هۆنینه‌وه‌ی داعش له په‌یدابوونیه‌وه، هه‌ر په‌لێكی به ده‌ست یه‌كێكه‌وه‌یه. له‌گه‌ڵ راپه‌ڕین له سووریه‌دا، سعوودی عه‌ره‌بیه بنچینه‌ی بۆ دانا تا بۆ ململانه‌ی خۆی له‌گه‌ڵ ئێران و كلكه‌یلی ئێران له سووریه و لبناندا به كاری بێنێ. تورك قۆستیانه‌وه بۆ تێكدانی رۆهه‌ڵاتی ناوین و هه‌رچی تیرۆریسته له دنیاوه كێشایانه‌وه بۆ گڵاوكردنی راپه‌ڕینه‌كه. پاشان په‌لێكی كه‌وته ده‌ست كۆماری ئیسلامی و ئه‌ویش په‌لی هۆنینه‌وه‌كه‌ی كێشایه‌وه بۆ عێراق و له ده‌ی مانگی حوزه‌یراندا سێیه‌كی وڵاته‌كه‌ی پێ گرت. ئامانجی ئێران له‌م په‌ل كێشانه‌وه‌یه‌ی داعشدا ئه‌وه بوو دوو كێل به به‌ردێك بپێكێ. یه‌كه‌م پاڵه‌په‌ستۆی سه‌ر به‌شار ئه‌سه‌د كه‌مه‌وه بكا، ئه‌وه‌شی پێكا. بینیمان شه‌ڕ له سووریه به جۆرێك خاوه‌وه بوو، له به‌ڵاوۆكی ده‌نگوباسدا بوو به هه‌واڵی چواره‌م یان سێیه‌م. به‌شاریش بووه‌وه به سه‌رۆك دوای هه‌ڵبژاردنێكی فشه‌جاڕییانه. ئامانجی دووه‌می كۆمار له هێنانی داعشدا ئه‌وه بوو پاڵه‌په‌ستۆی سه‌ر نووری مالیكی كه‌مه‌وه بكا. له سێی ئابدا، هانی دا په‌لاماری هه‌ولێر بدا بۆ گرتنی، تا له‌مه‌وه مل به كورد دابنوێنێ بۆ پاڵپشتیی نووری له بوونه‌وه‌ی به سه‌رۆكی حكومه‌تدا.
هه‌ڵه‌یه‌كی ستراتیجی، كۆمار تێی كه‌وت لێره‌دا بوو، كه هه‌موو چتی لێ پێچه‌وانه كرده‌وه. كاربگێڕیی ئۆبامه به بیانووی پاراستنی ئێزیدی له شنگاڵ و پاسه‌وانیی به‌رژه‌وه‌ندی زیندوو له خورمه‌ڵه‌دا، هاته‌وه گۆڕه‌پانێك چوار ساڵه به‌جێی هێڵابوو. مالیكیش له‌و نێوانه‌دا سه‌ری تێدا چوو، هیچی پێ ناوێ، كه به‌شاریش به‌دوایدا ده‌ڕوا. ئێسته ئه‌مه‌ریكه خه‌ریكی گه‌له‌كۆمه‌كییه‌كی سه‌رتاسه‌رییه، یه‌كه‌م: بۆ ئه‌وه‌ی له چه‌ند حه‌وتوو یان چه‌ند مانگی داهاتوودا داعش له عێراق وه‌ده‌ربنێ به‌ره‌و سووریه‌ی مه‌كۆی سه‌ره‌كی. دووه‌م: له‌وێش زه‌بری كاریی لێ بوه‌شێنێ به مه‌رجی له‌ناوبردنی. لێره‌دا ده‌بێ نه‌ختێك بوه‌ستین بۆ لێوه‌كۆڵینی زیاتر: ده‌ركردنی داعش له عێراق ئامانجێكه دوای پێكه‌وه‌نانی حكومه‌تكی فشه‌ڵۆك له به‌غدا له چه‌ند رۆژی داهاتوودا، ره‌نگه بێته دی. به‌ڵام لێدانی داعش له سووریه گرێكوێره‌یه‌كه بوونه‌وه‌ی كاتبه‌ر و پاره‌به‌ره بۆ رۆئاوا.
