دیسانه‌وه‌ هه‌مانه‌ی ده‌ماندنی فشه‌ که‌وته‌وه‌ کار!!!!! زاهیر باهیر- له‌نده‌ن

زۆر گه‌ڕام به‌ دوای تایتڵێکی دیکه‌دا که‌ باشتر بسازێ له‌گه‌ڵ پرۆسه‌ی گه‌مه‌ی هه‌ڵبژاردن و هاشه‌و هوشه‌ی کاندیده‌کانی نێو ئه‌و یارییه‌دا، لێ له‌وه‌ی سه‌ره‌وه‌ باشترم نه‌دۆزییه‌وه‌ .

هه‌ر 7 مانگێك به‌ر له‌ ئێستا بوو خه‌ڵکی کوردستان له‌لایه‌ن ڕامیاره‌کان و پارته‌کانیانه‌وه‌، بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌ڕله‌مانتاره‌کانی کوردستان، تاودران و بوو به‌ ڕۆمه‌ڵخه‌زایه‌ك که‌ له‌ هیچ شوێنێکی دیکه‌دا، نه‌بینراوه‌ و‌ نابینرێت. ئێستاش بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌ندامه‌کانی په‌ڕله‌مانی عێراق و پارێزگاکان، ده‌ستیپێکردۆته‌وه‌ .  له‌م گه‌مه‌یه‌شدا وه‌کو ئه‌وانه‌ی پێشتر، که‌سانێکی ته‌مه‌ن و ڕه‌گه‌ز و حیزب جیا، به‌ڵام به‌ هه‌مان ئایدیاو هه‌مان ئامانج له‌ پرۆسه‌ی له‌خشته‌ بردن و گێلکردنی خه‌ڵکی کوردستاندا ده‌ستبه‌کارن. هه‌ر یه‌که‌یان کۆمه‌ڵێك وشه‌ی بریقه‌دارو سۆزڕاکێشی له‌به‌ر کرده‌وه‌ و په‌یتا په‌یتا به‌گوێی ناسیاوان و نه‌یارانیدا، ده‌داته‌وه، به‌ڵینی فشه‌یان ده‌داتێ و له‌به‌رده‌میاندا ده‌بێته‌ قه‌تره‌یه‌ك ئاو .

ڕه‌نگه‌ به‌ده‌گمه‌ن که‌سانی سه‌ربه‌خۆ، ناپاشکۆ، به‌ حیزبه‌کان له‌ نێو کاندیده‌کاندا، هه‌بن، ‌ زۆرربه‌یان سه‌ر به‌ یه‌کێک له‌و حیزبانه‌ن که‌ ساڵه‌هایه‌کی دووروو درێژه‌ پێناسه‌کانیان لای زۆربه‌مان، که‌شفه‌ و له‌م پرۆسه‌یه‌شدا مێگه‌له‌که‌شیان ئازادکردووه‌ به‌ ده‌نگدان به‌ هه‌ر یه‌کێك له‌ شوانه‌کان که‌ خۆیان، ده‌نگه‌ده‌ر‌ان،  ده‌یخوازن، ئه‌مه‌ له‌ کاتێکدا که‌ ئه‌م پارت و کاندیدانه‌ شه‌رم له‌ خۆیان ناکه‌ن، پرسیارێك له‌ خۆیان ناکه‌ن، که‌ ده‌توانن چی پێشکه‌ش به‌م خه‌ڵکه‌ هه‌زاره‌ی کوردستان بکه‌ن. خۆ ئه‌گه‌ر باس له‌ ڕۆڵی حیزبه‌کانیان بکه‌ن، ئه‌وه‌ هه‌موومان ده‌زانین که‌ ڕۆڵی هه‌ر هه‌موویان له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ به‌ره‌ودواوه ‌و به‌شداری و هاوبه‌شی له‌ گه‌نده‌ڵی و دزینی سامانی وڵات به‌ سروشتی و ناسروشتییه‌وه، له‌ وێرانکردنی وڵاته‌وه‌، له‌ هێنانی کۆمپانیای بێیانه ‌و ته‌راتێنکردنی تۆڕه‌ سیخوڕییه‌کانی وڵاتانی دراوسێ و ئه‌مه‌ریکا و هه‌تا وڵاتانی خۆرواش،  له‌ نێو وڵاتدا.  هێنانی ئه‌ته‌کییه‌ت و کوڵتوری ئێکسپایه‌ری خوازراوی خۆراوا و ئه‌مه‌ریکا و داخوازییه‌کانی بازاڕئازاد و گرانکردنی سه‌رجه‌می پێداویستییه‌کانی ژیانی ڕۆژانه‌و ده‌رگاکردنه‌وه‌ بۆ هێنانی هه‌موو کاڵایه‌کی بێیانه‌ هه‌ر له‌ سه‌یاره‌وه‌ تاکو کاڵایه‌کی بچوک و زۆری دیکه‌ له‌مانه‌، چی تریان بۆ خه‌ڵکی کردوه‌ یا هێناوه‌؟!!  کاتێکیش که‌ کاندیدێک سه‌ر به‌مان بێت ده‌توانێت چ شتێکی جیاواز، چ خواستێکی خه‌ڵکی بهێنێته‌ دی ؟!!!  

