جاران سیاسه‌ت له دڵبهرێكی كه‌ژاڵی به‌ژن زراو ده‌چوو، لاوان شه‌یدای ده‌بوون. وێنه‌ی خۆیان له ئه‌وینی ئه‌و دڵبهرهدا ده‌بینیه‌وه و گیانیان له پێناویدا ده‌خسته سه‌ر له‌پی ده‌ست. به‌ڵام سیاسه‌ت ئێسته له زه‌لامێكی دوودهكی ده‌چێ، هه‌موو كه‌س به چاوی سووك سه‌یری ده‌كا یان له ناسینیدا په‌شیمانه ئه‌گه‌ر پێشتر ناسیبێتی. من له‌و رۆژه‌وه‌ی باراك ئۆباما تێیدا گه‌یشته كورسی، سڵاواتم بۆ سیاسه‌ت خوێند. به هه‌ستێكی زگماكی كورده‌وارییانه، پێشبینیی ره‌شم له‌لا په‌یدا بوو.
له‌و رۆژه‌وه‌ی چووه كۆچكی سپی، ئه‌و پیاوه رێبازێكی نێرهمووكانهی گرته‌به‌ر له ئاست ئه‌م ناوچه‌یه‌ی ئێمه‌دا. دوا نموونه‌ت بۆ ده‌هێنمه‌وه تا ماندوو نه‌بی. به‌گوێره‌ی داوایه‌كی ئوسامه نجێفیی سه‌رۆك په‌رله‌مانی عێراق پێشی سێ رۆژ، ئۆبامه بڕیاری دا خێڵانی سوننه‌مه‌زه‌ب له رۆئاوای عێراقدا پڕچه‌ك بكا. به‌ڵام پێشی مانگێك، له‌گه‌ڵ ده‌ست پێكردنی هێرشی سوپای نووری مالیكی‌دا بۆ ناوچه‌ی ئه‌نبار، بڕیاری دابوو به پڕچه‌ككردنی سوپای عێراق. ئه‌مانه پێچه‌وانه‌ن له‌به‌رئه‌وه‌ی مالیكی و نجێفی له دوو لای دژ بهیهكدان له ته‌نگژه‌ی سیاسیی عێراق. پڕچه‌ككردنی خێڵانی سوننه، به‌و شێوه ره‌سمی و یاسایییه، ده‌بێته مایه‌ی چه‌كداربوونی سوننه‌ی عێراق، كه له كێشه‌دان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی فیدراڵی. راسته ئێسته ئه‌و خێڵانه به‌شێكیان له‌به‌ره‌ی مالیكیدان بۆ شه‌ڕی داعش به‌ڵام خۆیان له بنه‌ڕه‌ته‌وه ددان به حكوومه‌ته‌كه‌یدا ناهێنن و به لامه‌زه‌ب و سه‌ر به ئێرانی ده‌زانن.
كارگێڕیی ئۆبامه، له‌لایه‌كه‌وه ئه‌وكی كورد ده‌گرێ ده‌ڵێ ده‌بێ له‌گه‌ڵ به‌غدادا بگونجێی، ده‌ڵێ بیر له جیاوه‌بوون نه‌كه‌نه‌وه، به‌ڵام له لایه‌كی تره‌وه، وه‌ك ده‌بینین رێ خۆش ده‌كا بۆ جیاوه‌بوونی ناوچه‌ی سوننه‌نشینی عه‌ره‌ب له رێی چه‌ك پێدانیانه‌وه. ئێمه بمانه‌وێ یان نه‌مانه‌وێ، ئه‌و چه‌كه، سبه‌ی هانیان ده‌دا بۆ ئه‌وه‌ی له به‌غدا هه‌ڵگه‌ڕێنه‌وه. عه‌ره‌بی سوننه‌ی عێراق چه‌ند ساڵێكه خولیای فیدراڵیزمێكی هاوشێوه‌ی كوردستان له خه‌یاڵی داون. بیر له‌وه ده‌كه‌نه‌وه چاره‌نووسی خۆیان له بن ركێفی به‌غدا ده‌ربهێنن ئه‌گه‌ربێو به‌غدا وه‌ك ئێسته‌ی خۆی به پاشكۆی ئێران بمێنێته‌وه. به‌ڵام ئه‌و خه‌ونی فیدراڵیزمه، به‌رده‌وام به‌ره‌وڕووی نایهكی گه‌وره بووه‌ته‌وه له‌لای به‌رامبه‌ره‌وه كه مالیكییه. سوننه ده‌ڵێن ئه‌گه‌ر وه‌ك كوردستان چه‌كداری ره‌سمیمان هه‌بوایه، ده‌مانتوانی سه‌ر به به‌غدا نه‌وی بكه‌ین.
