینه‌ماكارانی 30 وڵاتی جۆراوجۆری جیهان له‌ چه‌ندین به‌شی پێشبڕكێی و ده‌ره‌وه‌ی پێشبڕكێی له‌ ڕۆژانی 15 تا 20ی ئه‌یلوول / سه‌پته‌مبه‌ری 2014 له‌ شاری ئاڵمائاتی گه‌وره‌ترین شاری وڵاتی كازاخستان به‌ڕێوه‌چوو.

بۆ زانیاری زیاتر:

http://www.  biff.  kr/eng/html/program/prog_view.  asp?idx=11509&c_idx=96&sp_idx=&QueryStep=2

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ڕاگه‌یاندنیی گشتیی فیلمی سینه‌مایی "بیره‌وه‌رییه‌كانی سه‌ر به‌رد".

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

 

 

 

 

Related Articles