له‌به‌رئه‌وه‌ی كێشه ئه‌وه نییه ئاخۆ ئه‌مه‌ریكه به هاوكاریی به‌شار به‌ره‌نگاری داعش ده‌بێته‌وه یان نا؟ بگره كێشه ئه‌وه‌یه داعش باری سووریه به جۆرێك ئاڵۆز ده‌كا، ئه‌و گه‌له‌كۆمه ناوده‌وڵه‌تییه چاوه‌ڕوانكردووه، زۆری بوێ تا پێك دێ. داعش له سووریه ده‌ست له چۆك وه‌رناهێنێ تا ئه‌و رۆژه‌ی ئه‌مه‌ریكه به گه‌له‌كۆمه‌ی ناوده‌وڵه‌تییه‌وه به‌سه‌ریدا ده‌دا، وه‌ك له چوار ساڵی به‌پێشه‌وه‌دا بینیمان، له سووریه و پاشان عێراقدا بۆ یه‌ك ئامانج كاری كرد ئه‌ویش وێرانكردنی ناوچه‌كه و راكێشانی رۆئاوا بوو بۆ شه‌ڕێك سه‌ری دیار بێ بنی دیار نه‌بێ. كۆماری ئیسلامی و رووسیه له‌مێژه پێوه‌ن به نانه‌وه‌ی ته‌ڵه‌یه‌ك بۆ ئه‌مه‌ریكه. ئه‌ردۆغانیش هه‌لێكی ده‌ویست تۆڵه‌ی ئه‌وه‌ی فه‌تحوڵڵا گوله‌ن له ئه‌مه‌ریكه‌وه گێڕای، بكاته‌وه. گه‌مه‌یه‌كه به رۆژی روون، له نێوانی ئه‌مه‌ریكه و وڵاته‌یلی هار له‌م ناوچه‌یه‌دا ده‌گه‌ڕێ.
به كورتی و به‌لای زۆره‌وه، هۆنینه‌وه هاره‌كه‌ی داعش پاش ئه‌وه‌ی ده‌ستی له عێراق ده‌بڕێ و چه‌كداره‌یلی هه‌ردوو به‌ره‌ی عێراق و سووریه تێكه‌ڵ ده‌كاته‌وه، گرتنی دیمه‌شق به‌لایه‌وه ده‌بێته ئاوخواردنه‌وه به تایبه‌تیش، كه ئێران و رووس رێی بۆ خۆش بكه‌ن و تورك پاڵپشتیی زیاتری بكا به كۆوه‌كردنی تیرۆریستی زیاتر له هه‌موو دنیاوه. به گوێره‌ی هه‌ندێك چاوكانی، داعش له عێراق ده هه‌زار و له سووریه په‌نجا هه‌زار چه‌كداری هه‌یه و بێت‌و ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له پایه‌ته‌ختی ئه‌مه‌وی (دیمه‌شق) دا رابگه‌ینێته‌وه، ژماره‌كه ده‌بێته چه‌ندان دووچه‌ندانه. ئه‌وه‌ی له سووریه‌شدا ده‌یكا له تۆوبڕینه‌وه‌ی كریستیان و عه‌له‌وی، ره‌نگه درووز و كوردیش، چتێك ده‌بێ له‌چاو ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر كریستیان و ئێزیدیی له‌مه‌ڕ خۆماندا هێنای، گۆرانیی پێدا هه‌ڵبڵێ. بێ له‌مانه، هه‌ڕه‌شه بۆ ئیسرائیل له‌لایه‌ك، بۆ حزبوڵڵا و لبنان و ئوردن له‌لایه‌كی تر، چتێك ده‌بێ نه‌توانی شیی بكه‌یه‌وه به تایبه‌تیش ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌مان له‌به‌رچاو بێ چه‌ك و جبه‌خانه‌ی به‌شار ئه‌سه‌د بكه‌وێته ده‌ستیان، كه چه‌ندان ئه‌وه‌نده‌ی هینه‌كه‌ی مالیكی ده‌بێ. ئه‌مه ئه‌و ته‌نگه‌ڵان و زۆنگه‌ڵانه ده‌بێ رۆئاوای تێ بكه‌وێ. بێت‌و ئه‌و سیناریۆیه روو بدا، به‌ر له هه‌موو چت چوار پێنج ملیۆن ئاواره‌ی تر روو له لبنان و توركیه و ئوردن و هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن و گه‌وره‌ترین ته‌نگژه‌ی مرۆڤییانه ده‌كه‌وێته‌وه.
گرتنه‌وه‌ی كوێره‌دێیه‌كی لای خۆمان دوو سێ حه‌وتووی بوێ، رزگاركردنه‌وه‌ی سووریه له چنگی داعش، ئاخۆ چه‌ند كات و چ خه‌رجییه‌كی بوێ به چ ماڵوێرانییه‌كه‌وه؟ رۆئاوا هه‌ست به گه‌وره‌ییی ئه‌م مه‌ترسییه ده‌كا و چه‌ند رۆژێكه گوێمان لێ ده‌بێ پسپۆڕه‌یل ده‌ڵێن هه‌ڵكشانی داعش له هه‌ڵكشانی فاشیزم و نازیزم ده‌چێ له ماوه‌ی نێوان دوو شه‌ڕی دنیادا. قسه‌ی خۆمانه‌ی كوردی ده‌ڵێ "دنیا هه‌مووی شیر بێ بسته‌ك له من دوور بێ". راستیت ده‌وێ شه‌ڕێكه بستێك له خۆمانه‌وه نێزێكه نه‌ك دوور. شه‌ڕی گه‌وره ته‌نیا ماڵوێرانیی گه‌وره‌یه. ئاخۆ چ به‌ده‌ردانه‌وه‌یه‌كی ده‌بێ بۆ كورد و كوردستان؟ هێشته زووه بۆی بچین.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.