 باشه‌ ئه‌م کاندید یا ئه‌و حیزب چ به‌رنامه‌یه‌کیان له‌ کێشه‌ی بێکاری و ئاو و کاره‌با و گاز و که‌مکردنه‌وه‌ی کرێخانو و  کێشه‌ی خانوووبه‌ره‌،  لابه‌لاکردنه‌وه‌ی کێشه‌ی هاتوچۆو به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی هه‌موو که‌ره‌سه‌کان و پێداویستییه‌کانی ژیان، زیادکردنی موچه‌ی سه‌رکار،  پارێزگاری و سه‌لامه‌تی سه‌ر کارو کارکردن و مه‌سه‌له‌ی ژینگه و مافی ئاژه‌ڵ و دابینکردنی ئازادی تاکه‌کان، هه‌یه‌ ‌؟ . ئه‌ی ده‌رباره‌ی  هه‌بوونی هه‌موو ئه‌و قوتابخانه‌ و زانکۆ و په‌یمانگا و خه‌سته‌خانه‌ و کلینیکه‌ ئه‌هلییانه‌،  وه‌ستاندنی لێدانی بیری ئیرتیوازی و چاڵه‌ نه‌وتینه‌ یه‌ك به‌دووی یه‌که‌کان و ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی لادێکان و کۆتاکردنی ده‌ستی کۆمپانیا بێیانه‌کان و بوژاندنه‌وه‌ی کشتیاری و ئاژه‌ڵداری و داخستنی سنوره‌کان به‌ڕوی کاڵای بێیانه‌دا یا لانیکه‌م دانانی باجێکی گونجاو له‌ هاوردنیاندا،  وه‌ستانی هه‌راجکردنی زه‌وی زارو ده‌شت و شاخه‌کان و گه‌ڕانه‌وه‌یان و به‌ کۆمه‌ڵایه‌تیکردنیان تاکو هه‌موو هاووڵاتییه‌ك وه‌ك یه‌ك که‌ڵکیان لێببینێت. . . ئه‌ی بۆ ئه‌مانه‌ کاکه‌ و داده‌ی کاندید به‌رنامه‌یان چییه‌؟!!!   هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌و جیاکردنه‌وه‌ی دین له‌ ده‌وڵه‌ت و دین و ده‌وڵه‌ت له‌ په‌روه‌رده‌و فێرکردن و ده‌زگه‌ خزمه‌تگوزارییه‌کانی دیکه‌ و کارکردن له‌سه‌ر هه‌ستی تاکه‌کان و یاساخکردنی هه‌موو هه‌ڵمه‌تێکی میدیاکان و پاگه‌نده‌ی پارت و ڕامیاره‌کان له‌ دژی هاوووڵاتیانی غه‌یره‌ کورد و خه‌ڵکانی بێیانه‌ که‌ له‌وێدا کار‌ده‌که‌ن،  ئه‌ی له‌م باره‌یه‌وه‌ چی له‌ هه‌گبه‌که‌یاندایه‌؟!!! یا بۆ  باشکردنی ته‌واوی خزمه‌تگوزارییه‌کان و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی فیعلی یاساکانی پاره‌ی خانه‌نشینی په‌ڕله‌مانتاره‌کان و یاسای فره‌ژنی و خه‌ته‌نه‌کردنی کچان و هه‌تا کوڕانیش، چی ده‌ڵێن؟!!!  ئایا پلانێکی ته‌واو له‌ پارێژگاریکردنی ژینگه‌و کارکردن له‌سه‌ر پوکانه‌وه ‌و زینده‌به‌چالکردنی نه‌رێته‌ کۆنه‌ زه‌ره‌ربه‌خشه‌کان و وه‌ستانی ناردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی که‌سانی نزیکی به‌رپرسان و ده‌ستڕۆیشتوان به‌ پاره‌ی مۆڵ بۆ خوێندنی باڵا له‌ وڵاتانی ببێیانه‌ و به‌ جددی کارکرددن بۆ پرسی ژنان و پاراستنی ژیانیان و کۆتایییهێنان به‌ توندوتیژی دژیان و دژی منداڵان،  گرتنه‌وه‌ خه‌رجی له‌ مزگه‌وت و که‌نیسه‌و مه‌ڵبه‌نده‌ حیزبییه‌کان و سێنته‌ره‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان که‌ تاکی تیادا بێده‌نگده‌کرێت و بیرو هۆشی و که‌سایه‌تی ئه‌وی تیادا تیرۆرده‌کردێت،  بنه‌بڕکردنی بیرۆکراسی به‌ گێڕانه‌وه‌ی هه‌موو بڕیاره‌کان بۆ نێو خودی کۆمۆنێتی و خه‌ڵکه‌کانی،  دانانی بوجه‌ی تایبه‌تی بۆ گه‌ڕه‌که‌کان، گونده‌کان شارۆچکه‌کان و تاکو به‌ بڕیاری ئه‌نجومه‌نه‌کانی خه‌ڵکانی ئاسایی سه‌ربه‌خۆ له‌ پارته‌کانی ئه‌و شوێنانه‌، بڕیار له‌سه‌ر سه‌رفکردن و به‌کارهێنانیدا، بده‌ن،  دروستکردنی لیژانی جیاجیا له‌ دانیشتوانی ناحیزبی بۆ چاودێریکردنی کاروباره‌کانی دائیره‌ خزمه‌تگوزارییه‌کان . سۆپه‌رمارکێته‌کان، دوکانه‌ بچوکه‌کان کێڵگه‌ کشتیارییه‌کان. . . بۆ ئه‌وه‌ی دووربن له‌ بیرۆکراسییه‌ت و نه‌کردنی کاره‌کانیان به‌ ڕێکوپێکی، بۆ  ڕاگرتنی نرخی گونجاو و دانراو بۆ کاڵاکانیان و نه‌فرۆشتنی خواردن و ده‌رمانی ئێکسپایه‌ر، بۆ ئه‌مانه‌ چ پلانێکیان هه‌یه‌ ؟!!!  به‌ڵێندان و کارکردن له‌سه‌ر دروستکردنی فه‌زای ئازادی لێدوان له‌ سه‌ر سه‌رجه‌می پرسی دین و مه‌زهه‌ب، ژنان، گه‌نده‌ڵی، په‌روه‌رده‌ و فێرکردن و کێشه‌کانی دیکه‌ ‌ له‌سه‌ر ڕوبه‌ره‌کانی ڕۆژنامه‌کان و شاشه‌ی ته‌له‌فزوێنه‌کان به‌بێ ئه‌وه‌ی که‌ خه‌ڵکانی مشتومڕ که‌ر ، هه‌ر لایه‌نێک بن،  ڕووبه‌ڕوی هه‌ڕه‌شه ‌و مه‌ترسی ژیان ببنه‌وه‌ ‌، له‌م مه‌یدانه‌دا چیمان پێده‌ڵێن؟!! ئه‌ی سه‌باره‌ت به‌و هه‌موو ملیۆنه‌رو م لیارده‌ره‌ی که‌ به‌ به‌رده‌وامی ژماره‌یان له‌ زیادبووندایه‌، چی ده‌ڵێن؟!!!

