بەشی یەکەم:
بەرلەوەی بچمە ناو باسەکەمەوە دەمەوێت ئەوە بە خوێنەری کورد ڕابگەیەنم کە ئەوەی لێرەدا دەیخوێننەوە، بەرەنجامی گەشتێکی دوو هەفتەیی خۆمە لەگەڵ برادەرێکمدا کە لە مانگی ئایاردا بۆ کوردستانی ڕۆژاوا، کردمان، لە بینینی هەر هەموو دەزگە کۆمەڵایەتییەکان و بەرپرسانی ئەو دەزگانە لە سەرۆکی ئەنجومونی تەشریعی و تەنفیزی و قەزایی و گەلێک لە بەرپرسانی دیکەی وەکو بەرپرسی کاری جەنگی و بەرگری، کاروباری ناوخۆ،پەروەردەو ڕۆشنبیری، تەندروستی و چارەسەر، دادگا و لیژنەی باڵای پەیوەندییە دیبلۆماسییەکان و بەرپرسانی دەزگەی ئاسایش و لیژنەی باڵای بزوتنەوەی کۆمەڵگەی دیمۆکراسی "تەپدەم" و نوێنەران و چالاکوانانی ئەنجومەنەکان، لیژانەکان و کارمەندانی کەناڵی تەلەفزوێنی ڕوناهی و مەڵبەندی ڕٶشنبیری و هەندێک لە ڕۆشنبیران و نوسەرانی دیکەو و زۆری تریان، کەمن وەکو بینەرێکی ئەو بارودۆخە و بیسەرێکی ئەو کەس و لایەنانە، بێ هیچ درۆو زیادپێوەنانێک، دەیانگێڕمەوە.
دووهەمیش، ئەوەی کە لێرەدا باسیدەکەم،کە وەکو شاهیدێکی بەرچاو بینومە، تەنهاو بە تەنها ڕەنگدانەوەو کاردانەوەی ئەم ساتە مێژووییەیە کە لە ئێستادا کۆمەڵگەی ڕۆژاوای کوردستانی پیایدا تێدەپەڕێت، کە لە بارودۆخێکی ئاوا سەختدایە، گەر بە چاوی خۆت نەیبینێت ، وێناگرتنی نیمچە مەحاڵێکە.لێرەشەوە دەمەوێت ئەوە بڵێم کە پێشبینیکردنی بارودۆخەکە و داهاتوی ئەو خەڵکە خۆڕاگرەی ئەم بەشەی کوردستان ، نەک هەر کارێکی گەلەك ئەستەمە، بەڵکو قسەکردن لەسەری، بێ ڕەچاوکردن و هەڵسەنگاندنی سەرجەمی زروفە ناوخۆیی و دەرەکییەکان،کارێکی یەکجار گرانە.
ئەزموونێکی نوێ لە ناوچەکەدا:
ڕاپەڕینی خەڵکی و سییاسەتی حەکیمانەی ڕێکخستنی پەیەدەبە باڵەسەربازییەکانیشیەوە، نەک ڕۆژاوای بە پێچەوانەی ڕوداوی بەهاری عەرەبی برد، بەڵکو ئەزموونێکی ئاوای نوێشی بۆ سەرجەمی گەلانی ناوچەکە، ئافریندەکرد کە شیاوی هاوکاری و چاولێکردن و ستایشکردن و بە هەند وەرگرتنە ، تا ئەو ڕادەیەی کە تەواوی قسەو باسی وەهمیانەی تەنانەت سەرجەمی تاک و ڕێکخراوە ڕامیارییەکانی وڵاتانی ئەوروپاشی ڕەواندۆتەوە کە کەوتونەتە بەردەم هەژموونێکی ئاوای ماسمیدیای لیبراڵ و دەزگە سیخوڕییەکانیان، کە گوایە گەر دەوڵەت و دەزگە داراییەکان و سەرمایەداران نەبن ، ئیدی ژیان گەر نەشوەستێت ئەوە بە دڵنیاییەوە دەبێتە فەوزاو پشێوی.
