بەشی حەتەم:
هەشتەم: خەندەقی شەرمەزاری و بێ هەڵوێستی:
بە درێژایی بەردەوامبوونی بەناو شۆڕشی کورد و کوردستان، بە تایبەت لە ساڵانی ١٩٧٥ بەدواوە، هەمیشە سوریا مەڵبەندی نیشتەجێبوونی موعارەزەی عێراقی لە کورد و عەرەب و لایەنەکانی دیکە، بووە، هەمیشەش ئەم نەیارانەی ڕژێمی عێراق پشت و پەنایان سوریا و سورییەکان بووە، تەنانەت لە دایکبوونی یەکێتی نیشتمانی، لە دیمەشق، بووە، ئەوانیش و هێزە کوردییەکانی دیکەش سەرچاوەی مادی و مەعنەوییان پاش ڕژێمی سوری، کوردانی سوریا ، بووە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەمانە هیچ وەختێک چاوپۆشییان لە سازشکردن، گەر پێویستی کردبێت، لەگەڵ ڕژێمی سوریدا ، لەسەر حسابی کوردی ئەوێ، نەکردوە ، هەموو ئەمانە، ئەوە دەگەیەنن، ئەمان خێریان بۆ خۆیان و شەڕیان بۆ ئەوان، بووە.بە کوردی و کورتیش ئەو هێزە کوردیانەی باشوور بە درێژایی ئەم ماوەیە قەرزاری ئەوان، بوون.
ئەم حەقیقەتانەی سەرەوە زۆربەمان ، بەتایبەت ئەو نەوەیەی کە تەمەنیان لە سەرو پەنجاکانەوەیە، دەیزانن، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا تەنانەت لە سەردەمی ڕاپەڕینی ٢٠١١ ی هاوڵاتیانی سوریا، کە کوردیش بەشێک بووە لەو ڕاپەڕینە ، ئەم هێزە سیاسیانە هەر لە پارتی و یەکێتی و گۆڕان و پارتە ئیسلامییەکانیشەوە، هەڵوێستێکی بەکردەوەییان، نەبووە، بەرگری جددییانلە ڕاپەڕینی کوردانی ڕۆژاوا ومەسەلەکەیان، نەکردوە.ئێستاش کە کوردەکان بە ویستی پۆڵاینی خۆیان، بە سیاسەتی ڕاستی خۆیان ، توانیویانە لەو پارچە زەوییەدا، ئیدارەیەکی خۆجیی دروست بکەن کە نەك هەر لە قازانجی خۆیانە بەڵکو لە بەرژەوەندی بەدەر لە خۆشیانە بە نەتەوەو دینی جیاجیاوە، هێشتا ئەم پارت و هێزە کوردییانە، هەڵوێستێکی ئاشکرای کارایان نییە.
لەم بارو دۆخە سەختەدا کە هاووڵاتیانی ئەو ٣ کانتۆنە پییادا تێدەپەڕن ، کە لە هەموو لایەکەوە بە حکومەتی هەرێمیشیەوە، ئابڵوقەی ئابوری و کۆمەڵایەتی و سیاسی و فەرهەنگی و ڕۆشنبیری دراون، جگە لە ناڕەزاییەکی زۆر کەم نەبێت و کردنی هەڵمەتی کۆکردنەوەی پارەو وەرگرتنی چەند هەزارێکی لێقەوماو و ئاوارە نەبێت، شتێکی دیکەیان ، بۆ نەکراوە، ئەمە لە کاتێکدا کە کۆمەڵگەی ڕۆژاوا پێویستی زۆری بە هەموو کەسێک لە بواری فێربوونی زمانی کوردی، تەندروستی و چارەسەرکردن، بیناسازی، تەکنیکی لە هەموو بوارەکاندا، شارەزایانی بواری کشتوکاڵ ، زەوی و زار، جادە و ڕێگاوبان ...تا بوارەکانی دیکەش، هەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەم هێزە سیاسیانە هاندەر و کۆمەککاری خەڵکانی ئەم دەڤەرە نە لە ڕابوردوودا و نە لە ئێستاشدا، نەبوون .سەرەڕای هەموو ئەمانەش ئێستا بە هەڵکەندنی خەندەقێکی ٣٥ کیلۆمەتری کە کۆتاییەکەی لە شارۆچکەی " ڕەبیعە" دێت ، تاکو ئەوەندەی تر ژیانیان زەحمەتتر بکرێت، تاکو پەتی ئابلوقە لە ملی گەلی ڕۆژاوا ، تووندتر بکرێت، کەمتەرخەمییان نەکردووە .حاڵیبوونی ئەم گەمە سیاسییەش بۆ کوردانی ئەوێ زەحمەتە، بەتایبەت کاتێك کە دەبینن کە حکومەتێك ، کە نوێنەرایەتی کورد لە باشوری کوردستا دەکات، سەری زمان و بنی زمانیان باس لە کوردایەتی و دەوڵەتی کوردییە، بۆچی هەڵوێستی ئاوایە؟ کە لە کاتێکدا ناتوانن یارمەتییان بدەن دەبا ژیانیان ئەوەندی دیکە گران نەکەن.!!!!
