یه‌كێك له درۆ گه‌وره‌كانی دیكه‌ی ڕامیاره‌کان و فه‌رمانڕه‌وایان و ئابووریناسه لیبراڵه‌كان، دوای درۆی دیمۆكراسی په‌ڕله‌مانتاری و هه‌ڵبژاردن، درۆی پهرهوسهندن و گه‌شه‌كردن و پێشه‌وه‌چوونی كۆمه‌ڵگه و پێنانه ناو قۆناغی مه‌ده‌نییه‌ت (سڤیلیبوون) له‌ته‌ك زیادبوونی داهات و سامانی نه‌ته‌وه‌یی، گوایه خۆشگوزه‌رانی تاكه‌كانی یا هاووڵاتییه‌كانی به‌دووی خۆیدا دێنێت .
بێگومان ئه‌مه بابه‌تێكه كه ده‌توانرێت چەندین نووسینی له‌سه‌ر بنووسرێت و مشتومڕێكی زۆری له‌سه‌ر بكرێت، بۆیه باسه‌كه‌ی من ڕه‌نگه زیاتر ڕاكێشانی سه‌رنجی خوێنه‌ران بێت و هه‌ڵوێسته‌یه‌ك بێت له‌گه‌ڵ تێڕاونینێك له سه‌رتاپای ئابووری و لێدوانێكی كورت بێت بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ی سه‌ره‌وه و چه‌ند تێڕامان و پرسیاێكیش به‌دووی خۆیدا ڕاكێشێت. .
له‌به‌رئه‌وه‌ی من له بریتانیا ده‌ژیم و ئه‌م وڵاته‌ش به حهوتهمین ده‌وڵه‌تی جیهان ده‌ژمێررێت و سیسته‌می سه‌رمایداری لێره به هه‌بوونی ته‌واوی ئامرازه‌كانی به‌رهه‌مهێنان و دروستكردنی پارە و سامانێكی هێجگار زۆر له ڕێگه‌ی به‌رهه‌مهێنانه‌وه، له‌مێژه هه‌واری خۆی هه‌ڵداوه، لەبەرئەوە من زیاتر ئه‌م وڵاته ده‌كه‌مه نیشانه و به‌ڵگه و ئاماره‌كانیش لێره‌وه زیاتر سه‌رچاوه ده‌گرن.
نكوڵی له‌و ڕاستییه ناكرێت، كه بریتانیای ئێستا له هێچ بوارێكدا نه كۆمه‌ڵایه‌تی و نه ڕامیاریی و نه ڕۆشنبیری و نە ئابووری و هه‌تا له ڕوی كوڵتورییشهوه، بریتانیای ساڵانی په‌نجاكان و شه‌سته‌كانی چه‌رخی ڕابووردوو نییه. كه‌واته هه‌بوونی پێشكه‌وتنی ته‌كنه‌لۆجیای نوێ و پێشه‌وچوونی ئه‌م وڵاته له گه‌لێك ڕووه‌وه و كه‌ڵه‌كه‌بوونی زیاتری سه‌رمایه و خۆگرتنه‌وه‌ی ئه‌م وڵاته له جەمسەربهندی چینایه‌تی (ئیستیقتابی چینایه‌تی)دا، بێبه‌ش نییه. هه‌موو ئه‌مانه‌ش له ساڵانێكدا بوونه‌ته هۆی زیادبوون و هه‌ڵكشانی سامانی نه‌ته‌وه‌یی، یا وڵات، به‌ڕاده‌یه‌ك كه له چه‌ند ده‌هه‌ی ڕابوردوودا، ڕوودانی ئه‌مانه له لامان خه‌ون و خه‌یاڵ بوون. له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و پێشكه‌وتن و پێشهوهچووونهشدا، كه‌چی نیشانەیەکی ئاشكرای نکۆڵیهەڵنەگری بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی كه‌لێنی نێوانی هه‌ژاران و ده‌وڵه‌مه‌ندان و خۆشگوزه‌رانی دانیشتووانه‌كانی، لە ئارادا نییه .
