دەمامکەکان و باڵندەکان و ماسی یەکانی هونەرمەندی شێوەکاری کورد ئیسماعیل خەیات ... ئاشتی گەرمیانی. . هەولێر. .

 

 

 

هونەرمەندی کورد ئیسماعیل خەیات یەکێکە لە پاشاکانی هونەری کوردی لەم سەدەیەی ئەمڕۆی فەرهەنگ و کەلتووری کوردیدا ، وە هونەرێکی هاوچەخ و مۆدرن و پێشکەوتووی جیهانی یە کە ئازارەکانی وە بیرۆکەکانی لە کوردستانی باشوورەوە لەدایك دەبن وە لەدایك بوون.

ئیسماعیل خەیات لەپەراوێزی پێشانگایەکی تایبەتی خۆیدا لە شاری زویرخ لە ووڵاتی سویسرا بە زمانی ئینگلیزی ووتی : خۆشحاڵ بووم کە پێشانگاکەم ئەمڕۆ لێرە کرایەوە و ئازارەکانی کوردستان بگوازمەوە بۆ ووڵاتی سویسرا لە شاری زویرخ ، هیوادارم بەدڵی هەموو لایەك بێت ، لەگەڵ ئەوەی هونەرمەند کە هەڵگری تایبەت مەندێتی یەکی هونەری خۆڕسکی کەرەستەی کوردستانە وە بە شێوازێکی هونەری بەرز دەربڕینی لە سروشت و ئازازرو چیاکان  ودەمامکەکان و باڵندەکان و ماسی یەکانی کوردستان کردوە ، ئەوەش واتایەکی گەورەی هەیە لەکەلتووری جیهانیدا بە بەرزی هونەری و هونەر بۆ مرۆڤایەتی.

چالاکیەکانی هونەرمەند خەیات بە پلانێکی ساڵانە دەخوێندرێتەوە کە بەردەوام سەرقاڵە بۆ دانانی پلانێکی هونەری کە نمایشی کارەکانی خۆی دەکات لە ووڵاتانی ئەوروپی وە ئەسکەندەناڤیایی کە هەر لەم ساڵەدا لەمانگی جەنیواری ٢٠١٤ لە ستۆکهۆڵم وولاتی سوئید پێشانگایەك دەکاتەوە وە لە مانگی ٣ وە مانگی ٤ ۆۆرك شٶپێك لە ووڵاتی دوبەیی وە هندستان ساز دەدات ، هەروەها لە ساڵیادی هەڵەبجەدا لە جنێڤ وولاتی سویسرا کارە هونەریەکانی خۆی نمایش دەکات ، وە نزیکترین پێشانگای هونەرمەندی شێوەکاری کورد ئیسماعیل خەیات لە هەفتەیەکی تردا پێشانگایەکی تایبەتی یە لە کۆلیژی هونەر لە سلێمانی وە ڕەنگە لە نێوان ئەم پلانەدا نمایش و چالاکی تریش هەبێت.  لە جۆری پیشاندانی کارە هونەریەکاندا هونەرمەند ئەو کارانە نمایش دەکات کەلەم دوایەدا سەرقاڵێتی وە هزرو بیرۆکەو داهێنانەکانی تێدا بەرجەستە کردوە وەکو دیسانەوە ئەفسانەی ماسی یەکان و دەروونی ماسیەکان وە بەردە سروشتی یە ڕۆخانەییەکان وە دەمامکە شاراوەکان یان تێك چووەکان کە ڕەنگ دانەوەی سروشتی ئەم ووڵاتەیە ، هەندێ جاری تریش ڕوەو باڵندەکان کە ٢٠ ساڵێکە پەڕەکانی وە دەمووچاوە تیژەکانی ئەو جۆرە باڵندانەمان لە هۆڵەکانی الڕواق و ڕەشید و ئۆرفەلی لە بەغدا دەبینی ، ئێستا بە پۆشێکی ترەوە بەرەو ڕوومان دێت ، جارێك باڵندەکان بەرەو گەرمەسێر باڵدەگرن جارێکی تریش بەرەو کوێستان و چیاکان باڵ دەگرن.  ئیسماعیل خەیاتی هونەرمەند لە ساڵانی شەستەکانەوە ناسراوە بە کاری هێڵکاری ڕەش و سپی وە بەردەوام بەبێ وەستان نمونەی ئەستێڕەیەکی پرشنگداری ئاسمانی هونەری شێوەکاری کوردی بووە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی ئامادە بوونی لە بەگدا وە لە سلێمانی وە شارەکانی تریش ، لەهەموو پێشانگا جیهانی و نێو دەوڵەتی یەکانی شاری بەغدا وە دەرەوەی کوردستان بەشدار بوە و کارە هونەرییەکانی جێگای سەرەنج تێڕامانی هونەری بوون ، لە زۆربەی پێشانگاکانیدا میوان و هونەر دۆستانێکی زۆر ئامادە بوون وە ڕۆژنامە و بڵاو کراوەکانیش بەردەوام باسیان لە چیاکان و خانەقین و گەرمیان و مرۆڤە ڕەش و سپی یەکانی هونەرمەند کردوە ، بەم تایبەتمەندیانەوە هونەرێکی کان جۆرە کارێکی جیاواز لاپەڕەکانی هونەرمەندی شێوەکاری کورد ئیسماعیل خەیاتیان تۆمار کردوە وە بەو نمونەیی یەوە سەرەنجیان لە شی کردنەوەی کارەکانیان داوە ، ئەزموونی ساڵانێکی دوورو درێژی هونەرمەند قوتابخانەیەکی تایبەتی خستۆتەوە لەناو ئەم هونەرو ووڵاتەدا ، بۆیە تایبەت مەندێتی خەیات بوو بە ناسنامەیەکی تایبەتی بۆ خۆی و هونەرەکەی ، لە قەبارەی کارەکانیدا لە سەرەتای ساڵانی هەشکان لە سلێمانی وبەغدا هێڵکاری ڕەش و سپی بە قەبارەیەکی گەورە وە نمایشێکی بەرز جێگای سەرەنجی هەموو هونەرمەندان و ڕۆشنبیرانی کوردو عەرەب بوون وە جێگای سەرەنجی میدیا عەرەبی و کوردییەکان بوون.