ئێمە هەموومان دەزانین کە حکومەتی هەرێم و سەرجەمی پارتە سیاسییەکانی دەرەوەی دەسەڵاتیش، بە گوێرەی بەرژەوەندییە تایبەتییەکانی خۆیان دەڕۆن بەڕێوە، هەر لایەکیان پاشکۆی یەکێک لە وڵاتانی دراوسێ و دەوروبەر و ناوچەکەن،هاوکاتیش بە خۆشییەوە باوەش بۆ ئەمەریکا و وڵاتانی ڕۆژاوا و سیاسەتی لیبراڵیان، دەکەنەوە.بەڵام ئەیهەڵوێستی خەڵکە ناحیزبییەکەی کوردستان.......جەماوەرەکەی کوردستان؟ ئەی بیانوی ئەوان چییە لە ئەنجامنەدانی چالاکییە ڕاستەوخۆکان : لە کردنی خۆپیشاندانی ئاشتیانەو دەستبەسەراگرتن و داگیرکردنی دەزگەو شوێنە حیزبییەکان و حکومییەکان تا دەگاتە چالاکی دیکە بۆ دروستکردنی فشارێکی ئاوا نەك هەر هەڵکەندنی خەندەقی شەرمەزاری بووەستێنن، بەڵکو ئابلوقەی ئابوریشیان لە لایەن حکومەتی هەرێمەوە، لەسەر لا بچێت.لەلایەکی دیکەشەوە یەکێتی و گۆڕان کە هەڵوێستیان لای پەیەدە و ئیدارە خۆجێیەکە ، جێگەی ڕەزامەندییە، بەڵام نەیانتوانی نەك هەر فشار بخەنە سەر پارتی ، بەڵکو لە میدیاکانیشا نەیانتوانی باسی ئەو کێشانە بەزەقی بکەن.
تێگەیشتن لە هەڵوێستی ئەم پارتە سیاسیانە بە تایبەتی و هەڵوێستی جەماوەری کوردستان بەگشتی ، بۆ کوردانی ڕۆژاوا کارێکی ئاسان نییە وسەریان لێیدەرناچیت.ئەو دڵسۆز و دڵپاکانەی ئەوێ ، وەکو هەندێك لە ئێمە مێژوی ڕەشی هەر یەکە لەم حیزبانە نازانن، کە بەرزکردنەوەی دروشمی کوردایەتی و وتنی بەیت و بالۆرەی دەوڵەتی کوردی و وتنەوەی سرودی نیشتمانی کە هەموومانیان پێ کەڕوکاس کردووە، هەرلە سەرەتای دروستبوونی بزوتنەوەی کوردایەتییەوە، کە تاکو ئێستاش بەردەوامە، جگە لە وەهم و بازرگانی بەسەر خوێنی خەڵکە هەژارەکەوەو لە پێناوی بەرژەوەندی وڵاتێکی دراوسێ، ناوچەکە، یاخود وڵاتانی دیکە، چشتێکی دیکە نەبووە.
لەگەڵ هەموو ئەم هەڵوێستە سلبیانەشدا کە دژی کوردانی ڕۆژاوا وەرگیراوە، هێشتا نە لە پەیەدە و نە لە باڵە سەربازییەکەشیدا و نە لە نێوەندی دانیشتوانی ئەو دەڤەرەشدا، کەسێکمان نەبینی کە هێڕشێك بکاتە سەر حکومەتی هەرێم، کە سێکمان نە بینی کە کاتێك ناوی سەرۆکی هەرێم هاتبێتە پێشەوە، لە ' کاک مەسعود' کەمتر لە دەمیان، ترازبێت.تەنانەت کە لە ڕۆژی ١٠/٠٥ دا ، ڕۆژی شەمە، خۆپیشاندانێك لە لایەن دانیشتوانی شاری قامیشلییەوە، سەبارەت بە " خەندەقی شەرمەزاری" کرا، لەسەرجەمی ئەو دروشمانەی کە لە لایەن خەڵکەوە بەرز کرابوونەوە و هەروەها هەموو ئەو وشانەی کە لەو بۆنەیدا خوێنرانەوە، وشەیەك یا دروشمێکی هێڕشبەرانەی دژ بە پارتی و یەکێتی و گۆڕانی، تیادا نەبوو، تەنها بریتی بوون لە وشەی جوان وداخوازی ڕەوا، نە شتگەلێکی دیکە، کە ئەم هەڵوێستەی خۆپیشاندەران، جێگای خۆشحالی بوو .
کاتێکیش کە هەڤاڵانی پارتە کوردییە موعاریزەکانمان بینی و پرسیاری هەڵوێستیانمان سەبارەت بەو خەندەقە لێکردن، هیچ لایەکیان، هیچ کەسێکیان وەکو تاك و هەڵوێستی حیزبییان ، سەرزەنشتی حکومەتی هەرێمیان نەکرد ، بەڵکو دەیانوت کە ئەوە کێشەی حکومەتی هەرێم خۆیەتی و بۆ پاراستنی ئاسایش ئەوە دەکات، بەڵام ترس لە کێ؟ لە هێزی تورکی ؟ یاخود داعیش و بەرەی نوسرە؟!!!!.بەڕاستی ئەم بیانووە جێگای بڕواکردن و ڕەزامەندی کەس نییە، کە لە کاتێكدا، هێزەکانی یەپەگە و یەپەژەو ئاسایش، کە لە سەنگەر وبەرەی پێشەوەن لە دژیهاتنە پێشەوەی ئەو هێزە تیرۆریستانەو هاتنیان بۆ ناوجەرگەی هەرێم.
ئەم هەڵوێستەی هێزە کوردییەکان جێگەی نیگەرانییەکی یەکجار زۆرە، کەچی لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا پەیدە و ئیدارەی خۆجێی دانیان بەوەدا نا کە هەڵوێستی گۆڕان و یەکێتی سەبارەت بەوان باشە.
درێژەی هەیە
xxxxxxxxxxxxx
٢٠/٠٥/٢٠١٤