ئاماره‌كان ئه‌و ڕاستییه‌ی سه‌ره‌وه، ده‌سه‌لمێنن . له نێوه‌ڕاستی ساڵی 1960دا ڕێژه‌ی بێكاری له 1% بووه له نێوه‌ڕاستی ساڵی 1970 دا ئه‌م ڕێژه‌یه چووته سه‌ره‌وه بۆ له 2% . هه‌ر له ساڵی 1970دا ژماره‌ی ئه‌و گه‌نجانه‌ی، كه له نێوان 16 تا 30 ساڵ بوون و كرێی سه‌ركاریان له خوار كرێی ئاساییه‌وه بووه، ژماره‌یان 1. 7 ملیۆن گه‌نج بوون، به‌ڵام ئه‌م ژماره‌یه بۆ هه‌مان توێژی نێو كۆمه‌ڵگه له ساڵی 2013دا سه‌ركه‌وت بۆ 2. 4 ملیۆن كه‌س. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا له 37%ی ئه‌مانه به كاری کاتی / ناجێگره‌وه گیرساونه‌ته‌وه، كه ئه‌م ڕێژه‌یه له ساڵی 2007 دا له 27% بووه. ئه‌مه جگه له‌وه‌ش، كه له ساڵی 1970دا ڕێژه‌ی کەسانێك كه نیمهكارییان ده‌كرد له 30% بووه، به‌ڵام له مانگی ئابی ساڵی 2013دا ئه‌م ڕیژه‌یه سه‌ركه‌وت بۆ له 58% كه ده‌كاته 2. 9 ملیۆن كه‌س. ئاماره‌كانی ڕۆژی 31/01/2014 ئه‌وه نیشانده‌ده‌ن، كه به‌رزبوونه‌وه‌ی موچه له ساڵانی هه‌فتاكان و هه‌شتاكاندا به ڕێژه‌ی له 2. 9%، له نه‌وه‌ده‌كاندا به ڕێژه‌ی له 1. 5% و له ساڵی 2000دا به ڕێژه‌ی 1. 2% بووه. له ساڵی 2010شه‌وه به ڕێژه‌ی له -2. 2% ( ناقیس 2. 2 ) دابه‌زیوه. هه‌ر ئه‌مه‌ش هۆیه‌كه له هاتنه‌خواره‌وه‌ی ستانداردی ژیانی خەڵکی بۆ ئاستی 50 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر.
دیاره ئه‌م ئامارانه‌ی سه‌ره‌وه جێی سه‌رسوڕمان نین، كه له كاتێكدا ده‌بینین له ساڵی 1979 دا له 1% ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان خاوه‌نی له 6% سامانی وڵات بوون. له ساڵی 2006دا ئه‌م ڕێژه‌یه هه‌ڵكشاوه بۆ له 15% و ساڵی 2013 داهات و سامانی هه‌مان توێژ بەرزبووەتەوە بۆ له 50%ی سامانی وڵات. له‌وه‌ش دڵته‌زێنتر ڕاپۆرتێكی كۆمه‌ڵه‌ی خێریی ئۆكسفامی ڕۆژی 17/03/2014 سه‌لماندویه‌تی سامانی ته‌نیا 5 خێزان له بریتانیادا 28. 1 ملیار پاوه‌نده زیاتره له سامان و داهاتی له 20% دانیشتووانی ئه‌م وڵاته كه ژماره‌یان 12. 6 ملیۆن كه‌سه. ئه‌مه له كاتێكدا كه له ساڵی 1997وه تاكو ئایاری 2010 پارتی له‌یبه‌ر(کرێکاران) فهرمانڕهواییكردووه. به‌گوێرەی ڕاپۆرتێكی 17/12/2013ی Institute for Fiscal Studies ئه‌و كه‌سانه‌ی كه ئێستا تەمەنیان 30 ساڵ و 40 ساڵن، واته له ساڵانی 70 و 80 كاندا له دایكبوون، به‌راورد به‌وانه‌ی كه تەمەنیان 50 ساڵە یا له سه‌روو ئه‌و ته‌مه‌نه‌وه‌ن، له بارودۆخێكی زۆر سەختدا ده‌ژین. له لایه‌كی دیكه‌وه له ساڵی 1997 ژماره‌ی گه‌نجانی ته‌مه‌ن نێوان 18 تا 24، كه نه كاریان هه‌بووه و نه له ڕاهێنانیشدا بوون بۆ كار ده‌ستكه‌وتن، ژماره‌یان 664. 000 بووه، ئه‌م ژماره‌یه له ساڵی 2010دا سه‌ركه‌وتووه بۆ 920. 000 گه‌نج. له هه‌ندێك شوێنی ئه‌م وڵاته‌دا ڕێژه‌ی بێكاران كه كاری به‌رده‌وامییان نییه، له 50% زیاتره.