بێگومان ئه‌م لیسته‌ نیوه‌ی ئه‌و داخوازیانه‌ش نین که‌ مان و نه‌مانی ژیانی خه‌ڵکه‌که‌ی، پێوه‌گرێدراوه‌، چونکه‌ ده‌توانین ئه‌م لیسته‌ بۆ زۆر داخوازی دیکه‌ درێژبکه‌ینه‌وه‌ . به‌ڕای من ئه‌مانه‌ به‌شێکی گرنگی ژیانی خه‌ڵکین، گه‌رچی شؤڕش نیین‌، به‌ڵام  کردنی ڕیفۆرمێکی به‌رچاوگرن له‌و وڵاته‌دا که‌ دانیشتوانی شایانی زیاترن، بۆیان بکرێت.  به‌ڵام ئایه‌ که‌سێك‌ له‌ کاندیده‌کان به‌رنامه‌یه‌کی ئاوا به‌ خه‌ێاڵیدا دێت یا ڕاستتر ده‌وێرن بۆ ته‌نها به‌شێکی بچوك له‌وانه‌ی سه‌ره‌وه‌ کار بکه‌ن یا هه‌ر پاگه‌نده‌شی بۆ بکه‌ن؟ ئه‌ی ئه‌گه‌ر ناتوانن به‌ چ ڕوویه‌که‌وه‌ داوای ده‌نگدانمان لێده‌که‌ن ؟!! ئایا هه‌ر به‌ ته‌نها باسکردن له‌ بوجه‌ و شه‌فافییه‌ت به‌سه‌؟ ئه‌م قه‌وانه‌ هه‌ر نه‌بڕایه‌وه‌ ، ئه‌م ده‌هۆڵه‌ی  چه‌نده‌ها ساڵه‌ لێده‌ردرێت، هه‌ر نه‌دڕا؟ له‌ خشته‌بردنی ئه‌م خه‌ڵکه‌و خۆڵکردنه‌ چاویانه‌وه‌ ، هه‌ر کۆتایی نه‌هات؟!!                                                                                 04/04/2014

 

Related Articles