لە هەڵسەنگاندنی بارودۆخێکی ئاوادا و لە کاتێکدا کە ئەزموونی ڕاپەڕین و " بەهاری عەرەبی" جگە لە سەلماندنی ئەوەی کە خەڵکی خاوەنی ئەو هێزە لەبننەهاتووەن کە لە ڕووداوەکاندا پاڵەوانی مێژووین ، بەڵام لە دەرەنجامەکاندا مەرج نییە کە ئەوەی کە خواستیانەو خوازیاریبوون بێنەدی، شتێکی دیکە نەبوو.جگە لەم خاڵە " بەهاری عەرەبی" بەرهەمهێنەری شتێکی گەلێک پێچەوانەی ئامانجەکانی خەڵکی بوو.
خاڵێکی دیکەی تێڕوانین لە ئەزمونی ڕۆژاوا ، گەر بمانەوێت ڕووداوەکان وەك خۆیان ببینین، دەبێت خۆبەدوورگرتنمان بێت لە تێڕوانینی ئایدۆلۆجییانە، کە پێشهات بەیەك کۆمەڵە پێشبینی و چارەسەری حازری نێو پەرتوکەکان و بیروڕای دۆگمایانەوە لەم بەسەرهاتە، دێنە مەیدانەوە، کە نەك هەرگیز ناتوانیین لەو هەل و مەرجە مێژووییانە تێبگەین کە بوونەتە هۆکارەکانی روودانی ئەو ئەزموونە، بەڵکو هەرگیزیش وانەو سوودوو کەڵکیشی لێوەرناگرین.
تایبەتمەندییەکانی ئەم ئەزموونە و ئەو بناغانەی کە دەیخەنە قاڵبی ئەزموونێکی نوێوە، گەلەکن ، بەڵام من لێرەدا هەوڵدەدەم هەندێکیان دەستنیشان بکەم و زۆر بەکورتی هەڵوێستەیەکیان لەسەر بکەم.
یەکەم: پەیەدە :
پەیەدە وەکو پارتێکی هاوچەرخ و عەمەلی، کە بانگەشەی دژ بە دەوڵەت و دەسەڵات دەکەن و باوەڕیان بە گۆڕینی کۆمەڵگە لە خوارەوە بۆ سەرەوە هەیە، خاوەنی تەواو بەرنامەیەکن کە لە غیابی دەسەڵاتی مەرکەزیدا ئەمان دەبێت چی بکەن و چۆن ئەو بۆشاییە پڕ بکەنەوە ، بۆیە ئەمان لە بواری بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەدا بەرنامەیەکی سەرومڕیان بە هەموو کەموکوڕییەکانییەوە، لە کاتی هاتنە پێشەوەی ئەو هەل و مەرجەدا، هەبووە.گرنگیی و وردبینی ئەم پارتە لەوەدا بووە کە بەرنامەیەکی تەواویان بۆ ڕێکخستنی کاروبارەکانی کۆمەڵگە پێش دروستکردنی دەزگەیەکی خۆجێی کە جۆرێک لە فەرمانڕەوایی گەل بکات ، لە دروستکردنی لیژانیا کۆمیتەی بچوک و گەورە، هەبووە.بۆ ئەم کارەش سەرەتا هاتوون پرۆژەیەکیان لە ژێر ناوی "تەپدەم" یاخود " بزوتنەوەی کۆمەڵگەی دیمۆکراسی" دروستکردووە.