له ئێستادا ژماره‌ی ئه‌و ژنانه‌ی له‌سه‌ر جۆره كارێكن، كه كرێیان له 20 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر كه‌متره، زیاترە. ژماره‌ی ژنانی ته‌مه‌ن نێوان 18 تا 24 ساڵ له شوێنه‌كانی سه‌ر كاری وه‌كو هوتێل و شوێنه‌كانی پاككردنهوهدا، له مانگی نۆڤه‌مبه‌ری 2013دا له ڕێژه‌ی له 7%وه بۆ ڕێژه‌ی له 21% بەرزبووەتەوە. ئه‌مه له به‌رامبه‌ر گه‌نجانی ڕه‌گه‌زی نێرینه‌دا بۆ هه‌مان ته‌مه‌ن، له ڕێژه‌ی 14%وه بۆ له 25% به‌رز بووه‌ته‌وه. به پێی ڕاپۆرتی گاردیانی 02/01/2014 ژماره‌ی ئه‌وانه‌شیان، كه كرێی سه‌ر كاریان له لایەنی كه‌می كرێ، كه‌متریان پێده‌درێت 299. 000 كه‌سن. بەگوێرەی ئاماره‌كانی مانگی سێبته‌مبه‌ری 2013 بڕی ساڵانه‌ی موچه‌ی حه‌قیقی ( موچه‌یه‌ك که له‌گه‌ڵ به‌رزبوونه‌وه‌ی که‌ره‌سه‌و پێداویستییه‌کانی ژیانی ئێستادا بالانسێکی هه‌بێت به به‌راورد به پێشتر)، 1500 پاوه‌ندی بریتانی له ساڵی 2010 كه‌متره. له ڕاپۆرتێكی دیكه‌ی هه‌مان ڕۆژنامه له ڕۆژی 07/02/2014 هاتوه كه له هه‌نووكه‌دا موچه به به‌راورد به به‌رزبوونه‌وه‌ی پێداویستییه‌کانی ژیان و هه‌ڵئاوسانی پاره، له ئاستی موچه‌ی ساڵی 2004دایه و بۆ ئه‌وه‌شی بگاته‌وه به ئاستی موچه‌ی ساڵی2009، تا ساڵی 2020 ده‌خایه‌نێت. له هه‌مان كاتدا دوهڵهمهندهكان ساڵانه داهاتیان به بڕی 35 ملیار پاوه‌ند، زیادیكردوه. له لایه‌كی دیكه‌وه بەپێی دوا ڕاپۆرت كه له 28/12/2013دا بڵاوبووەتەوە ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌شی كه له‌سه‌ر دابه‌شكردن و به‌خشینه‌وه‌ی خواردن (خواردنی خۆڕایی) ده‌ژین ژماره‌یان 600. 000 كه‌سن.
ڕاپۆرتێكی ڕۆژنامه‌ی گاردیانی 15/01/214 پاش توێژینه‌وه و پرسیاركردن له 35 هه‌زار كه‌س ئه‌وه ده‌سه‌لمێنێت، كه پێنجیەکی ئەو کەسانە بۆ دانی كرێخانوو یا بۆ دانه‌وه‌ی سلفه‌ی عهقارهكهیان، پارەیان قهرزكردوه و له 19%شیان له ماوه‌ی 12 مانگی ڕابوردوودا یا قهرزیانكردوه یا زیاد لە بڕی دیاریکراوی هەژماری بانکیان پارەیان خەرجکردووە.
هەروەها لە بارەی ژیانی منداڵانی ئەم وڵاتەوە، له كاتێكدا ئەگه‌ر باوك و دایكیان، یا به‌خێوكه‌رانیان، گوزەرانیان به‌ره‌و خراپی ڕۆیشتبێت، بەبێ گومان ئه‌و بارودۆخه له سه‌ر ژیانی منداڵه‌كانیشیان ڕه‌نگیداوه‌ته‌وه. بەگوێرەی ڕاپۆرتێكی نووسینگەی نه‌ته‌وه‌یی منداڵان، National Children’s Bureau ڕۆژی 25/08/13 ژماره‌ی منداڵانێك كه له برسێتیدا ده‌ژین 3. 6 ملیۆنه، كە ئه‌م ژماره‌یه له ساڵی 1969 ته‌نها 2 ملیۆن بووه و له 63% ئه‌م منداڵهنهش ته‌نها یه‌كێك له دایك و باوكیان یا ئه‌وه‌ی كه بهخێویاندهكات، كاری هه‌یه. ( پێناسه‌ی برسێتی منداڵێك به‌وه‌كراوه گه له ماڵێكدا بژی كه داهاتی له ژێر له 60%ی بڕی داهاتی ئه‌و ساڵه‌وه بێت) . بەگوێرەی ڕاپۆرتێكی دیكه كه ڕۆژی 13/07 /13 له‌لایه‌ن سه‌رۆكی ڕێکخراو/ نێوەندی بریتانی ١١٠٠٠، شارەزای تەندروستی منداڵان The Britain’s 11000 Specialist in Children Health بڵاوبووه‌وه، ده‌ڵێت " ڕۆژانه 5 منداڵ گیانیان له‌ده‌ستده‌ده‌ن و 2000ی دیكه‌ش تا ده‌گه‌نه ته‌مه‌نی 14 ساڵیی دەچنە ڕیزی ئه‌وان" . هەروها ڕاپۆرته‌كه ده‌ڵێت " ژماره‌ی ئه‌و منداڵانه‌ی كه ساڵانه لە بریتانیا ده‌مرن، گه‌یشتۆته 6198 كه زۆربه‌ی ئه‌م مردنانه‌ش ده‌توانرا ڕێگە لە ڕوودانیان بگیردرایه.
