حوزنه‌كانی تۆ خۆیان له‌مندا به‌رجه‌سته‌ ده‌كه‌ن. . هاوار ته‌یب

بۆهاوڕێم (به‌ختیار ئه‌حمه‌د) لاوێك له‌ڕه‌نگی ئاو

من و تۆ له‌خاكێكدا ده‌ژین پڕه‌ له‌مین

پڕه‌ له‌هه‌ناسه‌ی به‌ستوو

پڕه‌ له‌خستنه‌گۆڕی خه‌ونه‌ ئه‌رخه‌وانییه‌كان

تۆ كوڕی هه‌ور و

منیش نه‌وه‌ی دوای به‌فر بارینم

خه‌ونی من و تۆ

له‌خه‌ونی پاڵه‌وانێك ده‌چێ

كه‌هێشتا له‌دایك نه‌بووه‌،

له‌وانه‌شه‌ هه‌رگیز له‌دایك نه‌بێت،

به‌س نابێت هه‌رگیز گوڵ ته‌نیا بكه‌ین و

بیخه‌ینه‌

ده‌ستێكی سه‌ڕابی و

قه‌ده‌رێكی لێڵه‌وه‌

ده‌زانم تۆ هه‌یت،

به‌ڵام من له‌دوای تۆوه‌ دێم

تاخه‌ونه‌كان

له‌خاكێكدا بچێنین

كه‌هێشتا باران ته‌ڕی نه‌كردوه‌

كه‌هێشتا مینه‌كان

ده‌ته‌قن پێمانا

مه‌ترسه‌

له‌نێوان ڕه‌ش و سپیدا

چه‌ندان ڕه‌نگی جوانتر هه‌یه‌.

مه‌ترسه‌ ده‌ستی گوڵ بگره‌ و

وه‌ك باران ته‌ڕ ته‌ڕی بكه‌

به‌ئاهه‌ سه‌ڕابییه‌كانت

به‌نۆته‌ ئه‌فسوناوییه‌كانت

خۆر بگێڕه‌وه‌ بۆ به‌ر له‌هاتنی مانگ و

له‌پێده‌شتی عه‌رعه‌ردا

ته‌رمی گه‌رمیانییه‌كانم بۆ بهێنه‌وه‌

بۆ مه‌مله‌كه‌تێك، كه‌به‌های مرۆڤ بوون و

ژیان بزانێ.

هاوڕێم كه‌لێم دووریت،

مه‌مله‌كه‌تی من ده‌بێته‌ سه‌ڕابستانێكی په‌نهان

كه‌لێت نزیكم ئاوێته‌م ده‌كه‌یت به‌خه‌ونه‌ ئه‌به‌دییه‌كان.

هاوڕێم ژیان لێره‌ ئاوایه‌

من ئێواره‌كانی ژیان زۆر به‌حوزنه‌وه‌ به‌ڕێ ده‌كه‌م،

ده‌مه‌وێت تۆش

ماڵت له‌دڵی كۆترێكدا چێكه‌ی. . . !

له‌م مه‌مله‌كه‌ته‌ی مندا،

ئه‌وه‌ی به‌شی نه‌بێ من و تۆین

بڕۆ!

تۆ وه‌ك من مه‌به‌،

بڕۆ خۆت سه‌رگه‌ردان مه‌كه‌

لێره‌ نووزه‌یه‌ك نه‌ماوه‌ بۆ ژیان

به‌سپی بڵێی: سپی،

خوێنت ده‌ڕژێ

ژیان پڕه‌ له‌مین

پڕ له‌گولله‌ی سارد

له‌قسه‌ی كاڵفام

ئێره‌ به‌س خۆ گه‌وجاندنه‌

هاوڕێم!

ده‌زانی هیچ شتێ له‌خۆگه‌وجاندن بێمانا تر نییه‌.

هاوڕێم ببوره‌

ببووره‌ زۆر،

كه‌ناتوانم گریان بگۆڕم بۆ خه‌نده‌یه‌كی درۆینه‌

دڵنیام تۆش وایت

دڵنیام له‌بری قاچێك

 هه‌زار قاچ قه‌رز ده‌كه‌ی و

ڕاده‌كه‌یت

دلنیام به‌هه‌زاران ده‌ست چه‌مۆڵه‌ له‌بێئومێدی ده‌نێی

دڵنیام دڵنیا

تاهاتنه‌وه‌ی مه‌حه‌به‌ت

هه‌ر دڵته‌نگی

ده‌زانی

هاوڕێ

دوێنی شه‌قام خوێنی ڕژا،

ئه‌مڕۆش ده‌سته‌كانی بڕانه‌وه‌

تانه‌توانی، هه‌نگاو بنێ. . . . !

چ دڵته‌نگییه‌كه‌ هاوڕێم

دڵنیام تۆش له‌نیشتمان بێزار نیت

دڵنیام تۆ ژیان به‌بته‌كانی ئه‌وان ناگۆڕیته‌وه‌،

دوێنی چاوت ده‌یه‌شا

ئه‌مڕۆش دڵت.

ئای هاوڕێم

بڕۆ وه‌ك من مه‌به‌

شه‌ق له‌بێزاری و دڵته‌نگی هه‌ڵده‌

بڕۆ ماڵك له‌خه‌نده‌ و

شه‌قامێك له‌باران

دروست بكه‌

بڕۆ ده‌ستی گوڵ بگره‌ باته‌نیا نه‌بێت.

ڕانیه‌/ سه‌ره‌تای پاییزی 2013

Related Articles