ئەم دەزگەیە خاوەنی پرۆژەیەك بووە کە توانیوێتی تانوپۆی خۆی بۆ نێو سەرانسەری توێژە کۆمەڵایەتییەکان لە هەموو شار و گوندێکدا لە بواری کاروباری ڕۆژانەدا، شۆڕبکاتەوە.لەو لیژنانەش: لیژنەی ئابوری، لیژنەی صوڵح، لیژنەی یارمەتی، کۆمونەکان، ئەنجومەنی خانەوادەی شەهیدان، لیژنەی ژنان و لیژنەی فەرهەنگ و ڕۆشنبیری و لیژنەی لاوان و گەلەك لیژنە و کۆمیتەی دیکە.بۆ ئەمەش لە هەموو شارێك و گوندێکی گەورەدا " ماڵی گەل" یان، دروستکردووە.ئەم لیژنانە کاریان لەسەر پڕکردنەوەی بۆشاییەکانی نێو ژیانی کۆمەڵگەی کوردستان لە هەر یەکێك لەو کانتۆنانەدا، کە سەپێنراوە بەسەریاندا، کردوە، کە لە ڕاستیشدا تەپدەم توانیوێتی ڕۆڵیکی زۆر کاریگەرانە ببینێت بەتایبەت دوای ئەوەی کە هێزی سوپای ئەسەد لە دەڤەرە کوردییەکانلە ژێر فشاری هێزەکانی کورددا، بەناچاری کشایەوە، بەڕوودانی ئەمەش یانی دروستبوونی پشێویەکی زۆر کە لە دۆخێکی ئاوادا و لە غیابی دەسەڵاتێکدا، کۆمەڵگە ڕووبەڕوی مەترسییەکی گەورە لە هەموو بوارەکانی ژیاندا، دەبێتەوە.ئەمەش ئەو ڕاستییە دەگەیەنێت کە ئەمان بارودۆخە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابورییەکە، پەیەدەی ناچار کردووە ، کە دەبێت بەرنامەیەکی عەمەلییان هەبێت ، کەواتە دروستبوونی تەپدەم، گەرچی پێشینە چەن ئایدیایەکی یارمەتیدەر هەبووە، بەڵام لە ڕاستیدا خولقێنەری ئەو زروفە چاوەڕواننەکراوە ، بووە.
دروستبوونی "تەپدەم" ، بزوتنەوەی کۆمەڵگەی دیمۆکراسی ، لەو بارودۆخەدا، زۆر کارامانە و بەپەلە پڕۆژەکەیان خستەگەڕو توانیویانە کە بەر لە کارەساتی پشێوی و هەڵوەشاندنەوەی بەهاکانی کۆمەڵگە لەو سەردەمە ئاڵۆز و ناسکەدا، بگرن.
بە ڕای من لە بەئەنجامگەیاندنی ئەو پڕۆژەیە سێ هۆکاری سەرەکی لێرەدا، ڕۆڵی گرنگیان هەبووە.یەکەمیان ئیرادەی پتەویان بووە کە بڕوایان بە جێبەجێکردنی پرۆژەکەیان، هەبووە.دووهەمیان ئامادەیی تەواوی تاکەکانی ئەو کۆمەڵگەیە کە خۆبەخشانە لە هەموو بوارەکاندا کار بکەن: " مامۆستایان، کارمەندان و کرێکارانی خەستەخانەکان، شارەوانییەکان،دەزگە خزمەتگوزارییەکانی دیکە، تەنانەت پۆلیسی هاتووچۆش".بە کورتییەکەی چوونەوە سەرکارە پێشینەکەیان ، بەڵام بێ هیچ بەرامبەرییەك، واتە موچەیەك لەلایەن تەپدەم و دواتریش ئیدارەی خۆجێییەوە.سێهەمیش: دروستکردنی لەشکری بەرگری لە گەل، لە هێزی ئاسایش و هێزی "یەپەگە" ، یەکینەکانی پاراستنی گەل و هێزی " یەپەژە" یەکینەکانی پاراستنی ژنان ، کە ڕۆڵێکی یەکجار کاریگەرییان، هەبووە لە هەل و مەرجێکی ئاوا ئاڵۆزدا، لە بەرگرتنی هەرەسهێنانی کۆمەڵگەی کوردستان ، بە هەمووپێکهاتەکانییەوە.
تەپدەم بە هەموو کەموکوڕییەکانییەوە، هاوکارێکی گرنگی دۆخە بابەتییەکەی ئەو دەڤەرانە ، جەزیرە و کۆبانی و عەفرین، بووەو دیسانەوەش لە خولقاندنی ئەو دەزگە خۆجێییەی کە ئێستا هەیە، ڕۆڵێکی گەورەی بینیوە.
درێژەی هەیە.
٢٠/٠٥/٢٠١٤