ئه‌وه ئاشكرایه كاتێك ئابووری له گه‌شه‌كردندا ده‌بێت، داهاتی نه‌ته‌وه‌یی یا وڵاتیش له هه‌ڵكشاندا ده‌بێت. له‌م باره‌دا ئاساییه كه بزنسمانه‌كان و كۆمپانیاكانیش قازانجیان له زیادبووندا بێت. به‌ڵام له كاتێكدا كه به هۆی قه‌یرانی ئابووریییه‌وه گه‌شه‌كردنی ئابووری تا ڕاده‌یه‌ك ده‌وه‌ستێت، ئه‌مه‌ش له‌سه‌ر گوزەرانی سه‌رجه‌می تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه و خێزانیان و په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیان، ڕه‌نگده‌داته‌وه، كه‌چی له هه‌مان كاتدا پشكی بزنسمان (خاوه‌نکار) و كۆمپانییه‌كان، هه‌ر له زیادبووندا ده‌بێت، به‌و ڕاده‌یه‌ی كه سامانی 1000 ده‌وڵه‌مه‌نده‌كه‌ی بریتانیا، بەگوێرەی وتارێكی (شهمس میلانی) ڕۆژنامه‌نووس و نووسەر، كه له گاردیانی 30/10/2012، بڵاویكرده‌وه له ساڵی 2008وه، به بڕی 155 ملیۆن پاوه‌ند زیادیكردوه . لێره‌دا خوێنه‌ر ده‌توانێت بپرسێت، باشه له‌و بار و دۆخه‌دا كه ئابووری له قه‌یراندایه، ئه‌مه چۆن ڕوده‌دات؟
وه‌كو له سه‌ره‌تاشدا وتم، قسه‌ی من له‌سه‌ر بریتانیایه كه ڕه‌نگه زۆر یان كه‌م، دوور یا نزیك هه‌مان كه‌توار ڕووبه‌ڕووی وڵاتانی وه‌كو ئه‌مریكا و وڵاتانی خۆراوا، بووبێته‌وه و له‌وێش هه‌مان شت بێت. من لێره‌دا هۆكاره سه‌ره‌كییه‌كانی بۆ ئه‌مانه‌ی خوارەوە ده‌گێڕمه‌وه:
یه‌كه‌م: بڕینی هه‌ندێك له بیمه‌كان و كه‌مكردنه‌وه‌ی هه‌ندێكی دیکەیان بوونه‌ته هۆی دانانی كاراییه‌كی زۆر له سه‌ر ژیانی خه‌ڵكی و خانه‌واده‌كانیان، له هه‌مان كاتیش‌دا دابه‌زاندنی باج له‌سه‌ر ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان و كۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌كان و ڕێگادان به گواستنه‌وه‌ی سەرمایەکەیان بۆ وڵاتگه‌لێك، كه یا هه‌ر باج له‌سه‌ر سەرمایەکانیان دانانێن یاخود بڕی باجه‌كه، پاره‌یه‌كی زۆر كه‌مه. ئه‌مه جگه له‌وه‌شی كه یاسای باج له‌م وڵاته‌دا، پڕه له كون و کەلەبەر، كه ئه‌وانیش به هۆی پارێزه‌ر و ژمێریاری زۆر وریاوه، ئه‌و کەلێنانە بۆ خۆڕزگاركردن له دانی باج دهدهزۆنهوه .
دووهه‌م: بنەما و باوەڕی بزنسمان و كۆمپانییه‌كان، وه‌كو هه‌مووان ده‌زانن، ده‌ستكه‌وتنی قازانجی زیاتر و كه‌ڵه‌كردنی پاره یا سه‌رمایه‌ی زیاتره، هه‌ر لەبەرئەوەش باری ئابووری هه‌ر چۆن خراپ ببێت و هۆكاره‌كه‌شی هه‌رچی بێت، ئه‌وان باجی ئه‌وه ده‌خه‌نه سه‌ر كڕیار، واته هاووڵاتیان . بۆ نموونه سه‌رخستنی نرخی سه‌رجه‌می پێداویستییه‌كانی ژیان له كڕینی نانێكه‌وه تا به‌نزین و كاره‌با و گاز به ڕێژه‌یه‌كی سه‌رسوڕهێنه‌ر تا ده‌گاته به‌رزبووونه‌وه‌ی كرێخانوو، كه بەگوێرەی ڕاپۆرتێكی شێڵته‌ر کرێخانوو به بڕی له 50%ی داهات، له له‌نده‌ندا، نرخه‌که‌ی به‌رزبووه‌ته‌وه . په‌روه‌رده‌كردنی منداڵ و تێچون و خەرجی له به‌خێوكردن و گهوهرهكردنیاندا، به بڕی له 19% له ساڵی 2008 و زیادیكردوه و به‌تایبه‌ت له بواری خەرجی دایه‌نگە و باخچه‌ی منداڵان و کرێی دایه‌نی تایبەت و خویندنیاندا به‌ڕێژه‌ی له 77%ش له ده‌هه‌ی ڕابوردووه‌وه بەرزبووەتەوە. بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی نێوەندی متمانەی خێزان و منداڵان، Family and Children Trust ی ڕۆژی 18/03/2014، دوو منداڵی 5 ساڵ و 2 ساڵ بۆ هه‌موو ڕۆژه‌كه، كه دایك و باوكیان له‌سه‌ر كارن، خەرجی ئاگادارییکردنیان لەلایەن دایه‌نه‌وه لە ساڵێکدا 11700 پاوه‌ند له‌سه‌ر دایك و باوكه‌كه ده‌كه‌وێت.
