وا هه‌له‌بجه‌ بوو به‌ پارێزگا.. جعفر ابراهیم رسول

وا هه‌له‌بجه‌ بوو به‌ پارێزگا

گشت برینه‌کانی ساڕێژ کرا

به‌ قودره‌تی به‌ پارێزگا بوون

شه‌قامه‌کانی قیڕتاو کرا

گه‌وره‌ترین ئاوه‌ڕۆی بۆ دانرا

هه‌موو پێکاوه‌کانی کیمیاباران

له‌ پێشکه‌وتوترین نه‌خۆشخانه‌ی ئه‌و شاره‌

برینه‌کانیان تیمار کرا

باخچه‌ی ساوایان بۆ زارۆکه خێرنه‌دیوه‌کانی

هه‌له‌بجه‌یی یه‌کان دامه‌زرا

قوتابخانه‌کانی به‌ نوێترین سیستم به‌ڕێوه‌ برا

مۆدێر ترین ئامێری پزیشکی

بۆ نه‌خۆشخانه‌کان دابین کرا

باخچه‌و پارکه‌کانی ئه‌و شاره‌

به‌ جوانترین دیمه‌ن و

قه‌شه‌نگ ترین گول و گولزار ڕازاندرا

پێشکه‌وتوترین زانکۆ

له‌ هه‌لبجه‌ بونیات نرا

‌ نوێترین سیستمی هاتوچۆ

له‌م شاره‌ خۆڕاگره‌ په‌یره‌وکرا

جوانترین مۆزه‌خانه‌

بۆ هێسک و بروسکی ئه‌نفال کراو و

کیمیا به‌رکه‌وتوه‌کان دامه‌زرا

ژینگه‌ی ئه‌و شاره‌ له‌ پیس ترین ژینگه‌وه‌

بۆ پاک ترین ژینگه‌ گۆردرا

جوانترین باله‌خانه‌ی لێ دروست کرا

هه‌ولێر له‌ جوانی بازاری هه‌لجه‌ موحه‌یه‌ر ما

فرۆکه‌خانه‌ و میترۆ و ترامی

تیادا ئاوا کرا

نوێترین بانکی تیا کرایه‌وه‌

که‌ جممه‌ی دێ له‌ دۆلار و دینارا

مه‌عاش خۆر ناگاته‌ سه‌ری مانگ

پاره‌که‌ی بۆ دێته‌ سه‌ر کاونتی

به‌ حساب و به‌ ئه‌ژمار

هه‌موو بێ کار و عه‌مه‌ل مه‌نده‌کانی

به‌ به‌رزترین پله‌ دامه‌زرا

هه‌موو په‌ک که‌وته‌کانی

به‌ شایسته‌ ترین پله‌ خانه‌نیش کرا

قه‌یره‌ کیژ وبێوه‌ژن و

پاشماوه‌کانی ئه‌نفال کراوه‌کان

له‌ خۆشیان مه‌ینه‌ته‌کانیان له‌ بیر کرا

گه‌نجانی هه‌له‌بجه‌ به‌شادبوون به‌ ئاواته‌کانیان

بیرۆکه‌ی ڕه‌و به‌ره‌و هه‌نده‌رانیان وه‌لانا

له‌ پیرۆزترین شوێنی ئه‌م شاره‌

مزگه‌وت و خانه‌قا

بۆ موسلمانه‌کان بونیات نرا

ڕوناکترین په‌رستگا

بۆ کاکه‌یی یه‌کان دامه‌زرا

چیتر نالێن ئه‌مه‌ ڕیش درێژه‌ و

ئه‌مه‌ سمێل دار

ئه‌مه‌ مولحیده‌ و

ئه‌مه‌ش ئیمان دار

له‌ مزگه‌وت باوی ناردنی

گه‌نجان نه‌ما بۆ جیهاد

له‌ دژی په‌یه‌ده‌ و کوفار

حزب حزبێن و په‌ڕۆ په‌ڕۆیێن

باوی نه‌ما و هه‌موو وه‌لانرا

پۆلیس و ئاساییش

له‌گه‌ل خۆپیشانده‌ران و نه‌یارانی ده‌سه‌لات

بوون به‌برا

ئای چ ڕۆژێکی پڕشنگداره‌

که‌ هه‌له‌بجه‌ بوو به‌ پارێزگا

 

Related Articles