لەکارە فۆرمی یە هونەریەکانی باڵندەو دەوروبەر ئەو ئەزموونە بوو کە مرۆڤ درك بە تەنیایی و ئاوەدانی و کارەساتە جیاوازەکان دەکات ، هەر لەو هزرانەوە فۆرم بۆ فۆرم شێوەکانی دەگۆڕی وە لە ڕوبەری شێوەو قەبارەشەوە بەهەمان شێوە ، زۆر لە هونەرمەندە ناسراوەکانی بەگدا وە زۆر لە نوسەرو ڕۆشنبیرانی بەغدا هەردەم ئامادەی پێشانگاو چاڵاکی یەکانی هونەرمەند بوون ، لەلایەکی تریشەوە مامۆستا لە چالاکی قوتابخانەکان لە سلێمانی ڕۆڵ و کارگەری زۆر هەبوو لە دروست بوونی چەندین  قوتابی و هونەرمەند وە دروست کردنی بناغەی هونەری شێوەکاری کورد ، ئەمەش دیوارێکی کۆنکریتی بەهێز بوو بۆ داهاتووی ئەم هونەرە کە خەڵکی ووڵاتانی تر خوێندەنەوەی سیاسی کەلتووری وە ڕۆشنبیری بکەن بۆ داهاتووی نەتەوەیەك وە میللەتێك کە پڕە لە ستەم و ئازار ، ماسی یەکان و ەباڵندەکان وە دەمامکەکان تەنها نەبوون بۆ هونەرمەند ئیسماعیل خەیات بەڵکو چیاکانیش بەتایبەت وێنەی پیرە مەگروون و گوندەکان هەوێنی ئەو کارانە بوون کە جارێك بە ڕەش و سپی وە جارێکی تریش بە هێڵکاری قاوەیی وە شین بەرجەستەی دەکردن.

دیداری من دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی هەشتاکان و ەلە زۆر پێشانگاو چاڵاکی هونەرمەند ئامادە بووم بەتایبەتی لە بەغدا و ەلە سلێمانی وە لە هەولێر و  هۆڵەندا و دەروەی ووڵات. .  لە نزیکەوە پێکەوە کارمان کردوە و ەپلانمان داناوە بۆ ڕەخنەی هونەری شێوەکاری کوردی وە داهاتووی ئەم هونەرەمان بەرجەستە کردوە بەتایبەتی لە ڕۆژنامەو بڵاوکراوەکاندا.

مامۆستا ئیسماعیل خەیات وێڕای ئەزموون و تاقی کردنەوەو قووڵ بوونەوە لە جیهانی هونەریدا ،  تەمەنێکی هونەری درێژ خایەنی هەیە لە کاری شێوەکاری هاوچەرخیدا ، پردێکی پەڕیونەوەشە بە ناسنامەی گەلی کورد بۆ جیهان وە بەستنەوەی کەلتووری کوردی بە دونیای دەرەوە لەهەموو کیشوەرەکاندا ، ئەمەش بۆ خۆی سەرکەوتن و پێش کەوتێکە لەهونەری ڕەسەنی کوردیدا.

 

 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

 

 

 

Related Articles