ته‌نانه‌ت كولفه‌ی [خەرجی] مردنیش له سه‌ره‌تای ساڵی 2008وه به ڕێژه‌ی له 20% زیادیكردووه. ژماره و ڕێژه‌ی خه‌ڵكانی بێ جێگا‌و بێ خانوو به‌ره‌ش (بێسەرپەنا) دیسانه‌وه سه‌ركه‌وتووه، ده‌وڵه‌تیش بۆ ئه‌وه‌ی له داگیركردن و ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی خانووه چۆڵه‌كاندا، ڕێگە لەو کەسانە بگرێت، ساڵی پار، 2013، ئه‌و جۆره كاره‌یان كرده نایاسایی و له‌و كاته‌وه به " تاوان" كردن هەژماردەکرێت و سزاكه‌شی به‌ندیخانه و دانی غه‌رامه‌یه [دانی پارەیە] .
هه‌ر به هۆی ئه‌م قه‌یرانه ئابوورییه‌وه‌یه، كه به ملیۆن كرێكار و كارمه‌ند له‌سه‌ر كار ده‌ركراون و یا موچه‌كانیان كه‌مكراونه‌ته‌وه، دیسانه‌وه ئه‌مه‌ش بووه‌ته هۆی هێنانه‌خواره‌وه‌ی ستانداردی ژیانیان.
ئاماره‌كان ئه‌وه نیشانده‌ده‌ن كه 1. 2 ملیۆن له كرێكاران لایەنی کەمی کرێ وەردەگرن، كه ئه‌م لانی كه‌مه‌ی كرێش بۆ ته‌مه‌ن 21 ساڵ و سه‌روتر 6. 31 پاوه‌نده له ساتێکدا( سه‌عاتێك)، 1. 4 ملیۆنی دیکەش ته‌نها 50 پێنس ( نیو پاوه‌ند) زیاتر له‌وان وه‌رده‌گرن. له ساڵی 2013دا سێیەکی زیاتری گه‌نجانی ته‌مه‌ن نێوان 16 ساڵ بۆ 30 ساڵ، كه به ڕێژه‌ی سه‌دی ده‌كاته له 37% كاری کاتییان / ناجێگیریان، وه‌رگرتوه . 2 ملیۆن له‌وانه‌ی كه سەرپەرشتی/ ئاگاداریی پیر و پەککەوتووان دەكه‌ن، له ساتێکدا ته‌نها 5 پاوه‌ند وه‌رده‌گرن ئه‌مه له كاتێكدا کە زۆربه‌یان ڕۆژانەکاریان له ساتی 7ی بەیانییەوە ده‌ستپێده‌كات و تا ساتی 10ی شه‌و درێژەدەکێشێت و له هه‌فته‌یه‌كدا 48 سات كارده‌كه‌ن. 5 ملیۆنی دیكه‌ش كرێیه‌ك وه‌رده‌گرن، كه له ژێر كرێی خۆژیاندنهوهیه، له له‌نده‌ندا به 8. 55 پاوه‌ند و لە ده‌ره‌وه‌ی له‌نده‌نیش 7. 45 پاوه‌ند بۆ هه‌ر ساتێك خه‌مڵێنراوه، له 27% ژنان و له 16% پیاوان مووچه‌ی خۆژیاندنیان پێ‌نادرێت، واته كه‌متر له‌و بڕه پاره‌یه، وه‌رده‌گرن .
سێهه‌م: هه‌ر ئه‌م قه‌یرانه ئابوورییه هه‌لێكی باشی داوه‌ته ده‌ست كۆمپانیاكان و خاوهنبزنسهكان تاکو كرێی كرێكاران كه‌مبكه‌نه‌وه، له فول-تایمه‌وه (تەواوکات) بیانكه‌ن به پارت-تایم (نیمه‌کات)، مافه‌كانیان كه‌مبكه‌نه‌وه، هه‌ل و مه‌رجی سه‌ركاریان سەختر بكه‌ن. گرێبه‌سته‌كانیان بۆ ماوه‌یه‌كی كورت (کاتیی) بن، نەك بۆ هەمیشە، تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی كه هه‌ندێك لە کۆمپانیا گەورەکان و سوپەرمارکێتەکان به ئاگه‌داری ده‌وڵه‌ت، جۆرێك له گرێبه‌ست(یان) داهێناوه، كه گوایه له هێنانه‌خواره‌وه‌ی ژماره‌ی بێكاراندا یارمه‌تی ده‌وڵه‌ت ده‌ده‌ن، كه کۆنتراکتی بێماوەیی Zero-hours contracts پێیدەڵێن. ئا له‌م گرێبه‌سته‌دا كرێكاران هیچ مافێكیان نییه و كه‌ی خاوەنکار بیه‌وێت، ده‌توانێت ده‌ریانبكات بەبێ قه‌ره‌بووكردن یاخود پێدانی پاره‌ی چه‌ند ڕۆژێكیش، له‌ته‌ك ئه‌وه‌شدا ده‌شتوانێت هه‌ر كاتێك پێویستی بە ئەوان بێت ته‌نانه‌ت له ڕۆژانی پشووشیاندا بۆ سه‌ر كار بانگیانبكاتهوه، هه‌ر بەو شێوەیەش ئه‌و كرێكارانه ناتوانن به دڵنیاییه‌وه پلانی هه‌فته‌ی داهاتوویاندابڕێژن. ئه‌مانه هەندێك