ئه‌مه‌ریكه له رووی جوگرافیاوه وڵاتێكی دووره و كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌وێش كولتوورێكی له هی ئێمه جیای هه‌یه. ئاسایییه هه‌موو تێگه‌یشتنێكی ئۆبامهش له‌باره‌ی ناوچه‌ی ئێمه‌وه چه‌وت بێ. من له‌وه تێ ده‌گه‌م و لاریشم لێی نییه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی لێی تێ ناگه‌م به‌هه‌ڵه‌دا چوونی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغانه له هه‌موو چتێكی ئه‌م ناوچه‌یه‌دا. له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا رێك كه‌وت بۆ راكێشانی لووله‌ی نه‌وت به‌ڵام له دواساتدا بای دایه‌وه و ئیمزای نه‌كرد. دنه‌ی كورد و سوننه‌ی عێراقی ده‌دا تا له دژی به‌غدا راسته‌وه ببن، هه‌روه‌ها له سووریه‌دا سێ ساڵه بۆ گۆڕینی رێژیمه‌كه گه‌رمتره له سووریایی خۆیان، به‌ڵام كتوپڕ بینیمان وا له تاران پێڵاو ده‌سڕێته‌وه.
ئێمه‌ی كورد پێمان وابوو ته‌نیا یه‌ك هه‌نگاو و نیومان ماوه بۆ ده‌رگه‌ی سه‌ربه‌خۆیی. ده‌ركه‌وت ئاگامان له خۆمان نییه، كه ساڵانێكه به ئاراسته‌ی پێچه‌وانه‌دا رۆیشتووین، تا ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕوانی قاسم سلێمانی بین بێت و حكوومه‌تمان بۆ پێك بهێنێ. ئه‌و قسانه‌ی من هه‌مووی مل له چه‌قۆ سوینه، ده‌زانم. به‌ڵام كورد گوته‌نی "ئاو، كه له‌سه‌ران تێ په‌ڕی، چ بسته‌ك چ چوار په‌نجه". نه‌ده‌بوو دوا رۆژهیلی ژیانی مام جه‌لال به‌م ده‌رده بچوێنن. ساڵێك زیاتره هیچ زانیارییه‌ك له‌باره‌ی ته‌ندروستیی وییه‌وه ناگاته كه‌س وه‌ك بڵێی نه سه‌ركۆماری عێراق بێ و نه یه‌كێك بێ له دوو مه‌زنه‌كه‌ی كورد، بگره پاوانی كه‌سانیی خه‌ڵكێك بێ بۆ خۆیان. حه‌یف بۆ كهڵهپیاوان، كێ جێیان ده‌گرێته‌وه؟
له‌ناو ئه‌و هه‌موو دز و دهسبڕهی چینی سیاسهتكاردا، مرۆڤ له هیچ تێ ناگا. نوسره له لبنان ته‌قینه‌وه ده‌كا له دژی حزبوڵڵا، له سووریه‌شدا شه‌ڕ ده‌كا له دژی سوپای سه‌ربه‌ست، كه حزبوڵڵا و سوپای سه‌ربه‌ست شه‌ڕی یه‌كتر ده‌كه‌ن. گه‌لۆ ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ی پاره و چه‌ك به نوسره ده‌دا، ده‌بێ چ ئامانجێكی هه‌بێ؟ له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و كاره له كاری شه‌یتان نه‌وه‌ڵڵا له هی دوودهكی ده‌چێ، نه من نه تۆ وه‌ڵاممان پێ نییه. له دانیشتنی یه‌كه‌می كۆنگره‌ی جنێڤ دوودا بینیمان نوێنه‌ری رێژیمی سووریه راستگۆتره له نوێنه‌ری به‌رهه‌ڵستی. تۆ خمخانه‌ی وات بینیوه؟ بۆیه من له‌م نێوانه‌دا، هیوایه‌كی خۆم ته‌نیا به عه‌بدولفه‌تاح سیسیی میسره‌وه گرێ داوه ئه‌گه‌رنا له‌ناو په‌ژاره‌ی ده‌ستی ئه‌و سیاسه‌ته‌ی ته‌نیا ئه‌و وشه‌یه‌ی بۆ ده‌شێ كه گوتم، مرۆڤ ده‌ڕزێته‌وه.