له‌و شوێنکارانه‌ی بریتانیان، کە ئه‌و جۆره گرێبه‌ستانه‌یان هه‌یه : Sainsbury’s , Morrison, Marks & Spencer, Home base , B & Q, Preta Manager, Tesco, Asda , Argos , Amazon , Sports Direct , McDonald, Burger king, JD Weathersooon , Buckingham Palace و زۆر شوێنی دیکەش، بۆ نمونه 145 له زانكۆ و كۆلیجه‌كانی بریتانیا ئه‌و جۆره گرێبه‌سته‌یان له‌گه‌ڵ كرێكار و كارمه‌نده‌كانیاندا هه‌یه. ئاماره‌كان نیشانیده‌ده‌ن، كه له 17%ی كرێكارانی كه‌رته تایبه‌تییه‌كان و له 24%ی كرێكارانی كه‌رته حكومییه‌كان و له 34%ی كرێكارانی چێشتخانەکان و ئاشپەزییەکان و مه‌یخانه‌كان و له 48%ی كرێكارانی په‌روه‌ده و فێرکردن و له 27%ی كرێكاران و كارمه‌ندانی خه‌سته‌خانه و كلینیكه‌كان له‌سه‌ر بناخه‌ی ئه‌م جۆره گرێبه‌سته به خاوه‌نكاره‌كانیانه‌وه گرێدراون. جگه له‌مه‌ش زیاتر له 2 ساڵە، ده‌وڵه‌تی بریتانی پرۆژه‌یه‌كی دیکەی داهێناوه، كه ئه‌وانه‌ی بێكارن و له‌سه‌ر بیمه‌ی بێكاریی ده‌ژین، به‌زۆر ده‌نێررێن بۆ ئەو شوێنانەی، كه گرێبه‌ستیان له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تدا هه‌بێت له‌به‌كارهێنانی ئه‌و پرۆژه‌یه‌دا. ئه‌و كه‌سانه‌ی كه ده‌نێردرێن وه‌كو كرێكارێكی فول-تایم (تەواوکار) كارده‌كه‌ن، بەڵام بەتەنیا لە بەرامبەر بیمەی بێکارییەکەیان، كه به‌مه‌ش نه‌ك تەنیا كۆمپانیاكه، سۆپه‌ر ماركێته‌كه، یا باڕ و چێشتخانه‌كه، له %100 هێزی كاری ئه‌و كه‌سه ده‌دزن، بەبێ ئه‌وه‌ی یه‌ك پاوه‌ندیان پێبده‌ن، به‌ڵكو هه‌ر یه‌ك له‌و كه‌سانه جێگەی كرێكارێكی تەواوکاری بەکرێ بۆ خاوەنکارەکە پڕده‌كه‌نه‌وه، واتە ڕۆژانەکاری بەخۆڕایی بەپێی ئەو گرێبەستە، له‌ولاشه‌وه ناوی ئه‌م كه‌سانه له لیستی بێكاراندا دەردەهێنرێت، ئه‌مه‌ش ده‌چێته خانه‌ی ده‌ستكه‌وته‌وه بۆ ده‌وڵه‌ت، كه گوایه ده‌وڵه‌ت كاری بۆ ئه‌م كه‌سانه دۆزیوه‌ته‌وه و سوپاسگوزاری ئه‌و شوێنانه‌شه بۆ ئه‌و كۆمه‌كه‌ی كه پێیدهكهن.
بێگومان ئه‌م بار و دۆخه خراپه‌ی ئابووری زۆربه‌ی خه‌ڵك، هه‌ر له بریتانیا نییه، به‌ڵكو ته‌نانه‌ت له جیهاندا كه وەك ئاماره‌كان ده‌ریده‌خه‌ن، ڕێژه‌ی بێ‌کاری كه له ساڵی 2013 دا له 6% بووه، له مانگی جێنیوه‌ری 2014دا بۆ 6. 1% سەرکەوتووە. له نێو گهنجاندیشدا له 13. 1% ڕێژهكهیهتی، ئه‌و ڕێژه‌یه له بریتانیا به ته‌نها 18. 6% . ئاماره‌كان ئه‌وه ده‌رده‌خه‌ن، كه ته‌نها 85 كه‌س له‌م جیهانه‌دا توانیوویانه كۆنترۆڵی 1. 1 تریلۆن پاوه‌ند بكه‌ن، كه به‌رامبه‌ره به داهاتی ساڵانه‌ی 3. 5 ملیار دانیشتووانی سه‌ر زه‌مین. له 11. 9%ی هێزی كاری ئه‌م جیهانه داهاتی ڕۆژانه‌یان له 1. 25 دۆلار یاخود ته‌نها 75 سێنتی پاوهندێكه. 839 ملیۆنی دیکەشیان داهاتی ڕۆژانه‌یان ته‌نها 2 دۆلاره، كه ئه‌م ژماره‌یه‌ش له ساڵانی سه‌ره‌تای دووهه‌زاردا 600 ملیۆن كرێكار بووه. به‌كارهێنانی توندوتیژیش به‌رامبه‌ر ژنان له 28 وڵاته ئهوروپییهكهدا، كه گوایه ئه‌مان له دیمۆكراسی و مافی ژنان و له لێوانلێوی مهدەنییهتیشدا، لە لوتکەی وڵاتانی دیکەدان، به‌ڕێژه‌ی له %30 زیادیكردووه.
له ئه‌مه‌ریكا، وڵاتی یه‌كه‌می جیهان، له 15%ی خه‌ڵكه‌كه‌ی كه به ژماره ده‌كاته 46. 5 ملیۆن کەس له برسێتی و هه‌ژاریدا ده‌ژین، كه 50 ساڵ لهمهوپێش سه‌رۆكی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی ئه‌مه‌ریكا، Lynon B Johnson کەوتە هەڵمەتی نەهێشتنی برسێتی، به‌ڵام له ئێستادا ژماره‌كه له‌و كاته زیاتره، چونكه برسێتی له ئه‌مه‌ریكا له ساڵی 1973وه له زیادبووندایه، ئه‌مه‌ش له‌به‌رئه‌وه‌ی خه‌ڵكه ئاساییه‌كه‌ی داهاتی ساڵی 2010 ی، له ئاستی داهاتی ساڵی 1964دا بووه . 102 ملیۆن که‌س که له ته‌مه‌نی کارکردندان، بێکارن، ئه‌م ژماره‌یه به ڕێژه‌ی له %36 له ساڵی 2000 وه چووه‌ته سه‌ره‌وه، بڕی ماوه‌ی نێوانی بێ‌کاری خه‌ڵکی و پێشتریان، له ئێستادا، له مانگی جێنیوه‌ری 2009 وه نزیکه‌ی دووقات زیادیکردووه له 19. 6 هه‌فته‌وه بۆ 37. 1 هه‌فته . 47 ملیۆن که‌س له‌سه‌ر بیتاقه‌ی خواردنن که به‌رزترین ژماره‌یه له‌و کاته‌وه‌ی که ئه‌م پڕۆگرامه له ساڵی 1969 وه دانراوه. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی كه هه‌ر به ته‌نها له ئەم ساڵدا 1. 3 ملیۆن کەس ته‌نانه‌ت بیمه‌ی بێكارییهكهیشیان، له‌ده‌ستداوه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش، نزیکه‌ی 40 ملیۆن کەسیش له خه‌ڵكه‌كه‌ی هه‌تا پێش هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی ئۆباما، توانانی دەستڕاگەییشتنیان بە خەستەخانە و چارەسەری خۆرایی نەبووە، له ئێشتاشدا ئه‌مه كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌یه له نێوان دووباڵه لیبراڵهكدا، كۆمارییه‌كان و دیمۆكراتییهكاندا .
له هیندوستان کە دەوڵەتی ئەو وڵاتە پاش ئەمەریکا، بۆ گرتنەوەی جێگەی دەوڵەتی چین، ململانێی لەتەکدا دەکات، داهاتی زیاتر له 600 ملیۆن کەس له خه‌ڵكه‌كه‌ی له 1 دۆلار له ڕۆژێكدا تێناپه‌ڕێت، هه‌مو ساڵێك 2 ملیۆن منداڵ له ژێر ته‌مه‌نی 5 ساڵییه‌وه ده‌مرن، نیوه‌ی ئه‌وانه‌شیان كه ده‌مێنننه‌وه و له قوتابخانه‌دان، بێبه‌شن له خواردنێك كه به‌های بژێوی تیادابێت، ساڵانه له 40% قوتابییه‌كانی قوتابخانه ده‌وڵه‌تییه‌كان، قوتابخانه‌كانیان به‌جێده‌هێڵن. ساڵی 2012 كه له‌وێ كاره‌با بڕا 700 ملیۆن کەسی گرته‌وه، كه نیوه‌یان به‌هۆی كه‌میی بڕی ئه‌و كاره‌بایە كه هه‌یان بوو، هه‌ستیان پێنه‌كرد. زیاتر له 250. 000 خاوهنكێڵگه و كه‌سانێك کە له كێڵگه‌كاندا كارده‌كه‌ن، له ساڵانی نه‌وه‌ده‌كانه‌وه تا ئێستا، له‌به‌ر خراپیبوونی باری ژیانیان، خۆکوژییان کردووە. ( ئه‌م ئامارانه له وتارێكی جۆن پلجهی ڕۆژنامه‌نوس و پەرتووکنووس و فیلم دەرهێنەرەوە، كه له ڕۆژی 03/01/2014ده‌دا، له ڕۆژنامه‌ی گاردیانی بریتانیدا بڵاویكرده‌وه، وه‌رگیراون) .
له وڵاتێكی وه‌كو نایجیریا، كه به وڵاتێكی خاوه‌ن نه‌وت و وڵاتی دووهه‌م ده‌وڵه‌مه‌ندی ئه‌فه‌ریقا هەژماردەکرێت، له 70% دانیشتووانه‌كه‌ی داهاتی ڕۆژانه‌یان دۆلارێك و له دۆلارێك كه‌متره. هەروەها وڵاتانی وه‌كو یۆنان و فه‌ره‌نسا و ئیسپانیا و ئیتالیا و پۆرتوگال و ئێرلەندە، ئه‌وه‌نده‌مان له‌سه‌ر بیستوون، بێزاربووین.
له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌م هه‌ژاری و نه‌هامه‌تییانه‌ی، كه خه‌ڵكی له سه‌رانسه‌ری جیهاندا تیایاندا ده‌ژین، زۆربه‌ی زۆری كۆمپانیا گه‌وره‌كان و بزنسامانه گه‌وره‌كانی جیهان، پاره‌ی زیاتریان كه‌ڵه‌كه كردوه و سەراپای جیهان و مرۆڤایەتییان، خراپتر قۆرخکردووە، ئه‌وه‌تا بەگوێرەی ڕاپۆرتێكی ئۆكسفام، كه له مانگی جێنیوه‌ری ئەم ساڵ، 2014دا، بڵابووه‌وه نیشانیده‌دات، كه داهاتی 85 كه‌سه ده‌وڵه‌مه‌نده‌كه‌ی جیهان 1. 2 تریلیۆن پاوه‌نده، ئه‌مه له كاتێكدا كه ئێمه له قه‌یرانێكی ئابووریی قووڵدا ده‌ژین.
ئا لێره‌دا پرسیاری دووهه‌م دێته پێشه‌وه، كه ئه‌ویش ئه‌وه‌یه، ئایا ئه‌م قه‌یرانه قه‌یرانی سه‌رمایه‌دارییه، قه‌یرانی بزنسمانه گه‌وره‌كان و كۆمپانیا گهورهكانە یا خوود قه‌یرانی ئێمە؛ ژێرچەپۆکانی ئەوانە؟ به چه‌ند وشه‌یه‌كی دیكه ئایا باجی ئه‌م قه‌یرانه ئه‌وان ده‌یده‌ن یا ئێمه ده‌یده‌ن؟!!
پاش تێڕوانینی وردی بارودۆخی ژیانی خه‌ڵكی له‌سای ئه‌م قه‌یرانانه‌دا، كه به به‌رده‌وامی دێن و ده‌ڕۆن به‌تایبه‌ت ئه‌مه‌ی ئه‌م جاره‌یان، كه له ساڵی 2008دا ده‌ستیپێكردووه و تا ئێستاش هه‌ر به‌رده‌وامه، دوا پرسیار کە له‌م وتاره‌دا به‌دووی خۆیدا ڕاماندەکیشێت، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه؛ ئایا قه‌یرانه ئابوورییه‌كان ده‌بنه هۆی ڕوودانی شۆڕش؟ به واتایه‌كی دیكه برسێتی و هه‌ژاری زیاتر و بێ جێگایی و بێ خانووبه‌ره‌یی (بێسەرپەنایی) و كه‌وتنه سه‌رجاده‌ی هه‌زاره‌ها خێزان به هۆی نهداراییانهوه، له دانی کرێخانوو و سلفه‌ی عه‌قاری خانووه‌كانیان و ههڵكهندرانی ملیۆنه‌های دیكه‌ش له شوێن و ڕێگه‌ی خۆیان و ڕاكردنیان و ئه‌م وڵات و ئه‌و وڵات كردنیان بۆ مشووری ژیان و گه‌لێكی تری له‌م نه‌هامه‌تیانه، كه ده‌ره‌نجامی ئه‌م قه‌یرانانه‌یه، ئایا بۆ ڕوودانی شۆڕش بەسن؟ ئاخۆ قه‌یران به ته‌نها ده‌بێته هۆی كڵپه‌سه‌ندنی شۆڕش؟ یاخود ڕاده‌ی هه‌ستكردنی خه‌ڵكی به‌و نه‌هامه‌تیانه‌ی كه ڕووبه‌ڕوویان ده‌بنه‌وه و هوشیاری تاكه‌كان و وازهێنان لە پاشکۆیەتی ڕامیارەکان و پارته‌كانیان و وانەوەرگرتن له گرێنەدانەوەی ئومێد به پرۆسه‌ی هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنه‌رانه‌ی هه‌ڵبژاردن و دیمۆكراسی په‌ڕله‌مانتاری و گۆڕانكاری كۆمه‌ڵگه‌كان له بنی كۆمه‌ڵگاوه، ده‌بێته هۆكاری شۆڕش؟
هەڵبەتە ئامانجی من لە نووسینی ئەم وتارە و پێشنیارکردنی ئەم پرسیارانە ئەوە نییە، کە وەڵامی ئامادە بە خوێنەر بدەمەوە، لەبەرئەوە من وەڵامدانەوەی پرسیارەکان بۆ خودی خوێنەر بەجێدەهیڵم، تاوەکو بەخۆی بیریان لێ بکاتەوە و بگاتە سەرەنجامێك. 06/04/2013